جۆرەکانی سەرئێشە

له‌لایه‌ن: - - به‌روار: 2024-07-18-21:03:00 - کۆدی بابەت: 13565
جۆرەکانی سەرئێشە

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

سەرئێشە یان ژانەسەر (بە ئینگلیزی: Headache) یەکێکە لە کێشە باوەکان و ڕۆژانە زۆرکەس تووشی دەبن کە دەکرێت درێژخایەن یان کورتخایەن بێت، سەرئێشە کۆمەلێک جۆری جیاوازی ھەیە و ھەریەکێکیشیان نیشانەی جیاوازی ھەیە و پێویستیان بە چارەسەری جیاواز ھەیە. کاتێک جۆری سەرئێشەکەت دیاری کرا ئەوا ئەوکات دکتۆرەکەت ھەوڵدەدات باشترین دەرمان بنوسێت بۆ حاڵەتەکەت کە زوو ھەست بە باشی بکەیت و ڕێگری بکات لە خەراپتربوونی سەرئێشەکەت.

باوترین جۆرەکانی سەرئێشە

زیاتر لە ١٥۰ جۆری جیاوازی سەرئێشە  هەیە گرنگترین جۆرە باوەکان بریتین لە:

Tension Headaches

سەرئێشەی ئاسایی یان سەرئێشەی سترێس یەکێکە لە باوترین جۆرەکانی سەرئێشە لە نێو گەنج و ھەرزەکاراندا زۆر باوە، کە دەبێتە ھۆی ئازارێکی کەم یان مامناوەند کە ناو بە ناو ئازارەکە دێت و دواییش کۆتای دێت. ئەم جۆرەیان بە گشتی نیشانەی کەمە و زۆر کەس لە ئەنجامی ماندوێتی و کەمخەوی تووشی دەبن.

Migraine Headaches

سەرئێشەی شەقیقە ئەم جۆرەیان وا وەسف دەکرێت کە ئازارەکەی وەک پتە پت یان لێدانە، ئەم جۆرەیان بە گشتی چوار سەعات بۆ سێ  ڕۆژ دەخایەنێت و یەک بۆ چوار جار لە مانگێک ڕوودەدات و کەسەکە تووش دەبێت، لەگەڵ ئازارەکە نەخۆشەکە کۆمەڵێک نیشانەی تریشی تێدا دەردەکەوێت وەک:

  • ھەستیاربوون بۆ ڕووناکی و دەنگە دەنگ و بۆن.
  • دڵ تێکەڵھاتن و ڕشانەوە.
  • نەمانی ئارەزووی خواردن.
  • تێکچوونی گەدە.
  • ئازاری سک.
  • کاتێک منداڵێک تووشی ئەم جۆری سەرئێشەیە بێت ئەوا لەوانەیە ڕەنگی زەرد ببێت و ھەست بە سەر سووڕان بکات، تێکچوونی بینین واتا لێلبوونی بینینیشی تش دەبێت، بەشێکی کەمی ئەو منداڵانەی کە تووشی ئەم جۆرە سەرئێشەیە دەبن نیشانەکانی تێکچونی کۆئەندامی ھەرسیان دەبێت وەکو ڕشانەوە کە مانگی یەک بۆ دوو جار تیایاندا ڕوودەدات.

Cluster Headaches

سەرئێشەی هێشوویی ئەم جۆرە سەرئێشە زۆر مەترسیدارە و لەوانەیە ئازارێکی تووند وەک ئازاری سووتانی ھەبێە لە بەشی پشتەوە و دەوروبەری چاوەکانی. لەوانەیە پتەپتی ھەبێت یان دەکرێت نەیبێت و جێگیر بێت، ئازارەکەی زۆر تووندە و زۆربەی ئەو کەسانەی کە ئەم جۆرەیان ھەیە ناتوانن دابنیشن لە کاتێک کە ئازارەکەیان بۆ دێت. ئازارەکە کار دەکاتە سەر چاوی کە ئازارەکەی تێدا دروست بووە و وادەکات کە پێڵووی چاوی دابکەوێت و چاوی سوور بێتەوە و بیلبیلەی بچووک ببێتەوە، هەروەها فرمێسک لە چاوی بێت و کوونی لووتی ئاوی لێدێت.

ناونانی ئەم جۆرە سەرئێشەیە بە سەرئێشەی ھێشویی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ئازارەکە بە سەریەکەوە دێت، لەوانەیە لە ڕۆژێکدا یەک بۆ سێ جار تووشی ئازارەکە ببێت کە ماوەی دوو ھەفتە بۆ سێ مانگ بەردەوام دەبێت، کەسەکە ھەر جارێک تووشی ئازارەکە بوو لەوانەیە ١٥ خولەک بۆ سێ کاتژمێر بخایەنێت. ئازارەکە تووندە و دەکرێت واتلێبکا لە خەو خەبەرت بکاتەوە. سەرئێشەکە دەکرێت بە تەواوی نەمێنێت بۆ ماوەی مانگێک یان ساڵێک بەڵام دواتر دووبارە سەرھەڵدەداتەوە. هاوکات پیاوان سێ بۆ چوار جار مەترسی تووش بوونیان بەم جۆری سەرئێشە زیاترە بەراورد بە ژنان.

Sinus Headaches

سەرئێشەی هەوکردنی گیرفانەکانی لووت، کاتێک تووشی ئەم جۆرە ئازارە دەبی ئازارێکی تووند و بەردەوامت بۆ پەیدادەبێت لە ئێسکەکانی کوڵمە و پێشە سەر و لایەکی لوتت. ئەم ئازارە کاتێک دروست دەبێت کە بۆشاییەکانی لووت کە پێیان دەوترێ sinus تووشی ھەوکردن دەبن، ئازارەکە کۆمەڵێک نیشانەی لەگەڵن وەک:

  • ئاوھاتن لە لووتت.
  • بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی لەش.
  • ھەڵاوسانی دەم و چاو.

ئەو ئاوەی کە لە لووتەوە دەردەدرێت ڕەنگی سەوز و زەردە بە پێچەوانەی cluster or headaches migraine کە ھی ئەوان  ڕوونە واتا بێرەنگ.

Posttraumatic Headaches

ئەم جۆری سەرئێشەیە بە زۆری دوای دوو بۆ سێ ڕۆژ دوای بریندار بوونی سەر یان زەبر بەرکەوتن بە سەر دەستپێدەکات، ھەست بە ئازارێکی وەڕەسکەر دەکەیت و ئازارەکە لەوانەیە چەند مانگێک بخایەنێت، بەڵام ئەگەر لە ماوەی دوو ھەفتەدا باش نەبوووی پێویستە سەردای دکتۆر بکەیت.

ئەو جۆرانەی سەرئێشە کە کەمتر باون

Exercise Headaches

کاتێک چالکییەک ئەنجام دەدەیت ئەوا ماسوولکەکانی سەر و مل و پێستی سەر پێویستیان بە خوێنی زیاترە، لوولە خوێنەکان دەئاوسێن بۆ دابینکردنی ئەو بڕە زۆرە، لە ئەنجامی ئەمەدا ئازار دروست دەبێت کە وەک لێدانە و ئازارەکە دەمێنێتەوە بۆماوەی ٥ خولەک بۆ ٤٨ کاتژمێر .

Hemicrania Continua

سەرێشەی درێژخایەن ئەم جۆرەی سەرئێشە درێژخایەنە و زۆرجار کاریگەری دەکاتە سەر مل و سەر و ڕوو، نیشانەکانی تری ئەم جۆرەی سەرئێشە بریتین:

  • بوونی ئازارێک کە توندییەکەی لە کەسێک ۆ کەسێکی تر دەگۆڕێت.
  • سووربونەوە و ئاو هاتنەخوارەوە بە چاودا.
  • ئاوهاتنە خوارەوە بە لووتدا.
  • شۆڕبونەوەی پێڵوی چاو.
  • گرژبونی گلێنەی چاو.
  • ئازارەکە تووندتر دەبێت لەکاتی چالاکی فیزیایی و خواردنەوەی ئەلکحول.
  • لە هەندێک کەسیش تێبینی نیشانەکانی شەقیقە دەکەن وەک هێڵنجدان و ڕشانەوە، هەستیاربوون بە ڕووناکی و دەنگ.

ئەم جۆرەی سەرئێشە دوو حاڵەتە:

  • درێژخایەن: ڕۆژانە سەرئێشەکەت لەگەڵە و بەردەوامە.
  • ناوبەناو یان پچڕ پچڕ: لێرەدا سەرئێشەکەت لەگەڵ دەبێت بۆ ماوەی نزیکی شەش مانگ، دواتر نامێنێت بۆ ماوەی هەفتەیەک یان مانگێک بەڵام لەدواییدا دووبارە دەگەڕێتەوە.

Hormone Headaches

سەرئێشەی هۆڕمۆن زۆرجار لەوانەیە سەرئێشە ڕوبدات بەهۆی گۆڕانکاری لە ڕێژەی هۆرمۆنەکانی لەشەوە بەتایبەت لە خانماندا لە ماوەی سووڕی مانگانە و دووگیانی و وەستانی سووڕی مانگانە. هەروەها گۆڕانی ڕێژەی هۆرمۆن بەهۆی بەکارهێنانی حەبی ڕێگریکردن لە دووگیانی و دەرمانی هۆرمۆناتی تر هەندێک جار هۆکارە بۆ دروستبوونی سەرئێشە. سەرئێشەکە لە خانمان لە ماوەی دوو رۆژ پێش سووڕی مانگانە هەروەها لەدوای سێ ڕۆژی سەرەتای دوای دەستپێکی سووڕی مانگانە ڕوودەدوت، ئەم سەرئێشە ناودەبرێت بە migraines menstrual یان شەقیقەی سووڕی مانگانە.

(NDPH) یان New Daily Persistent Headaches
ئەم جۆرەی سەرئێشە لەپڕ دەستپێدەکات و کۆتایی دێت لەدوای سێ مانگ یان زیاتر، هەندێک کەس بەڕوونی رۆژی دەستپێکی ئازارەکەیان لەبیرە. لەڕاستیدا پزیشکەکان بەتەواوی دڵنیانین لە هۆکاری دەستپێکردنی ئەم جۆرەی سەرئێشە، بەڵام هەندێک کەس تێبینی ئەوەیان کردوە لەدوای نەخۆشی یان ئینفێکشن ڕودەدات یان لەدوای سترێسێک ڕوودەدات، ئازارەکە زۆرجار مامناوەندە بەڵام لە هەندێکیش تووندە و چارەسەرکردنی قورس دەبێت. نیشانەکانی ئەم جۆرەی سەرئێشە بەشێوەیەکی بەرفراوان دەگۆڕێت، لە هەندێک وەک نیشانەی شەقیقە دەردەکەون وەک هێڵنجدان و هەستیاربون بە ڕووناکی.

Rebound Headaches

سەرئێشە بەهۆی دەرمان، لەوانەیە گوێبیستی ئەوە بووبیت کە زیاد بەکارهێنانی دەرمان سەرئێشە دروستبکات  ئەگەر دەرمانی هێورکەرەوەی ئازار بەکاربێنیت بەڕێژەی دوو بۆ سێ جار لە هەفتەیەکدا یان زیاتر لە ١٠ ڕۆژ لە مانگێکدا، ئەوا زیاتر ئەگەری دروستبوونی ئەم جۆرەی سەرئێشە هەیە، بەتایبەت بۆکەسانێک بەردەوام بن لەسەر بەکارهێنانی. کاتێک وازت هێنا لەبەکارهێنانی و دواتر ئازارەکە گەڕایەوە ئەوکات پێویستە بە بڕێکی زیاتر دەکات بۆ وەستاندنی، ئەمەش سەرئێشەیەک دروستدەکات کە زیاتر لەبەیانیاندا تووندتر دەردەکەوێت.

ئەو سەرئێشانەی دەگمەنن و بە ڕێژەیەکی کەم ڕودەدەن لە ناو خەڵک

Ice Pick Headaches

ئەم سەرئێشە ئازارێکی زۆر و کورتخایەنی ھەیە کە تەنھا چەند چرکەیەک دەخایەنێت و لە زۆربەی حاڵەتەکاندا چەند جارێک ڕوودەدات لە ڕۆژێک دا. بێگومان ئەگەر تۆش ئەم ئازارەت ھەبوو پێویستە بچیتە لای دکتۆری پسپۆر. ئەم جۆرە سەرئێشەیە لەوانەیە ببێتە حاڵەتێک و چەند جارێک دووبارە ببێتەوە و جاری واش ھەیە نیشانەیە بۆ کێشەیەکی تری تەندروستی پەرەدەسێنێ.

Spinal Headaches

ئەگەر دوای ئەم دوو حاڵەتە هەست بە سەرئێشەبکەی:

  • حاڵەتی (tap spinal) پڕۆسیجەرێکە تێیدا شلەی سپاینەل وەرئەگیرێت بۆ پشکنین.
  • حاڵەتی (block spinal) وەرگرتنی نیو بەنج.

ئەگەر دوای ئەمانە ھەستت بە ئازاری سەرت کرد پێویستە دکتۆر ببینی. لەوانەیە دکتۆرەکەت بە پرۆسیجەرێک کەللەی سەر کون بکات چونکە ئەم پرۆسیجەرە ئەو پەردانە دەسمێت (کوون دەکات) کە دەوری cord spinal دڕکە پەتکیان داوە. ئەگەر ھاتوو شلە لە کوونەکەوە ھاتە دەر ئەوا دەبێتە ھۆی ئازاری سەر.

Thunderclap Headaches

خەڵک زۆر جار تووشی ئەم جۆری سەرئێشە وەڕەسکەرە دەبن و ئەم ئازارە لە پڕ دێت ھۆکارەکانی ئەم جۆری سەرئێشەیە:

  • تەقینی ملوولەکانی خوێن یان گیرانیان.
  • برینداربوونی سەر.
  • تەسکبوونەوەی ملوولەکانی خوێن کە دەوری دەماخیان داوە.
  • ھەوکردنی ملوولەکانی خوێن.
  • گۆڕانی پەستانی خوێن لە کۆتاییەکانی سکپڕی.
  • حاڵەتی stroke Hemorrhagic جەڵتەی مێشک بە ھۆی تەقینی ملوولەکانی خوێن لە مێشک دا.
  • حاڵەتی stroke Ischemic جەڵتەی مێشک بە ھۆی گیرانی ملوولەکانی خوێن و نەچوونی خوێن بۆ مێشک.


سەرچاوەکان



168 بینین