تایبەتمەندییەکانی سیستمی زیندەگی

له‌لایه‌ن: - کارێز ڕەسووڵ نەبی کارێز ڕەسووڵ نەبی - به‌روار: 2024-07-18-21:33:00 - کۆدی بابەت: 13568
تایبەتمەندییەکانی سیستمی زیندەگی

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

تایبەتمەندییەکانی سیستمی زیندەگی (بە عەرەبی: خصائص النظام البيولوجي، بە ئینگلیزی: Characteristics of the biological system). سیستمی زیندەگی بەرگێکی زیندوو و نیمچە ئەستوورە، ئەستورییەکەی بەندە بە بەرزی و نزمی ڕووی زەوی کە لە کۆمەڵێک تایبەتمەندی پێکھاتووە کە بریتین لە: (سیستمە ژینگەییە وشکانییەکان و سیستمە ژینگەییە ئاوییەکان) ھەریەک لەم سیستمانەش بە کۆمەڵێک تایبەتمەندی بەستراونەتەوە کە ھۆکارێکن بۆ ژیانی ڕووەک و ئاژەڵ و زیندەوەرکان.

سیستمە ژینگەییە وشکانییەکان

سیستمە ژینگەییە وشکانییەکان بە شێوەیەکی گشتی پێکدێن لە ناوچە جەمسەری و ناوچە کەمەرەییەکان و ناوچە بیابانییەکان کە کۆمەڵێک تایبەتمەندی جیاوازیان ھەیە لە گرنگترین ئەو تایبەتمەندیانەش: 

١- ھەرێمی تەندار
بە نزیکەی ٤٪ ڕووبەری وشکانی پێکدێنێت، دەکەوێتە بەشەکانی کۆتایی باکووری گۆی زەوی واتە ناوچە جەمسەرییەکان بە تەندرای ئەڵپی ناسراوە، لە گرنگترین تایبەتمەندییەکانی ئەم ھەرێمە: 

  • وەرزی زستان ژیان لەو ھەرێمە دەوستێت، بەھۆی نزمبوونەوەی پلەکانی گەرمی بۆ ژێر سفر، ئەمەش دەبێتە ھۆی بەستنی خاک.
  • وەرزی گەشەکردنی ڕووەکەکانی کورتە، ھەربۆیە وەرزی گەشە لە ٢ مانگ تێپەڕناکات، چونکە بەشەکانی ژێرەوەی خاک ھەر بە بەستووی دەمێنێتەوە و بەم جۆرەش ڕێگری دەکات لە داچۆڕانی ئاو بۆ چینەکانی ژێرەوەی خاک، بۆیە ڕووبەرە ئاوییەکانی ئەم ھەرێمە لەسەر شێوەی دەریاچە و زۆنگاو ئاو تیایاندا کۆ دەبێتەوە.
  • لە وەرزی ھاویندا ژمارەیەکی زۆری باڵندە کۆچەرییەکان کۆچ دەکەن بۆ ئەو ناوچەیە.
  • لە وەرزی ھاویندا بەھۆی توانەوەی بەفر بە قوڵی ٥٠ سانتیمەتر ئاوی پێویست بەردەست نییە بۆ ژیان.
  • سەبارەت بە ژیانی ڕووەکی لە ھەرێمی تەندرا، درەخت و کورتە گژوگیا لەم ھەرێمە گەشە دەکەن، بە جۆرێک ڕووەکەکان کورتە باڵان بەھۆی دابەزینی پلەکانی گەرمی و کورتی وەرزی گەشەکردنی ڕووەکەکان و بایە وشک و ساردەکان.
  • لە گرنگترین ئاژەڵە کێوییەکانی ھەرێمی تەندرا بریتین لە (ئاسکی ڕەنە و مسکە و ڕێوی جەمسەری و کەروێشک) کە نیشتەجێبوانی ئەم ھەرێمە بە شێوەیەکی سەرەکی وەکوو سەرچاوەیەکی خۆراک پشتیان پێ دەبەستن.

دارستانەکان

دارستانەکان ١⁄٣ ڕووبەری وشکانیان داپۆشیووە چەندین جۆریان ھەیە وەکوو (دارستانە کەمەرەییە باراناوییەکان و دارستانە باراناوییەکان و دارستانە ناوەڕاستییەکان و دارستانە گەڵاوەریووەکان و دارستانە سنۆبەرییەکانی باکوور)، ھەریەک لە ئاو و ھەوا و خاک و ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕن بۆ گەشەکردنیان و جۆراوجۆربوونیان، بەڵام لەم چەند ساڵای دوایدا دارستانەکان لە بواری پیشەسازی بەرھەمھێنانی کاغەز و کەل و پەلی جوانکای نێو ماڵ و خەڵووز و چالاکییە کشتوکاڵییەکان وەبەرھێنراون، ئەگەر چی ئەمانە نابنە مەترسی لەسەر لە ناوچوونی دارستانەکان ئەگەر بێت و بە شێوەیەکی زانستییانە وەبەربھێنرێن، چونکە سەرچاوەیەکی سروشتی نوێبووەوەن. دارستانەکان جگە لە سوود وەرگرتن لێیان لە بواری پیشەسازی تەختە و چالاکییە کشتوکاڵییەکان چەندین سوودی تریان ھەیە کە بریتین لە:

  • کاریگەریان ھەیە لەسەر ئاو و ھەوای لۆکاڵی ناوچەکە، بۆ نموونە دوو ناوچەی جیاواز لە پۆشاکی ڕووەکی جیاواز لە ئاو و ھەوا، بەم جۆرەش بڕی شێ زیاد دەکات و لە بەرامبەردا ھەڵکشان و داکشانی گەرمی ڕۆژانە و وەرزانە کەم دەکات.
  • ناوچەی دارستانەکان بەھۆی بەرزی ڕێژەی شێ کاریگەریان دەبێت لەسەر زیادکردنی مامناوەندی باران بە ڕێژەی ٢٠٪ لە ساڵێکدا.
  • دارستانەکان بە لانکەی گەشەکردن و برەودان بە ژیانی زیندەوەر و باڵندە کێوییەکان دادەنرێن.
  • کاریگەریان دەبێت لەسەر کەمکردنەوەی خێرایی بایەکان و کەمکردنەوەی خۆڵبارین و پاراستنی خاک لە ڕاماڵین.
  • سەرچاوەیەکی سەرەکین بۆ بەرھەمھێنانی ئۆکسجین و کەمکردنەوەی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن لە ھەوادا.
  • پاراستنی ئاوی ژێر زەوی لە ھەندێک لە ماددە پیسکەرەکانی وەکوو (نیترات و فۆسفات).
  • دارستانەکان بە ھۆکارێکی سەرەکی دادەنرێن بۆ سنووردارکردنی پیسبوونی ژاوەژاو.
  • دەتوانرێت لە بواری گەشت و گوزار وەبەربھێنرێن، بەھۆی بوونی ڕووەک و گژ و گیا و ئاژەڵ و باڵندەی جۆراوجۆر.
    دارستانەکان جگە لەوەی چەندین بایەخی گرنگی ئابووری پیشەسازی و کشتوکاڵی و ژینگەیان ھەیە، لە ھەمان کاتدا دەکرێت لە دەست دان و نەپاراستنی ئەم سەرچاوە سروشتییە ببێتە ھۆی: 

ا/ لە دەستدانی چەندی جۆری ڕووەک و ئاژەڵ و باڵندەی کێوی، لە دەرئەنجامدا دەبێتە ھۆی تێکچوونی ھاوسەنگی ژینگەیی (Ecosystem).
ب/ کەمبوونەوەی بڕی ھەوای پاک (ئۆکسجین) و زیاد بوونی گازی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن و پەنگ خواردنەوەی گەرمی لە ئەنجامی زیادبوونی ڕێژەی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن.
ج/ لە ناوچوونی دارستانەکان و نەپاراستنیان دەبێتە ھۆی تێکچوونی سوڕی ئاو لە سروشت و کەمبوونەوەی بڕی باران و کەمی ڕێژەی شێ و زیاد بوونی خێرایی بایەکا و ئاسانی لە گواستنەوەی خۆڵبارین لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی تر و ڕاماڵینی خاک.

بیابانەکان

لە دیارترین تایبەتمەندی بیابانەکان کە ھەمیشە پێی جیادەکرێتەوە لە ژینگە وشکانییەکانی تر، بریتین لە (بەرزی پلەی گەرمی و کەمی ڕێژەی شێ و کەمی بڕی دابارین کە بڕەکەی لە ٢٥٠ ملیم) کەمترە لە گرنگترین تایبەتمەندییەکانی بیابانەکانن، لە ھەندێک لە بیابانەکان بۆ ماوەی چەندین ساڵ باران نابارێت، بەم جۆرەش ڕێژەی بە ھەڵمبوون زیاتر دەبێت لە بڕی بارانی باریو، بەم جۆرەش بەڕوونی جیاوازی لە پلەکانی گەرمی بە دیار دەکەوێت لە نێوان شەو و ڕۆژ و مانگ و وەرزە جیاوازەکان، ھەربۆیە لە ئەنجامی ئەم بارودۆخە سەختە پۆشاکی ڕووەکی لە ناوچەی بیابانەکان خۆی دەبینێتەوە لە ھەندێک ڕووەکی دڕکاوی و کورتە گیا وەکوو (صەبار و عجرم و سنط). کەمی ڕووپۆشی ڕووەکی لە ناوچە بیابانییەکان کاریگەری نەرێنی دروستکردووە لەسەر خاکی بیابانەکان، بەم ھۆیەوە ھەمیشە خاکی ناوچە بیابانییەکان دووچاری کرداری ڕاماڵینی ھەوایی دەبنەوە و ماددەی ئەندامی کەمە.

٢- سیستمی ژینگە ئاوییەکان:
ئاو بە نزیکەی ٣⁄٤ ڕووبەری سەر ڕووی زەوی داپۆشیووە بە ھەموو دەریا و زەیاکان و ڕووبارەکان و زۆنگ و زەلکاوەکان، بەم جۆرەش گەورەترین سیستمی ژینگەیی پێکدێن لەسەر ڕووی وشکانی، ھۆکارە سەرەکییەکانی دەستنیشانکردنی ئاو لە سیستمی ژینگە ئاوییەکان بریتییە لە (ئۆکسجینی تواوە و تیشکی خۆر)، بەڵام لە سیستمە وشکانییەکان بریتین لە (شێی ھەوا و پلەی گەرمی). بۆ ئەم مەبەستەش سیستمی ژینگە ئاوییەکان دابەش دەکرێن بۆ: 

سیستمە ژینگەییەکانی ئاوی سازگار

خۆی لە ئاوە مەنگەکان دەبینێتەوە وەکوو ئاوی (گۆم و چەم و دەریاچەکان و ئاوی لەبەر ڕۆیشتووی ڕووبار و جۆگەکان). لە کاتی لێکۆڵینەوە لە زیندەوەرە ئاوییەکان دەبینین ھەمان پیداویستی زیندەوەرە وشکانییەکانیەن ھەیە کە بریتین لە: 

  • ئاو
  • دووەم ئۆکسید کاربۆن 
  • ئۆکسجینی تواوە بۆ ھەناسەدان
  • تیشکی خۆری پێویست بۆ کرداری ڕۆشنە پێکھاتن
  • تەنە خۆراکییەکان وەکوو سەرچاوەیەکی وزە

لە ھەمان کاتدا جۆر و بڕی زیندەوەرە زیندووەکان لە ڕووبەرە ئاوییەکان لەسەر کۆمەڵێک تایبەتمەندی ئاو دەوەستێت کە بریتین لە: 

ا/ تەنە تواوەکان لە ئاودا وەکوو ئۆکسجین و نیترات و فۆسفات، ئاوێتەکانی پۆتاسیۆم و پاشماوە پیشەسازی و کشتوکاڵییەکان کە دەخرێنە ڕووبەرە ئاوییەکانەوە.
ب/ تەنە ھەڵواسراوەکان وەکوو لیتە و قەوزە و مایکرۆسکۆییەکان کە کاریگەریان دەبێت لەسەر پلەی ڕوونی و لێڵی ڕووبەرە ئاوییەکان کە لە ئەنجامدا دەبێتە ھۆی دەستنیشانکردنی بڕی ئەو تیشکانەی توانای تێپەڕبوونیان ھەیە لە ئاودا.
ج/ قوڵی و پلەی گەرمی ڕووبەرە ئاوییەکان لە وەرزە جیاوازەکان و سروشتی بەرزی و نزمی ڕووی زەوی و پێکھاتەکانی (بەرد و لم و قور).

پۆلێنکردنی سیستمی ژینگە ئاوە سازگارەکان

١- جۆگە و ڕووبارەکان: قولی ئاو لە ڕووبار و جۆگە ئاوییەکان کەمترە بە بەراورد بە دەریاچە و دەریاکان، بەڵام بڕی ئاوی لەبەر ڕۆیشتویان زیاترە لە دەیا و دەریاچەکان و خێرایی لەبەر ڕۆیشتنی ئاو بە ھۆکاری سەرەکی دادەنرێت بۆ دەستنیشانکردنی ئۆکسجینی تواوە لە ڕووبەرە ئاوییەکان.
٢- دەریاچە و گۆمەکان: بریتین لە ڕووبەرێکی دیاریکراو لە زەوی کە لەبەر ڕۆیشتنی ئاوی ناوەکی و دەرەکیان ھەیە، ئاو لەم جۆرە ڕووبەرە ئەویانە جێگیر نییە و بە تەرزی جۆراوجۆر جوڵە دەکات، لە دەریاچەکاندا سێ چینی ھەن کە لە ڕووی تایبەتمەندییەوە لە یەکترییەوە جیاوازن: 

  • چینی یەکەم - چینی سەرەوەی ئاو کە کۆمەڵێک تایبەتمەندی ھەیە
    ا/ گەرمە و ھەوا گۆڕکێی باشە
    ب/ چڕی ئۆکسجینی تواوە بەرزە و ئەوەکەشی گەرمە
    ج/ تیشکەکانی خۆر بە ئاسانی توانای تێپەڕبوونیان ھەیە بەو چینە، بۆیە زۆرترین زیندەوەرە ئاوییەکان لەم چینەدا کۆ دەبنەوە، بە تایبەتی ئەوانەی کرداری ڕۆشنەپێکھاتن ئەنجام دەدەن.
  • چینی دووەم - چینی گۆڕانی گەرمی لە گرنگترین تایبەتمەندییەکانی ئەم چینە بریتییە لە دروستبوونی ناوچەیەکی گەرم لە نێوان چینی سەرەوە و چینی ژێرەوە.
  • چینی سێیەم - چینی ژێرەوە یان چینی ئاوی سارد لە گرنگترین تایبەتمەندییەکانی ئەم چینە بریتین لە: 
    ا/ نزمی پلەی گەرمی ئاو لەم چینەدا
    ب/ کەمی ڕێژەی ئۆکسجینی تواوە
    ج/ نەگەیشتنی تیشکی خۆر بە ئاسانی بەم چینە ئاوییە، ھەربۆیە کرداری ڕۆشنەپێکھاتن لەم چینەدا زۆر لاوازە.

٣- سیستمی ژینگە ئاوییە گوازراوەکان
سیستمی ژینگە ئاوییە گوازراوەکان پۆڵێندەکرێن بۆ دوو جۆر کە بریتین لە: 

ا/ ڕێژگەی ڕووبارەکان: بریتین لە ڕووبەرێکی ئاوی پێکدێن لە ئەنجامی تێکەڵ بوونی ئاوی ڕووبارە سازگارەکان و ئاوی دەریای سوێر.مڕێژگەی ڕووبارەکان ھەمیشە بە کۆمەڵێک تایبەتمەندی لە سیستمەکاتی تری ژینگە ئاوییەکان جیادەکرێنەوە، لە گرنگترین ئەو تایبەتمەندیانەش بریتین لە: 

  • ڕێژگەی ڕووبارەکان لە سەرجەم سیستمە زیندەگییەکانی تر پڕ بەرھەمترن.
  • ڕێژگەی ڕووبارەکان دەوڵەمەندن بە ماددە خۆراکییە جۆراوجۆرەکان کە ڕووبارەکان لە میانەی لەبەر ڕۆیشتنی ئاو لەگەڵ خۆیان دەیانگوازنەوە، بۆیە ئەمەش کاریگەری ھەیە لەسەر جۆراوجۆر بوونی زیندەوەرە ئاوییەکان.
  • ڕێژگەی ڕووبارەکان بە دەوڵەمەندترین ناوچەی جیھان دادەنرێن لەلایەنی سامانی ماسییەوە.
  • ڕووبەرە ئاوییەکانی ڕێژگەی ڕووبارەکان تەنکن، بۆیە بە ئاسانی تیشکی خۆر توانای تێپەڕبوونی و گەیشتنی بە چینەکانی ژێرەوەی ئاو ھەیە.
  • ئاوی ڕێژگەکان لە جوڵەی ناجێگیر دان لەلایەنی پێکھاتەوە ڕووبەڕووی ھەڵبەز و دابەزی ڕۆژانە دەبنەوە بە کاریگەری ھەڵکشان و داکشانی ئاو، لە ئەنجامی ڕوودانی ئەم کردارە پلەی سوێری و پلەی گەرمی چڕی تەنە ھەڵواسراوەکان تیایدا دەگۆڕێت بە بەردەوامی، بۆیە زیندەوەرەکانی ئەم جۆرە ژینگانە توانای بەرگە گرتنیان ھەیە بۆ گۆڕانکارییە بەردەوامەکان.

ب/ زۆنگاوەکان: بریتین لە ھەموو ئەو زەویانەی کە بە ئاو داپۆشراون بۆ ماوەی ساڵێک یان زیاتر، کۆبوونەوەی ئەم ئاوە لەم زەویانە سەرچاوەی گرتووە لە کۆبوونەوەی ئاوی باران لەسەر ڕووی زەوی یان لە ئەنجامی ھەڵقوڵانی ئاوی ژێر زەوی بۆسەر ڕووی زەوی. زۆنگاوەکان لە ئێستادا لە چەندین گرنگیان ھەیە کە بریتین لە: 

  • لە ناوچە گەرم و ھاوسەنگەکاندا ھەندێک لە جۆرەکانی ڕووەکی سروشتی تیادا گەشەدەکەن وەکوو (قامیشی شەکر و گەڵای زەڵ)
  • بەکارھێنانی زۆنگاوەکان لە چالاکییە کشتوکاڵییەکان بە تایبەتی چاندنی بەرووبوومی دانەوێڵەی برنج.
  • کەڵەکەبوونی نیشتەنییەکی زۆر لە زۆنگاوەکان، بەم جۆرەش کاریگەری دەبێت لەسەر بە پیت بوونی خاک.
  • وەکوو پاڵاوگەیەکی ئاو کاردەکەن بۆ ئەو ئاوانەی پیایدا تێدەپەڕن، بەم جۆرەش کاریگەری دەبێت لەسەر بەرزکردنەوەی پلەی ساگاری ئاوەکان.
  • خێرایی ئاوی ڕۆیشتوو کەم دەکەنەوە کاتێک ڕووبەرێکی ئاوی بە خێراییەکی زۆر بە ناوچەی زۆنگاوەکان تێپەڕدەبێت، چونکە داپۆشراون بە ڕووەکی جۆراوجۆر و گژوگیا.

ج/ سیستمی ژینگە دەریاییەکان: سیستمی ژینگە دەریاییەکان پۆلێندەکرێن بۆ سەر چەند جۆرێک، گرنگترینیان بریتین لە: 

زەریاکان

بە کۆنترین سیستمی ژینگەی ئاوی دادەنرێن کە ڕێژەی خوێ تیایدا بەرزە بە ٣,٦٪ مەزندە دەکرێت، بۆیە زیندەوەرە دەریاییەکان خۆیان گونجاندووە لەگەڵ سروشتی ئەو ئاوە سوێرە بە جۆرێک کە زیندەوەرەکان ھەڵدەستن بە فڕێدانی خوێیەکان بۆ دەرەوەی جەستەیان، نموونە وەکوو ماسییەکان لە ڕێگای گوێچکەکانیانەوە خوێیەکان بۆ دەرەوەی جەستەیان فڕێدەدەن. سیستمی ژینگە دەریاییەکان لە کەناراوەکانەوە تاکوو قوڵایی و بنکی زەیاکان سێ ناوچە ھەن کە بریتین لە: 

ناوچەی نێوان ھەڵکێش و داکێشی زەریاکان

تایبەتمەندییەکانی سیستمی زیندەگی بریتین لە ناوچە کەنارییەکان کە درێژ بۆتەوە لە نێوان بەرزترین خاڵ کە ئاو پێی دەگات لەکاتی ھەڵکشانی ئاو تاکوو نزمترین خاڵ کە ئاو پێی دەگات لە کاتی داکشانەوەی ئاو، لە گرنگترین تایبەتمەندییەکانی ئەو ناوچەیە بریتییە لە دەوڵەمەندی ئەو ناوچەیە بە ماددە خۆراکییەکان یان (تەنە ئۆڕگانییەکان) و ئۆکسجینی تواوە بەھۆی ئەوەی ئەو ناوچەیە ڕۆژانە چەندین جار ڕووبەڕووی داپۆشینی ئاو دەبێتەوە، قڕژاڵ و کرمەکان لە گرنگترین زیندەوەرەکانی ئەو ناوچەیەن.

ناوچەی خەرەندی کیشوەری

ئەم ناوچەیە دەکەوێتە نێوان ناوچەی ھەڵکێش و داکێشی و زەریاوە، بە گرنگترین ناوچەی ڕاوە ماسی دادەنرێت لە جیھانداھەروەھا جۆراوجۆری زیندەوەرە ئاوییەکانی تیادا تێبینی دەکرێت و دەوڵەمەندە بە ماددە ئۆڕگانییەکان، چونکە تیشکی خۆر دەتوانێت بە ئاسانی بگات بە قوڵایی ئاوەکە بەھۆی تەنکی ڕووبەری ئاوی لەو ناوچەیەدا.

ناوچەی زەریایی

بریتییە لەو ناوچەی کە دەکەوێتە دوای ناوچەی خەرەندی کیشوەری بە ڕێژەی ٩٠٪ ڕووبەری زەریاکان پێکدێنێت، لە گرنگترین تایبەتمەندییەکانی ئەو ناوچەیە قوڵی ڕووبەری ئاوییەکە و نزمی بەرھەمی خۆاکییەکەیەتی بەھۆی ھەژاری بە تەنە خۆراکییەکانەوە، بەڵام لە ھەندێک لەناوچەکاندا بڕی بەرھەم زیاد دەکات وەکوو ناوچەکای ھەڵقوڵان (Upwelling) بەھۆی جوڵانی تەنە خۆراکییەکان لە قوڵایی زەریاکانەوە بۆ بەشەکانی سەرەوە لە ئەنجامی تەوژمە سەرکەوتووەکانی ئاو بۆیە کرداری ڕۆشنە پێکھاتن لەو ناوچەیەدا چاڵاک دەبێت.


سەرچاوەکان



102 بینین