هۆکارەکانی گەرمی بنی پێیەکان

له‌لایه‌ن: - جوانە محەمەد جوانە محەمەد - به‌روار: 2024-08-21-13:55:00 - کۆدی بابەت: 14226
هۆکارەکانی گەرمی بنی پێیەکان

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

گەرمای بنی پێیەکان (بە ئینگلیزی: Heat of the soles of the feet، بە عەرەبی: حرارة باطن القدمین)، هەستکردن بە ئازاری گەرما و بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی لە پێیەکان حاڵەتێکی باو و بڵاوە، زۆرجار لە ئەنجامی تێکچوونی دەمارەکانی پێ دروستدەبێت، لە هەندێک حاڵەتدا ڕەنگە گەرماکە سووک بێت بەڵام دەشکرێت توند و بێزارکەر و ئازاربەخش بێت تا ئەو ڕادەیەی کە ئازارەکە ڕەنگە ڕێگری لە خەوتن بکات، دەکرێت لەگەڵیدا کەسەکە تووشی تەزین و سڕبوونی پێیەکانی ببێت.

گەرمی لە پێدا لە چەندین سەرچاوەوە دروستدەبێت، وەک: نەخۆشی شەکرە کە باوترین هۆکارە، بەدخۆراکی، ئایدز، هەندێک دەرمانی دیاریکراو، بۆماوەیی، شایەنی باسە کە ئەم حاڵەتە ئاسان چارەسەر دەکرێت،  تەنها لە ڕێگەی دۆزینەوەی هۆکارەکەی و گرتنەبەری ڕێکاری پێویست.

هۆکارەکان

چەند هۆکارێک هەن کە دەبنە هۆی گەرمبوونی پێیەکان لێرەدا هەندێکیان دەخەینەڕوو:

  • کەمی ماددە خۆراکییەکان: دەمارەکان پێویستیان بە هەندێک ماددەی خۆراکی هەیە، وەک: ترشی فۆلیک، ڤیتامین B6، و ڤیتامین ,B12 ئەگەر خواردنی ڕۆژانە بەشی پێویست ئەم توخمانەی تێدا نەبێت، یان ئەگەر جەستە نەتوانێت بە باشی هەڵیبمژێت و وەریانگرێت لە خواردنەوە، ئەوا دەمارەکان زیانیان پێدەگات و پێیەکان زیاتر ڕووبەڕووی گەرمبوون دەبنەوە.
  • کۆنیشانەی زیانگەشتن بە دەمارەکان بەهۆی شەکرەوە: یەکێکە لە هۆکارە باوەکانی گەرمبوونی پێیەکان بەهۆی تێکچوونی دەمارەکانەوە، هەروەها یەکێکە لە ئاڵۆزییە سەرەکییەکانی جۆری یەکەم و جۆری دووەمی شەکرە.
  • دووگیانی: ڕەنگە هەندێک لە ئافرەتانی دووگیان تووشی پلەی گەرمی بەرز بن لە پێدا، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو گۆڕانکارییە هۆرمۆنانەی کە لەم ماوەیەدا ڕوودەدەن، کە دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی لەش، جگە لەوەش زیادبوونی کێش و شلەمەنی لە کاتی دووگیانیدا ڕەنگە ببێتە هۆی زیادبوونی بارگرانی لەسەر پێیەکان.
  • گەیشتن بەتەمەنی نائومێدی: وەستانی سوڕی مانگانە دەبێتە هۆی گۆڕانکاری زۆر لە هۆرمۆنەکان، لەوانەش بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی لەش بە گشتی و پلەی گەرمی پێیەکان بە تایبەتی.
  • شێوازی ژیانکردن: ھەندێک لە کردارەکانی ڕۆژانە، وەک: لەپێکردنی پێڵاوی تەسک، وەستان یان ڕۆیشتن بۆ ماوەیەکی زۆر، بەتایبەتی ئەگەر پلەی گەرمی کەشوهەوا بەرز بێت، لەوانەیە ببێتە هۆی بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی پێیەکان.
  • هەوکردنی کەڕوویی: هەوکردنی کەڕوویی دەبێتە هۆی نەخۆشی پێی وەرزشوان، کە هەوکردنێکی باوە و دەبێتە هۆی هەستکردن بە گەرمی لە پێدا.
  • بەرکەوتن بە کانزا قورسەکان: وەک زەرنیخ، قوڕقوشم، و جیوە، لەوانەیە ببێتە هۆی هەستکردن بە بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی لە پێدا.
  • غودەی دەرەقی: کەموکوڕی لە هۆرمۆنی غودەی دەرەقی دەبێتە هۆی هەستکردن بە سڕبوون و ئازار لە پێیەکاندا، لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی قاچەکان.
  • ئالوودەبوون بە کحول: ئالوودەبوون بە کحول دەبێتە هۆی تێکچوونی دەمارەکانی پێ، ئەمەش دەبێتە هۆی حاڵەتێک کە پێی دەوترێت نەخۆشی دەمارەکانی پەیوەست بە کحول، هۆکارەکە ئەوەیە کە کحول ڕەنگە ڕێگری بکات لە هەڵمژینی هەندێک ماددەی خۆراکی گرنگ بۆ دەمارەکان، هەروەها کحول کاریگەری ژەهراوی لەسەر دەمارەکان هەیە.
  • چارەسەری کیمیایی: چارەسەری کیمیایی بۆ چارەسەری توشبووانی شێرپەنجە بەکاردێت، ئەو خانانەی لەش کە بە خێرایی گەشە دەکەن چارەسەرە کیمیاییەکە لەناویان دەبات، ئەمەش لەوانەیە ببێتە هۆی تێکچوونی دەمارەکان، سووتانەوە، تەزین و گەرمی لە پێدا.
  • نەخۆشی درێژخایەنی هەوکردنی داماڵینی ماسولکەیی دەمار:بە ئینگلیزی: (Chronic Inflammatory Demyelinating Polyneuropathy) ئەم نەخۆشییە دەمارییە بە لاوازبوونی وردە وردەی کارکردنی هەستیاری لە قاچ و قۆڵەکاندا دەناسرێتەوە، نیشانەکانی بریتین لە هەستکردن بە سڕبوون و بێهێزی و بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی لە پێدا.
  • هەوکردنی لوولەکانی خوێن: ئەم حاڵەتە کاتێک ڕوودەدات کە سیستەمی بەرگری لەش بە هەڵە هێرش بکاتە سەر لوولەکانی خوێن، ئەمەش ڕەنگە بەهۆی هەوکردن یان خواردنی دەرمانێکەوە بێت و لە زۆربەی حاڵەتەکانیشدا هۆکارەکەی نادیارە، لە ئەنجامدا سڕبوون و ئازار دروستدەبێت چونکە خوێن ناتوانێت بە ئاسانی بچێتە کۆتاییەکانی مولوولەکانی خوێن.
  • نەخۆشی میچەڵ: بە ئینگلیزی: Erythromelalgia حاڵەتێکی دەگمەنە کە بە شێوەیەکی سەرەکی کاریگەری لەسەر پەلەکانی جەستە دەبێت، و بە ئازارێکی زۆر و سووربوونەوە دەناسرێتەوە، لەگەڵ هەستکردن بە بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی لە پێ و دەستەکاندا.
  • کۆنیشانەی Guillain-Barré syndrome/GBS: حاڵەتێکی دەگمەنە تیایدا کۆئەندامی بەرگری لەش هێرش دەکاتە سەر دەمارەکان، نیشانەکانی بریتین لە پلەی جیاوازی سڕبوون و تەزین و لاوازبوونی قاچ و پێیەکان.
  • کێشە تەندروستییەکان: پلەی گەرمی بەرزی پێ لەوانەیە نیشانەیەک بێت کە لە ئەنجامی هەندێک کێشەی تەندروستی و هەوکردنی ترەوە دەربکەوێت، وەک: ئایدز یان سفلیس.

چارەسەرکردن

چەندین گیراوە و چارەسەری ماڵەوە و دەرمان هەیە کە ڕەنگە یارمەتیدەر بێت بۆ کەمکردنەوەی ئازاری گەرمی پێیەکان، هەندێکیان ئەمانەن:

  • دۆزینەوە و چارەسەرکردنی هۆکارەکە: باشترین چارەسەر بۆ کەمکردنەوەی گەرمی پێیەکان لەوانەیە گەڕان بێت بۆ ئەو هۆکارەی کە بووەتە هۆی دروستبوونی و بەدوایدا چارەسەرکردنی، بۆ نموونە کاتێک هۆکارەکە نەخۆشی پێی وەرزشوانە، ئەوا ڕەچەتەی دەرمانی دژە کەڕوو بە سوودە، یان ئەگەر هۆکارەکەی کەمبوونەوەی غودەی دەرەقییە، چارەسەرکردنی بە دەرمان پێویستە، لەگەڵ چاودێریکردنی نەخۆشی شەکرە و باشترکردنی خۆراک و خواردنی تەواوکەرە خۆراکییە پێویستەکان.
  • هاندانی دەمار: چارەسەر لە حاڵەتەکانی ئازاری تونددا ڕەنگە بەکارهێنانی ڕێگاکانی هاندانی دەمار بێت، نموونەی ئەم ڕێگایانە بریتین لە: هاندانی دەماری کارەبایی، چارەسەری موگناتیسی، چارەسەری لەیزەر، چارەسەر بە ڕووناکی یاخود دەرزی لێدان.

چارەسەری ماڵەوە: کۆمەڵێک چارەسەر و گیراوەی ماڵەوە هەن کە ڕەنگە یارمەتیدەر بن لە کەمکردنەوەی پلەی گەرمی بەرزی پێیەکان و هەندێکیان لە خوارەوە ئاماژەیان پێکراوە:

  • دانانی پێیەکان لە ئاوی سارد یان سەهۆڵاودا بۆ ماوەی چەند خولەکێک.
  • مەساجی قاچ، ئەمەش بۆ یارمەتیدانی باشترکردنی پیاڕۆشتنی خوێن و سوڕی خوێن.
  • خواردنی زەردەچەوە، ڕەنگە ئازاری دەمارەکان کەم بکاتەوە، جگە لە کاریگەرییەکانی تری کە وەک دژە هەوکردن و دژە ئۆکسێنەر و دژە میکرۆب کاردەکات.
  • بەکارهێنانی کرێم و مەڵهەم.
  • لەپێکردنی گۆرەوی خاوێن و وشک بۆ خۆ پاراستن و ڕێگریکردن لە نەخۆشی پێی وەرزشوان.
  • چارەسەری دەرمانی: چەندین چارەسەری دەرمانی هەن کە هەستکردن بە گەرمای پێ و ئازاری بێزارکەر کەم دەکەنەوە، وەک: کاربامازێپین، دولۆکستین، گاباپێنتین و پرێگابالین.


سەرچاوەکان



550 بینین