ناوهڕۆك
ناساندن
محەمەد ئەحمەد ڕاشد (بە عەرەبی: محمد أحمد الراشد، بە ئینگلیزی: Mohammed Ahmed Al Rashid) بانگخواز و مامۆستا و بیرمەندی ئیسلامی و عێراقی بوو، لە دیارترین لایەنگرانی کۆمەڵەی ئیخوان موسلیمین بووە و بە بیرمەندی جووڵانەوی ئیسلامی هاوچەرخ ناسراوە، خاوەن چەندان بەرهەمی کتێب و نووسینە لە بوارەکانی هزری ئیسلامی، پەروەردە و سیاسەت، بە دامەزرێنەری ئەنجوومەنی شورای سوننەکانی عێراق دادەنرێت.
زانیاری گشتی
ناو | عبدلمونعیم ساڵح عەلی عیزیی |
نازناو و ناوی خوازراو | محەمەد ئەحمەد ڕاشد، ئەبووعەممار |
شوێن و ساڵی لەدایکبوون | حەوتی تەممووزی ساڵی ١٩٣٨، ئەعزەمییە بەغداد عێراق |
ڕەگەزنامە | عێراقی |
کۆچی دوایی | ٢٧ـی ئابی ساڵی ٢٠٢٤ مالیزیا |
پیشە | بانگخوزا ئیسلامی، نووسەر، پارێزەر، بیرمەندی ئیسلامی |
سەرەتا و ئەزموونی خوێندنی
ناوی تەواوی عبدلمونعیم ساڵح عەلی عیزییە، ناوی خوازراوی محەمەد ئەحمەد ڕاشدە، لە حەوتی تەمووزی ساڵی ١٩٣٨ لە ناوچەی ئەعزەمییەی شاری بەغدادی پایتەختی عێراق لەدایکبووە. قۆناغەکانی خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی لە قوتابخانە ناودارەکانی بەغداد تەواو کردووە، هەر لە تەمەنی گەنجییەوە گرنگی بە بواری ئەدەب و خوێندنەوە داوە، لە ساڵی ١٩٦٢ کۆلێژی یاسا لە زانکۆی بەغداد تەواوکردووە.
گرنگی بە خوێندنی شەرعی داوە لەلای زانا ناودارەکانی دانیشتوواای بەغداد زانستی شەرعی وەرگرتووە، لەوانە مەلا محەممەدی قزڵجەیی، عبدولکەریم شێخەلی تەقیەدين هیلالی، شێخ ئەمجەد زەهاوی سەرۆکی زانايانی عێراق، شێخ محەمەد عەسافی، هاوکات کاریگەر بووە بە بیری محەمەد مەحمود صەواف.
ئەزموونی بانگخوازی و بۆچوونی هزری
بۆچوون و بیروڕای سیاسی و ئایینی محەمەد ئەحمەد ڕاشد لە سەرەتای ئەزموونی سیاسیدا زیاتر گرنگی بە بەهێزکردنی لایەنی سوننەکانی عێراق داوە ئەویش بە دامەزراندنی قەوارە و ئەنجوومەنێکی سیاسی بوو کە نوێنەرایەتیانی دەکرد. گرنگی بە دۆزی فەڵەستینی داوە و دژی داگیرکاری بەریتانیا بووە لە عێراق. لە تەمەنی لاوییەوە بە دۆزی فەڵەستین و بیر و بۆچوونەکانی ئیخوان موسلیمین کاریگەر بووە، لە ساڵی ١٩٥٣ لە تەمەنی پازدە ساڵیدا پەیوەندیی کردووە بە کۆمەڵەی ئیخوان موسلیمینەوە.
پاش ڕاگرتنی کاری ڕێکخستنی ئیخوان لە عێراق، لە ساڵی ١٩٧٢ کۆچی کردووە بۆ کوەيت و لەوێشەوە چووەتە ئیمارات درێژەی بە کاری بانگخوازی داوە. بە درێژایی ساڵانی حەفتاکان و هەشتاکان لەلایەن ڕژێمی عيراقەوە داواکراو بووە، چونکە لە ڕووی فیکریی و مەعريفييەوە سەرپەرشتی کاری ڕێکخستنی ئیخوانی عيراقى لە دەرەوە کردووە، لە ساڵی ١٩٨٧ لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە حوكمى لەسێدارەدانی بۆ دەرچووە.
پاش ڕووخانی ڕژێمی بەعس گەڕایەوە عيراق و له بەغداد (ئەنجومەنی شورای ئەهلی سوننە)ـی دامەزراند. ساڵانێکی زۆر چووەتە وڵاتی سویسرا و سوودان و ئیمارات و مالیزیا و ئەندەنوسیاو (٤٢) ساڵی تەمەنی لە ئاوارەیی بەسەربردووە. محەمەد ئەحمەد بە داڕێژەری بیردۆزەی هاوچەرخی (فیقهی بانگەوازی ئیسلامی) دادەنرێت و هەزاران لاپەڕەی لەو بوارەدا نووسیوە وو سەدان وانەی لەسەری هەیە. شێخ ڕاشد رۆڵێکی زۆری هەبووە لە بڵاوکردنەوەی بیری میانەڕەوی و فیقهی بانگەواز لە کوەیت و سوودان و مالیزیا و ئێران و ئەندەنوسیا و تورکیا و سویسرا.
ئەزموونی نووسینی
نووسین و خوێندنەوە دوو بواری گرنگ بوونە لە ژیانی مامۆستا محەمەد، ژمارەی بەرهەمەکانی زۆرن و لە زۆر دیبەیت بەشداری کردووە و سیمینار و توێژینەوەی زۆری هەبووە، ئەو بوارانەی تێیدا دەینووسین بریتی بووە لە ساردبوونەوە و بێباکی لە عیبادەت، ململانێی نێوان بانگخوازانی ئیسلامی، کۆنەپەرستی و لاساییکردنەوەی کوێرانە، توندڕەوەی، نەخۆشییەکانی نەفس و ڕۆح، لەسەر زۆرێک لە بابەتە ئایینییەکان نووسییەتی، زۆرێک له بەرهەمەکانی وەرگێڕدراون بۆ زمانە بیانییەکان، وەک: تامیلی، مەلاوی، ڕووسی، تورکی، ئینگلیزی، فارسی.
گرنگترین بەرهەمە نووسراوەكانی:
- المنطلق
- العوائق
- الرقائق
- صناعة الحياة
- المسار
- رسائل العين
- منهجية التربية الدعوية
- آفاق الجمال
- معالم تطور الدعوة والجهاد، (پێنج بەرگ)
- مواعظ داعية
- حركة الحياة
- دفاعا عن أبي هريرة
- أقباس من مناقب أبي هريرة
- تهذيب مدارج السالكين.
- تهذيب العقيدة الطحاوية.
- الفقه اللاهب، تهذيب لكتاب الغياثي للجويني
- أصول الإفتاء والاجتهاد التطبيقي ( چوار بەش)
- صراطنا المستقيم
- إحياء الإحياء، تهذيب إحياء علوم الدين
- مقدمات الوعي التطويري
- التهجد الإصلاحي
- الثائر المجاهد
- أصول العقيدة الإسلامية
هەروەها چەند توێژینەوەیەک لەسەر بەرهەمەکاننی نووسراون، وەک:
- (التربية العلاجية في ضوء كتابات الداعية محمد أحمد الراشد)، کە ماستەرنامەیەکە لە زانستی أصول التربية الإسلامية.
- التربية السياسية في ضوء كتابات محمد أحمد الراشد.
- أثر التربية الروحية في بناء الداعية من خلال كتابات الراشد.
- التربية النوعية في ضوء كتابات محمد أحمد الراشد.
کۆچی دوایی
محەمەد ڕاشد لە ٢٨ـی ئابی ساڵی ٢٠٢٤ لە نەخۆشخانەیەکی شاری کوالالامپووری پایتەختی مالیزیا کۆچی دوایی کرد و هەر لەو شارەدا بەخاک سپێردرا.