کەشتیوانی لە دەریادا

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-01-02-20:48:00 - کۆدی بابەت: 1039
کەشتیوانی لە دەریادا

ناوه‌ڕۆك

کەشتیوانی لە دەریادا

لە کۆندا کاتێک خەڵک لە دەریادا دەسووڕانەوە، هەمیشە چاویان بە کەناری دەریاوە بوو تا ون نەبن، بەڵام لە ئێستادا کاپتنی هەموو کەشتیەک دەزانێت لە چ شوێنێکی دەریادایە، لە ڕێگەی دەستنیشانکردنی دووری شوێنی خۆی و لە دوو شوێنی ترەوە، کە ئەوانیش هێڵی کەمەری زەوییە لەگەڵ شاری گرینچ کە دەکەوێتە وڵاتی ئینگلتەراوە و هێڵی کەمەرەیی زەوی ئەو هێڵەیە کە دەکەوێتە نێوەی ماوەی نێوان هەردوو جەمسەری باکوور و باشوور.
هەموو کاپتنی کەشتییەک ئامێرێکی هەیە پێیدەوترێت (سکستانت) بەم ئامێرە پێوانەی بەرزی خۆر دەکات لە ئاسۆ، لە ڕێگەی ژماردنی بەرزی خۆر لە ئاسۆوە دەتوانێت بگاتە ماوەی دووری کەشتییەکە لە هێڵی کەمەری زەوییەوە ئەم ڕێگەیەش بە (هێڵی پان) ناسراوە، هەروەها هەموو کاپتنێک خاوەنی ئامێری (کرۆنۆمتر)ـە، کە کاتی شاری لەندەن (گرینچ)ی بۆ ئاشکرا دەکات، بۆ نموونە: ئەگەر کەشتییەکە لە دەریای ئارام بێت ئەو کاپتن دەزانێت ئەوە لە گرینچ دا نیوەڕۆ بووە پێش ئەوەی کەشتییەکەی بگاتە زەریای ئارام، ئەم جیاوازیە لە نێوان دوو کاتدا دەستنیشانی دووری کەشتییەکە دەکات لە گرینچەوە، ئەمەش بە (هێڵی درێژی) ناسراوە، بەم شێوەیە کاپتنی هەر کەشتییەک هەموو شتێک دەزانێت لە بارەی دووری لە کەمەرەی زەوی و دووری لە گرینچەوە.
بەم شێوەیە دەتوانێت دوو هێڵ لەسەر نەخشەکە دیاری بکات، خاڵی یەکگرتنی هەردوو هێڵەکەش دەست نیشانی شوێنی کەشتییەکە دەکات، ئەگەر ئێمە زانیاری لەبارەی هێڵی پانی و درێژی بدەینە هەر کاپتنێک ئەوا یەکسەر شوێنێکمان بۆ دەست نیشان دەکات، یەکێکی تر لەو ئامێرانەی کە کاپتنی کەشتی بەکاری دەهێنێت (قیبلەنمایە---البوصلة)، گرنگی ئەمیش کەمتر نییە لە هەر یەک لە (سکستانت) و (کرۆنۆمتر)، ئەم ئامێرە ڕۆڵ دەگێڕێت لە دەست نیشانکردنی ئاڕاستەکان، زۆرێک لە کەشتییە گەورەکان جۆرێکی تایبەتی قیبلەنما بەکاردەهێنن کە هەمیشە ئاماژە بۆ ئاڕاستەی جەمسەری باکوور دەکات، لەم جۆرە کەشتیانەدا کەشتیوانەکان هەمیشە چاودێری قیبلەنماکە دەکەن بۆ ئەوەی دڵنیابن کە بە ئاراستەی ڕاستە دەڕۆن، ئامێرێکی تری ڕێنوێنی کردنی کەشتیوانەکان بە ئامێری (پێوەری خێرایی کەشتی) ناسراوە، ئەم ئامێرە لە پشتی کەشتییەکەوە دادەنرێت و خێرایی کەشتی لەناو ئاودا دەپێوێت، بەم شێوەیە کاپتنی کەشتییەکە دەزانێت ئەو ماوەیە چەندە کە کەشتییەکە لە ماوەی ڕۆژی پێشدا بڕیویەتی، لەگەڵ ئەو ئاڕاستەیەی گرتوویەتییە بەر، لەو کاتەی خۆر بۆ ماوەی چەند ڕۆژێک ئاوا دەبێت یان دەرناکەوێت بەهۆی نالەباری کەش و هەوا، یان باو زریان ڕێڕەوی کەشتییەکە دەگۆڕن، لەو کاتەدا کەشتیوانەکان پشت بە ژیری و لێهاتوویی خۆیان دەبەستن بۆ مەزەندەکردنی ئەو ڕێیەی کە پێویستە بگەڕێنەوە سەری، دەریاوانی زیرەک دەزانێت لە کوێدایە و زۆر هەڵە ناکات، دەریاوانی ژیر دەبێت هەموو شتێک دەربارەی دەریا بزانێت، وەکو شەپۆلەکانی و تەوژمەکانی ئاو، هەروەها هەڵکشان و داکشانی ئاو، دەبێت شتێکیش دەربارەی بنی دەریا بزانیت، هەروەها لەو دەمەی کە لە کەنارەکانی دەریاوە دوورە زانیاری هەبێت دەربارەی ناوەڕاستی زەریا، کەشتیوان دەبێت زۆر ئاگادار بێت لەو کاتەی دەگاتە گۆی ئاو و کەنارەکانی دەریا، بە تایبەت ئاگاداری بەرد و تەپۆڵکە و تاشە بەردی گەورە بێت بۆ ئەوەی زیان بە کەشتییەکەی نەگەیەنێت، هەندێک لە حکومەتەکان نەخشەی کەنارەکانی دەداتە کەشتیوانەکان بۆ ئەوەی زانیاری تەواویان هەبێت لەبارەی ئاوە تەنکەکان، هەروەها بەکارهێنانی بۆ زانینی شوێنی کەشتییەکە لە ئاستی دەریادا، بە پێچەوانەوە نەخشەی دەریا قوڵی دەریاکەمان پێ دەدات لەسەر ڕووی دەریاوە، چەندەها بەردی گەورە هەیە کە بە درێژایی کەنارەکان هەرگیز لەسەر شەپۆلەکان دەرنەکەوتوون، ئەم بەردانە دەبێت لەسەر نەخشە هێمای بۆ دابنرێت بۆ ئەوەی کەشتیوانەکان ئاگاداری بن، لە کاتی بەفر و باران و زریاندا کەشتیوانەکان ئەگەر شوێنێکی باش بدۆزنەوە ئەوا خێرا خۆیان پێی دەگەیەنن و لەنگەر دەگرن، بەڵام ئەگەر هاتوو کەشتیوانەکە توانای ئەو کارەی نەبوو یەکسەر دەگەڕێتەوە بۆ ناوەڕاستی دەریا چونکە کەشتییە بەهێزەکان توانای بەرگەی ئەو هەموو بەفر و باران و زریانەی ناوەڕاستی دەریا هەیە، بەڵام بەرگەگرتنی بەرد و تەپۆڵکە لمییەکانی نییە، نەخشەی کەنارەکان هەمیشە لە نوێبوونەوەدان، چونکە کەنارەکان هەمیشە لە نوێبوونەوەدان، چونکە کەنارەکان هەمیشە لە گۆڕاندان.
کێشانی نەخشەی کەنارەکان هەر وەک وشکایی دەکێشرێت، هەندێک جاریش بۆ دووربوونەوە و ورد پیشاندانی نەخشەکان فڕۆکە بەکار دەهێنرێت تا باشترین نەخشە بکێشرێت.
لە کۆندا ترسێکی زۆر هەبوو لەبارەی گەشتكردنی کەشتی لە شەودا، چونکە بە ئاسانی گوێی ئاوەکان و کەنارەکان بۆ کەشتیوانەکان دەست نیشان نەدەکرا، بۆ سەرکەوتن بەسەر ئەم کێشەدا لە کانەرەکانی دەریا گڵوپ و ڕۆشنایی دابین دەکراو لە شوێنێکی بەرز دادەنرا بۆ ئەوەی ڕێنوێنی کەشتییەکان بکات و ڕێ نیشاندەریان بێت، لە ئێستادا بۆ پاراستنی کەشتییەکان لەسەر زۆرێک لە بەردە ترسناکەکانی دەریا لەم گڵۆپە بەرزانە دانراوە، ئەم گڵۆپە بەرزانە پێیان دەوترێت: (فەنار) و کرێکارانی ناو فەنارەکان ئەزموونی باشیان هەیە لە زانینی هێزی شەپۆلەکان لەکاتی زریاندا، یەکەم (فەنارە) لە کەنارەکانی ماساشوتس لە ئەمەریکادا بونیاد نراوە، بەڵام شەپۆلەکان تەفروتونایان کردووە، فەنارەکە و کرێکارانی ناو فەنارەکە هەر هەموویان ژێر ئاو کەوتن، هەر چەندە بەردی (تەلاموک) لە دەرەوەی کەنارەکانی ئەریزۆنا بەرزییەکەی ئەگاتە (٣٤) مەتر و فەنارەکە لەوێدا بونیاد نرابوو، بەڵام شەپۆلەکان توانیان سەربکەون بە سەریداو بیکەینە ژێر ئاوەوە، بەردی (ئەنستی باکوور) لە باکووری سکۆتلەندا زۆر بەرزە، بەڵام جارێکیان شەپۆلەکان بە بەرزی (٦٥) مەتر ژێر ئاویان خست و دەرگاکانی شکاند، بونیادنانی فەنارە لەسەر بەردە بەرزەکان ئیشێکی گرانە، بەڵام لەمە گرانتر بونیادنانییەتی لەسەر زەوییەکی لماوی، لەبەر ئەوەی بەرد بنکەی قایمی هەیە، بەڵام لم لەگەڵ هەموو باو زریانێکدا جموجوڵ دەکات، حکومەتی ئەمەریکا چەندەها جار هەوڵی ئەوەی داوە لە ناوچەی (دیاموند) لە دەرەوەی (سەری هاتیراس) فەنارەیەک دروست بکات، بەڵام کارەکەیان سەری نەگرت، لە ئێستادا لە جیاتی فەنارە کەشتی بەکاردەھێنرێت بۆ ڕۆشنکردنەوەی ناو دەریا.
هەندێ لەو فەنارانە ڕووناکی سپی پیشان دەدەن، بەڵام هەندێکی تریان ڕووناکی سوور یان سەوز یان شین پیشان دەدەن، زۆرێک لەو ڕووناکیانە ناجوڵێن، بەڵام هەندێکیان بە بەردەوامی دەخولێتەوە، هەموو فەنارەکان لەسەر نەخشە هێمایان بۆ دانراوە بۆ ئەوەی کەشتییەکان کە نزیک بوونەوە لێی ئاگادار بن، بەڵام ئێستا زۆر پێویستمان بە فەنارە نییە، زۆرێک لە فەنارەکان زەنگی ئاگادار کردنەوەیان تیادا نییە، چونکە ئەو ڕووناکییەی هەیەتی بەشێوەیەکی ئۆتۆماتیکی و بە یارمەتی کارەبا ئیش دەکات، بەڵام ئێستا زۆربەی کەشتییە گەورەکان ئامێری ڕادیۆیان تێدایەو بە بەردەوام لە پەیوەندیدان لەگەڵ ئاژانسەکانی کەناری دەریایی، لە ڕێگای شەپۆلەکانی ڕادیۆوە کاپتنی کەشتییەکە دەزانێت لە کوێی دەریادایە، تەنانەت ئەگەر دەریا تەم و مژیش بێت، لێرەوە بۆمان دەردەکەوێت کە مرۆڤ چۆن دەتوانێت زاڵ بێت بەسەر کێشە و گرفتەکانی دەریا.


سەرچاوەکان



831 بینین