کۆمەڵە جوڵەیەکی ناخودئاگا کە مانای شاراوەیان هەیە

له‌لایه‌ن: - ئەلەند ئەکرەم - به‌روار: 2021-01-12-15:59:00 - کۆدی بابەت: 1287
کۆمەڵە جوڵەیەکی ناخودئاگا کە مانای شاراوەیان هەیە

ناوه‌ڕۆك

زمانی جەستە

  مرۆڤ ئەو بیرۆکانەی لە مێشکیدان دەردەخات لە ڕێگەی کۆمەڵە جووڵەیەکی جەستەیی، یان وەک زانایان ناوی دەنێن دەروون لە ڕێگەی هێما و ئاماژە جەستەییەکان، کە کۆمەڵە جووڵەیەکی نا ئیرادین لە کەسێکەوە دەردەچن و دەکرێ هەندیکیان کۆنترۆڵ بکرێن، بەڵام هەندێکیان ناتوانرێ بشاردرێنەوە یان خۆمان لە دەرکەوتنی لا بدەین، چونکە هەر کەسێک شارەزاییەکی لە زمانی جەستەی مرۆڤ هەبێت پێی دەزانێت.

  زمانی جەستە زمانێکی پەیوەندیی کردنی نوێیە لە ڕێی جووڵە و ئاماژەکانی جەستەوە کار دەکات و وا لە کەسەکە دەکات پەیوەندیی لەگەڵ دەوروبەری ببەستێت بە بێ دەربڕینی لە ڕێی قسەوە، چونکە جووڵە لاشعورییەکانی جەستەی مرۆڤ بە ئاماژەگەلێکی بینراو دادەنێن دەربارەی ئەو هەست و سۆزانەی کە دەیانشارێتەوە، وە زانستی زمانی جەستە کۆمەڵە سوودێکی زۆریان هەیە بۆ ئەو کەسەی شارەزایە تیایدا و بەکاری دێنێ، چونکە لە ڕێی ئەم توانایەوە دەکرێ لە کەسانی دەوروبەر تێبگەی لە کاتی قسەکردن لە گەڵیاندا، ئەم زانستە توانای پەیوەندیی کارا لەگەڵ دەوروبەری زیاد دەکات لە کاتی قسەکردن لەگەڵیاندا و تێگەیشتن لە هەڵسوکەوتە نائیرادییەکان کە لێیانەوە دەردەچێت، چونکە زمانی جەستە ڕێگە بە مرۆڤ دەدا لێکدانەوە بۆ ئەو هەڵسوکەوتانە بکات لە کەسانی دەوروبەری دیاری دەدات بە بەکارهێنانی چەند یاسا و ڕێسایەکی خوێندراو، هەرچەند بیانەوێت هەستەکانیان دەرنەبڕن یاخود بە پێچەوانەوە خۆیان دەربخەن.

گرنگیی زمانی جەستە

  شارەزایانی ئەم زانستە وای دەبینن کە ئاستەنگی پەیوەندیی لەگەڵ دەوروبەردا لە تایبەتمەندییەکانی مرۆڤ نییە بەڵکو ئاگادار نەبوونە لەو نامە و ئاماژانەی کە چواردەورەکەی دەری دەبڕن لە کاتی گفتوگۆ لەگەڵیاندا. بەڵام شارەزای زمانی جەستە وردە لە سەرنجداندا، وە بە کارامەیی بەشەکانی لەشی مرۆڤ هەست پێ دەکات کە زۆر کەس پێیان وایە جێگای هەست پێکردن و سەرنج نییە، بۆیە لە کاتێکدا کە مرۆڤ ئەم بەشانە لە بیر دەکات و ئاگاداری ئەو هێمایانە نییە کە لێیان دەردەچێت، چونکە ئەو بەشانە بە شێوەیەکی ناخودئاگا دەجوڵێت تا قسە بکات و پێمان بڵێت کەسی بەرامبەر چی دەشارێتەوە، چونکە ئەو بەشانە بە زمانی تایبەتی خۆیان قسە دەکەن (زمانی جەستە).

  لەوانەیە زمانی جەستە لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێک بگۆڕێت یان لە کۆمەڵگەیەک بۆ کۆمەڵگەیەکی دی، چونکە لەوانەیە هەندێ هەڵسوکەوت گونجاو بێت لە ژینگەیەکی دیاری کراودا بەڵام گونجاو نەبێ بۆ بەشێکی دیکە و ژینگەیەکی دیکەی سەر زەوی، بۆ نموونە ئەگەر کاری مرۆڤ پێویستی بە گەشت هەبوو بۆ وڵاتانی دیکە، دەبێت ئاگادار و زانا بێت بە عادار و هەڵسوکەوتە کۆمەڵایەتییەکانی ئەو وڵاتانە، وە بزانێت چۆن مامەڵە لەگەڵ یەکدی دەکەن لە هەڵسوکەوتە جەستەییەکانیانەوە، چونکە لەوانەیە هەندێ جوڵە و هەڵسوکەوت بکەن هیچ مەبەستێکیان لێی نەبووە بە باشە نەبێت، کەچی بەرامبەر بە بێڕێزیی و تووڕەیی لێکی دەداتەوە، یان وابزانێت بەرامبەر ئاسودە نییە، وەک دانانی دەستەکان لەسەر یەک لە کاتی تەوقەکردن یان دەست خستە پشت، کە بکەری ئەمە مەبەستی لێی هاوڕێیەتی و پیرۆزباییە دەربارەی بابەتێکی دیاری کراو، بەڵام ئەم هەڵسوکەوتە مانایەکی دیکەیشی هەیە، کە بریتییە لەوەی وا لە کەسی بەرامبەر بکات هەست بە نائاسوودەیی بکات لە چەند شوێنێکی دیاری کراوی سەر زەوی، وەک یابان، ویلایەتە یەکگرتووەکان،ئینگلتەرا و کەنەدا.

کۆمەڵە کارێکی ناخودئاگا کە مانای دەروونیان هەیە

مرۆڤ کۆمەڵە ئاماژە و هێمایەک دەر دەدات بە شێوەیەکی ڕۆژانە بەبێ ئەوەی مانایان بزانێت، یان بزانێت قووڵی و کاریگەرییە دەروونیەکانی چین، وە ئەو هۆکارانەی بوونەتە هۆی دروست بوونی، زانایان وای دەبینن کە ٦٠٪ ـی حاڵەتەکانی پەیوەندیی لە نێوان کەسەکاندا لە ڕێگەی هێما و ئاماژە و کۆدە جەستەییەکان ئەنجام دەدرێت. نەک بە شێوە زارەکییەکان هەر وەک چۆن زۆر کەس وا دەزان(واتە لە ڕێگەی قسە و زمانەوە)، هەروەها دەڵێن کە ئەم ئاماژانە کاریگەریی بەهیزی خۆیان هەیە کە کاریگەرترە لە قسە و وشە بە پێنج ئەوەندە، یەکێک لەو هەڵە گەورانەی خەڵک تێی دەکەون بریتییە لە فەرامۆش کردنی جوڵەکانی جەستە و زمان و ئاماژەکانی، وە تەنها سەرنج دەخەنە سەر ئەوەی بەرامبەر دەیڵێت، وە زۆر هەوڵدەدەن بزانن بەرامبەر دەیەوێت چی بڵێت لە ڕێگەی گوێگرتن و سەرنجدانی قسەکانی.
بەشێک لەو ئاماژە و قسانەی کە مانای هەیە  و ئاماژەی هەیە ئەمانەن:

- زمان دان لە دەموچاو لە کاتی قسەکردن، ئەم ئاماژەیە پەیوەندی بە درۆوە هەیە، هەروەها هەمان مانای هەیە لەگەڵ دەست دان لە لووت.
- خوراندنی پەنجەکانی دەست مانای نائاسوودەیی هەیە، بۆیە ئەگەر کەسێک قسەی لەگەڵ کەسێکی دی کرد و بینی دەستی دەخورێنێ یان پەنجەکانی دەست دەخاتە ناو یەک، ئەمە مانای ئەوەیە کە ئاسوودە نییە، یان سترێسی هەیە، یان قەلەقە لەبەر هەر هۆکارێک بێت، وە ئەو جووڵەی دەستە کە لێوەی دەرچووە -کە زانایانی زمانی جەستە ناوی دەنێن دەستدان لە خود- شێوازێکە کە تاک بەکاری دێنێت بۆ وەرگرتنی کەمێک ئاسوودەیی،  وە ئەگەر ئەمە لە کەسی قسەکەرەوە دەرچوو مانای شڵەژانیەتی، بۆیە دەبێت خۆی لێ لابدات و لێی دوور بکەوێتەوە لە کاتێکدا پێویستی بە باوەڕ بە خۆبوون هەیە.
- دەست دان لە گوێچکە و خوراندنی مانای گومانی کەسەکە دێت لە قسەکانی قسەکەر و سروشتی ئەو شتەی لە بەردەمی دەوترێت، وە خوراندنی گوێ یان لوت و ڕیش و گوتنی تێگەیشتم مانای تێنەگەیشتنی هەیە.
- لێک ئاڵاندنی ئافرەت بۆ پەنجەکانی بە شێوەیەکی نەرم مانای کرانەوەی ئەو ئافرەتە دێت بەو کەشەی چواردەوری داوە.
- ئاڵاندنی دەستەکان و خاوبوونەوەی جووڵەی چاوەکان ئاماژەیە بۆ بێزار بوونیی گوێگر لەوەی پێشکەشی دەکرێ، یان دەکری مانای ڕێکنەکەوتن و هاوڕا نەبوونی هەبێ.
- ئەگەر دوو پەنجە گەورەی دەستی قسەکە لکابوون بە یەکەوە، ئەوە مانای ئەوەیە کەسەکە خاوەن سیفەتەکانی عەقلانییەت و بەخشندەیی و ڕۆشنبیرییە، وە دەتوانێت خۆی بگونجێنێت لەگەڵ بارودۆخە گشتییەکاندا.
- کردنەوەی دەستەکا، ئەمە جۆرێکە لەو هێمایانەی ئاماژە بە ڕاسگۆیی و گوێڕایەڵی دەدەن.
- ڕەپ بوون و نەجووڵانی دەستەکان مانای ئەوەیە کەسەکە لە حاڵەتێکی خۆپاراستن و نەرێنیایە.
- ئاماژەکانی چاو، کە بریتییە لە گرنگترین بەشەکان کە زانایانی زمانی جەستە پشتی پێ دەبەستن، لەبەر ئەوەی قورسە مرۆڤ بە ویستی خۆی کۆنترۆڵی بکات، بە تایبەت لە کاتی هەبوونی پەیوەندی لە ڕێی چاو و بەر یەک کەوتنیان بە ڕاستەوخۆ، وە لەو هێمایانە فراوان بوونی بیلبیلەی چاوە کە ئاماژەیە بۆ دڵخۆشی کەسەکە بەرامبەر ئەو شتەی دەیبینێت یان گوێی لێیە، وە بە پێچەوانەشەوە دەکرێ تەسک بوون مانای عەکسی بدات، چونکە تەسک بوونی بیلبیلەی چاو مانای دڵتەنگی یان بێزاری هەیە.
- درێژ کردنەوەی هەنگاوەکان و بەرز ڕاگرتنی باڵا لە کاتی ڕۆیشتن و بەرز کردنەوەی سەر لە ڕۆیشتندا، هەموویان نیشانەن کە مانای بەهێزیی کەسایەتی و مەزنی و ڕاکێشەری و باوەڕبەخۆبوونی کەسەکە دەدەن.
- خوراندنی کەسەکە بۆ چاوی لە کاتی قسەکردن مانای هاوڕانەبوونی کەسەکە دێت لەگەڵ قسەکەر لە قسەکەیدا.
- دانانی دەستەکان لەسەر مل یان یەک دەست لە کاتی قسەکردندا، مانای ئەوەی هەیە کە کەسەکە خەریکە قەناعەت دەهێنێت بەو قسەیەی لە بەردەمییەتی، وە خەتیکە واز لە هەڵوێستەکەی دێنێ.

بەشەکانی کارەکانی جەستە

دەکرێ ئەو کارانەی کە لە لەشەوە دەردەچن دابەش بکرێن بۆ ئەمانەی خوارەوە:

- کارە زکماکییەکان، کە ئەو کارانەن کە مرۆڤ لەگەڵی لەدایک دەبن، وە ئەو کارانە هەموو مرۆڤەکان هاوبەشن تیایاندا بە بێ جیاوازی لە نێوان زمانە جیاوازەکاندا.
- کارە دۆزراوەکان، ئەو کارانە مرۆڤ خۆی دەیاندۆزێتەوە، کە کارە تایبەتییەکانن.
- کارە وەرگیراوەکان، ئەوانەن کە کەسەکە بەبێ ئاگاداری خۆی وەری دەگرن، وە ژینگەی دەوروبەری کەسەکە ڕۆڵی باشی هەیە لە هەبوونی ئەم کارانەدا.
- کارە ڕاهێنراوەکان، ئەم کارانە کەسەکە بە ئاگاداری خۆی دەیان کات، خۆی فێری دەبێت و دەوروبەریشی فێر دەکات، هەروەها ژینگەی دەوروبەر ڕۆڵی لەمەشیاندا هەیە.
- کارە تێکەڵەکان، ئەوانەن کە وا دیارە کەسەکە وەری گرتوون یان خۆی ڕاهێناوە لەسەری، یان بۆ کەسانی دیکە دۆزراوەیە و هەنێکی دیکە ڕاهێنراوە.


سەرچاوەکان



1580 بینین