پارە هەڵڕشتن بەسەر منداڵدا

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-02-06-20:14:00 - کۆدی بابەت: 2036
پارە هەڵڕشتن بەسەر منداڵدا

ناوه‌ڕۆك

پارە هەڵڕشتن بەسەر منداڵدا

هەڵەیەک لەو هەڵە باوانەی کە هەندێ دایکان و باوکان دەرهەق بە منداڵەکانیان ئەنجامی دەدەن، بریتییە لە پارە هەڵڕشتن بەسەر منداڵدا.
ئەمەش بۆ چەند هۆکارێک دەگەڕێتەوە، لەوانە:

  • دەوڵەمەندی و خۆشگوزەرانی دایک و باوک.
  • بە ناز پەروەردەکردنی منداڵ لە لایەن دایک و باوک.
  • ئاشنا نەبوونی دایک و باوک بە شێوازە زانستی و پەروەردەییەکان.
  • خۆدەرخستن و خۆهەڵکێشانی دایک و باوک لە ناو خەڵک و خزم و کەسەکاندا.
  • نەبوونی پلان و بەرنامەی پێشوەخت.
  • نزمی ئاستی زانستی دایک و باوک.
  • نەبوونی ئامانج و مەبەست.
  • بیرنەکردنەوە لە ئایندەی ئەو کارە هەڵەیە.
  • ئاشنا نەبوون بە شێوازە پەروەردەیی و زانستییەکان.

بێگومان پارە هەڵڕشتن بەسەر منداڵدا، زیانێکی زۆر بە خودی منداڵ و دایک و باوک دەگەیەنێت و زۆر جار بە کارەسات کۆتایی دێت! گرنگترین ئەو زیانانەش ئەمانەن:

  • منداڵ ناتوانێ پشت بە خۆی ببەستێت و هەمیشە پشت بەدایک و باوکی و کەسانی دیکە دەبەستێت.
  • لە دۆخە دژوارەکاندا ناتوانێ کەری خۆی لە قوڕێ دەربێنێت!
  • کەسێکی تەمبەڵ و تەوەزەل دەردەچێت.
  • هەمیشە چاوی لە دەستی ئەم و ئەو دەبێت.
  • بەناز پەروەردە دەبێت.
  • سوود لە توانا و بەهرەکانی خۆی وەرناگرێت.
  • متمانەی بە خۆی نابێت.
  • بەرگەی نەخۆشی و ناخۆشییەکانی ژیان ناگرێ و لە ژیاندا سەرکەوتوو نابێت.

چارەسەرکردنی ئەم هەڵەیە

بۆ ئەوەی دایک و باوک نەبن بە هۆکارێک بۆ لاساری و بەلاڕێدا بردنی منداڵەکانیان، دەبێ ئەم هەنگاوانەی خوارەوە بهاوێژن:

  • دەبێ بە ئەندازە پارە بە منداڵەکانیان بدەن، کە نە شیش بسووتێت و نە کەباب.
  • دەبێ زیاد لە پێویست ناز بە منداڵ نەدەن.
  • دەبێ هەر لە منداڵییەوە منداڵ لەسەر چەمکی بەپرسیارییەتی ڕابێنن.
  • دەبێ خۆیان لە زێدەخەرجی و دەستبڵاوی بەدوور بگرن.
  • دەبێ بەپێی توانا و تەمەنی منداڵ، ئەرک و بەرپرسیارییەتی پێبدرێ.
  • دەبێ خۆیان لە چاولێکەری و لاساییکردنەوەی کوێرانە بەدوور بگرن.
  • نابێ گشت داواکارییەکانی منداڵ جێبەجێ بکەن، بە تایبەتی داواکارییە ناپەسەندەکانی.
  • دەبێ خۆیان ئاشنا بکەن بە تیۆرە زانستی و پەروەردەییەکان.
  • دەبێ لە خەرجکردنی پارەدا، چاودێری منداڵ بکرێ و ڕێنمایی بکرێت بۆ ئەوەی بە لاڕێدا نەڕوات و لاسایی کەسانی دیکە نەکاتەوە و زیاد لە حەد پارە خەرج نەکات.
  • دەبێ دۆست و ڕەفیقی چاک بۆ منداڵەکانیان بدۆزنەوە و لە هاوڕێی خراپ دووریخەنەوە.
  • دەبێ منداڵ لەسەر ئەو بنەمایە پەروەردە بکرێت کە ئەوەی مافی هەبێت ئەرکیشی لەسەرە.


سەرچاوەکان



981 بینین