ڕاهێنانی منداڵ لەسەر جوێندان

له‌لایه‌ن: - ئاکام ئەکرەم - به‌روار: 2021-02-06-22:38:00 - کۆدی بابەت: 2052
ڕاهێنانی منداڵ لەسەر جوێندان

ناوه‌ڕۆك

ڕاهێنانی منداڵ لەسەر جوێندان

هەڵەیەک لەو هەڵە باوانەی کە هەندێ لە دایکان و باوکان دەرهەق بە منداڵەکانیان ئەنجامی دەدەن، بریتییە لە فێرکردن و ڕاهێنانی منداڵ لەسەر جوێندان، واتە هەر لە سەرەتای هاتنە قسەوە، دایک یان باوک یان هەردووکیان هەوڵدەدەن منداڵ فێرە قسەی ناشرین و جوێندان بکەن، ئەم کارەش بۆ دوو هۆکار دەگەڕێتەوە:

  ١. یان خودی دایک و باوکەکە زمانشڕ و جوێندەرن و لەو ڕێگەیەوە منداڵەکانیان فێرە جوێندان و زمانشڕی دەکەن.
  ٢. یاخود بە ئەنقەست منداڵەکانیان لەسەر جوێندان ڕادێنن و فێرە زمانشڕی و قسەی ناشرین دکەەن، بۆ ئەوەی گاڵتەیان لەگەڵدا بکەن، بە تایبەتی لە سێ ساڵی یەکەمی تەمەنیدا، چونکە لەو تەمەنەدا قسەیان خۆشە!

ئەڵبەتە ئەم کارە کارێکی زۆر ناڕاست و ناپەروەردەییە و دەبێتە هۆی ئەوەی منداڵەکە فێرە قسەی شڕ و جوێن و قسەی ناشرین ببێت و سەرئێشە بۆ خۆی و دایک و باوکی و کۆمەڵگەش دروست بکات، گرنگترین ئەو کێشانەش کە ڕووبەڕووی منداڵەکە دەبنەوە ئەمانەن:

منداڵ کەسێکی پاک و بێگەردە، بەڵام لە دایک و باوکییەوە فێرە زمانێکی زبر دەبێت و هەستی خەڵک بریندار دەکات.

منداڵ کە فێرە جوێندان بوو، دواتر بە ئەستەم دەتوانێ وازی لێ بهێنێت، چونکە وتراوە ''ئەو شتەی مرۆڤ لە منداڵییەوە فێری دەبێت وەک ئەو نەخشیەی وایە کە لەسەر بەرد دروست دەکرێت''.

منداڵ بەو زمانە زبر و شڕە تووشی زۆر كێشە دەبێت، بە تایبەتی لە ماڵەوە و لە کۆڵان و لەگەڵ هاوڕێیانیدا و لە گۆڕەپانی یاری و لە قوتابخانە و بازاڕ و کۆمەڵگە و ...تاد.

  • منداڵ فێرە بەدڕەوشتی دەبێت.
  • منداڵ دووچاری گۆشەگیری و دوورەپەرێزی دەبێت.
  • کەس ئەو جۆرە منداڵەی خۆش ناوێت.
  • بە پلەی یەکەم منداڵ باجەکەی دەدات، بە تایبەتی لە ئایندەدا.
  • منداڵ بەهۆی جوێندانەوە، ڕووبەڕووی لێدان و توندوتیژی دەبێتەوە و ئازار و ئەشکەنجە دەدرێت.
  • منداڵ لە ژیانی خۆیدا سەرکەوتوو نابێت.

چارەسەرکردنی ئەم هەڵەیە

بۆ ئەوەی منداڵ فێرە جوێن و قسەی ناشرین و شڕ نەبێت و هەستی خەڵک بریندار نەکات، پێویستە دایکان و باوکان لە خۆیانەوە دەستپێکەن و ئەم هەنگاوانەی خوارەوە بهاوێژن:

  • نابێ دایک و باوکەکان جوێندەر و زمانشڕ بن.
  • نابێ منداڵەکان لەسەر جوێن و زمانشڕی ڕابهێنن.
  • دەبێ زیان و دەرەنجامە خراپەکانی زمانشڕی بزانن.
  • دەبێ بیر لە ئایندەی منداڵەکە بکەنەوە و بزانن ڕووبەڕووی چ کێشە و ئاریشەیەک دەبنەوە.
  • دەبێ هۆکاری بەختەوەری بن بۆ منداڵەکانیان، نەک بەدبەختی و شەرمەزاری.

نابێ لەسەر زمانشڕی و جوێندانی منداڵەکانیان، پشتگیری لە منداڵەکانیان بکەبن، بەڵکو پێویستە هەڵەکانیان بۆ ڕاستەکەنەوە و تێیانبگەیەنن، کە جوێن و قسەی ناشرین هۆکارێکە بۆ برینداردکنی هەستی خەڵک و دروستکردنی کێشە و گرفت بۆ خۆیان و دایک و باوکیان و خەڵکیش، چونکە زۆرجار لەسەر جوێن کێشەیەکی گەورە لە ناو کۆمەڵگە بەرپابووە، بە تایبەتی ئەگەر لێبوردەیی نەبێت.


سەرچاوەکان



950 بینین