کارکردن بە منداڵ بە مەبەستی خۆ دەوڵەمەند کردن

له‌لایه‌ن: - ئاکام ئەکرەم - به‌روار: 2021-02-08-22:18:00 - کۆدی بابەت: 2096
کارکردن بە منداڵ بە مەبەستی خۆ دەوڵەمەند کردن

ناوه‌ڕۆك

کارکردن بە منداڵ بە مەبەستی خۆ دەوڵەمەند کردن

هەڵەیەک لەو هەڵە باوانەی کە هەندێ لە دایکان و باوکان ئەنجامی دەدەن، بریتییە لە کارکردن بە منداڵ بە مەبەستی کۆکردنەوەی پارە و پووڵ و سەروەت و سامان، ئەمەش بۆ چەند هۆکارێکی جیاجیا دەگەڕێتەوە، لەوانە:

  • چاوچنۆکی دایک و باوک.
  • هەژاری و دەستکورتی دایک و باوک.
  • چاولێکەری و لاسایی کردنەوەی خەڵکی دیکە.
  • ئاشنا نەبوون بە مافەکانی منداڵ.
  • لاوازی ئاستی زانستی و ڕۆشنبیری دایک و باوک.
  • بیر نەکردنەوە لە ئایندەی منداڵ.
  • هەڵپەرستی و بەرژەوەند خوازی.
  • بیرتەسکی و کورتبینی.
    ئەڵبەتە ئەگەر دایک و باوک، هەر لە سەرەتای منداڵییەوە، منداڵەکانیان بخەنە سەر کار و کەسابەت و ناچاریان بکەن تاکو کار بکەن، زیانێکی زۆر بە بەرژەوەندی ئەوان دەگەیەنێ و چارەنووسیان بەرەو هەڵدێر دەبات، کە خۆی لەم چەند خاڵەدا دەبینێتەوە:
  • ئەم کارە پێچەوانەی جاڕنامەی مافی مرۆڤ و مافی منداڵە.
  • منداڵ لە مافە سەرەکییەکانی بێبەش دەبێت، وەک خوێندن و گەشەکردن بە شێوەیەکی سروشتی.
  • منداڵ لەمیانەی کارکردن، ڕووبەڕووی توندوتیژی کەسانی لەخۆگەورەتر دەبێتەوە و زۆرجار دەستدرێژی دەکریتە سەری.
  • زۆرجار جەستەی ناسکی منداڵ بەرگەی کارکردن ناگرێ و تووشی کێشەی هەقیقی دەبێتەوە.
  • لە دۆست و هاوڕێیانی دوادەکەوێ.
  • بێبەش دەبێ لە یاری و لە دۆستان و هەڤاڵانی دادەبڕێت.
  • منداڵ لە پەروەردە و فێرکردن دوور دەکەوێتەوە.
  • دایک و باوک و خێزان و کۆمەڵگە لە توانا و بەهرە هزری و زانستییەکانی بێبەش دەبن.
  • ئەم جۆرە منداڵانە زیاتر لە منداڵی دیکە چەواشە و دەستخەڕۆ دەکرێن.
  • زۆرجار لە کۆمەڵگە دادەبرێن و دەبنە منداڵی گۆشەگیر و دوورەپەرێز.
  • ئەو جۆرە منداڵانە کە گەورە بوون، ویست و کەسایەتییەکی لاوازیان دەبێت.
  • منداڵ لە ئایندەدا، هەمان ئەزموونی خۆی بۆ نەوەکانی دەگوازێتەوە و بە شێوەیەکی کردەیی لە ژیانی خۆیدا پڕۆڤە دەکات!

چارەسەرکردنی ئەم هەڵەیە

بۆ ئەوەی منداڵ لەدەست ئەم کێشەیە ڕزگاری ببێت و لە ئێستا و ئایندەدا کاریگەرییەکی نەرێنی لەسەر گشت قۆناغ و کایەکانی ژیانی دروست نەکات و لە خوێندن و فێربوون و وەرزش و بەهرەکانی دیکەی ژیان بێبەش نەبێ، پێویستە لەسەر دایک و باوک و کەسوکارەکانی، کەوا ئەم هەنگاوە گرنگانە بهاوێژن:

  • دەبێ دایک و باوک، وەک مرۆڤێکی ئازاد سەیری منداڵ بکەن، نەک وەک کۆیلە!
  • دەبێ دایک و باوکەکان ئەرک و بەرپرسیارییەتی خۆیان بە ڕێکوپێکی و جوانی جێبەجێ بکەن.
  • نابێ دایک و باوکەکان، منداڵ بۆ کاری نابەجێ و ناپەسەند بەکاربێنن.
  • پێویستە مافەکانی منداڵ بپارێزن.
  • دەبێ خۆیان لە چاوچنۆکی و چاوبرسییەتی بەدوور بگرن.
  • نابێ لە پێناو پەیداکردن و کۆکردنەوە پارە و پوول و سەروەت و سامان و خۆ دەوڵەمەندکردن، کار بە منداڵ بکەن، مەگەر کارێکی مالەوە بێت، ئەویش دەبێ جۆری کارەکە گونجاو بێت لەگەل تەمەن و ڕەگەزی منداڵەکە، بۆ ئەوەی هەست بە بەرپرسیارییەتی بکات و لە ئایندەدا ببێتە کەسێکی بەرپرسیارییەتی وەرگر.
  • نابێ بە پاساوی هەژاری، کار بە منداڵ بکرێ یان لە خوێندن و فێربوون بێبەش بکرێت.
  • نابێ بەهۆی هەبوونی فشارەوە، دایک و باوکەکان فشار بۆ سەر منداڵ دروست بکەن.
  • بەپێی ماددەی یەکەمی جاڕنامەی مافەکانی منداڵ، منداڵ تا تەمەنی ١٨ سالی، هەر بە منداڵ هەژمار دەکرێ، بۆیە دەبێ وەک منداڵ سەیر بکرێت و ناچار بە ئەنجامدانی کاری قورست نەکرێت.


سەرچاوەکان



1089 بینین