سپاردنی منداڵ بە قوتابخانە

له‌لایه‌ن: - ئاکام ئەکرەم - به‌روار: 2021-02-08-23:18:00 - کۆدی بابەت: 2099
سپاردنی منداڵ بە قوتابخانە

ناوه‌ڕۆك

سپاردنی منداڵ بە قوتابخانە

هەڵەیەک لەو هەڵە باوانەی کە هەندێ لە دایکان و باوکان ئەنجامی دەدەن، بریتییە لە سپاردنی منداڵ بە قوتابخانە، بە واتایەکی دیکە، هەندێ دایک و باوک لە ١٠٠٪ پشت بە قوتابخانە دەبەستن و پێیان وایە پەروەردە و فێرکردنی منداڵ ئەرکی قوتابخانەیە، نەک خۆیان، ئەمەش هەڵەیەکی زۆر کوشندەیە، چونکە منداڵ چوار کاتژمێر لە قوتابخانەیە، ٢٠ کاتژمێر لە ماڵەوەیە و لە بەردەستی ئەواندایە، واتە، منداڵ چوار بەرامبەر زیاتر لە ماڵەوەیە لە قوتابخانە، بۆیە ئەرکی دایک و باوک چوار بەرامبەر زیاترە، بە بەراورد بە ئەرکی قوتابخانە و مامۆستایان.
سپاردنی منداڵ بە قوتابخانە، بۆ چەند هۆکارێکی جیاجیا دەگەڕێتەوە، لەوانە:

  • لاوازی ئاستی ڕۆشنبیری و زانستی.
  • هەست نەکردن بە بەرپرسیارییەتی.
  • بێباکی و خەمساردی.
  • ئاشنا نەبوون بە بنەما زانستی و پەروەردەییەکان.
  • بێبایەخی خوێندن و فێربوون لای ئەو جۆرە دایک و باوکانە.
  • سەرقاڵی و فرە کاری دایک و باوک.
  • لاوازی پەیوەندی نێوان قوتابخانە و ماڵەوە.
  • فرە منداڵی و هەبوونی ژمارەیەکی زۆری منداڵ.
  • فەرامۆشکردنی منداڵ و پشتگوێخستنی.
  • باوەڕ نەبوون بە منداڵ، کە لە قوتابخانە سەرکەوتوو بێت و بتوانێ لە ئایندادە نمرەیەکی بەرز بەدەست بێنێت.
  • خۆشباوەڕی و لاساییکردنەوەی خەڵکانی دیکە.

زیانەکانی ئەم هەڵەیە

ئەڵبەتە ئەگەر دایک و باوک پشتیان لە منداڵ بکەن لە قوتابخانە و بە تەنیا بەجێبێڵن، بێگومان چارەنووسێکی ڕەش چاوەڕێی منداڵ دەکات و ڕووبەڕووی کێشە و گرفتێکی زۆر دەبێتەوە و دەبێتە یەکەم قوربانی ئەو هەڵە کوشندەیە، ئینجا دایک و باوک و خێزان و کۆمەڵگەش تووشی زیان دەبن، گرنگترین ئەو زیانانەش ئەمانەن:

  • منداڵ لە ئەرکی خوێندن و فێربووندا سەرکەوتوو نابێت.
  • منداڵ دووچاری خەمساردی و بێباکی دەبێت و ئەرکەکانی خۆی جێبەجێ ناکات.
  • منداڵ هەست بە بەرپرسیارییەتی ناکات.
  • منداڵ خۆی لە قوتابخانە دەدزێتەوە.
  • مندڵ فێڵ لە ماڵەوە و مامۆستا دەکات.
  • منداڵ هەست بە بێ پشت و پەنایی دەکات.
  • منداڵ لە توانا و بەهرەکانی ماڵەوە بێبەش دەبێت.
  • منداڵ حەزی لە خوێندن نامێنێت و چاو لەو کەسانە دەکات کە وازیان لە خوێندن هێناوە.
  • ئەرک و ماندوو بوونی دایک و باوک بە هەدەر دەڕوات.
  • دایک و باوک و خێزان و کۆمەڵگە بە گشتی لە توانا و بەهرەکانی ئەم جۆرە منداڵانە بێبەش دەبن

چارەسەر کردنی ئەم هەڵەیە

ئەگەر دایک و باوک گەرەکیان بێت منداڵەکانیان لە خوێندن و فێربوون بەردەوام بن و لە قوتابخانە سەرکەوتوو بن، دەبێ هاوشانی قوتابخانە، ئەو بەرپرسیارییەتییە بگرنە ئەستۆ و ئەم خاڵانەی خوارەوە لەبەرچاو بگرن:

  • پێویستە دایک و باوک زۆر دڵسۆزانە و خەمخۆرانە، هەر لە سەرەتاوە مشوری منداڵەکانیان بخۆن و بە ئەرکی سەرشانیان هەڵبستن.
  • دەبێ دایک و باوک خۆ بە بەرپرسیار بزانن لە پەروەردە و فێرکردنی منداڵەکانیان.
  • دەبێ دایک و باوک ئەو ڕاستییە حاشا هەڵنەگرە بزانن، کە وا پەروەردە و فێرکردنی مندال، تەنیا ئەرکی قوتابخانە نییە، بەڵکو ئەرکی ماڵ و قوتابخانەیە، بەڵام زیاتر ئەرکی ماڵەوەیە، چونکە منداڵ ماوەیەکی زیاتر لە ماڵەوە بەسەر دەبات و دەمێنێتەوە.
  • دەبێ پەیوەندییەکی توندوتۆڵ و پتەو لە نێوان ماڵەوە و قوتابخانە هەبێت و دایک و باوک بە شێوەیەکی بەردەوام لە پەیوەندیدا بن لەگەڵ قوتابخانە.
  • دەبێ دایک و باوک ئاگاداری کێشەکانی منداڵەکانیان بن، جا چ لە ماڵەوە بێت یان لە قوتابخانە.
  • دەبێ دایک و باوک زۆر بە دڵسۆزانە کێشە و گرفتەکانی منداڵەکانیان چارەسەر بکەن، جا چ لە ماڵەوە بێت یاخود لە قوتابخانە.
  • دەبێ دایک و باوک دۆست و هاوڕێ و بن لەگەڵ منداڵەکانیان، بۆ ئەوەی کلیلی نهێنییەکانی خۆیان بدەنە دەست ئەوان.
  • پێویستە دایک و باوک ڕۆژانە بەدواداچوون و چاودێری منداڵەکانیان بکەن، لە کاتی ڕۆیشتنیان بۆ قوتابخانە و گەڕانەوەیان بۆ ماڵەوە، نەبادا لە گەڕانەوەیان، بچنە هەندێ شوێنی نەگونجاو، وەک کازینۆ و کافتریا و کۆڵان و شەقام و پارکەکان.
  • دەبێ دایک و باوک بزانن منداڵەکانیان چ دۆست و هاوڕێیەکیان هەیە، بۆ ئەوەی لە هاوڕێی خراپ دوور بکەونەوە و ببن بە هاوڕێی کەسانی دڵسۆز و خەمخۆر و ڕەوشتبەرز و دەستپاک و دڵپاک و زمانپاک.
  • دەبێ دایک و باوک هەمیشە لە خۆشی و ناخۆشیدا، لە شین و شادیدا، لە هەبوونی و نەبوونیدا، پشت و پەنای منداڵەکانیان بن و هانیان بدەن بۆ خوێندن و فێربوون و کۆششکردن.


سەرچاوەکان



1680 بینین