لادانە سێکسی

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-02-13-23:50:00 - کۆدی بابەت: 2234
لادانە سێکسی

ناوه‌ڕۆك

لادانە سێکسییەکان

وەک دەزانین غەریزەی سێکسی لە هەموو غەریزەکانی تری مرۆڤ بەهێزترە، لە مووس تیژترە، لە ئاگر گەرمترە. کەم نین ئەو مرۆڤانەی لە حاڵەتی ورووانی ئەو غەریزەیەدا پەنایان بۆ چەندان کاری نەشیاو بردووە، لە ئاستی گەورەیی و پایەی مەزنی خۆیان دابەزاندووە و لەبەردەم چەند ساتێکی چێژ، خۆیان و بەرانبەرەکانیان خستووەتە نێو ئازارخانەی دەروونی و دەیان کێشەی کۆمەڵایەتی و خێزانی و دەروونیان خوڵقاندووە. لادان لە ڕێسای جنس وەک هیچ لادانێک نییە، لەم لادانە مرۆ ڕیسوا و زەبوون دەبێت، خۆی دەخاتە نێو گێژاوی زۆنگاوێکی گەنیو کە هەموو خەڵک لەبەر بۆنە پیسەکەی لووتی خۆیان گرتووە.
جنس ئەگەر بە ڕێڕەوە ئاساییەکەی خۆیدا بڕوات، جوانترین ڕەنگدانەوە لەسەر ژیانی مرۆڤ دەبێت، ئەگەریش لایدا، ئەوە دەبێتە خراپترین و دزێوترین کردەوەی مرۆڤ.
دۆگڵاس تۆم دەڵێت: زۆرینەی ناکۆکییە عەقڵی و سێکسییەکان کە ئەمڕۆ گەورە و بچووک بەدەستیانەوە دەناڵێنن، بە شێوەیەکی گشتی بۆ ئەزموون و هەڵوێستە خراپەکانی ڕابردووی خۆمان بەرانبەر کردەی جنسی دەگەڕێتەوە.
هیچ پاڵنەرێک لە دنیادا بۆ خۆدەرخستن و خۆ دەربڕین هێندەی ئەو کردەیە بەهێز نییە، هیچ هێزێکیش نییە هێندە گرفت و لەمپەری لە ڕێگەی دەرکەوتن و گەڵاڵەبووندا بۆ دروست کرابێت. کۆت و زنجیری دەکەن و ئازادییەکانی لغاو دەکەن، ئەمەش بۆ ئەوەی خۆشی و سرووشتییەکەی تێک نەچێت و نەشێوێت.
ئەگەر بمانەوێت (لادانی سێکسی) پێناسە بکەین، دەبێ بڵێین: ڕەفتارێکی سێکسی قێزەونە، لای کۆمەڵ و کۆمەڵگە بێزراو و نامۆیە، وەک: نێربازی و دەسپەڕ و خۆ ڕووتکردنەوە و دەسترێژی و ...تاد. ئاشکاریە ئەو لادانانە لە ئاینێکەوە بۆ ئاینێکی دیکە و لە کۆمەڵگەیەکەوە بۆ کۆمەڵگەیەکی دیکە جیاوازن.
زاناکان لە توێژینەوەکانیاندا بۆیان دەرکەوتووە، کە هۆکاری لادانە سێکسییەکان هەمەچەشن و جۆربەجۆرن، بەڵام لە ڕێگەی ژینگە و نەریتە باوەکانی کۆمەڵگە، چەند هۆکارێکیان بۆ ئەو لادانانە دیاری کردووە:

یەکەم: تێکچوونە دەروونییەکان

لە ئاکامی تێکشکان و پەککەوتنی بایۆلۆژی پەیدا دەبن، وەک تێکچوونی ڕژێنەکان و ئەندامی زاوزێ، زوو یان درەنگ باڵقبوون، نەزۆکی و گرفتی سێکسی، یان کەمی زانیاری، هەبوونی نیگەرانی و ترس و دڵەڕاوکێ، نەبوونی پەروەردەیەکی تەندروست، قەیرەیی و دواخستنی هاوسەرگیری، تەڵاق و ناکۆکیی خێزانی.

دووەم: نەخۆشیە بۆماوەییەکان

سێیەم: هۆکارە ئەندامییەکان

وەک نەخۆشییە ئەقڵی و درمییەکان و بەربەستەکانی جوتبوونی ئاسایی.

چوارەم: هۆکارە دەروونییەکان

وەک کێشمەکێش لە نێوان پاڵنەرە غەریزیەکان، یان زۆرانبازی نێوان بەها ڕەفتاری و کۆمەڵایەتییەکان، هەروەها بەربەستەکانی نێوان ئارەزوو و جوتبوون، بێئومێدبوون لە جنسی. ئەزموونی خراپ و ...تاد.

پێنجەم: هۆکارە ژینگەیی و ژیاری و ڕۆشنبیرییەکان، هاوڕێی خراپ و هەژاری

لادانە سێکسییەکان زۆرن

بەشێک لەوانە:

  • لادانی سێکسی لە ڕێگەی دەمەوە، بەشێک لە ژن و پیاوان زۆر چێژ لە لستنەوەی ئەندامی یەکتر وەردەگرن، دواتر بەرەبەرە ئەمە دەبێتە خوو لایان، وایان لێ دێت تەنیا لەم ڕێگەوە سێکس دەکەن و چێژ لە ئەندامی زاوزێی یەک وەرناگرن.. ئەم جۆرە سێکسە پێشتر لە کۆمەڵکەی ئێمە نەبووە، دواتر لە ڕێگەی ڕاگەیاندنەکان و خۆرئاواوە بۆمان گواسترایەوە. یەک لە توێژینەوەکان لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا گەیوەتە ئەو ئەنجامەی کە نەخۆشی فەرەنگی (سلفس)، لە زۆربەی حاڵەتەکان بە هۆی مژین و لستنەوەی ئەندامی زاوزێوە پەیدا دەبێت.
    هەروەها لە ڕوانگەی شەریعەتی ئیسلامیش ڕآجیایی زانایان هەیە، هێندێک دەڵێن مادەم زیان بە تەندروستی بگەیەنێت حەرامە.
     بەشێکی دیکە دەڵێن هیچ دەقێکی شەرعی لەسەر نەهاتووە، بۆیە وەک بەشێک لە کردەی سێکسی نێوان ژن و مێرد تەماشا دەکرێت.
  • سێکسی کۆم: بەشێک لە ژنان گلەیی ئەوە دەکەن کە مێردەکانیان بێگارییان پێ دەکەن و بە زۆر لە کۆمەوە سێکسیان لەگەڵ دەکەن، ئەمەش لە ئاکامی تەماشاکردنی چەند فیلمێکی سێکسی بێبەند و باو.
    ئاشکرایە ئەم جۆرە سێکسە پێچەوانەی سروشت و بنەماکانی سێکسی ئاسایی و باوە. هەروەها دژ بە ڕێنمایی و ڕێساکانی شەریعەتی ئیسلام و بنچینە گشتییەکانی تەندروستییە. هێندێک لەو زیانانەی کە بەهۆی ئەم لادانە سێکسییە دروست دەبن، ئەمانەی خوارەوەن:
  • فراوانبوونی کۆم
  • ڕووشانی کۆم و بە ئازارکەوتنی.
  • پیسایی هاتنە خوار.
  • بە خورێکەوتنی ناوچەی نێوان زێ و کۆم.
  • ئەگەری گواستنەوەی نەخۆشییە درمییەکان لە ڕێگەی کۆمەوە زۆر بەهێزە.
  • گواستنەوەی چووک لە کۆمەوە بۆ زێ پیسایی لەگەڵ خۆی دەهێنێت و ژن تووشی هەوکردنی زێ دەکات.
  • چەندان زیانی دیکەش، کە پزیشکانی تایبەتمەند لەم بارەوە چەندان توێژینەوە و تاقیکردنەوەیان ئەنجام داوە.
  • حەز و خولیای شوێنی پیس: لەم لادانە سێکسییە، پیاو یان ژن خو بە شوێنی پیس و پۆخڵەوە دەگرێت، یان حەزی بە بۆنی پیسی بنهەنگڵ و دامێن و ... دەکات. ئەم جۆرە لادانە لە نزمیدا هەندێک مرۆڤ دەگەیەنێتە پلەی ئاژەڵی.
  • نووسینی سێکسی: لادەری لێرەدا چوونکێ لە ژیانی ڕاستینە بەوەی دەیەوێت نەگەیشتووە، بە گژ دار و دیواردا دەچێت و وشەی نزم و هیچی سێکسی لەسەر دەنووسێت... یان جاری وا هەیە لە ڕێگەی نووسینێکی چیرۆکی سێکسی بێ پەردە و شیعری جنسی، سێکسبازی دەکات.
  • سادیزم، سێکس لە ڕێگەی ئازاردانەوە:بارێکی دەروونی شڵەژاو و ئاڵۆزکاوی دەروونییە، لادەر دەیەوێت حەزی سێکسی و ئازاردان تێکەڵ بە یەک بکات. دوای ئازاردانێکی زۆری کەسی بەرانبەری چێژ وەردەگرێت.
    ئەم جۆرە لادانە سێکسییە چەندان جۆری هەیە: جاری وا هەیە بە قامچی لێی دەدا، یان گازی لێ دەگرێت، یان برینداری دەکات، یان جنێوی پێ دەدات.
    زانای بەناوبانگ (گۆنمۆنی) پێنج هۆکاری بۆ ئەم ڕەفتارە خستووەتە ڕوو:
  • هەبوونی گرفتە بۆماوەییەکان لە سێکسدا
  • تێکچوونە هۆڕمۆنییەکان.
  • هەبوونی نەخۆشیی دەروونی یان عەقڵی.
  • قۆڕخکردن و خۆپەرستیی سێکسی.
  • گرفتە دەروونییەکانی دیکە.

فرید پێی وایە سادیزمی سێکسی بۆ ترسی پەنهانی هۆشی ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە لە پەککەوتن لە سێکس پەروایان هەیە، پێیان وایە ئەم ڕەفتارە دڕندانەیان، هێزی سێکسیان دەگێڕێتەوە.

  • ماسۆشیزم: بە پێچەوانەی سادیزم، کەسەکە پێش سێکس کردن حەز دەکات ئازار بچێژێت، لێی بدرێت، تێی هەڵبدرێت... بە زۆری ئەم حاڵەتە لە ژناندا دەردەکەوێت، لە کاتی سێکس لەگەڵ کردنیاندا حەز دەکەن زەلیل و ژێربار بکرێت، تاکوو زیاتر هەست بە مێینە بوونی خۆیان بکەن.
    هێندێک لەو ژنانەی تووشی ئەو گرفتە بوون، لە قووڵایی دڵەوە هەست بە ترس و شەرمەزاری دەکەن، تەنیا لەگەڵ ڕیسواکردن و لێدانەوە، باری دەروونیان ئارام دەبێتەوە و چێژ وەردەگرن.

چارەسەری ئەم بابەتە بە چەند شێوازێک دەکرێت

یەکەم: خۆ کۆنترۆڵکردن: واتا هەر یەک لە ژن و مێرد بڕیار بدەن جارێکی دیکە لە کاتی کردەی جنسیدا ئەو کارە نەکەن. ئەگەرچی سەرەتا بەشێک لە چێژی سێکسییان لە کیس دەچێت، وەلێ دەروونیان ئارامتر و هێورتر دەبێت و بە تێپەڕبوونی کات چێژە لەدەستچووەکەیان بۆ دەگەڕێتەوە.
دووەم: دەرمان وەرگرتن: بە تایبەتی ئەگەر گرژبوونی دەروونی هاوکات بێت لەگەڵ بێئومێد بوون، لەو حاڵەتەدا دەشێ سەردانی پزیشک بکات و چارەسەر وەربگرێت.
سێیەم: ئاشنا بوون بە مێژووی ئەو جۆرە لادانە سێکسییە، وەک ئەوەی کە بزانیت کەی پەیدابوو؟ بۆچی گەشەی کرد؟ کێن ئەوانەی ئەو ڕەفتاری ناشرینە دەکەن و چۆن چارەسەر دەبێت؟
بەڵام ئەگەر ژن و مێرد لەسەر ئەم ڕەفتارەیان هەر بەردەوام بوون و گوێیان بە چارەسەر نەدا، ئەوە دەبێ خۆیان باجی توندوتیژییەکانیان بدەن.

فیتشی: لەم لادانە، لادەر لە جیاتی ئەوەی ئارەزووی بە ژن هەڵبستێت، بە پێڵاو و عەزیە و جلوبەرگی ژێرەوە و قژی ژنان... دەورووژێت.
(عادل سادق) پێی وایە، ئەو کەسەی ئەو جۆرە هەستەی هەیە، پێشتر لە پێوەندیی توند و تۆکمەی خێزانیی لەگەڵ کچێک شکستی خواردووە، بۆیە ئێستە یەخەی شتە بێگیانەکان دەگرێت و چێژیان لێ وەردەگرێت.

چڵێسی سێکس: هێندێک کەس لە سێکسکردندا زۆر کارا و چالاکە و حەز دەکات بەردەوام لەگەڵ ژنەکەی جووت بێت. کات و شوێنی نییە، ژن ڕازی بێ و ڕازی نەبێت، ئەو کاری خۆی هەر دەکات. ئەمە وا دەکات ژنان قێزیان لە سێکسکردن بێتەوە. ئەم جۆرە حەزە لە ژناندا پێێ دەگوترێت (شبق)، حەز لە سێکس، ئەم جۆرە ئارەزووە زۆرجار سەردەکێشێت بۆ بەردڕەوشتی و داوێنپیسی.

لە ڕێگەی بینینەوە: خاوەنی ئەم خوە، لە ڕێگەی بینینی ئەندامی زاوزێی خەڵک چێژ دەبینێت، هەیە چەند کەسێک بە کرێ دەگرێت لەبەردەمی سێکس بکەن، یان هەر شەوان لە درزی دەرگا تەماشای بووک و زاوا، یان ژن و مێرد دەکات، یان دەق لەسەر بینینی فیلمە سێکسییەکان دەگرێت.

ڕەگەزگۆڕی:  لەو حاڵەتەدا کەسەکە لە ڕێگەی نەشتەرگەری ڕەگەزی خۆی دەگۆڕێت، هەموو هەڵسوکەوت و گوفتار و ڕەفتارەکانیشی وەک ئەو لێ دەکات. ئەمەش بە لادانێکی ترسناک و قێزەون دادەنرێت، سەرباری ئەوەی لە ڕووی پزیشکییەوە ئیشکالی زۆری هەیە، لە ڕونگەی شەریعەتی ئیسلامیش بە بڤە لە قەڵەم دراوە.

ئاژەڵباز:بەو کەسە دەگوترێت کە خوی بە سێکسکردن لەگەڵ ئاژەڵ گرتووە، ئەو چێژەی لە ئاژەڵ وەری دەگرێت ناتوانێت لە ژنەکەی وەری بگرێت. یان هێندێک جار پەنا بۆ ئاژەڵ دەبات، چونکە بە هەر هۆیەک بێت ناتوانێت سێکس لە ڕەگەزی بەرانبەری بکات. ئەم لادانە سێکسییە زیاتر لە گوند و ناوچە شاخاوییەکان دەکرێت، دەگێڕنەوە دەڵێن:  ''کابرایەک سێ ژنی هەبووە، کەچی لەسەر ئەو حاڵە بینراوە ... خودا پەنامان بدات''

منداڵباز: بەو کەسە دەوترێت کە منداڵی بچووک بۆ کردەی سێکسی بەکار دێنێت، هێندێک جار لە ڕێگەی پێدانی پارە و هێندیک جاریش بە زەبر و زەنگ، هەتا جاری وا هەیە دەگاتە ڕادەی بریندارکردن و کوشتنیش. ئەم لادانە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە کەسەکە متمانەی بە خۆی نییە کە سێکس بە شێوەیەکی دروست و تەندروست ئەنجام بدات، بۆیە پەنا بۆ مندالبازی دەبات.

سێکس لەگەڵ مردوودا: ئەو کەسانەی تووشی ئەو حاڵەتە دەبن لە ڕووی هۆش و دەروونییەوە نەخۆشن و لە نزمترین ئاستی ژیان دان. ئەو تەرزە کەسانە جاری وا هەیە لەگەڵ پاسەوانی گۆڕستان ڕێک دەکەون، هێندێک جار لە پێناوی ئارەزووی سێکس ژنەکە دەکوژن و سێکسی لەگەڵ دەکەن.

پیرویستی، پیربازی: کچێک لە تەمەنی بیست ساڵیدا پیرەپیاوێکی خۆش دەوێت، کوڕێکی سی ساڵی حەز دەکات هاوسەرگیری لەگەڵ پیرەژنێکی پەنجا شێست ساڵیدا بکات.

سێکس لەگەڵ کەسانی قەدەغەکراو:لادەر لە پێناو بەدەست هێنانی چێژ، سێکس لەگەڵ خوشک، دایک، پوور... دەکات، کە لە ڕووی ئاینی و فیتڕەتەوە قێزەون و حەرامن. هێندێک جار ئەم لادانە بەهۆی کاریگەری لە ژێر ماددە هۆشبەرەکان ڕوو دەدات، یان بەهۆی بێسەروبەری پەروەردەیی خێزانی ڕوودەدات.

دەستپەڕ - خووی نهێنی: ورووژان و گەیشتنە بە چێژ لە ڕێگەی گەمەکردن بە ئەندامی زاووزێ بە دەست یان بە هەر شتێک کە ئۆخژنی دڵیان بێنێت، ئەم خووە زیاتر لە نێو منداڵ و هەرزەکاراندا دەکرێت، دوور لە چاوی خەڵک، بە خەیاڵ سێکس لەگەڵ کەسی دڵخوازی خۆیان دەکەن.
زۆربەی کوڕان لە نێوان تەمەنی (١٣ - ١٨) ساڵیدا ئەم کردەیە دەکەن، وەلێ کچەکان درەنگتر ئەم کارە دەکەن، یان هەر نایکەن، ئەوان لە تەمەنی (١٥-٢٠) ساڵی دەست پێ دەکەن... بە شێوەیەکی گشتی بۆ کوڕ لە مانگێکدا (١تا٦) جار دەبێت. بۆ کچ(١تا٤) جار دەبێت.
لە ئەنجامی ئەم خووە، چەندان شوێنەواری دەروونی و جەستەیی و تەندروستی لێ پەیدا دەبن، لەوانە:
یەکەم: گرفتی سێکسی: (زوو ئاو هاتنەوە، درەنگ ڕەپبوونی چووک، لاوازبوونی ئارەزووی زایەندی). هێندێک هەرزەکار لە هەفتەیەکدا چوار پێنج جار خووی نهێنی دەکەن، دوای ژن هێنان ناتوانن چێژ لە جوتبوون ببینن، بۆیە دیسان پەنا بۆ ئەو خووە دەبەنەوە.
دووەم: کۆئەندامی دەمار و ماسوولکەکان بە ژان دەکەون، ئازار بە پشت و ئەژنۆی فێر دەبێت، بینایی کەم دەبێتەوە.
سێیەم: بیری پەرت و بڵاو دەبێت، زوو شتی لەبیر دەچێتەوە.
چوارەم: هەستکردن بە گوناهـ و خۆ بە کەمزانین.
پێنجەم: تێکشکانی هێز و تواناکانی، حەز لە خەوکردن و پشت لە کارکردن
شەشەم: هەوکردنی ئەندامی زاوزێ: هێندێک لە توێژینەوەکان دەریانخستووە کە ئەگەر خووی نهێنی لە سنوور دەرنەچوو، ئەوە زیانی نابێت، بەڵام ئەگەر لە ڕادە بەدەر بوو، ئەوە وەک لادانی سێکسی تەماشا دەکرێت، بەشێک لە زانایانی ئاینی کۆمەڵێک فەرموودە بە بەڵگە دەهێننەوە، کە ئەم خووە بە هەموو شێوەیەک لە خانەی قەدەغەکراوەکان دادەنرێت... بەشێکی دیکەش پێیان وایە هیچ فەرموودەیەکی سەحیح لەم بارەوە نەهاتووە، ئەوەی هاتووە هەمووی زەعیفە. هەرچەند ئەم زانایانە پشتگیریکردنی ئەنجامدانی ئەم جۆرە خووە ناکەن، بەڵام پێشیان وا نییە هێندە خراپ بێت کە قیامەتی لەسەر هەڵبستێت، و گەنجان بۆ هەتا هەتایە هەستی بەخۆداشکانەوەیان تێدا بڕوێت.

نێربازی:یەکێکی دیکە لە لادانە سێکسییەکان نێربازییە، واتا: دوو نێرینە لە ڕێگەی کۆمەوە کردەی سێکسی لەگەڵ یەکتر دەکەن... یان پیاوێک لە ڕێگەی کۆمەوە دەچێتە لای ژن ... هەموو زاناکان لەسەر قێزەونی و پیسی ئەم کردەیە کۆکن، هەر بەهۆی ئەمەوە گەلی حەزرەتی لووت (سەلامی خودای لێ بێت) لەبەین چوو.
لە ڕووی پزیشکیشەوە دەیان نەخۆشی و دەردی کوشندەی بە دواوەیە، لە ڕووی ئاینییەوە حەرامە، لە ڕوانگەی دەروونیەوە داڕووخان و داڕزانە، لە سۆنگەی کۆمەڵایەتییەوە سووک و ڕسواییە.

هۆکارەکانی ئەم لادانە

  • نەبوونی پەروەردەیەکی دروست، کە لە بارەی ژیانی جنسی ڕۆشنبیری پێ بدات.
  • بێبەشبوونی منداڵ لە سۆز و خۆشەویستی.
  • مانەوەی منداڵ لەگەڵ هەرزەکار و تازە پێگەیشتووان، کە شەهوەتیان زۆرە.
  • وێڵکردنی منداڵ و لێنەپرسینەوەی.
  • فیلمە سێکسییەکان، کە کاریگەریی خراپ بەسەر منداڵەوە جێ دەهێڵن.

زێخشکێ (پانپانۆکێ): دوو کچ یان دوو ژن ئەندامی زاوزێیان لێک دەخشێنن، چێژ لەو لادانە سێکسییە وەردەرگن، لە بەشێک لە کۆمەڵگاکان ڕێژەکەی بەرزە...
دەبێ لێرە هەقیقەتێک بڵێین، زۆربەی ئەو کچانەی ئەو ڕەفتارە خراپە دەکەن، قوربانی جیهانی سێکسین نەک لادەر.. دەکرێ بڵێین کچی لادەرن لەم بارە دوو بەشن:
یەکەم: لە ئەنجامی سەرهەڵدانی سەرەتای منداڵییەوە، بەهۆی ئەو ژینگەی تێێدا ژیاوە، ناسنامەی هەقیقی جنسی لێ تێکچووە.. ئەم حاڵەتە زۆر بە زەحمەت چارەسەر دەکرێت.
دووەم: بەهۆی ئەزموونی خراپی ڕابردووی تووشی هاتووە کە پێستر شۆفێرەکەی ماڵیان یان کارگوزارەیەکان لە منداڵی دەست درێژی کردووەتە سەر، ئەویش هیچ کاردانەوەیەکی نەبووە...
ڕآوێژکاری پزیشکی دەروونی دەریخستووە کە زیاتر لە (٧٠٪) لەو کچانەی تووشی ئەو حاڵەتە بوون، حەز ناکەن ڕەفتاری خۆیان چاک بکەن یان چارەسەر وەربگرن، بەڵکە پێیان وایە ئەوان چێژ لەم حاڵەتە وەردەگرن و ناتوانن چێژ لە پیاو وەربگرن.
نابێ ئەوەشمان لەبیر بجێت کە زۆربەی ئەو لادانە جنسیانە خۆرئاوا لە ڕێگەی دەزگا ڕآگەیاندنەکانەوە بە بینراو و بیستراو و خوێنراو، بۆ گەنجی ئێمەی هێنا.

خۆڕووتکردنەوە:ئەم لادانە کچ یان کوڕ حەز دەکات ئەندامی زاوزێی خۆی بۆ کەسانی بەرانبەر، لە شوێنە گشتییەکان ڕووت بکاتەوە، زاووزێی خۆی بۆ کەسانی بەرانبەر، لە شوێنە گشتییەکان ڕووت بکاتەوە، ئەم لادانە بە زۆری لەو کەسانە سەرهەڵدەدات کە توانای جنسیان لاوازە، دەیانەوێت بەمە قەرەبووی لاوازییەکەیان بکەنەوە.

سۆزانییەت: کردەی سێکسییە بەرانبەر بڕێک پارە، بەبێ هەبوونی هیچ سۆز و خۆشەویستییەک لە ژنەکەدا... پیاوەکەش هیچ هەستێکی خۆشەویستی و پێشوەختی بۆ ئەو ژنە نییە، بەڵکە تەنیا بۆ ئارەزوو بەتاڵکردنەوەیە و بەس.
هەروەها داوێنپیسی و لەشفرۆشی پێ دەگوترێت، لە جیهاندا زۆر بەربڵاوە، ڕۆژ لە دوای ڕۆژیش تەشەنە دەسەنێت، هۆکارەکانی:

  • هەژاری، نەبوونی پارەیەکی سەربەخۆ، بەشێک لە ژنانی وا لێ کردووە، کە لەشی خۆیان بفرۆشن.
  • بێکەسبوون.
  • نەبوونی سۆزی دایک و باوک بۆ کچەکانیان، یان توندڕەویی برا، وا لە کچ دەکات پەنا بۆ پیاوێکی دیکە ببات کەبە ڕواڵەت سۆز و خۆشەویستی بۆ دەردەبرێ و دەیلاوێنێتەوە.
  • ئەو مێردەی بە سەختی و ڕەقی لەگەڵ هاوسەرەکەی دەجووڵێتەوە، جنێو و فەزاحەتی پێ دەکات، حیسابی ئاژەڵی بۆ دەکات، ژنەکەی هێندێک جار وەک چێژ، وەک ڕق لە هاوسەرەکەی پەنا بۆ لەشفرۆشی دەبات.

ئەمانەی سەرەوە هێندیک بوون لەو لادانە سێکسییانەی کە بەشێک لە ژن و پیاوان، یان کچ و کوڕان، پێیانەوە گیرۆدە بوون... بۆ چارەسەرکردنیشیان دەبێ لادەر لایەنی دەروونی خۆی کۆنترۆڵ بکات، لە لایەنی کۆمەڵایەتیش پێوەندییەکی بەهێز لەگەڵ دەووروبەری دروست بکات.
ئەگەر پێویستی کرد سەردانی پزیشک بکات و چارەسەری پێویست وەربگرێت. ئەگەر نەخوێندەوار بوو، کتێک لە بارەی ڕۆشنبیریی سێکسی بخوێنێتەوە و زیانەکانی ئەم لادانانە بزانێت، ئەگەرنا لە کەسانی پسپۆڕ بپرسێت، تاکوو ڕێنوێنی لەم بارەوە وەربگرێت. ئەگەر سەردانی مامۆستایەکی زیرەکی ئاینیش بکات، ئەوە شتێکی باش دەکات، چونکە هەموو ئەو لادانە سێکسییانە لە ڕوووی ئایینی ئیسلام بڤە و قەدەغەکراون.


سەرچاوەکان



4489 بینین