مێژووی چەک

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-03-08-01:49:00 - کۆدی بابەت: 3060
مێژووی چەک

ناوه‌ڕۆك

چەک

دار یەکەمین چەکی مرۆڤەکان بووە، کە لە دژی ئاژەڵە دڕندەکان و بەرەنگاری لە خۆی بەکاری هێناوە، بە تێپەڕبوونی ڕۆژگار مرۆڤ هەستی کرد کە بەرد دەتوانێت چەکێکی باش بێت بۆ کوشتنی ئاژەڵان، بۆیە بەردی لە ڕاوکردندا بەکار هێنا.
دواتریش مرۆڤ تیر و کەوانی دروست کرد و بوو بە بآشترین چەکی مرۆڤ بە درێژایی هەزاران ساڵ، پێش نزیکەی هەشت هەزار ساڵ مرۆڤ دۆزییەوە کە دەتوانێت مس بتوێنێتەوە و فێربوو گەر لەگەڵ قەڵاییدا تێکەڵ بکرێت بڕۆنزی لێوە دەست دەکەوێت، دوای ئەم پێشکەوتنە مرۆڤ خەنجەر و شمشێری دروست کرد، بە پێشکەوتنی شارستانییەت، مرۆڤ وای لێهات بەکۆمەڵ بژیێت، بۆیە بۆ بەرەنگاری کردن لەخۆی یەکەی سەربازی بچووکی پێکهێنا.

لە ساڵی ٣٣٥ـی پێش زاینیدا فلیپی مەقدۆنی باوکی ئەسکەندەری گەورە ئامێرێکی لە دار دروست کرد، کە دەیتوانی موشەکی بەردین بتەقێنێت و بگاتە سەنگەرەکانی دوژمن.

لە سەدەی یازدەهەمدا ڕاهیبێكی ئینگلیزی بە ناوی (ڕۆجەر بیکۆن) هاڕاوەی باروتی دۆزییەوە، دوای ئەو دۆزینەوەیە پێشکەوتنی نوێ لە چەکسازیدا بە شێوەیەکی فراوان دەستی پێکرد.

بە هاتنی نیوەی سەدەی پازدەهەم وڵاتە گرنگەکانی ئەوروپا هەموویان پڕ چەک بوون بە چەک و کەشتی جەنگی، لە سەدەی شانزەهەمدا مرۆڤ لە دروست کردنی چەکی وەکو تفەنگی نوێ و نارنجۆکی دەستیدا سەرکەوت، ئەمریکییەکانیش لە ساڵی ١٨٦٢ دا ڕێژنگیان (ڕەشاش) دروست کرد.

لە ساڵی ١٨٦٦ دا (ئەلفرێد نۆبڵ) دینامیتی داهێنا، دوای ئەوە چەک زۆر بە خێرایی پێشکەوت، دوای جەنگی یەکەمی جیهانی ئینگلیزەکان تانک (دەبابە)ـیان پەرە پێدا و زۆر بە سەرکەوتوویی بەکاریان هێنا.

لە ماوەی جەنگی دووەمی جیهانیشدا چەکی وەکو بۆمبی ئەتۆمی دروست کرا، ئەوەی ئەمریکا دای بەسەر ژاپۆندا. موشەکیش هەر لەو ماوەیەدا بوو پێشخرا، دوای جەنگی دووەمی جیهانی پیشەسازی چەک بە ئاقارێکی مەترسیداردا ڕۆیشت، هەتا ئێستاش چەکەکان بەرەو پێشکەوتن و بەهێزی دەڕۆن.


سەرچاوەکان



1897 بینین