توخمەکان

له‌لایه‌ن: محەمەد تاهیر - به‌روار: 2021-05-20-20:49:00 - کۆدی بابەت: 4433
توخمەکان

ناوه‌ڕۆك

توخمەکان

توخم ماددەیەکی خاوێنە ناتوانرێت جیابکرێتەوە بۆ ماددەی ساکارتر و بە بەکارهێنانی ڕێگای فیزیایی و کیمیایی.

هەروەها بریتییە لە هەر ماددەیەك كە تەنها یەك جۆر گەردیلەی هەیە، گەردیلە بریتییە لە بچوكترین بەشی هەر ماددەیەك، گەردەكان پێكدێن لە پڕۆتۆن و نیوترۆن و ئەلیكترۆن.
بە ژمارەی گەردیلەكانی ناو هەر ماددەیەك دەوترێت گەردیلە ژمارە، بۆ نمونە هەموو ئەو گەردیلانەی كە شەش پڕۆتۆنیان هەیە بەشێكن لە توخمێكی كیمیایی كە پێیاندەوترێت كاربۆن، هەروها هەموو ئەو گەردیلانەی كە 92 پڕۆتۆنیان هەیە پێیاندەوترێت یۆرانیۆم. ژمارەی نیوترۆنەكانی ناوكی هەر توخمێك مەرج نییە كە یەكسان بێت، ئەو گەردیلانەی كە هەمان ژمارەی پڕۆتۆنیان هەیە و ژمارەی نیوترۆنەكانی جیاوازە پێییان دەوترێت (هاوتاكان)، بۆیە كاتێك دەوترێت كە توخمێك یەك جۆر گەردیلەی هەیە واتا تەنها ئەو گەردیلانەی تێدایە ژمارەیەكی دیاریكراوی پڕۆتۆنیان هەیە.
ژمارەی پڕۆتۆنەكان لە ناوكی گەردیلەدا دەبێتە هۆی دروستبوونی بارگەی كارەبایی تێیدا، ئەلیكترۆنەكانی خولگەی گەردیلەگان دەبێتە هۆی دیاریكردنی پێكهاتە و تایبەتمەندییە كیمیاییەكانی.
توخمە كیمیاییەكان بناغەی دروستبوونی ماددەكانن، ئەگەر هەر ماددەیەك لە یەك جۆر گەرد زیاتریان تێدابوو ئەوا ئەو ماددەیە یان ئاوێتەیە یان تێكەڵەیە.
لە كیمیای سەردەمدا 118 توخم ناسێنراون، كە 92 دانە لەم توخمانە لە سروشتدا هەن، بەڵام ئەوانەی تر لە تاقیگەكاندا دروستدەكرێن.
جەستەی مرۆڤ لە 26 جۆری جیاوازی توخمەكان دروستبووە. یەكەم توخم كە سەرەتا دۆزرایەوە توخمی فۆسفۆڕ (P) بوو لە ساڵی 1669، وە كۆتا توخم كە دۆزراوەتەوە یۆرانیۆم بوو كە لە ساڵی 1789، هەروەها یەكەمین توخمی دەستكرد لە ساڵی 1937 دروستكرا كە ناوی تێكنیشیۆم (technetium) بوو.

تەنها یەک جۆر لە تەنۆکەکان 

توخمەکان ماددەی خاوێنن، ماددە خاوێنەکان ئەو ماددانەن پێکهاتوون لە هەمان جۆر تەنۆکە، ئەو تەنۆکانە پێیان دەوترێت گەردیلە. کە زۆر وردن و بە چاو نابینرێن، بۆ نموونە گەردیلەکانی ٥ گرام زێر وەک گەردیلەکانی هەموو زێڕی ترە، تەنۆکەکانی ماددەیەکی خاوێن وەک یەکن لەهەر شوێنێکدا بێت.

ڕەوشتی توخمەکان

هەر توخمێک کۆمەڵێك ڕەوشتی هەیە، ڕەوشتە جیاکەرەوەکان یارمەتی ناسینەوەی دەدات، ئەم ڕەوشتانە پشت بە بڕی ماددەکە نابەستێت، ڕەوشتە جیاکەرەوەکان هەندێک ڕەوشتی فیزیاین وەک پلەی کوڵان، پلەی شلبوونەوە، چڕی هەروەها هەندێک ڕەوشتی کیمایین وەک توانای کارلێککردن لەگەڵ ترشەکان. لەوانەیە توخمێک لەگەڵ توخمێکی تر لە هەندێک ڕەوشتدا هاوبەش بن بەڵام ڕەوشتی تر هەیە یارمەتی ناسینەوەی دەدات، بۆ نموونە توخمی هیلیۆم و کریپتۆن گازی ناچالاکن، بەڵام چڕیەکانیان جیاوازن، چڕی هیلیۆم لە چڕی هەوا کەمترە، بۆیە کاتێک میزڵدانێک پڕ لە هیلیۆم دەکرێت و بەردەدرێت بەرز دەبێتەوە لە هەوادا، بەڵآم گازی کریپتۆن چڕییەکەی لەهەوادا زیاترە بۆیە میزەڵدانێک پڕ لە گازی کریپتۆن بەربدرێت بەرز نابێتەوە لە هەوادا بەڵکو دەکەوێتە سەر ڕووی زەوی.

ناسینەوەی توخمەکان بە پێی ڕەوشتەکانیان

ڕەوشتە فیزیاییەکان بریتین لە پلەی کوڵان و چڕی، دەتوانرێت هەندێک ڕەوشتی تر زیادبکرێت وەک ڕەنگ، ڕەقی، سافی، وە لە هەمان کاتدا دەتوانرێت ڕەوشتی کیمیایی توخمەکان بەکاربهێنرێت بۆ نموونە کاربۆن و هایدرۆجین توانای گڕگرتنیان هەیە، وە توخمی دیکە وەک سۆدیۆم کارلێک لەگەڵ ئۆکسجین دەکات لە پلەی گەرمی ئاسایدا توخمی تریش هەن وەک تۆتیا لەگەڵ ترشەکان کارلێک دەکەن.

هێما كیمیاییەكان 

توخمە كیمیاییەكان هەموویان هێمای تایبەت بە خۆیان هەیە و لە سەرانسەری جیهاندا بەكاردەهێنرێت، ئەمە ئەوە دەگەیەنێت هەر كەسێك بە هەر زمانێك قسە بكات دەتوانێت لە هێماكان تێبگات و بەكاریان بهێنێت، هێمای توخمە كیمیاییەكان لە ناوە ئینگلیزی و لاتینییەكانەوە هاتوون، بۆ نمونە كاربۆن هێمای كیمیاییەكەی بریتییە لە (C) هەروەها سۆدیۆم هێمای (Na) هەیە كە لە لاتینییەوە وەرگیراوە، وە (Au) كە هێمای ئاڵتوونە لە وشەی لاتینی (aurum) وەرگیراوە.

پۆلێن کردنی توخمەکان بە پێی ڕەوشتەکانیان 

جۆرەکانی توخم

توخمەکان پۆلێن دەکرێن بۆ سێ جۆر بە پێی ڕەوشتە هاوبەشەکانیان کە ئەمانەن: کانزا، ناکانزا، نیـمچە کانزا. ئاسن و نیکڵ و کۆباڵت هەموویان کانزان، کانزاکان لێک ناچن بەڵآم ڕەوشتی هاوبەشیان هەیە، کانزا دەدرەوشێتەوە و وزەی گەرمی و تەزووی کارەبا دەگەیەنێ. ناکانزاکان جۆری دووەمن لە توخمەکان، گەرمی و کارەبا بەباشی ناگەیەنن و ناکانزا ڕەقەکان ڕەنگیان کاڵە. نیمچە کانزاکان جۆری سێیەمن لە توخمەکان هەندێ ڕەوشتی کانزایی و هەندێ ڕەوشتی ناکانزاییان هەیە.

کانزاکان

کانزاکان ئەو توخمە درەوشاوانەن کە وزەی گەرمی و تەزووی کارەبا بە باشی دەگەیەنن، توانای پیاکێشانیان هەیە و توانای ڕاکێشانیان هەیە، ئاسن لە زۆر مەبەستدا بەکاردەهێنرێت وەک خانوو، ئۆتۆمبێل، مس بۆ تەلی کارەبا و پارچە دراوە کانزاکان، و قوڕقوشم.

ناکانزاکان

ناکانزاکان ڕەنگیان کاڵە، وزەی گەرمی و تەزووی کارەبا باش ناگەیەنن و ناکانزا ڕەقەکان زوو دەشکێن توانای پیاکێشانیان نییە، هەندێک شتی باو لە ناکانزاکان دروست دەکرێن وەک گڵۆپی نیۆن و گرافیت (کاربۆن)ـی بەکارهێنراو لە پێنووس. نموونەی دیکەش وەک برۆم و گۆگرد.

نیمچە کانزاکان

نیمچە کانزاکان هەروەها پێیان دەوترێت نیمچە گەیەنەرەکان، ئەو توخمانەن هەندێ ڕەوشتی کانزایی و هەندێ ڕەوشتی ناکانزاییان هەیە، هەندێکیان درەوشاوەن و هەندێکی تر نادرەوشێتەوە و هەندێکیان توانای پیاکێشان و ڕاکێشانیان هەیە نموونە وەک سلیکۆن و بۆرۆن و ئەنتیمۆن.

ئاوێتەکان

خوێ و شەکر ئاو و بیکاربۆناتی سۆدیۆم هەموویان ئاوێتەن، زۆربەی توخمەکان بە ئاسانی گۆڕانی کیمیاییان بەسەردێت. بە دەگمەن توخمێک بەتەنها لە سروشتدا هەیە، بۆیە دەبینین زۆربەی توخمەکان لەگەڵ توخمەکانی تردا یەک دەگرن بە شێوەی ئاوێتەن.

توخمەكان دەتوانن یەكبگرن بۆ پێكهێنانی ئاوێتەكان وەك (ئاو، خوێیەكان، ئۆكسیدەكان و هەروەها ئاوێتە ئەندامییەكان)، لە زۆربەی حاڵەتەكاندا ئاوێتەكان تایبەتمەندی جیایان هەیە كە جیاوازە لە تایبەتمەندی ئەو توخمانەی كە پێكیانهێناوە، بۆ نمونە سۆدیۆم كانزایەكە كە دەسووتێت كاتێك دەكرێتە ناو ئاوەوە و هەروەها كلۆراین گازێكی ژەهراوییە، بەڵام كاتێك كە پێكەوە كارلێك دەكەن ئاوێتەیەك دروستدەكەن كە پێیدەوترێت كلۆریدی سۆدیۆم (خوێ) كە دەتوانرێت بخورێت.

ئاوێتەکان لە توخمەکان پێکهاتوون

ئاوێتە ماددەیەکی خاوێنە لە یەکگرتنی دوو توخم یان زیاتر لە کارلێکێکی کیمیاییدا. مەگنیسیۆم یەکدەگرێت لەگەڵ ئۆکسجین ئاوێتەی ئۆکسیدی مەگنیسیۆم پێکدێت. ئەم ئاوێتەیە ماددەیەکی خاوێنە و نوێیە جیاوازە بەو توخمانە ناچێت کە لێیان پێکهاتووە، زۆربەی ئەو ماددانەی ڕۆژانە دەبینین ئاوێتەن. نموونەی هەندێک ئاوێتەی باو وەکو ئاو لە یەکگرتنی هایدرۆجین و ئۆکسجین، ئاوێتەی شەکر لە یەکگرتنی کاربۆن و هایدرۆجین و ئۆکسجین، ئاوێتەی خوێی چێشت لە یەکگرتنی سۆدیۆم و کلۆر، بیکاربۆناتی سۆدیۆم لە یەکگرتنی سۆدیۆم و هایدرۆجین و کاربۆن و ئۆکسجین.

ڕێژەی توخمەکان لە ئاوێتەکاندا

توخمەکان بە شێوەیەکی هەڕەمەکی یەک ناگرن، بەڵكو بە ڕێژەیەکی دیاریکراو یەکدەگرن، بۆ نموونە ڕێژەی بارستایی هایدرۆجین بۆ بارستایی ئۆکسجین لە ئاودا بریتییە لە ١گم هایدرۆجین بۆ ٨ گم ئۆکسجین کە بەم شێوەیە دەنوسرێت ٨:١ وە ئەگەر بەم ڕێژەیە نەبێت ئەوا ئاوێتەکە ئاو نابێت.

ڕەوشتەکانی ئاوێتە

ئاوێتە وەک توخم ڕەوشتی فیزیایی تایبەتی هەیە ڕەوشتە فیزیاییەکان وەک پلەی شلبوونەوە چڕی و ڕەنگ دەتوانین ئاوێتە بناسنەوە بەهۆی ڕەوشتە کیمیاییە جیاوازەکانەوە، هەندێک ئاوێتە لەگەڵ ترش کارلێک دەکەن بۆ نموونە کاربۆناتی کالیسیۆم کە لە تەباشیردا هەیە کارلێک دەکات لەگەڵ ترش، وە ئاوێتەی تر هەیە وەک پیرۆکسیدی هایدرۆجین کە بەر ڕووناکی بکەوێت کارلێک دەکات.

جیاوازی نێوان ڕەوشتی ئاوێتەکان و ڕەوشتی توخمەکان

ڕەوشتی ئاوێتە جیاوازە لەگەڵ ڕەوشتی ئەو توخمانەی پێکی دەهێنن، کلۆریدی سۆدیۆم یان خوێی چێشت پێکهاتووە لە دوو توخم کلۆر و سۆدیۆم، کلۆر گازێکی ژەهرە، سۆدیۆم لەگەڵ ئاو کارلێک دەکات دەتەقێتەوە، بەڵآم لە کاتێک کە یەکدەگرن ئاوێتەی کلۆریدی سۆدیۆم پێک دەهێنن کە لە خۆراکدا بەکاردەهێنرێت. لە ئاودا دەتوێتەوە بێ تەقینەوە.

هەڵوەشاندنی ئاوێتەکان بۆ ماددەی ساکارتر

دەتوانرێت هەندێ لە ئاوێتەکان هەڵبوەشێت بۆ ئەو توخمانەی پێکیان هێناوە بە گۆڕانی کیمیایی هەندێ ئاوێتە هەڵدەوەشێت بۆ ئاوێتەی ساکارتر نەک بۆ توخمەکان، پاشان دەتوانرێت ئەم ئاوێتە ساکارانەش هەڵبوەشێت بۆ توخمەکان بە گۆڕانی کیمایی زیاتر، بۆ نموونە ترشی کاربۆنیک ئاوێتەیەکە بەکاردە‌هێنرێت بۆ ئامادەکردنی ساردەمەنی گازەکان (هەڵچوو) کە دەمی بوتڵی ساردەمەنییەکەوە دەکەیتەوە ترشی کاربۆنیک هەلدەوەشێت بۆ دوانۆئۆکسیدی کاربۆن و ئاو. دەتوانرێت دوانۆئۆکسیدی کاربۆن و ئاوەکە هەڵبوەشێتەوە بۆ توخمەکانی کاربۆن و ئۆکسجین و هایدرۆجین، بە گۆڕانی کیمیایی.

ڕێگاکانی هەڵوەشاندنی ئاوێتەکان 

تاکە رێگا بۆ هەڵوەشاندنی ئاوێتە، گۆڕانی کیمیاییە، هەندێ جار ڕوودانی گۆڕانی کیمیایی پێویستی بە وزە هەیە، دوو ڕێگا هەیە بۆ پێدانی وزەی پێویست بۆ هەڵوەشاندنی ئاوێتە کە بریتین لە گەرم کردن و تێپەڕکردنی تەزووی کارەبا. بە گەرم کردنی ئۆکسیدی جیوە، هەڵدەوەشێتەوە بۆ توخمی جیوە و ئۆکسجین.

ئاوێتەکان لە دەوروبەر

مرۆڤ بە بەردەوام بە ئاوێتەکان دەورەدراوە، ئەو خواردنەی کە مرۆڤ دەیخوات ئاوێتەیە، پێداویستیەکانی رۆژانە ئاوێتەیە، ئەو جل و بەرگەی دەیپۆشێ ئاوێتەیە، تەنانەت لەشی مرۆڤ لە ئاوێتە پێکهاتووە.

ئاوێتەکان لە پیشەسازیدا

ئەو ئاوێتانەی لە سروشتدا زۆرن، بەردەوام بە شێوەی ماددەی خاو نین و دەست نادەن بۆ پیشەسازی، زۆر جار دەبێت لێکهەڵبوەشێن بۆ توخم یان ئاوێتەی تر تا بتوانرێت بەکاربهێنرێت وەک کەرەستەی خاو، بۆ نموونە ئەلەمنیۆم بەکاردێت بۆ دروست کردنی فڕۆکە و دەفرەکان، بەڵام ئەلەمنیۆم بەتەنها لە سروشتدا نییە. ئەلەمنیۆم بەرهەم دەهێنرێت لە ئاوێتەی ئۆکسیدی ئەلەمنیۆم. ئەمۆنیا بە یەکگرتنی نایترۆجین و هایدرۆجین دروست دەکرێت.

ئاوێتەکان لە سروشتدا

پڕۆتینەکان ئەو ئاوێتانەن کە لە لەشی هەموو زیندەوەران دا هەن، نایترۆجین توخمی سەرەکییە لە دروست بوونی پڕۆتیندا، ڕووەکی تریش هەن کە لەو ئاوێتە نایترۆجینانەی لە خاکدا هەن نایترۆجینیان دەست دەکەوێ، گیانەوەران لە خواردنی رووەکەوە نایترۆجینیان دەستدەکەوێت، یان لە خواردنی ئەو گیانەوەرانەی ڕووەک دەخۆن، بە هەرسبوونی خۆراک. پڕۆتینەکان شی دەبنەوە بۆ ئاوێتەی ساکارتر، خانەی گیانەوەران بەکاریان دەهێنن بۆ دروست بوونی پڕۆتینی نوێ.

ئاوێتەیەکی دی هەیە ڕۆڵێکی گرنگی لە ژیاندا هەیە ئەویش دوانۆئۆکسیدی کاربۆنە لە کرداری هەناسە دانەوەدا دوانۆئۆکسیدی کاربۆن دێتە دەرەوە کە لە لەشدا دروست بووە، ڕووەک دوانۆئۆکسیدی کاربۆن بەکاردەهێنێت لە کرداری ڕۆشنە پێکهاتندا، لەم کردارەدا ئاوێتەی کاربۆهیدراتی دروست دەکات، پاشان کاربۆهیدرات هەڵدەوەشێنێت بۆ وزە لە ئەنجامی گۆڕانی کیمایی تر کە لە ڕووەک و گیانەوەراندا ڕوودەدەن.

تێكەڵەكان

هەندێك لە توخمەكان پێكەوە تێكەڵدەبن بۆ دروستكردنی پێكهاتەی نوێ، ئەم پێكهاتە نوێیانە ئاوێتە نین، بەڵكو پێیاندەوترێت تێكەڵەكان وەك تێكەڵەی خوێ لەگەڵ ئاودا، ئەو تێكەڵانەی كە كانزان پێیاندەوترێت داڕشتە.

هاوتاكان

زۆربەی توخمەكان لە سروشتدا لە گەردەكان پێكدێن لەگەڵ ژمارەی جیاوازی نیوترۆنەكان، هاوتاكان بریتین لەو توخمانەی كە یەك جۆری ژمارەی گەردیلەیان هەیە بەڵام ژمارەی جیاوازی نیوترۆنیان هەیە، بۆ نمونە كاربۆن دوو هاوتای جیاوازی جێگیریان هەیە كە بە سروشتی دروستدەبن وەك كاربۆن-12 كە شەش نیوترۆنی هەیە لەگەڵ كاربۆن-13 كە حەوت نیوترۆنی هەیە، هەروەها كاربۆن-14 كە هەشت نیوترۆنی هەیە بە سروشتی دروستدەبێت كە هاوتایەكی تیشكدەری توخمی كاربۆنە. بە لانی كەمەوە هەموو توخمەكان دوو جۆر هاوتایان هەیە بێجگە لە ئۆگانێسۆن (Oganesson).

پۆلێنكردن

توخمەكان پۆلێندەكرێن لەڕێگەی دۆخە فیزیاییەكانیانەوە، لە پلەی گەرمی ژووردا زۆربەی توخمەكان لە دۆخی ڕەقدان، تەنها 11 توخم نەبێت كە لە دۆخی گازیدان لەگەڵ 2 توخم كە لە دۆخی شلیدان.
هەروەها توخمەكان دەكرێت پۆلێنبكرێن بۆ كانزاكان و ناكانزاكان، هەندێك توخم هەیە كە هەندێك تایبەتمەندیان هەیە كە هەم لە كانزا و ناكانزاكان دەكات و پێیاندەوترێت نیمچەكانزاكان، توخمە كانزاییەكان ژمارەیان 92 دانەیە، هەروەها ناكانزاكان ژمارەیان 20 دانەیە و نیمچەكانزاكان ژمارەیان 6 دانەیە.


سەرچاوەکان

338 بینین