هاوڕێی گیانی بەگیانی

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار - به‌روار: 2021-04-22-14:43:00 - کۆدی بابەت: 4754
هاوڕێی گیانی بەگیانی
زاراوە هەمەڕەنگەکان

و ئەگەریشی هەیە دوو هاوڕێی گیانی بە گیانی کێشە و ناکۆکی بکەوێتە نێوانیان و پێویست بکات لەبارەی پەیوەندیەکەیانەوە پەشیمان ببنەوە

ناوه‌ڕۆك

هاوڕێی گیانی بەگیانی کێیە؟

هاوڕێی گیانی بە گیانی کەسێکی گرنگە لە ژیانی هەموو کەسەکاندا کە جێگای خۆی دەکاتەوە، کەسەکان لە چەند تەمەنێکی جیاوازدا جۆری زۆر لە هاوڕێیان دەبێت، بەڵام لەکۆتاییدا هەموویان چێژ لە بوونی هاوڕێیەکی گیانی بە گیانی دەبینن لە ژیانیاندا، و ئەگەریشی هەیە دوو هاوڕێی گیانی بە گیانی کێشە و ناکۆکی بکەوێتە نێوانیان و پێویست بکات لەبارەی پەیوەندیەکەیانەوە پەشیمان ببنەوە
بوونی هاوڕێیەکی گیانی بە گیانی پێویستیەکی زۆر گرنگە لە ژیانی هەر کەسێکدا، مرۆڤ هەر لەتەمەنی منداڵییەوە دەست دەکات بە پەیوەندی بەستن لەگەڵ کەسانی هاوتەمەنی خۆیدا کە کەسانی ناو خێزانەکەی خۆی نین، لەڕاستیدا هاوڕێی گیانی بەگیانی کەسێکە کە لە ڕوانگەی هەست و بیرکردنەوە لەیەک نزیکن و زۆر پێکەوەن بە مەرجێک کە کەسێک نییە لە کەسانی ناو خێزانەکەت
لەوانەیە نەبوونی هاوڕێیەکی گیانی بەگیانی هیچ کێشەیەک دروست نەکات بەڵام هەبوونی بێگوومان کاریگەریەکی زۆر باشی هەیە.

پەیوەندی هاوڕێیەتی لە تەمەنە جیاوازەکاندا

یەکەمین هاوڕێکان ئەوانەن کە لەسەردەمی منداڵیماندا یاریمان لەگەڵدا کردوون، ئامانجی سەرەکی یاریکردن دوو کەس نزیک دەکاتەوە و هاوڕێیەتی دروست دەکات، لە سەردەمی قوتابخانەدا هاوڕێیەتی بەهۆی خوێندنەوەیە و منداڵان لە پۆلە جیاوازەکاندا هاوڕێیان دەبێت هەرچەند بەرەو تەمەنی پێگەیشتن بڕۆین دەبینین کە نێوانی دوو کەس زیاترە واتە لە تەمەنی پێگەیشتندا ئیتر کەسەکە ئارەزوو دەکات کەسێکی تایبەتی هەبێت وەک هاوڕێی گیانی بەگیانی، بەدرێژایی تەمەنی نەوجەوانی و قۆناغی ئامادەیی و هاوڕێیەتی توندتر دەبێت و کەسەکە حەز دەکات کە نهێنێەکانی خۆی لای هاوڕێ نزیکەکەی باس بکات و کاتێکی زیاتری لەگەڵدا بەسەر ببات و زیاتر لاسای بیرکردنەوە و باوەڕی ئەو بکاتەوە.

ڕۆڵی هاوڕێی گیانی بە گیانی لە ژیاندا

١- ئەو هاوڕێیەی کە هاوڕێکەی بە هی خۆی بزانێت دەرخەری متمانە بەخۆبوونیەتی 

٢- هاوڕێیانی گیانی بە گیانی پارێزەرێکی کۆمەڵایەتین لە ساتە جیاوازەکاندا

٣- لەگەڵ هاوڕێ گیانی بە گیانەکانتدا دەتوانیت چوونە دەرەوەت هەبێت و هەستی خۆشی و پێکەنین و وزەی زۆرت هەبێت

٤- دەردەدڵ کردن لەگەڵ یەکتری و ئاڵوگۆڕی هەستەکانتان لەنێوان یەکدا.

٥- دەربڕینی هەستی گرنگ بوون بۆ یەکتری.

چۆن چۆنی هاوڕێیەتیەکی گیانی بەگیانیانە دروست بکەین و گەرمتری بکەین؟

هەندێک کەس بەهۆی چەند هۆکارێکەوە بە گشتی ناتوانێت هاوڕێی نزیکی هەبێت و ئیتر بەتەنها دەبێت لەو ڕوەوە، و ئەگەریش لەبیری زیاتر گەرمردنی هاوڕێیەکەتدای ئەوا ئەم خاڵانەی خوارەوە یارمەتی دەرە:

١- خۆت دەربخە:

تا کاتێک کە خۆت دەستپێشخەر نەبیت و قسە نەکەیت کەسی بەرامبەر نزیک نابێتەوە لێت، هەڵبەتە لەم بابەتەدا ڕەچاوی نێوەندگیری بکە، پێویست ناکات تەواوی نهێنیەکانی خۆتی بەیەکجار پێ بڵێیت، سەرەتا بە قسەکردن لەسەر بیرکردنەوەت یان باوەڕت دەربارەی بابەتێکی دیاریکراو دەستپێبکە.

٢- دوورکەوە لە گاڵتەپێکردن و شکاندن:

ئەو کەسانەی لەیەکەوە نزیک کاتێک کار بگاتە شکاندن و گاڵتەپێکردنی زۆر دوور دەکەونەوە لە یەک، گاڵتە کردن جیاوازی هەیە لەگەڵ گاڵتەپێکردن و شکاندندا گاڵتە پێکردن لەناو هاوڕێی نزیکدا زیاتر پەیوەندیەکەیان نزیکتر دەکاتەوە.

٣- شەرم کردن بخەنە ئەولاوە:

لە هاوڕێیەتی نێوان دووکەسی نزیک دەتوانیت خۆت ڕزگار بکەیت لە کۆت و زنجیری ڕۆشنبیری و بەتەواوی ئاسوودەیی خۆتەوە قسە بکەیت، دوو هاوڕێی گیانی بە گیانی بە توانجەوە بانگی یەک ناکەن بەڵکوو ناوی یەکتری بەبێ ڕێزلێنان دەهێنن و بەتەواوی شەرم وەلاوە دەنێن و بە ئاسوودەیی دەربارەی ڕاوبۆچوون و خواستەکانی خۆیان دەدوێن.

٤- کات تەرخان بکەن بۆ یەکتری:

بۆ هێشتنەوەی پەیوەندیەکی توندوتۆڵ پێویستە کات بۆ یەکتری دابنێن، چوونە دەرەوە پێکەوە و باسکردنی کتێبێک کە هەردووکتان خوێندووتانەتەوە و ڕای خۆتانی لەسەر دەڵێن، باسکردنی ڕووداوەکانی ڕۆژ و کۆمەڵگا بۆ یەکتری، زانینی هەندێک تایبەتمەندی گرنگ لەسەر یەکتر پەیوەندیەکەتان زیاتر بەهێزتر دەکات.

تایبەتمەندیەکانی هاوڕێیەتیەکی گیانی بە گیانی

١- بوونی سەخی بوون لەکەسی بەرامبەردا واتە نرخی تۆ دەزانێت و گرنگیت لەلای و ئامادەیت بۆ بەخشندەیی لەپێناو ئەم پەیوەندیەدا.

٢- دەردەدڵ و لەیەک تێگەیشتن زیاتر پەیوەندییەکە قوڵتر دەکاتەوە، ئەگەر تۆ هەست دەکەیت کە هاوڕێکەت دەتوانێت لە هەستی تۆ تێبگات، و تۆ بە ئاسانی دەتوانیت کێشەکانتی پێ بڵێیت ئەمە نیشانەی بەرزی ئەو پەیوەندیەیە.

٣- هاوڕێی باش هەوڵی گۆڕینی هاوڕێکەی نادات کاتێک کە هەڵەیەکی لێ دەبینێت بەڵکوو یارمەتی دەدات و پێی دەڵێت کە هەڵەیه.

٤- ڕاستگۆیی خاڵێکی زۆر گرنگە لە هاوڕێیەتیدا، ئەگەر ناتوانن لەگەڵ یەکتریدا ڕاستگۆ بن و بەردەوام خەریکی شت شاردنەوەن لە یەکتر ئەوا واباشترە بەخۆتاندا بچنەوە چونکە پەیوەندیەکەتان لە کێشەدایه.

بوونی کێشە لە پەیوەندیە هاوڕێیەتیەکەدا

زۆرترین توڕەیی کە مرۆڤ بۆی دروست دەبێت بەهۆی کێشەیە لەگەڵ کەسە نزیکەکانی دەوروبەریدا، واتە کێشە لە جۆری بیرکردنەوە و ڕەفتار کردندا و توڕەیی و دڵگران بوون ئەمانە زۆر ئاسایین و چۆنیەتی چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە زۆر گرنگە و ڕۆڵێکی باشی هەیە بۆ پەیوەندیەکەتان.

هۆکارەکانی پچڕانی پەیوەندیت لەگەڵ هاوڕێ گیانی بەگیانیەکەتدا

هەندێک کات کێشەکان و لێک تێنەگەشتنەکان بە جۆرێک زۆر دەبن و بێ چارەسەرن کە تۆ بڕیار دەدەیت کە پەیوەندیت لەگەڵ هاوڕێکەتدا بپچڕێنیت.
چەند هۆکارێک کە پێوێستە پەیوەندی خۆت بپچڕێنیت لەگەڵ هاوڕێکەتدا:

١- ئەگەر بەردەوام لە بوونی ئەم پەیوەندیە بێ هیوا و بێتاقەتیت، و بەردەوام ئازار دەچێژیت لێوەی، و ئەگەر هەست دەکەیت کە هەمیشە ئەمە تۆیت لەم پەیوەندیەدا وزە بەهەدەر دەدەیت و کەسی بەرامبەرت هەمیشە تۆی بێ هیوا کردووە و هیچ کاتێک گرنگی بە خواست و ویستی تۆ نەداوە و ڕێزی بۆ دانەناوە، ئەوا زیاتر بیری لێبکەرەوە و ئەگەر ئاوا بەردەوام بوو ئەم پەیوەندییە بپچڕێنە.

٢- ئەگەر بەردەوام قەلەقیت و لەبەردەم هاوڕێکەتدا ناچاریت خۆت سانسۆڕ بکەیت و ناتوانیت ئاسوودە بیت لەگەڵیدا ئاوا بزانە کە ئەم پەیوەندییە زۆر گرنگ نییە.

٣- ئەگەر ناچاریت کە بەردەوام شەرمەزار بیت لەلای خەڵکی کە هاوڕێی ئەویت و لەگەڵ ئەودایت، و شەرم بکەیت لەو کارانەی کە دەیکات لەجێی ئەوەی کە هەوڵی گۆڕینی ئەو بدەیت هەوڵ بدە کە دوورکەویتەوە لێی چونکە بێ سوودە. 

٤- هاوڕێ نزیکەکەت خیانەتت لێبکات یاخود کارێک بکات کە تۆ ئیتر ناتوانیت متمانەی پێ بکەیت، و لەوانەیە ئەم هەڵەیە بەردەوام دووباره بکاتەوە و بەردەوامی ئەمە ئازارێکی زۆرە بۆت و پێویست لێی دوورکەویتەوە.

٥- ئەگەر بەهۆی کێشەیەکەوە ئیتر ماوەیەکی زۆر بێت قسەتان نەکردبێت و قسەیەکتان نەمابێت بۆ وتن بەیەکتری پێویستە وردە وردە دوورکەویتەوە لەم پەیوەندییە.


سەرچاوەکان



2547 بینین