پیسبوونی هەوا

له‌لایه‌ن: - ڕێزدار ئەحمەد - به‌روار: 2021-04-25-23:54:00 - کۆدی بابەت: 4821
پیسبوونی هەوا

ناوه‌ڕۆك

زانیاری دەربارەی پیسبوونی هەوا

لە کانوونی یەکەمی ساڵی ١٩٥٢ تەمێکی دوکەڵاوی ترسناک باڵی بەسەر شاری لەندەندا کێشا پێیان دەوت pea souper کە زۆر لە دووکەڵی خەڵوزی سوتێنراو دەچوو، زیانی بە سییەکانی مرۆڤ گەیاند و لە ماوەی چوار ڕۆژدا بووە هۆی کوشتنی هەزاران کەس.

ئەو تەمە ڕەشە دوکەڵاوەیە کوشندەیی لەندەن وەک هەڕەشەیەکی ترسناک هەموو جیهانی تاساند تەنانەت بووە سەرەتاییەک بۆ ئەنجامدانی گۆڕانکاری لە یاساکانی تایبەت بە پیسبوونی هەوا لە سەرتاسەری ئینگلتەرەدا هەروەها خەڵکیش گەیشتنە ئەو ڕاستیەی کە پیس بوونی هەوا تەنها بەشێک نییە لە ژیانی شار پێویستە پێی ڕازیبن، بەڵکو بە پێچەوانەوە دەبێت لە هەوڵی بەردەوامدا بن بۆ کەم کردنەوە پیسبوونەکە هەرچەندە ئەمەی  سەرەوە نموونەیەکی تایبەت بوو دەربارەی پیس بوونی هەوای شارێکی وەک لەندەن بەڵام لە هەمان کاتدا ئێستاکە پیسبوون دیاردەیەکی باوە لە زۆربەی ناوچەکانی جیهاندا. 

پیسبوونی هەوا بریتییە لە پیسبوونی بەرگەهەوا بەو ماددە پیسکەرانەی کە لە ئەنجامی چالاکی مرۆڤ و لە سەرچاوەکانی سروشتیەوە هاتوون، پیسکەرەکانی هەوا بە پێی سەرچاوەکانیان ئەمانەن (پیسکەری سەرەکی، پیسکەری ناوەنجی).

پیسکەرە سەرەکییەکان

ئەو پیسکەرانەن کە لە ئەنجامی چالاکی مرۆڤ و لەسەرچاوەی سروشتیەوە پەیدادەبن و ڕاستەوخۆ دەچنە ناو هەوا، ئەو پیسکەرانەی لەسەرچاوەی سروشتیەوە دێن وەکو تۆز و خۆڵ و خوێیەکانی دەریا و گازەکان و خۆڵەمێشی گرکانەکان و دوکەڵی دارستانە سووتاوەکان. بەڵام ئەو پیسکەرانەی کە لە ئەنجامی چالاکی مرۆڤەوە پەیدادەبن ئەمانەن یەکانۆکسیدی کاربۆن و دوکەڵی کارگەکان و ماددە کیمیاییەکانی بۆیەکردن و ڕووکەش کردن و ئەگزۆزی ئۆتۆمبیلەکان بەتایبەتی لە شارە  جەنجاڵەکاندا.

پیسکەرە ناوەنجییەکان 

پیسکەرە ناوەنجییەکان ئەو پیسکەرانەن کە پەیدا دەبن لە ئەنجامی کارلێک کردنی پیسکەرە سەرەکییەکان لەگەڵ پیسکەرە سەرەکییەکانی دیکە یان لەگەڵ ماددەی سروشتی وەک هەڵمی ئاو، نموونەش بۆ پیسکەرە ناوەنجییەکان ئەمانەن ئۆزۆن و تەمی دوکەڵاوی، بێگومان ئۆزۆن بەرهەم دێت لە ئەنجامی کارلێکی تیشکی سەروو بنەوشەیی خۆر لەگەڵ پاشماوەکانی ئەگزۆزی ئۆتۆمۆبێل و هەوا، لەوانەیە گوێ بیستی هۆشیاریەکانی (رۆژی هۆشیاری لە مەترسییەکانی ئۆزۆن) بووبیت، دەبێت ئەوە بزانین کە ئۆزۆن لە چینی ستراتۆسفیردا چینێکی پارێزەر دروست دەکات و ناهێڵێت تیشکە کورتە زیانبەخشەکانی تیشکی خۆر بگەنە زەوی، بەڵام ئەو ئۆزۆنەی لە ڕووی زەوی نزیک بێت پیسکەرێکی زیانبەخش و ترسناکە و بە خراپ کاردەکاتە سەر تەندروستی زیندەوەران.

دروستبوونی تەمی دوکەڵاوی تەمی دوکەڵاوی دروست دەبێت لە ئەنجامی کارلێکی ئۆزۆن و پاشماوەی ئەگزۆزی ئۆتۆمۆبیلەکان لەگەڵ تیشکی خۆر، لەوانەشە خۆجێی و جۆرەکانی کەش بەشداری لە پێکهاتنی تەمی دوکەڵاوی بکەن، لەوانەشە ئاستەکانی پەیدابوونی تەمی دوکەڵاوی لە کاتێکەوە بۆ کاتێکی دیکە بگۆرێت، کە وەرزی هاویندا لەوانەیە چینێکی هەوای گەرم ببێتە هۆی پەنگ خواردنی تەمی دووکەڵاوی لە نزیک ڕووی زەوی و لەسەر شارێکدا بەڵام ڕەشەبایەکی زستانە، یاخود هەڵکردنی بایەکی شەماڵی لەوانەیە هەموو پیسییەکە ڕاماڵێ.

پیسبوونی هەوا بە هۆی مرۆڤەوە

سەرچاوە مرۆییەکانی پیس بوونی هەوا جۆراوجۆرن بەڵام گرنگترینیان ئەمڕۆ کە هۆیەکانی گواستنەوەیە، بۆ نموونە ڕێژەی ١٠٪ تا ٢٠٪ـی پیسبووەکانی هەوا بە هۆی ئەو ئۆتۆمۆبیلانەوەیە کە مرۆڤ لێیان دەخۆڕێت. چونکە پاشماوەکانی ئەگزۆزی ئۆتۆمۆبیلەکان ئۆکسیدەکانی نایترۆجینیان تێدایە کە دەبێتە هۆی تەمی دوکەڵاوی و ترشە باران، بەڵام دانانی فلتەری دژە پیسبوون و بەکارهێنانی گازۆلینی پاک، پیسبوونی هەوای بەهۆی ئۆتۆمۆبێلەوە تاڕادەیەک کەمکردۆتەوە.

پیسبوونی هەوا بە هۆی پاشماوە پیشەسازییەکانەوە

زۆربەی کارگەکان و دەزگا پیشەسازییەکان و پاڵاوتگەی نەوت و وێستگەکانی بەرهەم هێنانی کارەبا و دامەزراوە کیمییاییەکان و ئامێرەکانی خاوێن کردنەوەی وشک لەوانەیە سەرچاوەی ماددەی پیسکەری هەوابن چونکە زۆربەیان گوێ نادەنە ئەو مەرجە نێودەوڵەتیانەی کە بۆ پاراستنی ژینگە دانراون، جگە لەمانەش هەندێک لە کارگەکان بۆ دەستکەوتنی وزە پشت بە سووتاندنی سووتەمەنی هەڵکەنراو دەبەستن وەک بەردە خەڵووز کە پاشماوەکەی پیسبوونێکی زۆری لێ دەکەوێتەوە.

پیسبوونی هەوای ناوەوە (ناو ماڵ) 

هەندێک جار هەوای ناو ماڵێک یان ناو باڵەخانەیەک پیسترە لە هەوای دەرەوە. سەرچاوەکانی پیسبوونی هەوای ناو ماڵەوە وەک گازۆلین لە ئۆتۆمبێل و گیابڕەکان (چیمەن بڕ)، فۆرمالدیهاید لە ناو کەل و پەل و رایەخ و تەپەدۆری دەستکردنی نەگەیەنەردا.  ماددە کیمییایەکان لە ناو پاکەرەوەی وشکدا. توێنەرەکان لە ناو لابەری چەوری و ماددە و ڕونکەرەوەکاندا، کلۆروئەمۆنیا لەناو پاکەرەوەکانی ناو ماڵدا، یەکانەئۆکسیدی کاربۆن لە ناو فڕنێک یان مەکینەی ئۆتۆمۆبێلێک کە سووتانی ناتەواویان تێدایە ڕووبدات، بەکتریا و کەڕووی ناو بۆری هەوا خۆشکەر و گەرم کەر و فێنک کەرەکانی ناو ماڵ، ئۆکسیدەکانی نایترۆجین لە شوێنەکانی وەک ئاگردان و گەرمکەرەوەکانی گازی و گەرمکەری نەوتی کە شوێنی کونی هەوا گۆڕکێیان تێدا نەبێت، ئەمانە هەموویان هۆکاری پیسبوونی هەوای ناوماڵن.


سەرچاوەکان



5646 بینین