ئەو ٢١ کارەی کە نابێت لەکاتی سوڕی مانگانەدا ئەنجامیان بدەیت

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار - به‌روار: 2021-04-25-21:38:00 - کۆدی بابەت: 4849
ئەو ٢١ کارەی کە نابێت لەکاتی سوڕی مانگانەدا ئەنجامیان بدەیت

ناوه‌ڕۆك

سووڕی مانگانە

لە ماوەی سووڕی مانگانەدا بەپێی ئەو گۆڕانکاریانەی کە لە جەستە و دەروونی خانماندا ڕوودەدات نابێت هەندێک کار ئەنجام بدەن و ئاوا بارودۆخێکی جەستەی و دەروونی باشتریان دەبێت، وەک دەزانن لە سووڕی مانگانەدا ناوپۆشی ناوەوەی منداڵدان بەشێوەی خوێن دێتە خوارەوە و بە گشتی ئافرەتان تووشی ناڕەحەتی جەستە دەبنەوە وەک:

تەشەنوجی جەستە، ئازاری مەمک، ئازاری سک و پشت و هتد....

هەموو مانگێک بۆ خانمان دەبێت بە دوو هەفتە دوو هەفتە کە دوو هەفتەی حاڵیان باشە و دوو هەفتەی کە حاڵیان باش نییە هەفتەیەک پێش کەوتنە سووڕی مانگانەوە و ئەو هەفتەیەشی کە لە سووڕی مانگانەدان هەڵبەتە ئەمە لە خانمێکەوە بۆ خانمێکی تر دەگۆڕدرێت
بەدڵنییایەوە لەم ماوەدا بەهۆی گۆڕانی هۆڕمۆنەکانەوە جەستە و دەروونی خانمەکە دووچاری ناخۆشی دەبنەوە، ئەو کارانەی کە لە ڕۆژانی ئاساییدا ئەنجامیان داوە دەتوانن لە ڕۆژانی سووڕی مانگانەشدا بیکەن بەڵام قورسترە و سووڕەکە ئازاریان خراپتر دەکات بۆیە باشتر وایە بۆ ئەوەی ماوەیەکی بێ کێشە و سەلامەت بەسەر ببەن ئەوا سەرنجی ئەم خاڵانەی خوارەوە بدەن.

ئەو کارانەی لە کاتی سووڕی مانگانەدا قەدەغەیە

١- خواردنی پڕ لە شەکر:

ئەو خواردنانەی کە بڕێکی زۆری شەکریان تێدایە لەم ماوەدا زیاتر بڕێکی زۆری شەکر دەنێرنە ناو خوێنەوە و هەر بۆیە خواردنی: کێک، شیرینی، پاستا، نانی سپی بە ئاردی سپی، کەم بکەنەوه لەم کاتەدا و لەجێی ئەوە زیاتر سەوزەواتەکان بخۆن.

٢- کەم خواردنی خوێ:

هەروەها کەمتر ئەو شتانە بخۆن کە سوێرە و بڕێکی زۆر خوێی تێدایە تا دووربن لە وشکبوونەوە.

٣- دوورکەونەوە لە خواردنە ناتەندروستەکان:

لێرەدا مەبەست خواردنی دووکانە بەتایبەت جۆرە جیاوازەکانی چپس.

٤- وەرزشی قورس مەکەن:

کاری زۆر قورس و لەدەستدانی بڕێکی زۆری کالۆری دەبێتە هۆی ئازارێکی قورس لەماوەی سووڕی مانگانەدا و ماوەکە قورستر دەکات زیاتر ئەمە لەو ژنانەدا ڕوودەدات کە وەرزشی قورس دەکەن لەم ماوەدا وەک: جوملاستیک، تۆپی بالە، تۆپی دەست باشتر وایە لەم ماوەدا دوورکەونەوە لەم شتانە.

٥- بێ جوڵە مەمێننەوە:

بۆ ماوەیەکی زۆر لە جێگادا مەکەون، زوو زوو هەستنەوە و بجوڵێن، زۆر دانیشتن و پاڵکەوتن بارودۆخەکە خراپتر دەکات و زۆر بیر لە ئازارەکە دەکەیتەوە و دەبێتە هۆی ئازارێکی زیاتری سک، بەڵام کاتێک هەڵدەستنەوە و دەجوڵێن کەمتر بیرتان لای ئازارەکە بەو جوڵانەی کە دەیکەن بۆیە وا باشترە لە کاتی سووڕی مانگانەدا مەشغوڵ بن.

٦- قاوە زۆر مەخۆن:

چونکە خواردنی بڕێکی زۆری قاوە ئازارەکە زیاتر دەکات.

٧- دوورکەونەوە لە ماددە کهولیەکان:

چونکە ماددە کهولیەکان سیستمی جەستە وشک دەکەنەوە و بێ ئاوی دەکەن و ئەمەش دەبێتە هۆی زیاتربوونی ئازارەکە هەروەها دەتوانێت بێتە هۆی وەستاندنی خوێن لەو ماوەیەدا.

٨- سەیری فیلمی هەستیار و ژانەری تراژیدی مەکەن:

خانمان لەکاتی سووڕی مانگانەدا زۆر زیاتر هەستیارتر و بەسۆزتردەبن و بۆیە دەبێت دوورکەونەوە لە سەیرکردنی ئەم جۆرە فیلمانە چونکە بارودۆخیان خراپتر دەکات.

٩- دوورکەوتنەوە لەو مادانەی شیریان تێدایە:

ماددەی شیرەمەنی وەک شیر و ماست بڕێکی زۆر (Eicosatetraenoic acid) تێدایە دەبێت نەخورێن چونکە هۆکارێکە بۆ ئازاری بەشی خوارەوەی سک هەر بۆیە واباشتریشە چەند ڕۆژێک پێش دەستپێکردنی سووڕەکە نەخورێن.

١٠- بۆ ماوەیەکی زۆر یەک سانتی بەکارمەهێنە:

زیانێکی زۆری هەیە بۆ جەستەت و بۆیە باشترە کە پاکوخاوێنانە زوو زوو بیگۆڕیت تا دووربیت لە میکرۆب و پیسی لەم ماوەیەدا پاراستنی پاکوخاوێنی زۆر گرنگە.

١١- دوورکەونەوە لە حسابکردنی کالۆریتان و بێزاربوون بە بێ وزەییتان:

لەجیاتی بێزاری لە بێ وزەیی و بێ توانایی هەوڵبدە کە خواردنی باش بخۆیت و سوود وەرگریت لە مەساج کردن بۆ پشت و سکت و دڵخۆشبە و ئەو کارانە بکە کە حاڵت باشتر دەکەن ئەمە وادەکات لەم کاتەدا قورسەدا هەستێکی باشترت هەبێت.

١٢- دوورکەونەوە لە سەرجێی کردن:

لەم ماوەیەدا دەبێت دوورکەویتەوە لە سەرجێی کردن چونکە ئازار و خوێن بەربوون زیاتر دەکات و سەلامەت نییه.

١٣- ئاوی سارد:

دوورکەونەوە لە خواردنەوەی ئاوی سارد و ساردەمەنی چونکە ئازارتان زیاتر دەکات.

١٤- دوورکەونەوە هەڵگرتنی شتی قورس.

١٥- گرنگیدان بە پێست:

چونکە لەماوەی سووڕی مانگانەدا پێست زۆر هەستیارە بۆیە لێرەدا مەبەست دوورکەوتنەوەیە لە بەکارهێنانی جۆرەکانی ماسک و هەروەها لابردنی مووی دەمووچاو و چونکە لەوانەیە ئەمانە ببنەهۆی دروستبوونی هەستیاری بۆ پێست.

١٦- لەم ماوەیەدا دوورکەونەوە لە خۆشۆردن بە ئاوی سارد.

١٧- بەکارهێنانی حەپی ئەسپرین:

هەرگیز حەپی ئەسپرین و ئەو حەپانەشی کە وەک ئەوە بەکاری مەهێنە چونکە دەبێتە هۆی خوێنبەربوون، ئەسپرین (دەرمانێکە بۆ شلكردنەوەی خوێن).

١٨- پێ خاوسی:

هەرگیز بە پێی خاوس مەسوڕێرەوە بەتایبەت ئەگەر زەویەکە سارد بێت هەروەها لەسەر شتی ساردیش دامەنیشە.

١٩- دوورکەونەوە لە خواردنی میوەی ترش وەک لیمۆ و پڕتەقاڵ و هەموو ئەوانەی تامیان ترشە.

٢٠- کەم خەوی:

کەم خەوی دەبێتە هۆی زیادبوونی بڕی هۆڕمۆنی (کۆڕتیزۆڵ) کە لەکاتی سترێسدا دەردەدرێت ئەم هۆڕمۆنە، باش خەوتن سترێس کەم دەکاتەوە و ئەم هۆڕمۆنەش کۆنتڕۆڵ دەکات.

٢١- چاوەڕێ مەکە ئازارەکە خۆی تەواو ببێت و حەپ نەخۆیت:

زۆرێک ئافرەت وادەزانن لەم ماوەیەدا نابێت حەپی ئازار شکێن بەکاربهێنن و دەترسن لێی و وادەزانن تەنها بە خەوتن و پشوودان ئازارەکەیان کەم دەکات بەداخەوە ئەمە بۆ زۆرینە ڕاست نییە چونکە زۆرینەی خانمان لەماوەی سووڕی مانگانەدا ئازارێکی زۆریان دەبێت و شایەنی بەرگەگرتن نییه و ئیزن مەدە بەم ئازاره زۆرە بێزارت بکات و ڕۆژێک پێش کەوتنە سووڕەکەوە یان یەکسەر لەگەڵ کەوتنە ناو سووڕی مانگانەدا حەپێکی ئازار شکێنی تایبەت بە سووڕی مانگانە بخۆ.


سەرچاوەکان



6464 بینین