چی ڕوو دەدات ئەگەر مانگ نەمێنێت؟

له‌لایه‌ن: - سازگار عومەر - به‌روار: 2021-07-08-13:18:00 - کۆدی بابەت: 5788
چی ڕوو دەدات ئەگەر مانگ نەمێنێت؟

ناوه‌ڕۆك

گرنگی مانگ

مانگ لەوە زیاترە کە تەنیا ڕووخسارێکی جوان بێت و بە شەودا لێی بڕوانین، یارمەتیدەری تەوژمەکان و هەڵکشان و داکشانی زەریاکان و جوڵە و کەشوهەوای زەوییە، تەنانەت یارمەتیدەری جوڵەی تەوەرەیی هەسارەکەشمانە.

ڕاستەوخۆ بە ونبوونی مانگ شەو زۆر تاریکتر دەبێت، چونکە ڕووخساری مانگ بەرپەرچی ڕووناکی خۆر دەداتەوە و ئاسمانی شەوانمان ڕووناک دەکاتەوە، بەبێ ئەو درەوشاوە ناڕاستەوخۆیەی مانگ گەشتکردن بە شەودا بۆ ئەو ناوچانەی کە ڕووناکی دەستکردیان پێ نەگەشتووە زۆر مەترسیدارتر دەبێت وەکو ڕێگای گوندەکان یان چادرگەی ناو دارستانەکان.

ئەگەر تەنیا یەک ڕۆژ مانگ نەمێنێت، چەندین پەرچەکرداری خراپ ڕوودەدات کە کاریگەری ناپێچەوانەیان لەسەر ژیانی سەر زەوی هەیە.

ئەگەر مانگ نەمێنێت چی بەسەر زەریاکان دێت؟

قەبارەی هەڵکشان و داکشانی زەریاکان زۆر بچووکتر دەبێتەوە بۆ نزیکەی یەک لەسەر سێی قەبارەی ئاسایی خۆی، هەڵکشان و داکشانی زەریاکان ماددەکانی ناو زەریاکان دەجوڵێنن کە ڕێگە بە ئاڵوگۆڕکردنی سیستمی ژینگەیی کەنارەکان دەدات بۆ ئەوەی دەربچن، ئاژەڵەکانی ئەو ژینگانە وەکو قرژانگەکان، سەدەفە دوو تۆییەکان، ئەستێرەکانی دەریا، و گوێچکەماسی بۆ مانەوە پشت بە هەڵکشان و داکشانەکانی زەریا دەبەستن.

بەبێ ئاڵوگۆڕکردنی سیستمی ژینگەیی دەکرێت زنجیرە کاردانەوەیەکی یەک لەدوای یەک لەسەر ناوچە و ئاژەڵە دەریاییەکانی تر ڕووبدات و دەکرێت لە ماوەیەکی کەمدا سێ لەسەر چواریان بەرەو لەناوچوون بچن.

جوڵەی هەڵکشان و داکشانی زەریاکان یارمەتی جێگیربوونی ئاووهەوای زەوی دەدات، تەوژمەکانی زەریا لەلایەن هەڵکشان و داکشانەوە بەرەو پێشەوە دەجوڵێن ئاوی گەرم بە گۆی زەویدا دابەش دەکەن و کاریگەری لەسەر ئاووهەوای جیهان هەیە، بەبێ ئەم کاریگەرییە دەکرێت پلەکانی گەرما زۆر زیاتر بەرزبێتەوە لەسەر گۆی زەوی.

ئەگەر مانگ نەمێنێت چی بەسەر ئاژەڵەکاندا دێت؟

دیارنەمانی مانگ دەکرێت سەرلێشێواوییەکی زۆر دروست بکات بۆ ئاژەڵەکانی سەرتاسەری جیهان، ئاژەڵە دڕندەکان پشت بە تاریکی شەو و ئەو ڕووناکییە کەمەی مانگ دەبەستن بۆ ئەوەی بەشێوەیەکی کاریگەر ڕاو بکەن، ئەگەر ئەو ڕووناکییە کەمەی شەو نەبێت، ڕەنگە نێچیر ڕزگاریان ببێت چونکە ئاژەڵە دڕندەکان بە سەختی دەتوانن بەدواییاندا بگەڕێن، وەکو هەڵکشان و داکشانەکان، ئەمە دەکرێت گۆڕانکارییەکی گەورە دروست بکات لە سیستمی ژینگەییدا و دەشێت ببێتە هۆی لەناوچوونی هەندێک جۆری ئاژەڵە دڕندەکان.

چی بەسەر وەرزەکانی ساڵدا دێت ئەگەر مانگ نەمێنێت؟

لە کۆتاییدا و ڕەنگە ئەم خاڵە زیاتر جێی نیگەرانی بێت، دەکرێت بە نەمانی مانگ وەرزەکان تا ڕادەیەکی زۆر گۆڕانکارییان بەسەردا بێت، لەسەر زەوی وەرزەکانی (بەهار، هاوین، پایز، زستان)ـمان هەیە چونکە زەوی لار دەبێتەوە، هەسارەی زەوی بە دەوری خۆردا دەسوڕێتەوە، جوڵەی لاربوونەوەی زەوی نزیکەی 23.5  پلەیە، هەروەها ئەوە هێزی ڕاکێشانی مانگە لەسەر زەوی کە هەسارەکەمان بەو شێوەیە ڕادەگرێت، ئەگەر مانگ جوڵەی لاربوونەوەی زەوی جێگیر نەکات، دەشێت جوڵەی زەوی گۆڕانکارییەکی گەورەی بەسەر بێت و ئەمەش وا دەکات دۆخی زەوی بگۆڕێت لەوەی هیچ جوڵە و لاربوونەوەیەک نەمێنێت هیچ وەرزێک نەمێنێت بۆ جوڵە و لاربوونەوەیەکی ئێجگار زۆر (پلەی گەرمی زۆر داببەزێت و ببێتە هۆی چەرخی سەهۆڵی).


سەرچاوەکان



795 بینین