ڤایرۆسی ئەنفلۆنزا 

له‌لایه‌ن: - ئەنەس جومعە - به‌روار: 2021-07-15-13:37:00 - کۆدی بابەت: 5896
ڤایرۆسی ئەنفلۆنزا 

ناوه‌ڕۆك

ڤایرۆسی ئەنفلۆنزا چییە؟

ڤایرۆسی ئەنفلۆنزا ڤایرۆسێکی پەیوەستە بە کۆئەندامی هەناسەوە کە توشی قوڕگ و لووت و بۆرییەکانی هەوا و هەندێک جار سییەکان دەبێت، هەروەها چەند جۆرێکی جیاوازی ئەم ڤایرۆسانە هەیە کە پەرەدەسەنن و دەگۆڕێن لە ساڵێکەوە بۆ ساڵێکی تر، ئەنفلۆنزا بۆ هەندێک کەس زۆر بێزارکەرە و نیشانەکانی لەماوەی چەند ڕۆژێکی کەمدا دەردەکەون، بەڵام لە هەندێک کەسی تردا ڕەنگە ببێتە هۆی لێکەوتەی خراپ و تەنانەت مردنیش، نزیکەی ١٠-٥٪ـی پێگەیشتوان لە هەموو جیهاندا توشی ئەنفلۆنزا دەبن، بەڵام منداڵان بەڕێژەی ٢٠-٣٠٪ توشدەبن لە ساڵێکدا، سێ جۆر ڤایرۆس هەن کە دەبنە هۆی ئەنفلۆنزا، ئەوانیش ڤایرۆسی A ئەنفلۆنزا و ڤایرۆسی B ئەنفلۆنزا و ڤایرۆسی C ئەنفلۆنزان، کە هەردوو جۆری A،B دەبنە هۆی درمی وەرزی هەموو زستانێک، بەڵام ڤایرۆسی C چەند نیشانەیەکی سووک و سادە لەسەر کەسەکە دروست دەکات و زۆرجار نابێتە درم، هەروەها جێی ئاماژەیە کە ئەنفلۆنزای گەدە کە ئاماژەیە بۆ هەوکردنی گەدە و ڕیخۆڵەکان جۆرێک نییە لە ئەنفلۆنزا. 

نیشانەکانی توشبوون بە ئەنفلۆنزا چین؟

نیشانەگەلێکی زۆر هەن کە دەردەکەون لەسەر توشبووانی ڤایرۆسی ئەنفلۆنزا، کە ئەم نیشانانە جیاوازن لە نیشانەکانی توشبوون بە سەرما، کە دوو جۆر لە نیشانە هەن: ئەو نیشانانەی بە شێوەیەکی لەناکاو دەردەکەون کە ئەمەیان جۆرە بڵاوترەکەیە، هەروەها ئەو نیشانانەی لە ئەنجامی چارەسەرنەکردنی ئەنفلۆنزاوە پەیدا دەبن، لە گرنگترین نیشانەکانی ئەنفلۆنزاش بریتین لە: 

  • نیشانە بڵاوەکانی ئەنفلۆنزا: زۆر نیشانەی بڵاو هەن کە لەگەڵ توشبوون بە ڤایرۆسی ئەنفلۆنزا توشتدەبن وەکوو کۆکە و لووت پژان و توشبوون بە هەوکردنی قوڕگ و پژمە و تا و سەرئێشە و هەست بە گێژی و هیلاکی جەستە و لەرزینی جەستە.
  • ئەو نیشانانەی دەردەکەون لە ئەنجامی چارەسەرنەکردنی ئەنفلۆنزا: هەندێک جار نیشانەکانی ئەنفلۆنزا خۆیان نامێنن بەبێ بەکارهێنانی دەرمان، بەڵام گەر هەفتەیەک مایەوە بەبێ چارەسەر ئەوە دەبێت سەردانی پزیشک بکرێت، ڕەنگە ببێتە هۆی لێکەوتەی خراپ کە بگاتە ئاستی مردن، هەروەها دەکرێت چەند لێکەوتەیەکی تری خراپیش پەیدا ببێت لە ئەگەری چارەسەرنەکردنی وەکوو ڕوودانی هەوکردن لە گوێدا و دڵ تێکەڵهاتن و ڕشانەوە و سک ئێشە و سەرسوڕهاتن و ئازاری سنگ و ڕوودانی تەنگە نەفەسی و هەوکردنی سییەکان و هەوکردنی بۆرییەکانی هەوا و ڕوودانی کێشەی دڵ

ڕێگاکانی خۆپارێزی لە توشبوون بە ڤایرۆسی ئەنفلۆنزا

هیچ ڕێگەیەکی گرەنتی کراو نییە بۆ خۆپارێزی لە ڤایرۆسی ئەنفلۆنزا، بەڵام چەندین هەنگاو و ڕێکار هەن کە دەکرێت بگیرێنە بەر بۆ کەمکردنەوەی توشبوون بە ڤایرۆسەکە و زیادکردنی توانای کۆئەندامی بەرگری، لە گرنگترین ڕێکارەکانی خۆپارێزیش بریتین لە: 

  • وازهێنان لە جگەرەکێشان: چونکە جگەرەکێشان وەڵامدانەوەیەکی باشیان بۆ ڤایرۆسەکە هەیە
  • وەرگرتنی کوتاوی ئەنفلۆنزا: کوتاوە وەرزییەکانی ئەنفلۆنزا نزیکەی سێ بۆ چوار جۆری ڤایرۆس لەناودەبات کە دەبنە هۆی ئەنفلۆنزا. 
  • پەیڕەوکردنی خویی تەندروستی: پەیڕەوکردنی خووە تەندروستەکان دەبنە هۆی کەمکردنەوەی ئەگەری توشبوون بە ڤایرۆسەکە وەکوو شۆردنی دەستەکان بە باشی و پاکژکردنی ڕووەکان و بەکارهێنانی پەڕۆ و کلێنس لەکاتی پژمین و ڕاستەوخۆ فڕێدانی و دەست نەدان لە لووت و دەم و چاوەکان پێش شۆردنی دەستەکان. 
  • وەرگرتنی هەندێک دەرمانی دژە ڤایرۆس: دەرمانی دژە ڤایرۆسەکان کار دەکەن بۆ جەنگان لەگەڵ ڤایرۆسی ئەنفلۆنزا و ڕێگری لە زیادبوونی لە لەشدا.
  • پارێزگاری لە کۆئەندامی بەرگری: کۆئەندامی بەرگری هێڵی یەکەمی بەرگرییە لە لەشدا، بۆیە پارێزگاری و بەهێزکردنی کۆئەندامی بەرگری یەکێک لە ڕێگاکانی خۆپارێزییە لە ڤایرۆسی ئەنفلۆنزا. 


سەرچاوەکان



1686 بینین