چارەسەرکردنی هەوکردنی کۆڕنیەی چاو

له‌لایه‌ن: - ئەنەس جومعە - به‌روار: 2021-07-17-16:13:00 - کۆدی بابەت: 5930
چارەسەرکردنی هەوکردنی کۆڕنیەی چاو

ناوه‌ڕۆك

هەوکردنی کۆڕنیەی چاو 

هەوکردنی کۆڕنیەی چاو حاڵەتێکی نەخۆشییە توشی کۆڕنیەی چاو دەبێت، کە بە بەشێکی زۆر گرنگی بەشەکانی چاو دادەنرێت و وەسفدەکرێت بەوەی ڕەنگی ڕوونە، هەریەکە لە ڕەنگێنەی چاو و بیلبیلە دایدەپۆشن، دەکرێت هەوکردنی چاو لە دەرئەنجامی توشبوونی چاو بێت بە هۆکاری نەخۆشی چاو یان پێکرانی چاو یان برینی چاو، توشبوون بە هەوکردنی چاو حاڵەتێکی بڵاوە، جێی ئاماژەیە کە ئەو کەسانەی هاوێنەی لکاو بەکاردەهێنن ئەگەری توشبوونیان بەم هەوکردنە بە شێوەیەکی بەردەوام بە بەراورد بەکەسانی تر زیاترە، لە هەردوو حاڵەتەکەشدا دەکرێت چەند هەنگاوێک بگیرێتە بەر بۆ ڕێگری لە هەوکردنی چاو، لەکاتی هەستکردنی بە هەوکردنی چاو ڕاستەوخۆ پێویستە سەردانی پزیشک بکرێت بۆ ئەنجامدانی چارەسەری پێویست.

نیشانەکانی هەوکردنی کۆڕنیەی چاو 

بە لەبەرچاو گرتنی ئەوەی کە کۆڕنیەی چاو بەشێکی زۆر گرنگی چاوە کە یارمەتیدەری تەرکیزکردنی هەستی بینینە، توشبوون بە هەوکردنی چاو ڕەنگە ببێتە هۆی ناڕوونی لە بینین، وێڕای هەست بە ئازاری چاو، ئەو ئازارەی کەسەکە هەستی پێ دەکات لە چاودا لە گرنگترین نیشانەکانی هەوکردنی کۆڕنیەی چاوە، هەروەها کەسەکە ڕەنگە هەست بکات بە هەبوونی شتێک لە چاودا، لەکاتێکدا چاو هیچی تێدا نییە، لەگەڵ هەموو ئەوەشدا چاو فرمێسکی زیاتر لە بڕی ئاسایی دەڕژێت، ڕەنگی چاو دەگۆڕێت و سوور دەبێتەوە کە نیشانەیەکی تری هەوکردنی کۆڕنیەی چاوە، هەروەها ڕەنگە هەندێک دەردراوی نائاسایی ببینرێت لە چاوەوە، هەروەها کەسی توشبوو گلەیی لە ڕووناکی دەکات چونکە چاوەکانی هەستیارییان بۆ ڕووناکی زیاد دەکات، ئەوەش پێی دەوترێت ترسەڕووناکی، بە جۆرێک کەسی توشبوو بە هەوکردنی چاو ڕەنگە نەتوانێت سەیری ڕووناکی بکات و پێی بێزار دەبێت، یان ڕقبوونەوە لە ڕووناکی لە ماڵ یان ئەو شوێنەی ئەوی لێیە، یان ڕەنگە ئازار بچێژێ لە چوونە دەرەوە یان تیشکی خۆر، بە لەبەرچاو گرتنی ئەوەش پێویستە بە زووترین کات چاورەسەری هەوکردنی کۆڕنیە بکرێت.

هۆکارەکانی هەوکردنی کۆڕنیەی چاو

توشبوون بە هەوکردنی کۆڕنیەی چاو کارێکی ئاسان نییە، لەبەر ئەوەی هەستی بینین لای مرۆڤ هەستێکت زۆر گرنگە و زۆر هەستیارە، هەر بۆیە گرنگە چارەسەری هەوکردنی کۆڕنیە و نیشانەکانی و هۆکارەکانی بکرێت بۆ ڕێگری لەو ئازارانەی بەدوای خۆیدا دەیهێنێت، لەو هۆکارانەش کە دەبنە هۆی توشبوون بە هەوکردنی کۆڕنیەی چاو بریتین لە: 

  • توشبوونی چاو بە چەندین هۆکاری نەخۆشی جیاواز، وەکوو بەکتریا و ڤایرۆس و کەڕووەکان.
  • هەستکردن بە وشکی چاو و کەمی شلەی چاو. 
  • تێکچوون لە پێڵووی چاو. 
  • برینی چاو. 
  • کێشە و نەخۆشی تەندروستی کە دەبنە هۆی هەوکردنی کۆڕنیەی چاو.
  • هەندێک جار هەوکردنەکە هۆکارەکەی نادیارە، بۆیە چارەسەرکردنی قورسە. 
  • دەکرێت هۆکاری هەوکردنی کۆڕنیەی چاو هەڵە بەکارهێنانی هاوێنە (عدسة)ی چاو بێت، وە لەچاوکردنی بە درێژایی شەو و کاتی نوستن، کە هۆکارن بۆ هەوکردنی کۆڕنیەی چاو. 
  • بەرکەوتنی چاو بە بڕێکی زۆری ئاو بە شێوەیەکی هەڵە، وەکوو ئەوەی ڕوودەدات لەکاتی مەلەکردن، ئەگەر ئاوەکە پیس بێت. 

چارەسەری هەوکردنی کۆڕنیەی چاو

زۆری هۆکارەکانی هەوکردنی کۆڕنیەی چاو وادەکات چارەسەرەکانیش هەمەجۆر و قورس بن بەپێی حاڵەتەکە، هەر زوو چارەسەرکردنی هەوکردنی کۆڕنیە زۆر گرنگە بۆ پارێزگاری لە تەندروستی چاو، بە جۆرێک چارەسەرنەکردنی هەوکردنی کۆڕنیەی چاو دەبێتە هۆی چەندین لێکەوتەی خراپ و دوور نییە بگاتە ئاستی نابینایی، لە گرنگترین چارەسەرەکانی هەوکردنی کۆڕنیەی چاو چارەسەر بە دەرمان و نەشتەرگەری دەگرێتەوە، وەکوو: 

  • دەرمانی دژە توشبوون بە هۆکاری نەخۆشی: ڕەنگە پزیشک دەرمانی دژە هەوکردنەکان بنوسێت بۆ کۆتایی هێنان بە هەوکردنەکە، وەکوو دژە زیندەییەکان کە بەکتریای هۆکاری هەوکردنەکە لەناودەبەن، هەروەها دژە ڤایرۆسەکان کە ڤایرۆسەکانی هۆکاری هەوکردنەکە لەناودەبەن، یان دژە کەڕووەکان کە بە شێوەی دڵۆپە یان مەرهەم یان حەب دەدرێن، گرنگە گوێڕایەڵی وردی پزیشک بکرێت بۆ بەکارهێنانی دەرمانەکان تاکوو چارەسەرەکە بە باشترین شێوە بگاتە ئەنجام. 
  • دەرمانە ستیرۆیدییەکان: ئەم دەرمانانە بەکاردێن بۆ کەمکردنەوەی هەوکردن لە زۆربەی بەشەکانی لەش بە شێوەیەکی گشتی، کاریگەری ئەرێنیشی هەیە لە کەمکردنەوەی هەوکردن و نیشانەکانی، لەم حاڵەتەدا بە تایبەت ستیرۆیدەکان بەکاردەهێنرێن بۆ کەمکردنەوەی هەوکردنی کۆڕنیەی چاو، کە بە شێوەی دڵۆپەی چاو دەدرێت، هەروەها گرنگە گۆڕایەڵی پزیشک بکرێت بۆ چۆنیەتی بەکارهێنانی ستیرۆیدەکان وەکوو چارەسەر.
  • چاندنی کۆڕنیەی نوێ: دەکرێت پەنا ببرێتە بەر ئەنجامدانی نەشتەرگەریی بۆ چاندنی کۆڕنیەی نوێ لەکاتی کارنەکردنی دەرمانەکان کە پزیشک بۆی نوسیوە یان چارەسەر نەبوون تەنها بە دەرمان، یان لەکاتی توشبوونی چاو بە کۆمەڵێک زیانی زۆر کە ڕەنگە ببێتە هۆی لەدەستدانی بینایی، کە کۆڕنیەیەکی بێ کێشەی کەسێکی خۆبەخش دادەنرێت بۆ نەخۆشەکە، کە ئەم کۆڕنیە نوێیەی خۆبەخشەکە دەکرێتە جێگەی کۆڕنیە تێکچووەکەی کەسی نەخۆش. 

لێکەوتە خراپەکانی توشبوون بە هەوکردنی کۆڕنیەی چاو

بە ڕەچاوکردنی ئەوەی هەوکردنی کۆڕنیەی چاو شتێکی ئاسان نییە، کەواتە بەردەوامی توشبوون بە هەوکردنی کۆڕنیەی چاو و چەندبارەبوونەوەی ڕەنگە ببێتە هۆی قورسی چارەسەرکردنی و هەروەها دەبێتە هۆی چەندین لێکەوتەی خراپ کە توشی کۆڕنیەی چاو دەبێت، وە ڕەنگە ببێتە هۆی پشتگوێخستنی کۆڕنیەی چاو و سەردانی نەکردنی پزیشک پاش هەستکردن بە نیشانەکانی توشبوون بە هەوکردنی کۆڕنیەی چاو تاکوو لێکەوتە خراپەکانی دەردەکەون، لە گرنگترین لێکەوتە خراپەکانی هەوکردنی کۆڕنیەی چاو بریتین لە: 

  • توشبوون بە هەوکردنی کۆڕنیەی چاوی درێژخایەن و چەندبارەبووەوە. 
  • توشبوونی کۆڕنیەی چاو بە کۆمەڵێک جێ برین کە چارەسەرکردنیان قورسە. 
  • توشبوون بە هەوکردنی ڤایرۆسی کۆڕنیەی چاوی درێژخایەن و بەردەوام.
  • توشبوون بە برینی کراوە لە کۆڕنیەی چاودا. 
  • کەمبوونەوەی کاتی یان هەمیشەیی لە ڕوونی و توانای بینین لای کەسی توشبوو. 
  • لەدەستدانی بینایی، کە ئەمە قورسترین و خراپترین لێکەوتەیە کە دەکرێت توشی نەخۆشەکە ببێت.


سەرچاوەکان



1621 بینین