ئەو زانیاریانەی کە دەبێت لە کاتی کڕینی یاری بۆ منداڵەکەت بزانیت

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار - به‌روار: 2021-07-24-16:56:00 - کۆدی بابەت: 6025
ئەو زانیاریانەی کە دەبێت لە کاتی کڕینی یاری بۆ منداڵەکەت بزانیت

ناوه‌ڕۆك

یاری منداڵ

چۆن خۆراک و خەو گرنگە بۆ منداڵ بە هەمان شێوە یاری یەکێکە لە گرنگترین هۆکارەکان بۆ گەشە و وزەی منداڵەکەت، منداڵان بە هۆی یارییەکانەوە مێشکیان فراوانتر دەبێت و زیاتر گەشە دەکات و ئەزموونی زیاتر وەردەگرن، گرنگە هەموو منداڵێک یاری بکات ڕۆژانە.

ئایا یارییەکان دەتوانن منداڵەکەت هۆشیارتر بکەن؟

بێگوومان مەرج نییە کە هەمیشە ئەو یاریانەی بۆ بکڕیت کە بانگەشەی ئەوە دەکەن بۆ مێشکی منداڵ باشە و هۆشیاری دەکاتەوە و مێشکی دەجوڵێنێت، زۆر جار یارییەکی سادە لە ماڵەوە زۆر باشترە، وەک پڕکردن و خاڵیکردنەوەی قاپی پلاستیکی، دروستکردنی ماڵ لە سەرین، دروستکردنی جلوبەرگی جیاواز بە پارچە قوماش.

دەبێت چ یارییەک بکڕین بۆ منداڵەکانمان؟

یارییەک کە هونەری بێت

هەوڵبدە کە فێری بکەیت میکانۆکان بە جوانی دابنێت و بزانێت کامە جێگای خۆیەتی، بەکارهێنانی هەویری دەستکرد بۆ دروستکردنی کۆمەڵێک شت، بەکارهێنانی پێنووس و ماجیکی ڕەنگاوڕەنگ.

یارییەک کە منداڵەکەت ببەستێتەوە بە دونیاوە

یارییەک بکڕە کە منداڵەکەت خۆی بگونجێنێت لەگەڵ دنیادا، وەک قارەمانێکی ناو کارتۆنەکان نموونە سۆپەرمان و بێن تێن.

یارییەک کە بتوانن لەگەڵ هاوڕێدا بەشی بکەن

یارییەک بۆ منداڵەکەت بکڕە کە یاری پێبکات لەگەڵ هاوڕێکانیدا، وەک میکانۆ و کەلوپەلی ناو چێشتاخانە بۆ کچان، تا بتوانن لە ڕێگەیەوە قسە بکەن و ڕای خۆیان بگۆڕنەوە.

یارییەک کە چالاکی منداڵەکە زۆر بکات

منداڵانی ٥ ساڵ پێوستە یارییەکیان هەبێت کە وزەیان پێ ببەخشێت و چالاک بن وەک، کۆلارە، کەلوپەلی وێنەکێشان، پایسکیل، دووربین.

لە کاتی کڕینی یاریدا چی لەبەرچاو بگرین؟

پاراستنی منداڵەکەت

کاتێک منداڵەکەت بچووکە و تازە پێ دەگرێت پێوست ناکات هەندێک یاری بۆ بکڕیت کە تێیدا بکەوێت و زیانی پێ بگات، یاخود هێشتا منداڵەکەت توانای دانیشتنی نییە نابێت ئەسپی بۆ بکڕیت و لە سەری دایبنێیت چونکە هێشتا ناتوانێت خۆی بگرێت.

تەمەن

کاتێک یارییەک بۆ منداڵێک دەکڕیت دەبێت سەرنجی تەمەنی منداڵەکە بدەیت، بۆ منداڵی گەورە، ئۆتۆمبێل، فڕۆکە، دووربین، شۆفڵ و بوکەڵەی گەورە و کەلوپەلی ناوماڵی منداڵانە.

هەمەجۆری

یارییەک بۆ منداڵەکەت بکڕە کە زوو لێی بێزار نەبێت و بتوانێت بەو یارییە چەند یارییەکی دیکەی پێ بکات، هەر جارە و بۆ مەبەستێک بەکاری بهێنێت، بۆ نموونە میکانۆ و کەلوپەلی ناو ماڵ کە دەتوانن ڕۆژانە چەندین جار شێوازی یاری کردنەکە بگۆڕن.

جەستەی منداڵەکەت

کاتێک منداڵەکەت زۆر بچووکە ناتوانیت یارییەکی گەورەی بۆ بکڕیت، بۆ نموونە بوکەڵە یان ورچێکی زۆر گەورە بۆ کچێکی بچووک کە نەتوانێت هەڵیبگرێت.

کوالێتی 

گرنگە کە کوالێتی یارییەکە باش بێت، یارییەک مەکڕە کە بەرگەی دوو ڕۆژی دەستی منداڵەکەت نەکات و زوو بشکێت.

نرخ

مەرج نییە هەموو کاتێک یاری زۆر گران بکڕیت بۆ منداڵەکەت و پارەیەکی زۆری پێ بدەیت، بە تایبەت منداڵی بچووک زۆر لە یاری تێناگات و دەیشکێنێت، بە تایبەت ئەگەر منداڵەکەت لەوانەیە کە زوو یارییەکانی خراپ دەکات پێویست ناکات پارەیەکی زۆری پێ بدەیت چونکە کاتێک هەمیشە یارییەکانی دەشکێنێت تۆش ناچاریت زوو زوو یاری بۆ بکڕیتەوە، گونجاو نییە کە هەموو جارێک یارییەکی گران بکڕیتەوە.

لەسەر چ بنەمایەک یاری بکڕیت بۆ منداڵەکەت؟

یارییەکە مەرج نییە هەمیشە گونجاو بێت لەگەڵ ڕەگەزی منداڵەکەدا.

هەمیشە وتراوە کە تۆ کچت بوکەڵە بکە باوەشت و کوڕیش ئۆتۆمبێل، بەڵام زۆر ئاساییە ئەگەر کچەکەت حەزی لە ئۆتۆمبێل بێت بۆی بکڕە با یاری پێبکات یاخود کوڕەکەت حەزی لە هەندێک یاری کچانە بێت.

کڕینی یارییەک کە گونجاو بێت لەگەڵ کەلتوردا

یارییەک بۆ منداڵەکەت مەکڕە هەندێک ئاماژەی سەیری تێدابێت، یاخود بوکەڵەیەک کە ئەندامی زاوزێی هەبێت و بە شێوەیەک ڕووت بێت، مەڵێ ئەمە منداڵە و لەو شتانە تێناگات بە هیچ شێوەیەک وانییە و کاریگەری زۆری دەبێت بۆیە وریابە.

یارییەک کە منداڵەکەت بێزار نەکات

بە تایبەت بۆ منداڵانی زۆر بچووک پێویست ناکات یارییەک بکڕیت دەنگی زۆر بەرزی لێوەبێت یاخود مۆسیقا کە منداڵەکە بترسێنێت و ڕایچڵەکێنێت.


سەرچاوەکان



1401 بینین