لوبنان

لوبنان

له‌لایه‌ن: محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-08-02-11:47:00 - کۆدی بابەت: 6144
لوبنان

ناوه‌ڕۆك

وڵاتی لوبنان

کۆماری لوبنان (بە عەرەبی: الجُمْهُورِيَّة اللبنانيَّة) دەوڵەتێکی عەرەبییە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دەکەوێتە ڕۆژئاوای کیشوەری ئاسیا، لە باکوور و ڕۆژهەڵاتەوە لەگەڵ سوریا هاوسنوورە و لە ڕۆژئاواوە لەگەڵ دەریای ناوەڕاست، وڵاتێکی دیموکراتی کۆماری تائیفییە و زۆرینەی خەڵکەکەی عەرەبی موسوڵمان و مەسیحین، بە پێچەوانەی وڵاتانی دیکەی عەرەبی لێرە مەسیحییەکانیش چالاکی تایبەت بە خۆیان هەیە، زۆرێک لە گەلەکەی لە سەردەمی فینیقییەکان کۆچیان کردووە بۆ تەواوی ناوچەکانی دیکەی جیهان و بڵاوە بوون.

لوبنان وڵاتێکی فرە کلتوورە بەهۆی ئەو هەموو داگیرکارییەی تووشی هاتووە لەبەر شوێنە جوگرافییەکەی کە ڕێگای نێوان کیشوەرەکان بووە و کەوتوەتە نێوان باشووری ئەوروپا و ڕۆژئاوای عەرەبەکان و ڕۆژهەڵاتی ئەفریقا و ڕۆژئاوای ئاسیا، مێژووی وڵاتەکەش دەگەڕێتەوە بۆ ٧٠٠٠ ساڵ پێش ئێستا.

فینیقییەکان لە کۆندا لەسەر زەوی ئێستای لوبنان نیشتەجێ بوون لەگەڵ بەشێک لە زەوی فەڵەستین و سوریا، جگە لە فینیقییەکان چەندین شارستانی دیکەی بە خۆیەوە بینیوە: (میسڕییە کۆنەکان، ئاشووریەکان، فارسەکان، ئەغریقیەکان، ڕۆم، ڕۆمی بێزەنتی، عەرەبەکان، خاچپەرستەکان، تورکە عوسمانییەکان، فەڕەنسییەکان).

وڵاتێکە لە بەرزاییەکی زۆر پێکهاتووە و ئەمەش وایکردووە ببێتە مۆڵگەی زۆرێک لە گرووپە ئازادویست و شۆڕشگێرەکان، لەگەڵیشیدا بەهۆی بەرزاییەکانی و کەشوهەوا و شوێنە گەشتیارییەکانیەوە ساڵانە چەندین گەشتیار ڕووی تێدەکەن و بەشێکی ئابووری وڵاتەکە بەوە بەندە و زیاتر لە %٦٥ـی داهات بەهۆی داهاتی گەشتیارییەوەیە، بەهۆی ئەمەشەوە چەندین جار بە سویسرای ڕۆژهەڵات و بەیروتیش بە پاریسی ڕۆژهەڵات ناوزەند کراون.

ناوی فەرمی کۆماری لوبنان
ڕووبەر ١٠٤٥٢ کیلۆمەتری دووجا
پایتەخت بەیروت
زمانی فەرمی عەرەبی
ناوی هاوڵاتیان لوبنانی
ڕێژەی دانیشتوان ٤ ملیۆن
ڕێژەی تەمەنی ناوەند ٧٩ ساڵ (٢٠١٦)
شێوازی حوکم کۆماری پەرلەمانی
سەرۆکی وڵات میشال عۆن
سەرۆکی پەرلەمان نەبیھ بەری
سەرۆک وەزیران حەسان دیاب
سەربەخۆیی ٢٢/١١/١٩٤٣
دراو لیرەی لوبنانی
کۆدی ئینتەرنێت .lb
کۆدی تەلەفۆن ٩٦١+
ڕێڕەوی ڕۆشتن ڕاست

دانیشتوان

زیاتر لە %٤٠ـی دانیشتوانی وڵاتەکە پەیڕەوی ئایینی مەسیحین لەژێر دەسەڵاتێکی دیموکراسیدا و خەڵکەکەش دابەش دەبن بەسەر ١٨ هۆزی جیاجیادا، بەپێی ئاماری نەتەوە یەکگرتووەکان ساڵی ٢٠٠٩ دانیشتوانی لوبنان ٤ ملیۆن کەس بوون و ژمارەی ئەو کەسانەی لوبنانین و بەهۆی کۆچکردنەوە لە وڵاتانی دیکەن ٨ ملیۆن کەسن، بەهۆی کەمیی لە بەرزبوونەوەی ڕێژەی لەدایکبوون، بەڕای چاودێران ساڵی ٢٠٥٠ دانیشتوانی لوبنان دەبنە ٣ ملیۆن کەس.

دانیشتوانەکەی زۆرینەی بە زمانی عەرەبی قسەدەکەن، هەندێکیش بە فەڕەنسی و ئینگلیزی قسەدەکەن، لەگەڵ بوونی چەند زمانێکی کەم بەکارهێنراو وەک کوردی و ئەرمەنی و سریانی.

بەهۆی ئەوەی وڵاتەکە چەندین شارستانی و داگیرکاری بەخۆیەوە بینیووە، یەکەمین زمانی فینیقی بووە و دواتریش هەریەک لە ئارامی و سریانی و ئەغریقی بوون، دوای فەتحی ئیسلامی زمانی عەرەبی بەکارهێنرا و لەوکاتەوە بەردەوامە، بەڵام عەرەبی لوبنانی وەک دیالێکتێکی تایبەت دەناسرێت و تێکەڵەیەکە لە عەرەبی و سریانی و ئارامی و تورکی و فارسی.

جوگرافیا

لوبنان دەکەوێتە ڕۆژئاوای کیشوەری ئاسیا و بە دەریای سپی ناوەڕاست کۆتایی دێت کە کەناراوەکانی ٢٢٥ کیلۆمەترن، لەگەڵ هەریەک لە سوریا بە ٣٧٥ کیلۆمەتر و ئیسرائیل بە ٧٩ کیلۆمەتر دراوسێیە، لە باکوور بۆ باشوور چەندین زنجیرە چیای هەیە کە پێیان دەوترێت زنجیرە چیاکانی لوبنانی ڕۆژهەڵات، خاوەنی چەندین ڕووبارە وەک لیطانی و عاصی.

کەشوهەوا

کەشوهەوا بە گشتی مامناوەندە بەڵام جیاوازە لە دوو شوێن:

  • لە کەناری دەریا: زستانی سارد و باراناوییە، هاوینی گەرم و شێدارە.
  • لە ناوچە شاخاوییەکان: زستانی ساردە و پلەی گەرما لە خوار سفرەوەیە لەگەڵ بارینی بەفر، هاوینی مامناوەندە بەبێ بوونی شێ.

وڵاتی لوبنان بە درەختی سیدەر بەناوبانگە کە لە پێشوودا بەشێکی زۆری وڵاتەکەی پێکهێناوە، بەڵام ئێستا بەهۆی زۆری بەکارهێنانەوە کەمبوونەتەوە، ئەم درەختە وەک سیمبولی لوبنان لە ئاڵای وڵاتەکە بوونی هەیە.

مێژووی دروستبوونی کۆماری لوبنان

لە جەنگی جیهانی یەکەم زیانێکی زۆر بەر وڵاتەکە کەوت، بەهۆی ئەوەی دەوڵەتی عوسمانی دەستی بە سەربازیکردنی خەڵکی ڕۆژئاوا کرد و زۆرێک لە پیاوان و گەنجانی وڵاتی ناردە بەرەکانی جەنگ، هەروەها هاوپەیمانانیش گەمارۆی ئابووری و ئاوییان خستە سەر وڵات بەهۆی ئەوەی ڕاگەیەندرابوو کە بەشێکە لە وڵاتانی تەوەر.

ئەمانەش بوونە هۆی بڵاوبوونەوەی برسێتی و نەخۆشی و پەتا، ئەو کەسانەشی کە دژی جەنگی عوسمانییەکان بوون و لەگەڵیان نەبوون سزا دەدران و دەکوژران، لە کۆتایی جەنگ کە عوسمانییەکان دۆڕان، دوای ئەوەی ئەمیر فەیسەڵ کوڕی حسێنی دیمەشق لە وڵاتی شام دەوڵەتی سوریای عەرەبی دامەزراند، لە ١٩١٨/١٠/٦ حەبیب پاشا سەعد بووە بەرپرسی چیای لوبنان و حکوومەتێکی عەرەبی لە بەیروت دامەزراند، بەڵام تەنیا سێ ڕۆژی خایاند و فەڕەنسی و بەریتانییەکان ڕووخاندیان و لوبنان و شامیان کردە وڵاتی ژێردەستەی خۆیان.

لە ساڵی ١٩٢٠ سوریا دابەشکرا، لە پەیماننامەی سایکس پیکۆ دەوڵەتی لوبنانی گەورە دامەزرا و بەیروت کرایە پایتەختی و ئاڵاکەی بریتیبوو لە ئاڵای فەڕەنسا و لوبنان پێکەوە، لە ٢٣/٥/١٩٢٦ ئەنجوومەنی دەستووری کۆماری لوبنانیان ڕاگەیاند و بەوەش لوبنان بووە یەکەمین کۆماری نیشتمانی عەرەبی.

بۆ جارێکی دیکە لە جەنگی جیهانی دووەم داگیرکرایەوە و ساڵی ١٩٤٣ سەربەخۆیی خۆی وەرگرت بە دەستی بەریتانییەکان.

حکوومەت

لوبنان وڵاتێکی کۆماری دیموکراتی پەرلەمانی تائیفییە و پلەکانی حکوومەت بەسەر هەر ١٨ تائیفەکەدا دابەش دەکرێت، بۆ نموونە سەرۆکی وڵات مەسیحی موارنەیە و سەرۆک وەزیران سوننەیە و سەرۆکی پەرلەمان شیعەیە.

دابەشبوونی کارگێڕی

وڵاتەکە بەسەر هەشت پارێزگار دابەش دەبێت کە ئەوانیش ٢٥ قەزا لەخۆیان دەگرن.

پارێزگاکان

  • بەیروت
  • جەبەل لوبنان
  • شمال
  • بقاع
  • نەبتییە
  • جەنوب
  • عەکار
  • بەعلبەک هەرمل

ئابووری

لوبنان خاوەنی ئابوورییەکی بەهێزە و دەستی کاری زۆرە و نزیکە لە هێزی کاری وڵاتە ئەوروپییەکان و بەرزترینیشە لەنێو وڵاتە عەرەبییەکاندا.

لە ڕووی کشتوکاڵەوە، وڵاتێکی بەپیتە و لە نێو هەموو وڵاتانی عەرەبی ئاسیایی خاوەن بەپیتترین زەوی کشتوکاڵییە، بەڵام کشتوکاڵ هێزی کاری کەمە و کەمترە لە %١٢ـی داهات، و کەمتر %١١ـی بەرهەمی وڵات خۆماڵییە، زۆرترین بەرهەمی کشتوکاڵیش: (سێو، قۆخ، پڕتەقاڵ، لیمۆ، زەیتوون)ـن.

لە ڕووی پیشەسازییەوە بەرهەمەکانی بریتین لە: (کەرەستەی خۆراکی، چیمەنتۆ و بەرهەمی کیمیایی و بەرهەمەکانی تەختە و درەخت و دروستکردنی کەرەستەی جوانکاری و پاڵاوتنی نەوت و ئاسن و خوێ و بەردی جیری).

هونەر

وڵاتی لوبنان خاوەنی زۆرێک لە هونەرمەندەکانی جیهانە و زۆرینەیان کەسانی بەناوبانگن، وەک فەیروز و وەدیع صافی و سەباح کە گۆرانییەکانیان مۆرکێکی نەمری پێوەیە لە نێو جیهانی عەرەبی، هەروەها سەمیرە تۆفیق و مولحم بەرەکات و مارسێل خەلیفە و جولیا بطرس و ماجیدە ڕۆمی و نەسڕی شەمسەدین.

هەروەها لە هونەرمەندە مۆدێرنەکانیش هەریەک لە نەجوا کەرەم عاسی حەلانی و وائیل کەفوری و ڕاغیب عەلامە و ئیلیسا و هەیفا وەهبی و نانسی عەجرەم خەڵکی لوبنانن.

ڕۆژەکانی پشوو

١/١  سەری ساڵی نوێی زایینی
٦/١ لەدایکبوونی مەسیح لەلای هۆزەکانی ئەرمەنی
٩/٢ ڕۆژی مار مارۆن
٢٥/٣ ڕۆژی بەشارە
١/٥   ڕۆژی کرێکاران
١٥/٨  بەرزبوونەوەی مەریەمی پاکیزە بۆ ئاسمان
٢٢/١١ ڕۆژی سەربەخۆیی
٢٥/١٢ ڕۆژی لەدایکبوونی مەسیح لەلای کاسۆلیکییەکان
  سەری ساڵی کۆچی
  عاشورا
  لەدایکبوونی پێغەمبەر (د.خ)
  جەژنی ڕەمەزان و قوربان
  هەینی ئازارەکان لەلای کاسۆلیکییەکان
  ڕۆژی قیامەت لەلای هەردوو ئەرمەنی و کاسۆلیکییەکان

 


سەرچاوەکان

93 بینین