کوەیت

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-08-04-16:41:00 - کۆدی بابەت: 6172
کوەیت

ناوه‌ڕۆك

دەوڵەتی کوەیت

کوەیت (بە عەرەبی: دَوْلَةُ الْكُوَيْت)، دەوڵەتێکی عەرەبییە و دەکەوێتە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست لە باشووری ڕۆژئاوای کیشوەری ئاسیا و دەکەوێتە گۆشەی باکووری کەنداوی فارس، لە باکوورەوە لەگەڵ کۆماری عێراق و لە باشوورەوە لەگەڵ شانشینی عەرەبی سعودیە هاوسنوورە، کۆی گشتی ڕووبەری وڵاتەکە ١٧,٨١٨ کیلۆمەتری دووجایە، و دانیشتوانەکەی زیاترە لە ٤,٦ ملیۆن کەس.

پایتەخت کوەیت
زمانی فەرمی عەرەبی
دانیشتوان ٤ ملیۆن و ٢٠٤ هەزار کەس (داتای ٢٠١٩)
جۆری حوکم پشتاوپشتی دەستووری
ئەمیر نەواف ئەحمەد سەباح
جێنشین مەشعەل ئەحمەد جابر سەباح
سەرۆکی ئەنجوومەنی گەل مەرزوق غانم
سەرۆک وەزیران سەباح خالید حەمد سەباح
سەربەخۆیی ١٩/٦/١٩٦١
دراو دیناری کوەیتی
ڕێڕەوی ڕۆشتن ڕاست
ژمارەی تەلەفۆنی نێودەوڵەتی ٩٦٥+

شاری کوەیت

شاری کوەیت لە ساڵی ١٦١٣ دروستکراوە و بنەماڵەی ئال سەباح بەڕێوەیان بردووە کە باڵێکی هۆزی عوتوبن، لە سەرەتای دروستبوونەوە خەڵکی بە کاروباری دۆزینەوەی مرواری و بەردی گرانبەها سەرقاڵبوون بەهۆی نزیکی ئاو لێیانەوە، هەروەها بازرگانی لە نێوان هیندستان و نیمچەدوورگەی عەرەبی پیشەیان بووە، ئەوەش وایکرد ببێتە بنکەیەکی بازرگانی گەورە لە نێوان ئاو و عەرەبەکان.

هەتاوەکوو ساڵی ١٩٤٦ مەلەوانی و دۆزینەوەی مرواری کاری سەرەکی خەڵکی کوەیت بوو، دوای ئەوە نەوت دۆزرایەوە لە وڵاتەکە و سەردەمێکی نوێ دەستی پێکرد.

کوەیت بە سەرکردایەتی بنەماڵەی ئال سەباح تا ڕادەیەک سەربەخۆیی خۆی پاراستبوو لە دەسەڵاتی عوسمانی هەتاوەکوو ساڵی ١٩١٥ کە کوەیت کەوتە دەست حکوومەتی بەریتانیا ئەوەش دوای واژووکردنی پەیماننامەی پاراستن لەگەڵ ئیمپڕاتۆریەتی بەریتانیا لە ٢٣/١/١٨٩٩، کوەیتییەکان ئەم پەیماننامەیان بەکارهێنا بۆ دامەزراندنی دەسەڵاتێکی سەردەمی و گەورەکردنی، هەروەها پەیوەندییەکی گەورە لەگەڵ وڵاتانی دەرەوە، لە ١٦/٦/١٩٦١ پەیماننامەکە هەڵوەشایەوە و سەربەخۆیی کوەیت ڕاگەیەندرا، و لە ١١/١١/١٩٦٢ دەستووری کوەیت دانرا.

دەسەڵات و پەیوەندی

حکوومەتی کوەیت دەسەڵاتێکی شانشینی دەستوورییە و بنەچەی شێخ موبارەک ئال سەباح بەڕێوەی دەبەن و دەسەڵات پشتاوپشت دەگوازرێتەوە، دەسەڵاتی یاسادانانیش پەرلەمانییە و ئەنجوومەنی ئوممەت یان گەل دەسەڵاتی بەڕێوبردنی هەیە، لە ماددەی شەشەمی دەستووری کوەیت هاتووە کە دەسەڵات بۆ گەلە.

کوەیت ئەندامی ئەنجوومەنی هاوکاری وڵاتانی کەنداوی عەرەبی و ڕێکخراوی ئۆپیک و ڕێکخراوی هاوکاری ئیسلامی و کۆمکاری عەرەبی و نەتەوە یەکگرتووەکانە لە ساڵی ١٩٦٣ـوە، هەروەها ئەندامی دەرەکی ناتۆیە لەلایەنی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە.

ناوی کوەیت

ناوی کوەیت پێشتر قەرین بوو، کە بە واتای بەرزایی دێت، دواتر کرا بە کوەیت کە لە وشەی "کوت"ـەوە هاتووە و بەواتای قەڵا دێت.

ئابووری کوەیت

ئابووری کووەیت یەکێکە لە بەهێزترین ئابووریەکانی ناوچەکە و هەناردەکەرێکی گەورەی نەوتە بۆ جیهان، زۆرینەی ئابووری وڵاتەکە لەلایەن حکوومەتەوە بەڕێوەدەبرێت و پیشەسازی نەوت %٥٠ـی ئابووری وڵات و داهاتی ناوخۆیە و %٩٥ـی هەناردەکانی حکوومەتە.

یەدەگی نەوتی خاوی کوەیت ٩٦ ملیار بەرمیلە کە دەکاتە %١٠ـی یەدەگی جیهان.

زۆربەی زەوی وڵاتەکە بە کەڵکی کشتوکاڵ نایەت و %٧٥ـی ئاوەکەی دەبێت خاوێن بکرێتەوە بۆ ئەوەی بە کەڵکی بەکارهێنان بێت، لەجێی کشتوکاڵ هەناردەکردنی ماسی و گوێچکە ماسی و مرواری جێگای گرتوونەتەوە، بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لە ١٩٩٩ بووە هۆی دابەزینی بودجە لە ٥,٥ ملیار بۆ ٣ ملیار دۆلاری ئەمریکی.

کوەیت یەکێکە لە وڵاتە دەوڵەمەندەکانی جیهانی عەرەبی و ئیسلامی و لە حەفتاکانی ڕابردوو داهاتی تاک گەیشتە %٤٣٩، بەڵام لە هەشتاکان بوو بە %٥٨ و لە نەوەدەکان دووبارە گەیشتە %٩١.

ساڵی ١٩٩٩ یەکەمین ناوچەی بازرگانی ئازاد کراوەتەوە لە ژێر پلانی ڕێکخستنەوەی ئابووری وڵات و هەمیشەش لەگەڵ کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان لە گفتوگۆدان بۆ کارکردن لەسەر بەشی باکوور.

ساڵی ٢٠٠٣ کوەیت ٣٨,١٩ ملیار کیلۆوات کاتژمێر کارەبا بەرهەمدەهێنێت و ٣٥,٥٢ ملیار کیلۆواتی بەکاردێنێت و هەموو سامانە سروشتییەکانی هی خۆیەتی و داهاتی خۆی بەردەست دەخات.

مێژوو

لە ناوچەی بورقان چەند شوێنەوارێک دۆزراونەتەوە کە دەگەڕێنەوە بۆ چاخی بەردینی ناوەڕاست، لە ناوچەی سڵەیبیخاتیش هەندێک شوێنەوار هەن کە دەگەڕێنەوە بۆ چاخی بەردینی نوێ، لە سەدەی شەشی پێش زایین خەڵکی تێدا ژیاوە و هێڵنستیەکان لە ناوچەی فیلکا حووکمڕان بوون، بەڵام یەکەمین دەرکەوتنی کوەیت لە مێژوودا دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی ئەسکەندەری گەورە کاتێک لە سێ سەدە پێش زایین هێرشی کردە سەر دوورگەی فیلکا و داگیری کرد و ناوی نا ئیکارۆس.

لە ساڵی ١٨٧١ دەسەڵاتی عوسمانی بڕیاری دا بە گەورەکردنی دەسەڵاتی کارگێڕی و هەریەک لە قەتەڕ و کوەیتی وەک یەک ناوچەی کارگێڕی نووساند پێکەوە و هەردووکیان بوونە قەزای ویلایەتی بەغداد، و سەرۆکی ئەوکاتی کوەیت کە شێخ عەبدوڵا بن سەباح بوو کرا بە قایمقامی کوەیت، بەڵام هیچ سووپایەکی عوسمانی لە کوەیت نەبوو، خەڵکەکەی باجیان نەدەدا و نەدەبران بۆ سەربازی، و شتێکی ئەوتۆ نەگۆڕابوو، ئەمەش بەردەوام بوو هەتاوەکو ساڵی ١٨٩٩ کە پەیماننامەیەک لەگەڵ بەریتانییەکان واژوو کرا بە ناوی پەیماننامەی پاراستن.

ساڵی ١٩٦١ کوەیت سەربەخۆیی وەرگرت و دەستوورێکی دیموکراسی دانرا و کوەیت پەیوەندی لەگەڵ وڵاتانی دەوروبەری وەک وڵاتێکی سەربەخۆ چڕترکردەوە.

لە ٢/٨/١٩٩٠ وڵاتی عێراق بە سەرکردایەتی سەدام حوسێن هێرشی کردە سەر کوەیت و لەماوەی چەند کاتژمێرێک داگیری کرد و کردی بە ١٩ـیەمین پارێزگاری عێراق، خەڵکی کوەیت لەو ماوەیەدا زۆرێکیان ئاوارەی وڵاتی سعودیە بوون.

لە جەنگی کەنداوی دووەمدا ئەمریکا و ٣١ وڵاتی دیکە هێرشیان کردە سەر سووپای عێراق لە کوەیت و ئازادیان کرد، چەند ڕۆژێک پێش ئەوە سووپای عێراق بیرە نەوتەکانی کوەیتی وێرانکرد و تەقاندیەوە، کە نزیکەی ١٠٧٣ بیرەنەوت وێرانکران، و لە ٣/٣/١٩٩١ بۆ ٦/١١/١٩٩١ هەڵمەتی کوژاندنەوەی بیرەنەوتەکان بەردەوام بوو.

ناوچەکان

کوەیت خاوەنی شەش پارێزگایە و پارێزگاری کوەیت یان عاصمة پایتەختی وڵاتەکەیە.

  • پارێزگاری جەهراء
  • پارێزگاری عاصمة
  • پارێزگای فەروانییە
  • پارێزگاری حولی
  • پارێزگاری موبارەکی گەورە
  • پارێزگاری ئەحمەدی

هەروەها خاوەنی ٩ دوورگەیە:

  • بوبیان
  • فیلکا
  • وربە
  • کبر
  • عوهة
  • ئوم مردام
  • مەسکان
  • قاروە
  • ئوم نەمل
  • شوەیخ

ئەم دوورگانە خاوەنی چەندین جۆر گیاندار و شوێنەواری کۆنن.

ناوچە گەشتیارییەکانی کوەیت

  • جزيرة الخضراء: دوورگەیەکی دەستکردە و ٧٨٥ هەزار مەتری دووجایە، لە یاریگا و خواردنگە و شوێنی پشوودان و شانۆی ڕۆمانی و قەڵای منداڵان پێکهاتووە، شوێنی تایبەت بە پیاسەکردن و مەلەکردن و لێخوڕینی بەلەم و ماتۆڕی ئاوی تێدایە.
  • تاوەرەکانی کوەیت: پێکهاتووە لە سێ تاوەری گەورە و لە ساڵی ١٩٧٩ دروستکراون، بەرزییەکەیان ١٨٧ مەترە و لە سەرەوەیان تۆپێکی گەورە هەیە کە هەر ٣٠ خولەک جارێک بە دەوری خۆیدا دەسوڕێتەوە، لە هەشتی بەیانی بۆ کاتژمێر ١٢ـی شەو کراوەیە و چەندین شوێنی پشوودان لەخۆدەگرێت.
  • دوورگەی فیلکا یان فایلاکا: ٢٠ کیلۆمەتر لە کەناری شاری کوەیتەوە دوورە و ٢٤ کیلۆمەتری دووجایە، ناوچەیەکی مێژوویی و گەشتیارییە، خەڵکی لەوێ شوێنەوارەکان دەبینن و بە بەلەمەکان گەشت دەکەن و لەوێ خواردنی تایبەتی دەشتەکی تێدایە و چەندین هۆتێل لەخۆ دەگرێت.
  • مۆزەخانەی کوەیت: ساڵی ١٩٨٦ دامەزراوە و هەموو مێژووی کۆن و نوێی کوەیت لەوێ نمایش کراوە.
  • بورجی سوور (برج الحمراء): درێژییەکەی ٤١٤ مەترە و بەرزترین بینای کوەیتە، ٢٣ـەمین تاوەری بەرزی جیهانە لە ساڵی ٢٠١٨، لەوێ دەتوانیت بینەری کەنداوی فارس بیت بە شێوەیەکی دیکە و لە بەرزاییەکی زۆرەوە، خاوەنی چەندین مۆڵ و شوێنی پشوودانە و بەردەوامە و هەموو ڕۆژ و کاتژمێرێک کراوەیە و چوونە ژوورەوە بە خۆڕاییە.
  • مزگەوتی گەورە: مزگەوتی گەورەی کوەیت خاوەنی شێوازێکی ئەندازەیی جوانە و خەڵکێکی گەشتیاری زۆر بە موسوڵمان و نائیسلامیەوە سەردانی دەکەن، قورئانێکی تێدایە کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی هەشتەم و بە هێڵی کوفی نووسراوەتەوە.


سەرچاوەکان



2485 بینین