ئەرمینیا 

له‌لایه‌ن: - هەژیر هیوا - به‌روار: 2021-08-07-14:40:00 - کۆدی بابەت: 6210
ئەرمینیا 

ناوه‌ڕۆك

وڵاتی ئەرمینیا 

ئەرمینیا یاخود پێشی دەوترێت کۆماری ئەرمینیا یەکێکە لە وڵاتەکانی قەوقاز، وڵاتێکی داخراوە واتا هیچ لایەکی بە ئاو دەورەنەدراوە و دەکەوێتە بەرزاییەکانی ڕۆژئاوای ئاسیا.

ڕۆژئاوای وڵاتی تورکیایە، لە باکووریەوە جۆرجیا هەڵکەوتووە لەگەڵ ڕێڕەوی لاچین کە ناوچەیەکە لەژێر دەسەڵاتی هێزەکانی ڕووسیادا، لە ڕۆژهەڵاتیشەوە ئازەربایجانە، لە باشووریشەوە وڵاتی ئێران و کۆماری ئۆتۆنۆمی ناخچیڤان (کە ناوچەیەکی داخراوی ژێر دەسەڵاتی ئازەربایجانە) هەڵکەوتوون، شاری یەریڤان پایتەخت و گەورەترین شاری ئەو وڵاتەیە.

زانیاری گشتی

ناوی فەرمی کۆماری ئەرمینیا
پایتەخت یەریڤان
زمانی فەرمی ئەرمینی
سیستمی سیاسی کۆماری فیدڕاڵ
بەرواری سەربەخۆیی

٢١ ى ئەیلولى ١٩٩١ (لە یەکێتی سۆڤیەت)

ڕووبەر ٢٩ هەزار و ٧٤٣ کم چوارگۆشەیە
سەرژمێری دانیشتووان بەپێی ئاماری خەمڵێندراوی ساڵی ٢٠٢١ ٢،٩٦٣،٩٠٠ کەس 
چڕی دانیشتووان ١٠١.٥/کیلۆمەتر چوارگۆشە
دابەشبوونی دانیشتوانەکەی دابەشبوونی دانیشتوانەکەی( ٪٩٨.١ ئەرمەنی، ٪١.١ ئێزیدی (کورد)، ٪٠.٤ ڕووسی ، ٪٠.٣ نەتەوەی جیاواز).
ئایین ٪٩٢.٥ مەسیحی ئەرمەنی ئۆرسۆدۆکس، ٪٢.٣ جۆرەکانی تری مەسیحی، ٪٠.٨ ئێزیدی، ٪٠.٤ ئایینەکانی تر، ٪٤ بێ ئایین
کۆی داهاتی ساڵانە ١٣.٤٤٤ میلیار دۆلار 
داهاتی ساڵانەی تاک ٤ هەزار و ٥٢٧ دۆلار
ڕێژەی بێکاری ١٦,١٧٪
قەرزی دەرەوە ٧,٨٣٩ میلیار دۆلار
دراو درام
کات UTC +4
شێوازی لێخوڕین ڕاست
کۆدی نێودەوڵەتی +٣٧٤ 

جوگرافیا

ئەرمینیا وڵاتێکی داخراوە دەکەوێتە بەشی خوارووی هەرێمی قەوقازەوە، هەرێمی قەوقاز لەڕووی جوگرافی و سیاسییەوە گرنگە بەهۆی هەڵکەوتەی لە ڕۆژئاوای ئاسیا و ڕۆژهەڵاتی ئەوروپادا، ئەرمینیا لە باشوورەوە دەکەوێتە باشووی قەوقاز و زەوییە نزمەکانی نێوان دەریای ڕەش و دەریای قەزوین، لە باکووری ڕۆژهەڵاتیشەوە کوێستانەکانی ئەرمینیا هەڵکەوتووە کە یەکێکە لە سێ ناوچە زۆر بەرزەکەی ڕۆژئاوای ئاسیا و چیای ئارارارتیش لەو ناوچەیە هەڵکەوتووە کە بەرزییەکەی ٥١٣٧ مەترە.

ئەرمینیا وڵاتێکە کە زۆربەی ناوچەکانی شاخاوییە، خاوەنی ڕووباری زۆرە کە ڕێڕەوی ئاوەکەیان خێرایە و کۆمەڵێک دارستانیشی هەیە، زەوی وڵاتەکە بەرزترینی ٤٠٩٠ مەتر لە ئاستی ڕووی دەریا و نزمترینی ٣٩٠ مەتر لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزن، بەشێوەیەکی تێکڕایی بە دەیەم وڵات هەژمار دەکرێت لەڕووی بەرزی لە ئاستی ڕووی دەریاوە و لە ٪٨٥ وڵاتەکە ناوچەیەکی شاخاوییە کە ئەم ڕێژەیەی زیاترە لە هەردوو وڵاتی سویسرا و نیپاڵ.

چیای ئارارات کە بەرزترین چیایە لە ناوچەکەدا، لە کۆندا بەشێک بووە لە خاکی ئەم وڵاتە کە ٥١٣٧ مەتر لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە بەڵام لە ئێستادا بەشێکە لە وڵاتی تورکیا بەڵام بەڕوونی لە ئەرمینیاوە دەبینرێت، لە ئەرمینیا تا ئێستاش بە سیمبولێکی وڵاتەکە دادەنرێت، هەر بەو هۆیەشەوە ناوی چیاکە لە سروودی نیشتیمانی ئەرمینیادا بوونی هەیە.

کەشوهەوا

کەشوهەوای وڵاتی ئەرمینیا بە تەواوی کوێستانییە، هاوینی گەرم و وشک و خۆرهەتاوە بە تایبەت لە مانگی حوزەیرانەوە تاکو ئەیلوول، پلەی گەرمی بە شێوەیەکی گشتی لە نێوان ٢٢ بۆ ٣٦ پلەی سیلیزیدایە و ڕێژەی شێ لە وڵاتەکەدا کەمە، کەشوهەواکەی بەهۆی چیاکانەوە فێنک و پاکە، بەهاریان کورتە بەڵام پایز درێژترە، زستانی بە تەواوی ساردە و لەگەڵ بارینی بەفردا، پلەی گەرمی لە نێوان -١٠ بۆ -٥ پلەی سیلیزی دەبن.

ئابووری

پێش سەربەخۆبوون ئابووری ئەرمینیا بەتەواوی پشتیبەستبوو بە پیشەسازی کارگەکانی وەک (کارەبا، کیمیایی، میکانیک، خۆراک، لاستیک و چنین) وە بەتەواوی پشتی بەستبوو بە سەرچاوە دەرەکییەکان، بەو هۆیەش کۆمار بەتەواوی پەرەیدابوو بە سێکتەرەکانی پیشەسازی مۆدێرن، بە دابینکردنی کەرەستەی ئامێرەکان و پێکهاتەکانی چنین، لەگەڵ کۆمارەکانی دراوسێیدا ئاڵوگۆڕی وزە و کەرەستەی خاویان دەکرد، بواری کشتوکاڵ لە پێش ڕووخانی یەکێتی سۆڤیەت کەمتربوو لە ٪٢٠ بەڵام دوای سەربەخۆبوونی وڵات لە ٪٣٠ داهاتی وڵات لەسەر کشتوکاڵ بوو.

لەڕووی کانزاییەوە ئەرمینیا دەوڵەمەندە بە بەرهەمهێنانی مس، زینک، ئاڵتوون و قوڕقوشم، وزەی دەستکەوتی وڵات لە وڵاتی ڕووسیاوە هەناردە دەکرێت، سەرچاوەی سەرەکی وڵات بۆ دەستکەوتنی وزە لەڕێی کارۆئاوییە (کە دروستکردنی وزە و کارەبایە لەڕێی ئاوەوە).

لە دوای درووستبوونی وڵاتەوە لە ١٩٩١ بەدواوە، یەکێک لە پایە گرنگە ئابووریەکانی وڵات لەڕێی کەرتی گەشتیارییەوەیە کە ڕێگەدراوە بە بوونی نیو میلیۆن گەشتیاری ساڵانە لە وڵاتەکەدا، زۆربەی لە ڕەگەزی ئەرمینییەکانن کە لە دەروەی وڵات نیشتەجێن، وەزیری ئابووری ئەرمینیا ئاماژەی بەوەدا کە گەشتیارە نێودەوڵەتییەکان زۆربەیان خەڵکی ئەم وڵاتانەن (ڕووسیا، وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا، ئەمریکا و ئێران) و بەمەبەستی گەشتیاری سەردانی وڵاتەکە دەکەن، لەگەڵ ئەوەی وڵاتەکە ڕووبەرێکی بچووکی هەیە، بەڵام چوار بنکەی کەلەپووری یونسکۆ لە وڵاتدا بوونیان هەیە.


سەرچاوەکان



2675 بینین