پیربوونی پێشوەختە لە منداڵاندا 

له‌لایه‌ن: - ئەنەس جومعە - به‌روار: 2021-08-07-22:01:00 - کۆدی بابەت: 6212
پیربوونی پێشوەختە لە منداڵاندا 

ناوه‌ڕۆك

پیربوونی منداڵ 

نەخۆشی پیری کە ناسراوە بە کۆنیشانەی هاچینسۆن جیلفۆرد ئاماژەیە بۆ تێکچوونێکی بۆماوەیی دەگمەن کە توشی منداڵێک لە هەر ٤ ملیۆنێک منداڵی لەدایکبوو دەبێت، توشی هەردوو ڕەگەز دەبێت بە یەکسانی، کە دەبێتە هۆی خێرابوونی پێشکەوتنی تەمەنی جەستەی منداڵەکە، زۆربەی منداڵەکان بە شێوەیەکی ئاسایی لەدایک دەبن و نیشانەکانی پیربوون لە منداڵەکەدا هەر لە ساڵی یەکەمەوە دەردەکەون کە منداڵەکە کێشی زیاد ناکات و بە شێوەیەکی ئاسایی گەشە ناکەن و لە زۆربەی حاڵەتەکاندا منداڵانی توشبوو تەمەنی ١٣ ساڵ تێناپەڕێنن، نەخۆشی پیربوونی منداڵ نەخۆشییەکی بۆماوەییە کە کێشەیەک لە جینی بەرهەمهێنەری پڕۆتینی پڕۆجێرین کە کۆدەبێتەوە لە لەشدا پەیدا دەبێت و دەبێتە هۆی پێشکەوتنی تەمەنی بە شێوەیەکی خێرا. 

نیشانەکانی پیربوونی پێشوەختەی منداڵ 

خاوبوونەوەی گەشەی منداڵەکە لای کەسانی توشبوو بەم حاڵەتە هەر لە ساڵی یەکەمەوە تێبینی دەکرێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا زیرەکی و پەرەسەندنی جوڵەیان ئاسایی دەبێت، کە ئەم نەخۆشییە بە شێوەی پلەبەندی دەردەکەوێت و هاوشانی دەرکەوتنی کۆمەڵێک شێوەی تایبەتی دەموچاو و هەندێک کێشەی تەندروستی کە جیای دەکاتەوە و نیشانەکانیشی بریتین لە: 

١- شێوەکانی دەموچاو: ئاماژەیە بە کۆمەڵێک دەرکەوتەی ڕووکەشی کە کەسی توشبوو بە پیری پێشوەخت جیا دەکاتەوە، کە خۆی دەبینێتەوە لە: 

  • خاویی گەشەکردن بە جۆرێک کە هەریەکە لە باڵا و کێشی کەمتر دەبێت لە پێوانەی ئاسایی.
  • دەموچاوی تەسک و شەویلگەی خوارەوە بچووک و لێوەکانی بەرز و لووتی چەماوە دەبێت وەکوو دەنووک
  • سەری زل دەبێت و نەگونجاوە لەگەڵ دەموچاوە تەسکەکەیدا.
  • چاوەکان دەرپەڕیون و پێڵووی چاو بە تەواوەتی داناخرێن.
  • وەرینی مووی لەش لەگەڵ مووی برۆ و برژانگ.
  • چینەکانی پێست نەرم و داپۆشراو دەبن بە چرچ و لۆچی و پەڵە و لوولەکانی خوێن ڕوون و بینراو دەبن.
  • تۆنی دەنگی بەرز. 

٢- کێشە تەندروستییەکان: کە نیشانەکانی نەخۆشی پیری پێشوەخت کۆمەڵێک نیشانەی نەخۆشین کە خۆیان دەبیننەوە لە: 

  • توشبوون بە نەخۆشی دڵ و لوولەکانی خوێن.
  • پێست ڕەق و ڕاکێشراو دیارە و بە حاڵەتی ڕەقبوونی پێست دەچێت.
  • گەشەی ددانەکان بە شێوەیەکی نائاسایی یان دواکەوتنی گەشەیان.
  • لەدەستدانی چەوری ژێر پێست و لەدەستدانی ماسولکە و بەشێوەیەکی ڕێژەیی لەدەستدانی توانای بیستنیش. 
  • ڕوودانی تێکچوون لە ئێسکەپەیکەری کەسەکە و ڕەقبوونی جومگەکان و لەجێچوونی ئێسکی سێبەند (حەوز).
  • بەرگری دژ بە ئەنسۆلین.

چارەسەری نەخۆشی پیری پێشوەختەی منداڵان

وێڕای ئەوەی کە هۆکاری پیربوونی منداڵان تێکچوونێکی جینیە بە جۆرێک کە پڕۆتینی پرۆجێرین لە جێی پڕۆتینی لامین ی بەرپرس لە جێگیرکردنی ناوکی خانە کە کاردەکاتە سەر جێگیریی خانەکە دروست دەکرێت، بەڵام هەندێک چارەسەر تاقی کراونەتەوە بەڵام بە تەواوەتی پشتیان پێ نابەسترێت، کە بریتین لە: 

- ڕاپامیسین: کە دژە زیندەییەکی تاقیکراوەیە و کاریگەرییەکەی سەلمێندراوە کە کاردەکات بۆ ڕێکخستنی ڕێڕەوی پیربوونی خانەکان و ڕێگری لێیان و دواخستنی پەرەسەندنیان.

- ئەسپرین: کە بڕێکی کەمی ئەسپرین بەکاردێت بۆ خۆپارێزی لە ڕەقبوونی خوێنبەرەکانی دڵ و مێشک.

- چارەسەری سروشتی و چارەسەری پیشەیی: وەکوو بەکارهێنانی چارەسەری ئاوی بۆ باشکردنی جوڵەی جومگەکان و کەمکردنەوەی نیشانەکانی هەوکردنی جومگەکان و پارێزگاری لە چالاکی جەستەیی.

- چارەسەری بەدخۆراکی: لەو منداڵە شیرەخۆرانەی بەدەست بەدخۆراکییەوە دەناڵێنن بۆری خۆراکپێدان بەکاردەهێنرێت، بەڵام لە بەتەمەنترەکاندا تەواوکاری خۆراکی بەکاردێت.

- هۆرمۆنی گەشە: کە ئەم هۆرمۆنە بەکاردێت بۆ کەمکردنەوەی شیبوونەوە و تێکشانی خانەکان و زیادکردنی کێش و گەشە. 

- سلفۆفرۆفان: کە دژە ئۆکسانێکە کاریگەرییەکەی لە زیادکردنی چالاکی پڕۆتینی و قوتدانی خۆیی پڕۆتینی پڕۆگرین بۆ لەناوبردنی و ڕێگری لە کۆبوونەوەی لە خانەکاندا و گێڕانەوەی خانەکان بۆ شێوەی ئاساییان.


سەرچاوەکان



1025 بینین