زیو - خشڵ

له‌لایه‌ن: - سروشت ناجی - به‌روار: 2021-08-09-23:30:00 - کۆدی بابەت: 6236
زیو - خشڵ

ناوه‌ڕۆك

خشڵی زیو

زیو پێکهاتە و ڕەوشتی وەک زێڕ و مسە، کانزایەکی زۆر نەرم و نیان و بریقەدارە، هەرچەند وەک زێڕ پتەو و گرانبەها نییە، بەڵام بەکارهێنانی زۆری هەیە، بەتایبەت کاتێک لەگەڵ کانزای دیکەدا داڕشتە بکرێت تاکوو زیاتر پتەو ببێت، زیو یەکێکە لە حەوت کانزا ڕەسەکان کە لە پێش مێژووەوە ناسراون، شەش کانزاکەی تر بریتین لە زێڕ، مس، تەنەکە، قوڕقوشم، ئاسن و جیوە، زیو بە درێژایی مێژوو بەکارهێنانی جیاوازی هەبووە، توانای کارلێککردنی زیاترە لە زێڕ، هەروەها قورسترە بۆ دەرهێنانی لە کانزا خاوەکەی، ئەمەش بە مانای ئەوە دێت کە لە کۆندا پێداویستییەکانی دەرهێنانی زیو دەگمەن بوون بۆیە زۆر گرانبەها بووە، تاکوو نزیکی ١٥٠٠ ساڵی پێش زایین مسیڕییە کۆنەکان ڕێگایەکی نوێیان دۆزییەوە بۆ پوختەکردنی زیو، لە ئەمڕۆدا زیو تا ڕادەیەکی زۆر نرخی هەرزانترە لە زێڕ چونکە زێڕ لە سروشتدا دەگمەنە و دەستەکەوتنی قورسترە.

زیوی ئیستەرلینی

زیوی خاوێن ٩٩,٩٪ لە زیوی باش پێکدێت، ئەم جۆرەی زیو جوانترینە و کەمترین لێڵی هەیە، بەڵام بە شێوەیەکی گشتی زۆر نەرمە و شکاوەیە بۆ هەندێک بەکارهێنان، بۆیە زیوی خاوێن تێکەڵدەکرێت لەگەڵ مس بۆ دروستکردنی زیوی ئیستەرلینی کە ٩٢٫٥٪ بریتییە لە زیوی خاوێن و ٧٫٥٪ بریتییە لە مس، لەبەر ڕێژەی سەدی زیو لە زیوی ئیستەرلینیدا زۆرجار بە ژمارە ٩٢٥ دەناسرێت و پولی ٩٢٥ی لەسەر هەڵدەکۆڵرێت، بوونی مس وا لە زیو دەکات بەهێزتر و خۆگرتر بێت، هەروەها ئاسانتر کاری لەسەر بکرێت بەبێ تێکدانی ڕەنگەکەی، زۆربەی ئەو خشڵە زیوانەی لە بازاڕدا هەن لەم جۆرەی زیون، زیوی ئیستەرلینی هەڵبژاردیەکی نایاب و کوالێتی بەرزە، بە ئاسانی ژەنگ ناهێنێت و لەناوناچێت، تاکە خاڵێ لاوازی زیوی ئیستەرلینی ئەوەیە کە ئەو مسەی تێیدەکرێت تەڵخی دەکات و وای لێدەکات بە پێی تێپەڕبوونی کات و بە تایبەتی لە کەشی شێداردا ڕەنگی بگۆڕێت بۆ قاوەییەکی تۆخ یاخود ڕەش، بەڵام هەرچۆنێک بێت پاککردنەوە و تازەکردنەوەی کارێکی ئاسانە، هەروەها ئەگەر بە ئاسایی بەکاربێت و لە کەشی شێداردا نەبێت ڕەنگەکەی تێکناچێت و لەناوناچێت، لەبەرئەوەی زیو ناسکە پێویستە زیاتر بپارێزرێت و خاوێن بکرێتەوە، بەڵام نابێت خاوێن کەرەوەی توندی وەکو سۆدە یان هەویری ددان بەکاربێت چونکە بە پێی تێپەڕبوونی کات کانزا زیوەکە لەناودەبات.

زیو و زێڕ

هەڵبژاردنی خشڵی زیو یاخود زێڕ دەکەوێتەوە سەر خواستی بەکارهێنەر، بەڵام زۆرترین پاڵنەر بۆ ئەو هەڵبژاردەیە تێچووی هەریەک لە زیو و زێڕە، لەوانەیە ئەو ڕاستییەی کە زیو کانزایەکی گرانبەهایە و لەبەر چەند هۆکارێک نرخی کەمترە لە زێڕ سەرسوڕهێنەربێت، هۆکاری هەرزانی نرخی زیو لە چاو زێڕدا دەگەڕێتەوە بۆ زۆری ڕێژەی زیو لە جیهاندا بە بەراود بە زێڕ، بە درێژایی میژووی مرۆڤایەتی خەمڵاندنی ڕێژەی دەرهێنراوی زیو بریتییە لە ١,٤ ملیۆن تەن لە کاتێکدا ڕێژەی دەرهێنراوی زێڕ بریتییە لە ١٧٣٠٠٠ تەن.

ناسینەوەی زیوی ڕاستەقینە

زۆربەی ئەو زیوانەی لە بازاڕدا هەن، پولی ٩٢٥ یاخود ٩٩٩ لەسەریان هەڵکۆڵراوە، کە ٩٢٥ بەمانای زیوی ئیستەرلینی دێت کە بە (SS) ناسراوە و ٩٩٩ بە مانای زیوی خاوێن دێت کە بە (FS) ناسراوە، بەڵام هەموو زیوێک ئەم ناساندنەی لەسەر هەڵنەکۆڵراوە، کەواتە دەبێت ڕێگایەکی تر هەبێت بۆ زانینی ئەوەی کە خشڵێک زیوی ڕاستەقینەیە یاخود نا، بە بەکارهێنانی موگناتیسێکی بەهێز دەتوانرێت خشڵی زیوی ڕاستی بناسرێتەوە، ئەگەر موگناتیسەکە بە توندی لکا بە زیوەکەوە کەواتە ئەوە زیوی ڕاستی نییە یاخود پێدەچێت کانزایەکی سەرەتایی بێت و بە زیو ڕووپۆش کرابێت، بەڵام هەرچۆنێک بێت هەندێک کانزای سەرەتایی هەیە کە موگناتیس بۆ خۆیان ڕاناکێشن بۆیە ئەمەش ڕێگایەکی تەواو دڵنیاکەرەوە نییە، ڕێگای دڵنیاکەرەوە کە پێویستی بە کەمێک ئازایەتی هەیە بریتییە لە بەکارهێنانی کلۆر، بە هێواشی چینێکی تەنک لە کلۆر بڵاودەکرێتەوە بەسەر زیوەکەدا لە شوێنێکی پەنادا و چاوەڕێی کالێکەکە دەکرێت، زیوی ڕاستەقینە بە بوونی کلۆر ڕەنگی دەگۆڕێت بۆ قاوەیی یاخود ڕەش، دوای زانینی ئەوەی کە زیوی ڕاستەقینەیە، کانزاکە بە باشی دەشۆردرێتەوە و پاککەرەوەی تایبەت بە کانزا بەکاردەهێنرێت بۆ گەڕاندنەوەی ڕەنگەکەی، لەبەر هۆکاری ئەو کالێککردنەی زیو لەگەڵ کلۆر باشترە کە لە مەلەوانگەکاندا خشڵی زیو نەپۆشرێت، هەروەها کەرەستەی تایبەت بە تاقیکردنەوەی کانزا دابینکراوە کە دڵنیایی تەواو دەدات کامە کانزای زیوی تەواوە.


سەرچاوەکان



2391 بینین