پاراسایکۆلۆژی

له‌لایه‌ن: - هەژیر هیوا - به‌روار: 2021-08-10-22:45:00 - کۆدی بابەت: 6242
پاراسایکۆلۆژی
زاراوە هەمەڕەنگەکان

پاراسایکۆلۆژی ، هەستی شەشەم ، حاسەی شەشەم ، ئینسکلۆپیدیای زانیاری ، زاراوە هەمەڕەنگەکان ، Max Dessoir

ناوه‌ڕۆك

پاراسایکۆلۆژی چییە؟

پاراسایکۆلۆژی یاخود (هەستی شەشەم) یان هێزە کاراکەی نەست، بە مانای به‌کارهێنانی توانای سه‌روو ئاسایی مێشکه‌ که‌ کارتێکردنی مێشکه‌ له‌سه‌ر ده‌وروبه‌ر به‌ گشتی و هه‌ستپێکردنی هه‌سته‌کانی ناوه‌وه‌ی مێشکی به‌ ده‌وروبه‌ر، ئەم زانستە لەو دیاردە نائاساییانە دەکۆڵێتەوە کە دوور لە جیھانی فیزیک یان جیھانی ماددی ڕوو دەدەن، وەک پێشبینیکردنی شتێک کە هێشتا ڕووینەداوە و ئەم هەستە پێشی دەوترێت هەستی شەشەم (حاسەی شەشەم) ئێمه‌ی مرۆڤ توانای ده‌روون باڵایی یان ڕه‌وان باڵایی پاراسایکۆلۆژیمان هه‌یه‌ واته‌ توانای سه‌رووی ئاسایی مێشک که‌ ئه‌م توانایه‌ له‌ که‌سێکه‌وه‌ بۆ که‌سێکی تر جیاوازە‌ به‌ڵام به‌ ڕاهێنان ده‌توانرێت گه‌شه‌ و په‌ره‌ی پێبدرێت و شێوازی به‌کارهێنانی بدۆزیته‌وه‌ و پێی ئاشنابیت.

چەمکی پاراسایکۆلۆژی بۆ یەکەمجار ماکس دێسوە (بە ئەڵمانی: Max Dessoir) فەیلەسووف و دەروونناسی ئەڵمانی لە سەدەی ١٩ دا بەکاریهێنا، هەروەکو ئاشکرایە کە هەستەوەری شەشەم جیاوازە لە پێنج هەستە دیارەکانی تری  وەک (بینین، بۆن کردن، بەرکەوتن، تامکردن، بیستن) 

بە گوێرەی ئەم بوارە هەر شتێک بڕوات پێی هەبێت ڕوودەدات، پاراسایکۆلۆژی چەندین بواری جیاوازی هەیە وەک (خەواندنی موگناتیسی، ناردنی هێز یاخود هێزی موگناتیسی، جوڵاندنی ماددەکان، ناسینەوەی ڕەنگەکان بێ سەیرکردن و تەنیا بە دەست لێدان، بەرزبوونەوە لەسەر زەوی، خوێندنەوەی مێشکی خەڵک، کۆنتڕۆڵکردنی مێشکی خەڵک، گۆڕینی کەش و هەوا و چەندان نموونەی تر.

دیارە کە پاراسایکۆلۆژی هەر لە سەرەتای هەبوونی مرۆڤ ئەویش بوونی هەبووە، پاراسایکۆڵوژی یان هێزی نەست، لە کەسێکەوە بو کەسێکی تر جیاوازە، لە کەسێکدا زۆرە لە کەسێکی تردا کەمە، ئەوانەی کە ئەو هێزەیان هەیە دەگونجێت تەنیا لە هەندێک شت هێزیان هەبێت وەک ئەوەی تەنیا بتوانن تەنەکان بجوڵێنن، یان ڕەنگەکان بناسنەوە، واتە مەرج نییە مرۆڤ بتوانێت هەموو هێزەکانی پاراسایکۆلۆژی بەیەکەوە کۆ بکاتەوە یاخود بەدەست بهێنێت، لەگەڵ ئەوەشدا تا ئێستا زانست دانی بەو بوارەدا نەناوە ، چونکە ڕای کۆی زانایانی زانستە جیاوازەکانی لەسەر نییە و بەتەواوی وەک زانستێک نەسەلمێندراوە.

هەڵبەتە توانای سه‌رووئاسایی مێشک به‌تایبه‌ت هه‌ستکردن و پێشبینیکردن له‌هه‌موو زیندەواراندا هه‌یه‌ باڵندە و گیانه‌وه‌ر توانای هه‌ستکردن و پێشبینیان له‌ مرۆڤ زیاترە‌، مێشکی مرۆڤ ئه‌و بیرکردنه‌وه‌یه‌ی که‌ تێیدا هه‌یه‌ له‌ قوڵایی مێشکیدا به‌ ویست و حه‌ز و ئاره‌زووە‌وه‌ لێکیدەداتەوە بەڵام له‌ ده‌ره‌وه‌ی مێشکیدا ده‌بێت نابێتە کردار و ئەنجامێک، ‌وه‌ یان له‌ هۆشی ئاگایدا له‌ هه‌ستیدا بیرده‌کاته‌وه‌ به‌ شتێک ناگات، به‌ڵام له‌ نه‌ستیدا (چەمکی ئەقڵی شارەوە لای سیگمۆند فرۆید) هۆشی نائاگایی ویست و ئاره‌زوه‌که‌ی ده‌بێته‌ کرده‌وه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی مێشکی، ئه‌مه‌ له‌ کاتێکدا که‌ هه‌ست و نه‌ست جیابن له‌یه‌کتری به‌ڵام ئه‌گه‌ر تێکه‌ڵ به‌یه‌کتری بون مرۆڤه‌کان له‌ ناخ و مێشکی خۆیاندا ژیان ئه‌وا هه‌ست و نه‌ست تێکه‌ڵ ده‌بن و له‌ ماوه‌یه‌کی که‌مدا لە ویست و حه‌زه‌وه‌ ده‌بێت به‌ کرده‌وه‌ که‌ به‌ شێوه‌ی بیره‌ یان به‌ بارێکی تردا نه‌ست زاڵتره‌ به‌سه‌ر هه‌ستدا و مرۆڤه‌که‌ له‌ ناخی خۆیدا واته‌ له‌ مێشکی خۆیدا ده‌ژیت به‌ڵام ئه‌و که‌سانه‌ی هه‌ستیان واته‌ هۆشیان ئاگایان زیاتر به‌کاردێنن ئه‌وا نه‌ستیان که‌متر به‌کاردێنن له‌ توانای سه‌رووئاساییدا و کەمتر پێشبینییەکانی مێشکیان دەبێتە ڕاستی.

کۆمەڵەی پاراسایکۆلۆجییەکان

کۆمەڵەی پاراسایکۆلۆجی لە ١٩ حوزەیرانی ١٩٥٧ درووستکرا لە ناوچەی دورهام لە ویلایەتی کارۆلینای باکوور کە جێیەک بوو زانایان و پسپۆڕانی پاراسایکۆلۆجی کۆکردەوە، کە ئامانج لێی درووستکردنی کۆمەڵگایەکی پرۆفیشیناڵی نێودەوڵەتی بوو تایبەت بە کەسانی پسپۆڕ لەو بوارەدا، لەگەڵ ئەوەشدا بۆ پەرەپێدان بە پاراسایکۆلۆژی وەک زانستێک، وە بڵاوکردنی زانیاری سەبارەت بەو بوارە، پاراسایکۆلۆژی بە شێوەیەکی گشتی دەکرێت بە دوو بەشەوە، ئەو کەسانەی کە لە بنەڕەتەوە ئەو توانا سەرووئاساییەیان هەیە، لەگەڵ کەسانێک کە دەکرێت بە ڕاهێنان فێربکرێن.

لقەکانی پاراسایکۆلۆجییەکان

پاراسایکۆلۆژی بۆ ئه‌م لقە سەرەکییانە دابەشدەبێت و ‌‌بۆ هه‌ر کام له‌م لقانە‌ش ڕێگای تایبه‌ت هه‌یه‌ و ڕاهێنانی تایبەتی دەوێت بۆ فێربوون.

- خه‌واندنی موگناتیسی

- ده‌روونه‌ کارتێکردن

- پێشبینیکردن

- بۆنکردنی سەرووئاسایی

- ده‌روونه‌ چاره‌سه‌رکردن

- ده‌روونه‌ خوێندنەوە

- بیستنی سه‌روی ئاسایی به‌ مێشک

- بینین به‌ مێشک

- ده‌روونه‌ خۆبه‌رزکردنه‌وه‌ له‌سه‌ر زه‌وی

- ده‌روونە‌ خوێندنه‌وه‌



2874 بینین