کۆنیشانەی بەر لە سوڕی مانگانە 

له‌لایه‌ن: - ئەنەس جومعە - به‌روار: 2021-08-13-16:20:00 - کۆدی بابەت: 6285
کۆنیشانەی بەر لە سوڕی مانگانە 

ناوه‌ڕۆك

کۆنیشانەی بەر لە سوڕی مانگانە چییە؟

کۆنیشانەی پێش سوڕی مانگانە premenstrual syndrome حاڵەتێکە کاردەکاتە سەر هەستەکانی ئافرەتەکە و تەندروستی جەستەیی و ڕەفتاری لە ماوەی چەند ڕۆژێکی دیاریکراودا لە سوڕی مانگانە، بەتایبەتیش پێش بێنوێژی (خوێن لەبەرچوون)، حاڵەتێکی زۆر بڵاوە کە نیشانەکانی لەسەر نزیکەی لە سەدا ٨٥ی ئافرەتان لە قۆناغی خوێن لەبەرچووندا دەردەکەوێت، ئەگەر بە شێوەیەکی گەورە کاریگەری کردە سەر ژیانی ئافرەتەکە پێویستە سەردانی پزیشک بکات، ئەم نیشانانە لە ٥ بۆ ١١ ڕۆژ بەر لە خوێن لەبەرچوون دەست پێدەکەن و پاش دەستپێکی سوڕی مانگانە یان خوێن لەبەرچوونەکە کۆتاییان دێت. 

هۆکارەکانی کۆنیشانەی بەر لە سوڕی مانگانە 

هیچ هۆکارێکی بەتەواوەتی زانراو نییە بۆ ئەم کۆنیشانەیە، بەڵام زۆرێک لە لێکۆڵەران لایان وایە هۆکارەکەی هەریەکە لە گۆڕانی ئاستی هۆڕمۆنەکانی زاوزێ و ئاستی سیرۆتۆنین لە سەرەتای سوڕی مانگانەدا، چونکە زیادبوونی ئاستی پڕۆجیسترۆن و ئیسترۆجین لە چەند کاتێکی سوڕی مانگانەدا دەبنە هۆی گۆڕانی باری دەروونی و دوودڵی و هەراسانی، هەروەها ستیرۆیدەکانی هێلکەدان کاردەکاتە سەر کۆمەڵێک بەشی مێشک کە پەیوەندیان بە نیشانەکانی کۆنیشانەی بەر لە خوێن لەبەرچوونەوە هەیە، بەڵام ئاستەکانی سیرۆتۆنین کار دەکەنە سەر جەو، سیرۆتۆنین کە ماددەیەکی کیمیاییە لە مێشک و ڕیخۆڵەدا دەردەدرێت و کاردەکاتە سەر جەو، هەست و سۆز، چەند هۆکارێک هەن ئەگەری توشبوون بەم کۆنیشانەیە زیاتر دەکەن، لەوانە: 

  • توشبوون بە خەمۆکی و تێکچوونەکانی باری دەروونی لە ڕابردوودا، وەکوو: خەمۆکی پاش منداڵبوون یان تێکچوونی باری دەروونی دووجەمسەری.
  • مێژووی خێزانی لە هەبوونی کۆنیشانەی بەر لە سوڕی مانگانە.
  • مێژووی خێزانی خەمۆکی.
  • توندوتیژی ماڵەوە.
  • ئاڵودەبوون بە ماددە هۆشبەرەکان.
  • بەرکەوتنێکی توند بە جەستە.
  • بەرکەوتنی توندی هەستیی.

نیشانەکانی کۆنیشانەی بەر لە سوڕی مانگانە

چەندین نیشانە لە لیستی ئەو نیشانانەن کە پەیوەندییان بەم حاڵەتەوە هەیە، هەروەها دەکرێت ئەم حاڵەتە لە جارێکەوە بۆ جارێکی تر جیاواز بێت لە ماوە و توندیدا، بەڵام نیشانە هەرە باوەکانی کۆنیشانەی بەر لە سوڕی مانگانە بریتین لە: 

  • توڕەیی و هەراسانی.
  • دوودڵی و شڵەژاوی.
  • خەمۆکی و گریان.
  • گۆڕانی هەستیی زیادەڕەو.
  • شەکەتی
  • باکردن و ئاوسانی جەستە (بەهۆی قەتیسبوونی شلەکان).
  • زیادبوونی کێش.
  • ئازاری مەمک.
  • زیپکەی گەنجی.
  • تێکچوونی خەو، جا بە زۆر خەوتن بێت یان کەم خەوتن و نەخەوتن.
  • گۆڕانی حەزی خۆراک، جا بە زیادبوون یان کەمبوونی حەزی خۆراک بێت. 

دەستنیشانکردنی کۆنیشانەی بەر لە سوڕی مانگانە

وردترین ڕێگەی دەستنیشانکردنی کۆنیشانەی بەر لە سوڕی مانگانە بریتییە لە بیرهێنانەوەی ڕووداوەکانی کاتی سوڕی مانگانە، کە ئافرەتەکە باس لە نیشانە جەستەییەکان و هەستییەکان دەکات کە لە ماوەی مانگەکەدا توشی دەبێت، ئەگەر ئەم گۆڕانکارییانە لەگەڵ هێلکەداناندا (ناوەڕاستی سوڕەکە) دەستپێبکات و بەردەوام بێت تاکوو خوێن بینین، ئەوە کۆنیشانەی بەر لە سوڕی مانگانە دروستترین دەستنیشانکردنە، هەروەها پارێزگاری لە یادەوەرییەکانی کاتی سوڕی مانگانە تەنها یارمەتیدەری تایبەتمەندی تەندروستی نییە بۆ دەستنیشانکردنی حاڵەتەکە، بەڵکو یارمەتیدەری ئافرەتەکەشە بۆ تێگەیشتن لە جەستە و باری دەروونی، بە دەستنیشانکردنی ئەم کۆنیشانەیە ئافرەتەکە دەتوانێت بە شێوەیەکی باشتر مامەڵە لەگەڵ نیشانەکاندا بکات، دەکرێت دەستنیشانکردنی حاڵەتەکە قورس بێت، ئەویش بەهۆی ئەوەی چەندین حاڵەتی دیکە دەکرێت نیشانەکانی هەمان ئەو نیشانانە بن کە لەم حاڵەتەدا هەیە، هەروەها هیچ پشکنینێکی خوێن یان تاقیگەیی نییە بۆ دەستنیشانکردنی توشبوون بەم کۆنیشانەیە، بەڵام هەندێک پشکنینی تاقیگەیی هەیە بۆ دوورخستنەوەی ئەگەرەکانی تر کە نیشانەکانیان بەم حاڵەتە دەچێت.

مامەڵەکردن لەگەڵ کۆنیشانەی بەر لە سوڕی مانگانە 

چەند ڕێکارێک هەیە کە دەکرێت پەیڕەوبکرێن بۆ کەمکردنەوەی توندی ئەم کۆنیشانەیە، بەڵام ناتوانن ڕێگری ڕوودانی بکەن، لەم ڕێکارانەش: 

  • ئەنجامدانی ڕاهێنانی وەرزشی ڕۆژانە بۆ ماوەی ٣٠ خولەک.
  • خواردنی خۆراکی تەندروست وەکوو دانەوێڵە و میوە و سەوزە.
  • بەدەستهێنانی بڕی پێویستی کالسیۆم لە خۆراکەکان (وەکوو ماست و گەڵای سەوز و سەلەمۆنی لەقتوو نراو).
  • دوورکەوتنەوە لە خوێ و کافایین و کهول.
  • دوورکەوتنەوە لە جگەرەکێشان بە هەموو جۆرەکانییەوە.
  • نوستن بە بڕی پێویست.
  • کارکردن بۆ کەمکردنەوەی شڵەژاوی و خۆلادان لە پەستانت دەروونی.
  • وەرگرتنی ڤیتامین و کانزاکان وەکوو: ترشی فۆڵیک و مەگنسیۆم و ڤیتامین B6 و ڤیتامین E و کالسیۆم و ڤیتامین D.
  • خواردنی گیایی و خواردنەوە ئارامکەرەوەکان.


سەرچاوەکان



633 بینین