بیروباوەڕە هەڵەکان لەسەر سوڕی مانگانە

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار - به‌روار: 2021-08-17-20:35:00 - کۆدی بابەت: 6328
بیروباوەڕە هەڵەکان لەسەر سوڕی مانگانە

ناوه‌ڕۆك

بیروباوەڕی سوڕی مانگانە

سوڕی مانگانە بەشێکی ئاسایی ژیانی هەموو خانمێکە، بەڵام هەمیشە قسەی زۆری لەسەر کراوە و هەر کەسە و بە پێی ڕای خۆی قسەی لەسەر کردووە و هەر لە کۆنەوە کۆمەڵێک ڕای هەڵە هەیە کە تاکوو ئێستاش زۆرێک باوەڕیان پێی هەیە، ئەم بیروباوەڕانە نەک تەنها ڕاست نییە بەڵکوو زیانیشیان یاوە لە خانمان.

ئەو بیروباوەڕە هەڵانەی کە لەسەر سوڕی مانگانە دەوترێت

هەموو خانمان دووچاری نیشانەکانی پێش دەستپێکردنی سوڕی مانگانە دەبنەوە

ئەم بیروباوەڕە هەڵەیە و لە چوار خانمدا تەنها یەک دانەیان دووچاری ئەمە دەبێتەوە، نیشانەکانی پێش دەستپێکردنی سوڕی مانگانە، ئازاری سک، مەمک، پشت، ماندوویەتی، خەمۆکی و دڵەڕاوکێ.

وەرزش کردن لە ماوەی سوڕی مانگانەدا مەترسیدارە بۆ منداڵدان

زۆرێک دەڵێن کە وەرزش کردن هەڵەیە و زیان بە منداڵدان دەگەیەنێت و دەبێتە هۆی نەزۆکی، ئەم باوەڕە نەک تەنها هەڵەیە بەڵکوو جوڵە و وەرزش لە ماوەی سوڕی مانگانەدا سوودی هەیە تاکوو کەشەنگبوونی ماسولکەکان کەم بکاتەوە و هەروەها ئازار نەهێڵێت، بەڵام گرنگە خانمەکە وەرزشی قورس ئەنجام نەدات و دووربکەوێتەوە لە هەڵگرتنی شتی قورس.

خۆشۆردن لە ماوەی سوڕی مانگانەدا قەدەغەیە

هەندێک کەس لەو باوەڕەیەدان کە خانمان تاکوو لە سوڕی مانگانە پاک دەبنەوە واتە بە درێژایی هەفتەیەک نابێت خۆیان بشۆن، ئەمە نەک تەنها هەڵەیە بەڵکوو خۆشۆردن لە ماوەی سوڕی مانگانەدا زۆر یارمەتیدەرە بۆ کەمکردنەوەی ئازار و نەمانی کەشەنگبوونی ماسولکەکان و نەمانی پەستانی دەروونی.

خوێنی سوڕی مانگانە پیسە

خوێنی سوڕی مانگانە بە هیچ شێوەیەک پیس نییە، خوێنەکە پێکهاتووە لە خوێن و لینجە ماددەی ملی منداڵدان و دەردراوەکانی زێ و ناوپۆشی ناوەوەی منداڵدان، جیاوازی هەیە لەگەڵ ئەو خوێنەی کە لە دەمارەکانی جەستەدا هەیە، چونکە خوێنی سوڕی مانگانە خوێنێکی خەستە.

خواردنی ترش دەبێتە هۆی ئازاری زیاتر

لە ڕاستیدا هیچ پەیوەندییەک نییە لە نێوان خواردنی ترش و زیاتربوونی ئازاری سوڕی مانگانە.

شەرم نەکردن لە کاتی کڕینی سانتیدا

سانتیش وەک هەر پێویستییەکی دیکە گرنگە و هەموو خانمان بەکاری دەهێنن و بۆیە پێویست ناکات لە کاتی کڕینیدا ئەوەندە شەرم بکرێت.

ڕەنگ نەکردنی قژ لە ماوەی سوڕی مانگانەدا

لە ماوەی سوڕی مانگانەدا گۆڕانکاری هۆڕمۆنەکان هیچ کاریگەرییەک ناخەنە سەر قژ و خانمان دەتوانن قژیان ڕەنگ بکەن.

دەبێت لە ماوەی سوڕی مانگانەدا بەرگەی ئازارەکە بگریت و ئازارشکێن بەکارنەهێنیت

نزیکەی زۆرینەی خانمان لە ماوەی سوڕی مانگانەدا ئازاری سک و کەشەنگبوونی ماسولکەکانیان دەبێت، ٪٤٥ بۆ ٪٩٣ـی خانمان ئازارێکی زۆر توندیان هەیە لە سکیاندا، ٪٣٣ـیشان ئازار و نیشانەی زۆر توندتریان هەیە وەک تا، دڵتێکچوون، سەرگێژخواردن تاکوو یەک دوو ڕۆژێک، بۆیە هیچ خانمێک ناچار نییە کە بەرگەی ئەم ئازارە قورسە بگرێت و پێویستە ئازارشکێن بەکاربهێنێت، کە بەکارهێنانی هیچ زیانێکی نییە.

پێویست دەکات هەمیشە لە کاتی دیاریکراودا بکەویتە سوڕی مانگانە

مەرج نییە خانمان هەموو مانگێک سوڕی مانگانەیان ڕێک بێت و لە هەمان بەروار و کاتدا بکەونە سەر خوێن، بە هۆی هۆکاری زۆری ژینگەی و خەو و خۆراک و پەستانی دەرونییەوە دەکرێت سوڕی مانگانە پاش و پێش بکەوێت چەند ڕۆژێک.

ئازاری سوڕی مانگانە هاوشێوەی ئازارەکانی دیکەیە

ئەم بۆچوونە هیچ ڕاست نییە ئازاری سوڕی مانگانە قورسترە، بە تایبەت ئازاری سک کە ناچارت دەکات پاڵبکەویت و کاروبارەکانی ڕۆژانەت وەلاوە بنێیت ئەگەر زوو ئازارشکێن بەکارنەهێنیت، هەروەها کەشەنگبوونی ماسولکەکان بە جۆرێکە کە هەموو ماسولکەکانی جەستە ڕەق دەبن و ئازارێکی زۆریان هەیە.

سووڕی مانگانە بابەتێکی تایبەتییە

ئەمە هەڵەیە کە وادابنرێت سوڕی مانگانە بابەتێکی تایبەتە بە خانمانەوە و پەیوەندی بە پیاوانەوە نییە، چونکە گرنگە کاتێک خانمێک دەکەوێتە سوڕی مانگانەوە کەسانی دەوربەری لێی تێبگەن و دڵی ڕابگرن.


سەرچاوەکان



1063 بینین