دەرهێنانی هێلکەدان

له‌لایه‌ن: - ئەنەس جومعە - به‌روار: 2021-08-23-11:49:00 - کۆدی بابەت: 6388
دەرهێنانی هێلکەدان

ناوه‌ڕۆك

دەرهێنانی هێلکەدان چییە؟

هێلکەدان ئەو ئەندامەیە کە هۆڕمۆنەکانی جەستەی ئافرەت دروست دەکات، ئەویش بۆ کۆنترۆڵکردنی سوڕی مانگانە، هەروەها باشکردنی تەندروستی ئێسک و دڵ، هێلکەدان هێلکە لەخۆدەگرێت و هانی گەشەیان دەدات، کە ئەویش دەبێتە هۆی دووگیانی، کرداری دەرهێنانی هێلکەدان بریتییە لەو نەشتەرگەرییەی کە ئامانجی دەرهێنانی یەکێک یان هەردوو هێلکەدانە، کە یەکێک لەم ئامێرانە بەکاردێن بۆ دەرهێنانی هێلکەدان: ناخبین، نەشتەرگەری لە ڕێگەی بڕینی سکەوە، یان لە رێگەی زێوە.

جێی باسە لابردنی هێلکەدان ڕاستەوخۆ دەبێتە هۆی وەستانی خوێنبینین و سوڕی مانگانە، هەروەها دەکرێت بەشێک بێت لە کرداری دەرهێنانی منداڵدان و هەندێک بەشەکانی دەورووبەری، لەلایەکی ترەوە کاریگەرییە لاوەکییەکانی و مەترسییەکان و لێکەوتەکانی نەشتەرگەرییەکە یەکێکە لە زۆرترین ئەو هۆکارانەی دەبنە هۆی دوودڵی لای ئەو ئافرەتانەی نیازی ئەم نەشتەرگەرییەیان هەیە، خودی خۆشی بریتییە لە یەکێک لە گرنگترین ئەو شتانەی کە پێویستە لەگەڵ پزیشکەکەیاندا گفتوگۆی بکەن و هەوڵی کەمکردنەوەی بدەن بەپێی توانا.

هۆکارەکانی دەرهێنانی هیلکەدان

لە هۆکارەکانی دەرهێنانی هیلکەدانیش بریتییە لە هۆکاری خۆپارێزی یان بڕیاردانی خۆیان، بۆ نموونە ئەو ئافرەتانەی کە بازدانە جینییەکانی BRCA1 و BRCA2 هەڵدەگرن، لەواندا نەشتەرگەری دەرهێنان ئەنجامدەدرێت بۆ کەمکردنەوەی ئەگەری توشبوون بە شێرپەنجەی هێلکەدان، بەڵام لەسەر پزیشکی چاودێر پێویستە ئافرەتەکە ئاگادار بکاتەوە کە لە حاڵەتی دەرهێنانی هەردوو هێلکەداندا ڕەنگە ببێتە هۆی نەمانی سوڕی مانگانە و دەبێتە هۆی نەزۆکی، لە حاڵەتەکانی تری دەرهێنانی هێلکەدان بریتییە لەو حاڵەتانەی بە دەرمان چارەسەر نابن و پێویستیان بە ئەنجامدانی نەشتەرگەرییە، لە دیارترین ئەو حاڵەتانەش:

- بە منداڵدانبوون: کە گواستنەوەی خانەکانە لە منداڵدانەوە و لە جێیەکی تردا گەشە دەکەن.
- لووی سەلامەتی نا شێرپەنجەیی.
- شێرپەنجەی هێلکەدان.
- پێچخواردنی هێلکەدان: ڕوودەدات کاتێک هێلکەدان پێچ دەخوات بە دەوری لوولەکانی خوێندا، کە دەبێتە هۆی ئازارێکی زۆر.
- توشبوون بە میکرۆبێک لە هێلکەدان یان ناوچەکانی دەورووبەری، هەروەها ئەم حاڵەتەش پێی دەوترێت هەوکردنی حەوز.

بەپێی هۆکاری دەرهێنانی هێلکەدانەکە رێکار و نەشتەرگەرییەکە دەگۆڕێت، کە دەکرێت هەریەک لەمانە ئەنجام بدات: دەرهێنانی هیلکەدانێک، دەرهێنانی هەردوو هێلکەدان، دەرهێنانی هێلکەدانێک و جۆگەی فالوبی (کە ئەو جۆگەیەیە کە هێلکەکان لە هێلکەدانەوە دەگوازێتەوە بۆ منداڵدان)، یان دەکرێت دەرهێنانی منداڵدانیش بەشێک بێت لە چارەسەرەکە لەگەڵ دەرهێنانی هیلکەدانەکان و دوو جۆگەی فالوبیان.

کاریگەری لاوەکی دەرهێنانی هێلکەدان 

وەکوو هەموو نەشتەرگەرییەکی تر دەرهێنانی هێلکەدان ڕەنگە چەندین کاریگەری لاوەکی هەبێت وەکوو: توشبوونی کەسەکە بە کاردانەوەی هەستیاری بەهۆی بێهۆشکردنەکەوە، توشبوون بە میکرۆب، خوێنبەربوون، توشبوون بە مەینی خوێن و تێکچوونی ئەندامەکانی هاوسێی، لەگەڵ ئەوەی ڕوودانی لێکەوتەی مەترسیدار دەگمەنە، بەڵام جێی خۆیەتی باسی ئەوە بکرێت کە نیشانەکان قورسترن لەو نەخۆشانەدا کە جگەرەکێشن یان قەڵەون یان نەخۆشی شەکرەیان هەیە.

ئەگەر دەرهێنانەکە هەردوو هێلکەدانی گرتەوە ئەوە نەخۆش نیشانەکانی نەمانی سوڕی مانگانەی تێدا دەردەکەوێت بەهۆی کەمی ئیسترۆجین و پڕۆجیسترۆنەوە و لەو کاتەشدا پزیشک رێنمایی دەداتێ بۆ بەکارهێنانی چارەسەری جێگرتنەوەی هۆڕمۆنەکان، لە نیشانەکانی نەمانی سوڕی مانگانەش کە لە کەسەکەدا دەردەکەون بریتین لە: وشکبوونی زێ، دوودڵی و خەمۆکی، گۆڕانکاری لە حەزی زاوزێ، ئارەقکردنەوەی شەوانە.


سەرچاوەکان



1729 بینین