یەکەمین سوڕی مانگانەی کچان و ڕێنمایی کردنیان

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار - به‌روار: 2021-09-04-16:06:00 - کۆدی بابەت: 6501
یەکەمین سوڕی مانگانەی کچان و ڕێنمایی کردنیان

ناوه‌ڕۆك

یەکەمین سوڕی مانگانە

یەکێک لە قۆناغەکانی گەورەبوونی کچ کەوتنە سوڕی مانگانەوەیە، کاتێک کچێک دەچێتە تەمەنی باڵغبوونەوە نیشانەی زۆری تێدا دەردەکەوێت کە یەکێکیان سوڕی مانگانەیە و یەکەمین سوڕی مانگانە بۆ کچان بە گشتی بێزارکەرە و ئەزموونێکی نوێیە، بۆیە گرنگە کە لە دەوروبەرییەوه ڕێنمایی بکرێت و دڵی بدرێتەوە بە تایبەت لە لایەن دایکیەوە.

نیشانەکانی یەکەمین سوڕی مانگانە

زۆرینەی کچان لە تەمەنی ١١ بۆ ١٤ـە ساڵیدا دەکەونە سوڕی مانگانەوە و بەڵام بە شێوەیەکی گشتی کەوتنە سوڕی مانگانە لە نێوان تەمەنی ٩ بۆ ١٦ـە ساڵیدایە، پێش کەوتنە سوڕی مانگانە کچەکە نیشانەی تری تێدا دەردەکەوێت کە نیشانەکانی باڵغبوونە وەک گەورەبوونی مەمکەکان و دەرکەوتنی موو لەسەر جەستە.

لە یەکەمین سوڕی مانگانە بە گشتی خوێن کەمە و وردە وردە زیاد دەکات، هەروەها زۆر جار سوڕی مانگانەکە ناڕێکە لە یەک بۆ دوو ساڵی سەرەتادا و ئەمە حاڵەتێکی ئاساییە و بەڵام ئەگەر زۆر ناڕێک بوو و کچەکە خوێنی زۆر بوو و یاخود ماوەیەکی زۆر خوێنی هەبوو پێویستە سەردانی پزیشک بکات، هەروەها لە ڕووی دەرونییەوە کچەکە دووچاری پەستانی دەروونی و گۆڕانی ڕەفتاری دەبێتەوە و لەوانەیه لەسەر هەر بابەتێکی بچووک توڕە ببێت یاخود ماوەیەک خەمۆک بێت کە ئەمە ئاساییە.

ڕێنمایی کردنی ئەو کچانەی بۆ یەکەمین جارە دەکەونە سوڕی مانگانەوە

- گرنگە پێش ئەوەی کچەکەت بکەوێتە سوڕی مانگانەوە تۆ هەموو شتێکت لەگەڵ باس کردبێت لەو بارەیەوە.

- ئەگەر کچەکەت کەوتۆتە سوڕی مانگانەوە و پێی خۆش نییە لەگەڵ تۆدا باسی بکات، ئەوا بهێڵە لەگەڵ کێدا ئاسوودەترە باسی کات، خوشک یان پوور، یاخود مامۆستا.

- پێویستە بزانێت کە ئەمە نەخۆشی نییە و حاڵەتێکی زۆر ئاساییە و بگرە سوودیشی هەیە و پێویست ناکات لەو بارەیەوە نیگەران بێت، دەبێت ئەوەی تێبگەیەنێت کە ئەم حاڵەتە بۆ هەموو کچێک ڕوودەدات، بەڵام لەگەڵ ئەوەی کە نەخۆشی نییە ئازار و ناڕەحەتی زۆری لەگەڵدایه کە پێویستە بەرگەی بگریت.

- گرنگە دەربارەی سانتی لەگەڵ کچەکەتدا قسە بکەیت، چۆن بەکاری بهێنێت و چ کاتێک لایببات و چۆن فڕەی بدات.

- پێویستە کچەکەت فێر بکەیت کە پاکوخاوێن بێت و ئاگاداری خۆی بێت کە پیس نەبێت و گرنگە لەمەودوا کە چاودێری خۆی بکات و بۆ هەر شوێنک چوو سانتی لەگەڵ خۆی ببات.

- کچەکە بۆ یەکەمجار دووچاری گۆڕانکاری ڕەفتاری دەبێتەوە بە هۆی گۆڕانی هۆڕمۆنەکانەوە، ئەمە دەکرێت بۆ خۆی و بۆ چواردەورەکەشی قورس بێت، بەڵام گرنگە کە ڕەچاوی حاڵی بکرێت چونکە ئەمە بە دەست خۆی نییە و پێویستە زیاتر ئاگاداری بیت و دڵی ڕابگریت.

- هەروەها هەندێک کچ پێویستیان بە چاودێری و ڕێنمایی زیاتر هەیە کە ئاستی ژیرییان کەمە و درەنگ دەتوانن لەم بارودۆخە تێبگەن.

- بە کچەکەت بڵێ کە هەموو مانگێک بۆ ماوەی ٥ تاکوو ٧ ڕۆژ خوێنت دەبێت و ئەمەش حاڵەتێکی ئاساییە.

- پێویست ناکات زۆر دەربارەی کۆنیشانەکانی پێش دەستپێکردنی سوڕی مانگانە و زیپکە و گۆڕانکاری پێست لەگەڵ کچەکەتدا قسە بکەیت چونکە ئەم حاڵەتانە تاکوو یەک دوو ساڵێک دوای یەکەمین سوڕی مانگانە ئینجا ڕوودەدەن.

پێویست دەکات کچەکەت بزانێت کە سوڕی مانگانە ئازار و ئێشی لەگەڵدایە بۆ ئەوەی کە ئازاری هەبوو نەترسێت و دڵگران نەبێت، گرنگە ڕێنمایی بکەیت کە چۆن بتوانێت ئازارەکەی کەم بکاتەوە و لەو ماوەیەدا چی بکات و لە چی دوور بکەوێتەوە.

- پێی بڵێ کە بڕی خوێنەکە چەنێکە و ئەگەر لەوە کەمتر یاخود زۆر زیاتر بوو کە نائاسایی بوو گرنگە من ئاگادار بکەیتەوە، هەڵبەتە بڕی خوێنەکە لە کچێکەوە بۆ کچێکی دیکە دەگۆڕدرێت.

- ئەگەر کچەکەت ئازاری زۆرە ڕێنمایی بکە تاکوو جەوەنە بەکاربهێنێت و دوورکەوێتەوە لە ئەنجامدانی کاری قورس و پشوو بدات، هەروەها پێویست دەکات حەپی ئازار شکێن بەکاربهێنێت هەڵبەتە بە پرسی پزیشک چونکە کچەکە لەو کاتەدا تەمەنی کەمە.

- میهرەبان بە لەگەڵیدا و وەک هاوڕێ بە تاکوو بتوانێت بۆ هەر پرسیار و کێشەیەکی داوای یارمەتیت لێ بکات.


سەرچاوەکان



1707 بینین