پەیوەندی گونجاو لەگەڵ ڕەگەزی بەرامبەر لە زانکۆدا

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار - به‌روار: 2021-09-15-13:02:00 - کۆدی بابەت: 6584
پەیوەندی گونجاو لەگەڵ ڕەگەزی بەرامبەر لە زانکۆدا

ناوه‌ڕۆك

چوونە زانکۆ

خوێندکاران بە چوونە ناو زانکۆ ئەزمونێکی نوێ و جیاواز تاقیدەکەنەوە، زانکۆ جێگای خوێندن و فێربوونە لەو بەشەی کە هەڵیدەبژێریت، بەوەی کە پێشتر زۆرینە لە قوتابخانەکاندا تەنها یەک ڕەگەز بوون و لە شاری خۆیاندا خوێندوویانە، بەڵام بە چوونە ناو زانکۆ ڕووبەڕوو دەبیتەوە لەگەڵ ڕەگەزی بەرامبەردا و هەروەها زۆرینە ئیدی لە شاری خۆیان ناخوێنن و ڕوودەکەنە شارێکی دیکە دوور لە خێزان و شارەکەیان، پەیوەندی نێوان کوڕ و کچ لە زانکۆدا بابەتێکی گرنگە پێویستە بزانیت چۆن ڕووبەڕوی دەبیتەوە.

ڕێنمایی بۆ چۆنیەتی پەیوەندی لە نێوان ڕەگەزی بەرامبەر لە زانکۆدا

لەبیرت بێت کە بۆچی هاتوویتە ناو زانکۆ

زانکۆ جێگای زانست و زانیارییە و پێویست دەکات کە ئامانجی سەرەکی هەر خوێندکارێک بۆ ئەمە بێت، ئەگەر لێرەوە پەیوەندییەک دروست دەکەیت لەگەڵ هەر کەسێکدا بە تایبە ڕەگەزی بەرامبەر دەبێت پەیوەندییەکە کاری بێت، چونکە هەردوولا بۆ ئامانجێکی هاوبەش لێرەن کە فێربوونی زانست و زانیارییە، بۆیە گرنگە ئاگاداربیت و دووربکەویتەوە لە هەر هۆکارێک کە تۆ لەو ئامانجە دوور بخاتەوە کە خوێندن و زانست و زانیارییە، بە واتایەکی دیکە هەر پەیوەندییەک لەگەڵ ڕەگەزی بەرامبەردا جگە لە پەیوەندی کاری و هاوڕێیەتی تەنها کات کوشتنە و زیان دەگەیەنێت بە خۆت و خوێندنەکەت پێویستە لێی دووربکەویتەوە تاکوو بتوانیت لە خوێندندا سەرکەوتوو ببیت، هەندێک کات هاتنی نامەیەک لە لایەن خۆشەویستەکەتەوە سەر دەکەێشێت بۆ چەندەها کاتژمێر قسە کردن و بەمەش دوور دەکەویتەوە لە خوێندن و کۆشس کردن.

ئاگاداری گرنگترین زیانەکان بە

گرنگترین و خراپترین زیان کە پەیوەندی خۆشەویستی پێتی دەگەیەنێت لە زانکۆدا لەدەستدانی ئابڕووە، لەوانەیە بە لەدەستدانی کات و خوێندن تووشی زیان ببیتەوە بەڵام هەرگیز زیانەکەی وەک لەدەستدانی ئابڕوو نییە، بۆیە دەبێت ئاگاداری هەڵسوکەوتت بیت، هەندێک لە پەیوەندییە خۆشەویستییەکان سەر دەکێشت بۆ کاری بێ ڕەوشتی و لە ئەنجامدا ئابڕووچوونی هەردوولا و بە تایبەت کچەکە کە زەرەرمەندی یەکەم دەبێت.

شێوازە نەگونجاوەکانی پەیوەندی لەگەڵ ڕەگەزی بەرامبەر لە زانکۆدا

پەیوەندی گەرموگوڕ و هەستیارانە

ئەم جۆرە ڕەفتارە گونجاو نییە کاتێک لەگەڵ کەسێکدا بینوێنیت کە هێشتا نایناسیت، چونکە کاتێک لەگەڵ ڕەگەزی بەرامبەردا بە شێوەیەکی زۆر گەرموگوڕ دەدوێیت لەوانەیە ئەو ئەمە بە شێوەیەکی دیکە لێک بداتەوە و وابزانێت تۆ خۆشت دەوێت و وێنایەک بۆ ئەمە لە مێشکیدا دروست بکات، کە لە مێشکی تۆشدا شتێکی وا ئەسڵەن بوونی نەبێت بەڵام بە هۆی ئەم ڕەفتارەی تۆوە ئەم هەستەی لە لا دروست دەبێت، ئەم ڕەفتارە زیاتر لە کچاندا زۆرە.

پەیوەندی وشک و زۆر سنووردار

هەندێک لە گەنجان بە هۆی پەروەردەی هەڵەوە زۆر جار هیچ ئاشناییەکیان نییە بەرامبەر ڕەگەزی بەرامبەر و هەمیشە خۆیانی لێ دوور دەخەنەوە و لێی هەڵدێن، ئەگەر سڵاویان لێ بکرێت بە شێوەیەکی ناشرین وەڵام دەدەنەوە، هەڵبەتە لێرەدا وشک بوون بە واتایی ئەوە نایەت کە سنوور ببەزێنیت و بەڵام بوونی پەیوەندییەکی ئاسایی و سنوورداریش بە واتای بێ ڕەوشتی و خراپە نایەت.

هەبوونی پەیوەندی نهێنی

بوونی پەیوەندییەکی نهێنی دوور لە چاوی هەمووان زۆر مەترسیدارە، واتە کاتێک کوڕ و کچێک بەردەوام و دوور لە چاوی هەمووان بە تەلەفۆن و نامە قسە دەکەن و زۆر تێکەڵ دەبن ئەنجامێکی باشی نابێت و قوربانی یەکەمیش لەمەدا کچەکەیە.

شێوازی ڕەفتاری گونجاو لەگەڵ ڕەگەزی بەرامبەر لە زانکۆدا

ڕێزگرتن

مرۆڤ کاتێک ڕێز لە خۆی و پێگەی خۆی دەگرێت بە باشترین شێوە دەتوانێت ڕێز لە کەسانی بەرامبەریشی بگرێت، بەتایبەت ڕەگەزی بەرامبەر و دەزانێت چۆن و چ کاتێک پەیوەندی هەبێت لەگەڵیاندا و ڕێزیان بگرێت.

هەبوونی ئابڕوو نەک شەرمی نابەجێ

گرنگە بزانیت کە ئابڕوو و شەرمی نابەجێ دوو دەستەواژەی زۆر جیاوازن، شەرم کردن واتە دوورکەوتنەوە لە کۆمەڵ و ڕا دەڕنەبڕین، ئەو کەسەی کە زۆر شەرمنە لە شوێنێکی تایبەت و گرنگدا ناتوانێت داوای مافی خۆی بکات، بەڵام ئابڕوو تێیدا کەسێکە کە ئابڕووی هەیە و سنوور بۆ هەموو شتێک دادەنێت بەڵام هەرگیز شەرم ناکات لەوەی داوای مافی خۆی بکات و لە کۆڕ و کۆمەڵدا ڕای خۆی دەرببڕێت، کاتێک لە زانکۆدا سیمینار دەکرێت و لەسەر بابەتێک قسە دەکەن پێکەوە نابێت شەرم بکرێت لەوەی کە ڕای خۆت دەرببڕی تەنها لەبەر ئەوەی کە ڕەگەزی بەرامبەریشی تێدایە، بەڵام لە هەمان کاتدا دەبێت بە ئابڕوو بیت و سنووری خۆت بزانیت.

خۆ نەنواندن بە شێوەیەکی نەگونجاو

کاتێک لەگەڵ ڕەگەزی بەرامبەردا پەیوەندیت دەبێت بۆ خۆ نواندن کارێک نەکەیت کە بە جۆرێکی ناشرین سەرنجی ڕابکێشیت بۆ لای خۆت، وەک ترساندنی، یاخود ڕۆشتنی خێرا بە ماتۆڕسکیل و ئۆتۆمبێل و پۆز لێدان، هەموو ئەمانە جوان نین و لەسەر کەسایەتیت دەکەوێت.

پەیوەندییەکی ئاسایی

هەرچەندە نزیک بیت لە هاوڕێ کچەکانت و کاری زۆر بکەن پێکەوە لە ئەنجامدا ئێوە نامەحرەمن و هەرگیز نابنە ئەوەی کە وەک کەسێکی نزیکی خۆت مامەڵەیان لەگەڵدا بکەیت وەک خوشک و دایک، هەندێک جۆری قسە کردن و دەست لێدان و نزیک بوونەوەیەک لێیان کە لە سنوور لابدات، هەموو ئەمانە نائاسایین و ناشەرعین و پێگەی تۆ لاواز دەکات.


سەرچاوەکان



1423 بینین