وەرزشکردن لە ماوەی سوڕی مانگانەدا

له‌لایه‌ن: - زیلان ئازاد - به‌روار: 2021-09-18-00:42:00 - کۆدی بابەت: 6614
وەرزشکردن لە ماوەی سوڕی مانگانەدا

ناوه‌ڕۆك

وەرزش و سوڕی مانگانە

ئەنجامدانی ڕاهێنانەکان بە درێژای ماوەی سوڕی مانگانە زۆرجار کۆتا شتە کە کەسێک بیەوێت ئەنجامی بدات، بەگشتی چەندەها شێوەی جیاوازی وەرزشکردن هەیە، بەڵام ئەنجامدانی چەند ڕاهێنانێکی سووک لە کاتی سوڕی مانگانەدا سەلمێندراوە کە چەند نیشانەیەک کەمدەکاتەوە وەک:

  • ئازار
  • کۆڵنج
  • سک ئاوسان
  • پەستان
  • جەو گۆڕان
  • بێتاقەتی
  • شەکەتی
  • سەرسووڕان

ئەمانە تەنها هەندێک سوودی کەمن کە دەتوانیت هەستیان پێ بکەیت لە کاتی وەرزشکردن لە ماوەی سووڕی مانگانەدا، جگە لەوەش لەشجوانی جەستەیی بۆ تەندروستی گرنگە و دەتوانێت مەترسی کێشە پزیشکییە جدییەکانی وەک لێدانی دڵ و جەڵتەی مێشک و هەوکردنی جومگە و تەنک بوونەوەی ئێسک و شەکرە کەم بکاتەوە، وەرزشکردن پێویست ناکات بە سەختی ئەنجامبدرێت یاخود هەموو ڕۆژێک بۆ ئەوەی یارمەتیت بدات، لە توێژینەوەیەک کە لەم دوایانەدا ئەنجامدراوە دەرکەوت کە وەرزشکردن دەتوانێت یارمەتی لانی کەم لە ٣٠ نەخۆشی درێژ خایەنیش بدات.

چەندین گۆڕانی فیزیایی و کیمیایی بەسەر جەستەدا ڕوودەدات لە ماوەی سوڕی مانگانەدا، لە ڕاستیدا وەرزشکردن دەتوانێت ڕێژەی هۆڕمۆنی ئیندرۆفین کە بەرپرسە لە باشترکردنی هەستەکان زیادبکات و نیگەرانی کەمبکاتەوە و پەستان و ئازار نەهێڵێت و جەوت یاخود باری دەروونیت باشتربکات.

باشترین ڕاهێنانەکان لەماوەی سووڕی مانگانەدا

زۆرینەی خەڵک پێشنیاری ئەوە دەکەن کە لەماوەی سوڕی مانگانەدا ئەو وەرزشانە ئەنجامبدرێت کە دەتوانرێت بە ئارامیەوە بکرێن، کە بۆ جەستەت باشن، و تۆ ئارەزوو دەکەیت ئەنجامیان بدەیت، بۆ زۆرینەی خەڵک لەوانەیە یەکەم و دووەم ڕۆژی سوڕی مانگانە کاتێکی باش نەبێت بۆ ئەنجامدانی ڕاهێنانەکان، لەبەر ئەوەی بەشێوەیەکی ئاسایی لەو دوو ڕۆژەدا خوێنی زیاتر دەڕوات وەک لە ڕۆژەکانی دیکە، لەم کاتەدا لەوانەیە زیاتر هەست بە ئاسوودەی بکەیت ئەگەر ڕاهێنانەکان لەماڵەوە ئەنجام بدەیت، ئەگەر رۆژە سەرەتاکانی ماوەی سوڕی مانگانە سەخت بوو، ئەوا تۆ بەئاسانی وەریگرە گۆڕانکاری لە وەرزشەکانتدا بکە وەک پێویست.

ئەو ڕاهێنانانەی کە دەبێت لەکاتی سووڕی مانگانەدا ئەنجام بدرێت

باشترین ئەو ڕاهێنانانەی کە ئەنجامدەدرێت لە چەند ڕۆژی سەرەتایی سوڕی مانگانەدا دەتوانن ئاڵەنگاری گرژبوونی ئازاری سک و خوێن ڕۆشتنی زۆر بکەن، وەرزشکردن دەتوانێت ڕزگارکەری تۆ بێت لەم ڕۆژە سەختانەدا، چەند ڕاهێنانێکی سادە بۆ ئەوەی ئێوە بە تەندروست و دڵخۆشی بتهێڵێتەوە:

بەپێ ڕۆشتن

بەپێ ڕۆشتنێکی ئاسایی، باشترین وەرزشە کە دەتوانیت لە ماوەی سووڕی مانگانەدا ئەنجامی بدەیت، ئەم وەرزشە ئایرۆبیکییە زۆر یارمەتی سییەکانت دەدات کە لە سووڕەکەدا بە باشی کار بکەن.

ڕاکردن

لە ڕۆژانی کۆتایی سوڕی مانگانەدا یاخود کاتێک کە تەنها چەند نیشانەیەکی کەمت ماوە دەتوانیت ڕابکەیت، بەڵام ڕاکردنێکی لەسەر خۆ و دەتوانیت پشوو بدەیت لە نێوان ماوەی ڕاکردنەکەدا ئەگەر هەستت بە بێزاری کرد، ڕاکردن دەتوانێت دەستبەجێ ئازار و بێزاریت کەم بکاتەوە.

یۆگا

یۆگا دەتوانێت مەزاجە زوو هوڵچوو و تێکشکاوەکەت ئارام بکاتەوە تەنها بە ئەنجامدانی ڕاهێنانەکانی خۆ درێژکردن و هەناسەدان، زۆرێک لە یۆگاکان یارمەتیدەرن بۆ زیادکردنی سوڕانەوەی خوێن، لە ڕووی زانستییەوە سەلمێنراوە و تاقی کراوەتەوە کە یۆگا یارمەتیدەرە بۆ هێورکردنەوەی جەستەت و هێورکردنەوەی نیشانەکانی سوڕی مانگانە وەک کۆڵنج و ئاوساوی سک.

ڕاهێنانی پلاتیس ( قاچ بەرزکردنەوە)

ڕاهێنانی پلاتیس یەکێکە لەو ڕاهێنانانەی کە لەم ڕۆژەدا زۆرترین خواستی لەسەرە، یارمەتی هێورکردنەوەت دەدات و ڕێگایەکی باشە بۆ هێشتنەوەت بە ئارامی و تەندروستی، پلاتیس گرووپێکی دیاریکراوی ماسولکەکان دەجوڵێنێت، پلاتیس هێزێکی ناوەکی دروستدەکات و دەتوانێت ئازاری توندی گرژبوونی ماسولکە کەمبکاتەوە.

بەرزکردنەوەی قورسایی کەم

ئەگەر ناتوانیت بەپێ بڕۆیت یاخود بڕۆیت بۆ هۆڵی لەشجوانی بۆ ئەنجامدانی ڕاهێنانەکان، ئەوا بەلایەنی کەمەوە دەتوانیت لە مالەوە قورسای کەم بەرز بکەیتەوە، کەدەبێتە هۆی زیادکردنی هێزی ماسولکەکان.

ڕاکشان

ڕاکشانێکی سادە دەکرێت زۆر بەسوودتر بێت وەک لە خۆ لوولردن لەناو جێگادا، ئەگەر هەست بە نائاسوودەیی دەکەیت بە ئەنجامدانی ڕاهێنانەکانی دیکە، ئەوا هەوڵبدە ڕاکشێیت و هەناسەی قووڵ هەڵمژیت تاکوو ماسولکەکانی جەستەت ئارامببنەوە.

سەما کردن

سەما کردن چالاکییەکی خۆشە کە دەتوانێت میزاجی تۆ بەرزبکاتەوە و کالۆری زیادەش بسوتێنێت وەک زوومبا.

مەلەکردن

لەوانەیە ئەمە چەمکێکی نامۆ بێت بۆ زۆر لە کچان، بەڵام مەلەکردن یەکێکە لە نەرمترین و ئارامترین ڕاهێنانەکان کە دەتوانیت ئەنجامی بدەیت تەنانەت لەکاتی سوڕی مانگەنەشدا، تۆ خوێنت نابێت ئەگەر بەهێواشی مەلە بکەیت بەهۆی دژە فشاری ئاوەکەوە، زۆرێک لە پزیشکەکان پێشنیاری ئەوە دەکەن کە کچان و ژنان کەمتر خوێنیان دەبێت کاتێک لە ئاوی سارددا دەبن بەهۆی ساردبوونی دەمارەکانی خوێن بۆ چەند ساتێک.

ئەو ڕاهێنانانەی کە نابێت ئەنجامبدرێت لە کاتی سوڕی مانگانەدا

- دوورکەوتنەوە لە ڕاهێنانی قوورس.
- بۆ ماوەیەکی درێژ وەرزش مەکە.
- زۆر زەخت لە جەستەت مەکە کە وەرزش بکات، گوێ لە جەستەت بگرە.
- ئەنجامدانی ڕاهێنانی ئاسایی زۆر سوودبەخشە بۆ تەندروستیت و هەروەها مێشکت، هیچ هۆیەکی زانستی نییە بۆ تێپەڕاندنی ڕاهێنانی ڕۆژانەت لە ماوەی سوڕی مانگانەدا مەگەر نیشانە توندەکانت هەبێت.
- زۆر لە دکتۆرەکان پێشنیاری ئەوە دەکەن کە وەرزشکردن دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ جەستەت لەم ماوەیەدا، کەواتە، گوێ لە جەستەی خۆت بگرە و ڕاهێنانی سووک بکە بۆ ئەوەی جەستە و مێشکت ئارام بکەیتەوە.


سەرچاوەکان



1286 بینین