پەنگوین

له‌لایه‌ن: - جوانە محەمەد جوانە محەمەد - به‌روار: 2021-09-23-14:44:00 - کۆدی بابەت: 6683
پەنگوین

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

پەنگوین یاخود بەتریق (بە عەرەبی: البطريق، بە ئینگلیزی: penguin)، بە باڵندەی ئاوی پۆلێندەکرێت بەڵام توانای فڕینی نییە، لە تیرەیەک پۆلێندەکرێت کە ١٨-٢١ جۆر باڵندەی ئاوی لەخۆ دەگرێت، نشینگەی پەنگوینەکان بریتییە لە نیوە گۆی باشووری زەوی، ئاووهەوای ساردیان بەلاوە پەسەندە نەک بەستوو، هەندێکی زۆر کەمیان لە ناوچەی ئاووهەوا ناوەندەکاندا دەژین و تەنها یەک جۆری لە هێڵی کەمەرەیی زەویدا دەژی، کە ئەم جۆرەیان پێویستییەکانی بە ئاو پڕدەکاتەوە، بەڵام مەترسی لەدەستدانی نشینگەکانیان هەیە بەهۆی قەتیس بوونی هەواو و توانەوەی بەستەڵەکەکان، ناوەندە ڕێژەی تەمەنی پەنگوینەکان دەکرێت لە ٦ مانگەوە هەتا ٣٠ ساڵ بێت، نیوەی تەمەنیان لە ئاودا و نیوەکەی دیکە لەسەر زەوی بەسەردەبەن، لە سەدەی ١٩ دا ڕاوچییە بازرگانەکان هێرشیان دەکردە سەر نشینگەی پەنگوینەکان و ژمارەیەکی زۆریان ڕاودەکردن بۆ سود وەرگرتن لە گۆشت و هێلکە و دروستکردنی زەیتی پەنگوین، بەڵام دواتر لە سەرەتای سەدەی ٢٠ـەوە بازرگانییەکە لاواز بوو قازانجی زۆری نەما و بازرگانەکانیش وازیانهێنا لە ڕاوکردنیان بە بڕی زۆر.

شێوەی دەرەوەی

کێشی دەکرێت لە نێوان ١.٥-١٤ کگم ببێت و درێژییەکەشی لە نێوان ٤٣-١٢٢ سم دەبێت، هاوشێوەی باڵندەکانی دیکە پەنگوینەکان ددانیان نییە کە خۆراک ورد بکەن، بەڵکو ژمارەیەک دڕک هەیە لە دەمیاندا ئاڕاستەی دواوەکراوە بۆ ئەوەی بە ئاسانی خۆراکەکەی بگاتە قوڕگی و قووتی بدات، جەستەی بە پەڕ داپۆشراوە و ڕەنگی دوو جۆرە تۆخ لەگەڵ کاڵ کە بە گشتی ڕەنگە کاڵەکە سپییە.

خۆراک

جۆری خۆراکەکەی بە گوێرەی نشینگەکەی و جۆری پەنگوینەکە و وەرزەکان دەگۆڕیت، ئەو خۆراکەی لە کاتی مەلەکردن و ڕاوکردن لە ئاودا بەدەستی دەهێنێت هەرچیەک بێت دەیخوات، وەک  جۆری جیاوازی ماسییەکان و مەرەکەب و هەشت پێ و قرژاڵ و ڕۆبیان و هتد، بڕەکەشی بە گوێرەی جۆرەکە و وەرزەکە دەگۆڕیت، بۆ نموونە پەنگوینێکی قەبارە ناوەند لە وەرزەکانی هاویندا ڕۆژانە پێویستی بە ٠.٩ کگم خۆراک هەیە.

ئامادەکارییەکانی یەکگرتن

پەنگوینەکان لە هەموو ژیانیان لەگەڵ یەک پەنگوین یەکگرتن ئەنجام دەدەن، تایبەتمەندی و ڕەوشتەکانی یەکگرتن بە گوێرەی جۆرەکان دەگۆڕێت بەڵام زۆرینەی کردارەکانیان هاوشێوەیە، پێش مێینەکان نێرینەکان دەڕۆنە جێگەی یەکگرتنەکە، لە هەندێک جۆردا پەنگوینە نێرینەکە لانە دروست دەکات، و ساڵانە ئەگەر لە هەمان جێگە یەکرگتنەکە بکەن سەرەتا نێرینەکە لانەکە نوێ دەکاتەوە، لانەکانیشیان لە بەرد و پوش و چڵی دار دروست دەکرێت، هەموو وەرزێکی نوێی یەکگرتن مێینەکان دەڕۆنەوە بۆ لانەی هەمان نێرینەی وەرزی پێشووی، کە مێینەکان دوای چەند هەفتەیەک لە نێرینەکان دەچنە لانەکان، مێینەکان بۆ دڵنیابوونەوەی لە ئەوەی هەمان لانەی ساڵی پێشووە لە لانەکەدا پاڵدەکەون، ئەم کردەوە لە چەند لانەیەکدا دووبارە دەکاتەوە بۆ دڵنیابوونەوە لە گەشتن بە لانەکەی خۆی، بەڵام ئەو جۆرانەی کە لانە دروست ناکەن، ئەوا مێینەکان هاوبەشەکانیان هەڵدەبژێرن بەهۆی تاقیکردنەوەی پلە و توانای دەنگیانەوە.

زۆربوون

سوڕی ژیانی پەنگوینەکان بە گوێرەی جۆرەکان جیاوازن، بۆ نموونە پەنگوینی پاشایی کە لە ئەمریکای باشوردا دەژی، مێینەکە تەنها یەک هێلکە دادەنێت لە دوو مانگی کۆتایی ساڵدا، هەردوو نێرینە و مێینەکە لەسەری دەمێننەوە بۆ ماوەی ٥٥ ڕۆژ، دواتر بێچووەکە لە هێلکە دێتە دەرەوە بۆ ماوەی ٤٠-٥٠ ڕۆژ لە سەر قاچی دایک و باوکەکە دەمێنێتەو لەم ماوەدا پەڕەکانی دەردەکات و یارمەتی جڵەوکردنی پلەی گەرمی جەستەی دەدات، دایک و باوکی بێچووەکان ماسی و ڕۆبیان ڕاودەکەن بۆ بێچووەکانیان، دواتر دەیهاوێژن بۆ دەمی بێچووەکان بۆ ئەوەی بیخۆن، کە ڕۆبیانەکان بە خۆراکێکی گرنگ و سوودبەخش هەژماردەکرێت بۆ بێچووەکان، دوای ١٣ مانگ بێچووەکە توانای مەلەکردن و ڕاوکردنی دەبێت، واتە لەم قۆناغەدا پشت بەخۆبەستن دەستپێدەکات، جۆرەکانی دیکە بە گشتی مێینەکان دوو هێلکە دەکەن ساڵانە، و باوکەکە گرنگی بە هێلکەکە دەدات و دوای هاتنە دەرەوەی بێچووەکەش لە نزیکی دەمێنێتەوە، لە کاتێکدا دایکەکان خۆراک دەهێنن و ڕاودەکەن.

جۆرەکانی پەنگوین

  • پەنگوینی ماکڕۆنی: ئەم جۆرە یەکێکە لە شەش پەنگوینە پۆپنەدارەکان، کە پۆپنەیەکی زەرد و ژمارەیەکی زۆری هەیە، بەڵام هێشتا بە یەکێک لە ئەو جۆرانە پۆلێندەکرێت کە مەترسی لەناوچوونی لەسەرە بەهۆی نزمبوونەوەی بەردەوامی ژمارەیەوە.
  • پەنگوینی پاشایی: ئەمەیان لە دوورگەی ماکواری دەژی کە نزیکە لە کیشوەرە بەستووەکەی باکوورەوە، جۆرێکی پۆپنەدارە و خاڵی هاوبەشی زۆری لەگەڵ پەنگوینی ماکرۆنی هەیە، ئەم پەنگوینە کاتی زۆرتر لە ئاودا بەسەر دەبات بە بەراورد بە وشکانی.
  • پەنگوینی ڕۆکپۆپەری باکووری: ژمارەی تاکەکانی بە ڕێژەی %٩٠ کەمبوونەتەوە بۆیە مەترسی لەناوچوونی زۆری لەسەرە.
  • پەنگوینی ڕۆکپۆپەری ڕۆژهەڵاتی: ئەم جۆرە لە چەندین ناوچەی جیاواز توانای ژیانکردنی هەیە، وەک دوورگەکانی زەریای هێمن.
  • پەنگوینی قیت: ئەم جۆرە ناسراوە تەنها لە نیوزلەندا دەژی و لەبەر ئەوەی نشینگەکەی بەم جۆرە سنووردارە بۆیە مەترسی لەناوچوونی زۆری لەسەرە.
  • پەنگوینی تاتەبەرد: جۆرێکی قەبارە ناوەندە و لە ناوچەی دیاریکراوی نیوزلەندا دەژی، ڕەنگی پشتی شینێکی زۆر تۆخە کە وەک ڕەش دەردەکەوێت، هەروەها ئەم جۆرەش لە پۆلێنی ئەو گیانەوەرانەدایە کە مەترسی لەناوچوونیان لەسەرە.
  • پەنگوینی گەڕوو: لە دارستانە مامناوەندە چڕەکاندا دەژی، ئەم جۆرەش بەهەمان شێوە ژمارەیەکی کەمی ماوەتەوە لە سروشتدا و مەترسی لە ناوچوونی لەسەرە.
  • پەنگوینی چاو زەرد: ئەم جۆرەیان هاوبەشییەکی زۆری لەگەڵ پەنگوینە بچووکەکاندا هەیە و لە کەناری دوورگەکانی باکووری نیوزلەندا زۆردەبن، قەبارەیەکی ناوەندی هەیە و لە چاوەکانییەوە بۆ پشتی سەری هێڵێکی زەردی هەیە، بەهۆی ئاژەڵە دڕندەکان و تێکدانی نشینگەکانییەوە ژمارەی گەشتووەتە ٤٠٠٠ دانە و مەترسی لەناوچوونی لەسەرە.
  • پەنگوینی ئەفریقی: ئەم پەنگوینە لە باشووری ئەفریقا هەیە و ماسکێکی ڕەش بە ڕووخسارییەوەیە و لەسەروو چاوەکانییەوە خاڵی پەمەیی تایبەت هەیە.
  • پەنگوینی گاڵاپاگۆس: لە دوورگەی گالاپاگۆس دەژی و تاکە پەنگوینە کە نشینگەکەی لە ناوچەی هێڵی کەمەرەییە، درێژییەکەی ٤٩ سم و کێشی دەگاتە ٢.٥ کگم.
  • پەنگوینی هومبۆلت: ئەم پەنگوینە لە ئەمریکای باشوور دەژی، ناوەکەی بەدەستهێناوە لە ئەنجامی جوڵە و مەلەکردن لەگەڵ هەمان شەپۆلی دەریایی سارد کە ناوی هومبۆلتە.
  • پەنگوینی ماجلانیک: لە ناوچەی کەنارەکانی چیللی و ئەرجەنتین و دوورگەی فوکلاند دەژی، هەندێکیان کۆچدەکەن بۆ بەڕازیل و لە کەنارەکانی ڕیۆ دی جانیرۆ دەبینرێن، هەروەها ئەم جۆرە تایبەتمەندە بە هەبوونی دوو هێڵی ڕەش لە نێوان سنگیدا، هۆکاری کەمبوونەوەی ژمارەشی دەگەڕێتەوە بۆ شکستهێنانی زۆربوونی، بەهۆی گۆڕانکارییەکانی ژینگەکەی وەک سووتانی دارستانەکان و بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما.
  • پەنگوینی سپی: پەنگوینێکی قەبارە بچووکە و درێژییەکەی دەگاتە نزیکەی ٣٠ سم، ناوینراوە پەنگوینی سپی بەهۆی هەبوونی ڕووخسارێکی سپی و نیشانەی سپی بە ڕیشووەکانییەوە.
  • پەنگوینی شینی بچووک: بچووکترین جۆری پەنگوینەکانە، نشینگەکەی بریتییە لە کەنارەکانی نیوزلەندا و باشووری ئوستوڕالیا، هەروەها ناوەکەشی لە پەڕە شین و قەبارە بچووکەکەیەوە بەدەستهێناوە و ئەم جۆرە مەترسی لەناوچوونی کەمتری لەسەرە بە بەراورد بە جۆرەکانی دیکە.  
  • پەنگوینی جێنتوو: دیارترین تایبەتمەندی ئەم جۆرە هەبوونی نیشانەیەکی سپییە لەسەر سەرییەوە کە هاوشێوەی کڵاوێکە، هەروەها کلکیشی تا ڕادەیەک درێژترە لە جۆرەکانی دیکە، درێژییەکەی بە نزیکەیی لە نێوان ٥١-٩٠ سم دەبێت بەمەش سێیەم گەورەترین پەنگوینە.
  • پەنگوینی چینستراپ: ئەم جۆرە لە ناوچەی دوورگە بەستووەکانی باشووری زەریای هێمن دەژی، تایبەتمەندی دیاری هەبوونی هێڵێکی ڕەشە لەژێر سەرییەوە.
  • پەنگوینی ئەدیلی: بە درێژایی کەنارەکانی بەستەڵەکی باشوور دەژی و ژمارەیەکی زۆری هەیە، تایبەتمەندی ئەم پەنگوینە هەبوونی بازنەیەکی سپییە بە دەوری چاویدا، هەتا ئێستا ژمارەکەی جێگیرە بەڵام گۆڕانەکانی پلەی گەرمی و گەرمبوونی زەوی بوون بە یەکەمین مەترسییەکانی لەناوچوونی.
  • پەنگوینی پاشا: ئەم جۆرە دووەم گەورەترین قەبارەی هەیە، هەروەها لە ئێستادا دوو توخمی جیاوازی دۆزراونەتەوە و ناسراون.
  • پەنگوینی ئیمپراتۆری: نشینگەکەی بریتییە لە جەمسەرە بەستوەکەی باشووری زەوی، بەرزترین و قورسترین جۆری پەنگوینە، بەرزییەکەی بە نزیکەیی دەگاتە ١٢٢ سم و کێشێ لە نێوان ٢٢-٤٥ کگم دەبێت، سەر و پشتی ڕەشن و سکی سپییە، بەڵام ناوچەی گوێیەکانی زەردە، لە چەقەکەیدا زەردێکی تێرە و هەتا لە چەقی گوێچکەی دووربکەوێتەوە زەردییەکەی کاڵتر دەبێت، هەروەها ئەم جۆرە دەتوانێت بۆ ماوەی ١٨ خولەک لەژێر ئاودا بمێنێتەوە.


سەرچاوەکان



2189 بینین