قەدەغەکردنی پلاستیک

له‌لایه‌ن: - لەنیا کەریم - به‌روار: 2021-09-23-16:40:00 - کۆدی بابەت: 6686
قەدەغەکردنی پلاستیک

ناوه‌ڕۆك

چی دەبێت ئەگەر پلاستیک قەدە‌غە بکرێت؟

ساڵانە ٣٠٠ ملیۆن تەن پلاستیک بەرهەمدەهێنرێت، کە ئەمەش یەکسانە بە کۆی ژمارەی کێشی هەموو جۆرەکانی مرۆڤ کە لەسەر ئەم هەسارەیە دەژین، لەسەر ئاستی جیهان، ساڵانە ٥ تریلیۆن لە جۆری ئەو پلاستیکانە بەکاردێت کە تەنها بۆ یەک جارە و فڕێدەدرێت، هەموو خولەکێک ١ ملیۆن بوتڵی ئاوی پلاستیکی دەکڕدرێت، بوونی ژمارەیەکی زۆری پلاستیک لە هەموو شوێنێک ئەو بارودۆخە زۆر ترسناکە نیشان دەدات کە لە زەویدا هەیە، بە قەدەغەکردنی بەکارهێنانی پلاستیک لەسەر ئاستی نەتەوەیی و نێودەوڵەتی، واتای گرتنەبەری هەنگاوی ڕێگەگرتن لە شێوانی هەسارەی زەوی دەگەیەنێت.

قەدەغەکردنی پلاستیک لە وڵاتە جیاوازەکان

وڵاتان لە سەرانسەری جیهان نیگەرانیان دەربڕیوە سەبارەت بە زیادبوونی ڕێژەی بەکارهێنانی پلاستیک، هەندێک لە وڵاتان یاسا و ڕێسای جۆراوجۆری پەیوەست بە قەدەغەی پلاستیکیان لەسەر ئاستی نەتەوەیی و نێودەوڵەتی داڕشتووە، لە کاتێکدا هیچ هەنگاوێکی سەرەکی نانێن بۆ کەمکردنەوەی بەکارهێنانی پلاستیک، لێرەدا کورتەیەک لە هەنگاونان لەلایەن هەندێک لە وڵاتان ڕوون دەکەینەوە سەبارەت بە دروستکردنی گۆڕانکاری لە بەکار‌هێنانی پلاستیک.

فەڕەنسا

فەڕەنسا دوو سیاسەتی نەتەوەیی هەیە لە دژی پیسبوونی ژینگە بە پلاستیک، لە ساڵی ٢٠١٦ دا، یاسای گواستنەوەی وزە بۆ گەشەی سەوز، قوتو و ئەو بتڵە پلاستیکیانەی کە بۆ یەکجار بەکاردێن قەدەغە کرد، دواتر لە ساڵی ٢٠١٨ یاسای Eaglim، کە بە ناوی (یاسای پەیوەندییە بازرگانییە هاوسەنگەکان لە کەرتی کشتوکاڵ و خۆراکدا) ناسراوە، وە هەروەها یاسای (خواردنی تەندروست و بەردەوام) کە یاسای ساڵی ٢٠١٥ یە، کە لە پاڵ پلاستیکدا چەند کەلوپەلێکی دیکە زیادکرا وەک، قەسەب، قاڵبی سەهۆڵ، ئامێرەکانی دروستکردنی کۆکتێل، هەروەها لە ٢٤ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٩ دا بڕیارێک دەرکرا بۆ قەدەغەکردنی پلاستیک بەشێوەیەکی ورد و کرداری، کە قەدەغەکردنەکە لە ١ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٠ ەوە چووە بواری جێبەجێکردنەوە، فەڕەنسا بەنیازە تا ساڵی ٢٠٢٥ بەکارهینانی پلاستیک بەتایبەتی زەرفی پلاستیکی تا نیوەی ساڵی ٢٠٢٥ لەو وڵاتەدا قەدەغەبکات.

سوید

هیچ شتێک نییە بە ناوی قەدەغەی پلاستیکی، لەجیاتی ئەوەی دووبارە بەکارهێنانەوەی پلاستیکی هەیە، هۆکاری سەرەکی لە پشت قەدەغەنەکردنی هیچ جۆرێکی پلاستیک ئەوەیە کە سیاسەتی سوید باشترین سیستەمی دووبارە بەکارهێنانەوەی هەیە لە جیهاندا، کە تەنها ١٪ ی پاشەڕۆکانی سوید دەچێتە ناو خۆڵەوە لەبەر ئەوەی کە سیستەمێکی زۆر کارا و کاریگەری هەیە خۆڵ دەنێردرێت بۆ سیستەمێک کە پێی دەوترێت سووتانی خۆڵ، لە دوایین گفتوگۆکاندا جامی پلاستیکی لە سوید قەدەغەکراوە.

کینیا

لەم وڵاتەدا توندترین یاسای قەدەغەکردنی زەرفی پلاستیکی هەیە لە جیهاندا، لە ساڵی ٢٠١٧ـەوە ئەگەر کەسێک زەرفی پلاستیکی بەکاربهێنێ یان بیفرۆشێت یان بەرهەمی بهێنێت لە کینیادا، ئەوا بۆ ماوەی ٤ ساڵ زیندانی دەکرێت یان غەرامە دەکرێت بە بڕی ٣٨ هەزار دۆلار، پێشتر هەوڵەکان بۆ قەدەغەکردنی زەرفی پلاستیکی شکستی هێنا چونکە ئەوان تەنها سەرنجیان خستە سەر زەرفێکی ئەستووری تایبەت نەک هەموو جۆرەکانی دیکە.

بەریتانیا

بەریتانیا لە ساڵی ٢٠١٨ دا ڕایگەیاند کە دەستیکردووە بە دانانی پلانێکی ستانداردی زێڕینی جیهانی لە ماوەی ٢٥ ساڵدا کە قەدەغەی بەکارهێنانی ئەو پلاستیکانە کراوە کە لە بابەتەکانی جوانکاری و بەرهەمە تایبەتەکاندا بەکارهێنراون، هەرچۆنێک بێت ڕێگەدراوە لە بەرهەمی ماکیاژ و دژە خۆردا بەکاربهێنرێت، هەروەها یاسای سەپاندنی باجی لەسەر زەرفی پلاستیکی داناوە، وە لە ساڵی ٢٠١٥ دا بەهۆی ئەوەی کە ٩ ملیار زەرفی پلاستیکی بەرهەمهاتووە بەریتانیا قەدەغەی دروستکردنی توڵی تێکەڵکردن و پلاستیک و قەسەب و گوێ پاککەرەوەشی ڕاگەیاند کە لە مانگی نیسانی 2020 دا چووەتە بواری جێبەجێ کردنەوە.

چین

لە ساڵی ٢٠٠٨دا چین بەپێی چەند بڕیارێکی ئەنجومەنی دەوڵەت کە ئامانجیان ڕێگەگرتن بوو لە ڕوو لە زیادبوونی بابەتە پلاستیکیەکان، لە مارکێت و بازاڕەکان بەپێی یاسا قەدەغەی ئەوەی کرد کە زەرفی پلاستیکی بە خۆڕایی بدرێتە خەڵک، کرا بە یاسا کە دەبێت فرۆشیارەکان پارە لە کڕیارەکان وەربگرن لە بەرامبەر پێدانی زەرفی پلاستیکی، ئەمەش لەهەمان کاتدا بووە مایەی قازانج بۆ فرۆشیارەکان و کەمبوونەوەی بەکارهێنانی زەرفی پلاستیکی بە ڕێژەی ٥٠٪ ، بەو شێوەیە چین توانی ١٠٠ ملیار زەرفی پلاستیکی لە هۆکاری پیسکردنی ژینگە بپارێزێت.

هیندستان

هیندستان لە ساڵی ٢٠١٦ـەوە قەدەغەی نیشتیمانی زەرفی پلاستیکی کردووە، یاسای پاراستنی ژینگە لە ساڵی ١٩٨٦ مافی ئەوەی بە حکومەت داوە کە ڕێوشوێنی پێویست بگرێتەبەر بۆ پاراستنی ژینگە، حکومەت دەسەڵاتی یاسادانانی هەیە بۆ ڕێگەگرتن لە پیسکردنی ژینگە و کۆنتڕۆڵکردنی.

کاردانەوە نێودەوڵەتییەکان

ڕێکەوتننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان کە لە چوارچێوەی بابەتەکانی کەشوهەوادا بوو، بەم دواییانە هەڵمەتێکی جیهانی دەستپێکرد بەناوی #BeatPlasticPollution ،لە ڕێگەی بانگەشەی جۆراوجۆر لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە هانی خەڵکی دەدا بۆ بەشداریکردن لە هەڵمەتەکەدا، کە تێیدا کەسێک هەڵدەستێت بە دروستکردنی ڤیدیۆیەک و واز لە هەموو ئەو بابەتە پلاستیکیانە دەهێنێت کە تەنها یەکجار بەکاردێن، وە دوای خۆی هانی ٣ کەسی دیکە دەدات بۆ ئەنجامدانی هەمان کار، ئامانج لە هەڵمەتەکە ئەوەیە کە لە سەرتاسەری جیهان هانی خەڵک بدات پەیمانی وازهێنان لە خوو و نەریتی بەکارهێنانی پلاستیک و هەنگاونان بەرەو بنیاتنانی جیهانێکی سەوز و ڕێگە بگرن لە دروستکردن و بڵاوکردنەوەی گازە ژەهراوییەکان، هەروەها پەیماننامەی پاریس کە لەلایەن ١٨٩ وڵاتەوە پەسەند کراوە، ئامانجی سەرەکی پەیماننامەکە ئەوەیە کە تێکڕای بەرزبوونەوەی پلەی گەرمای جیهانی کەمبکرێتەوە بۆ نزیکەی ٢ پلەی سەدی یاخود بۆ ١،٥ پلەی سەدی وەک سەردەمی پێش دروستبوونی پیشەسازی، کە ئەمە بەیەکەم ڕێکەوتن دیاریکراوە کە تێبینی زیادبوونی پیسبوونی زەریاکان و نەبوونی شیوازێکی بەڕێوەبردنی باش کە توانای پاراستنی ژینگەی هەبێت، هەموو پێنج ساڵ جارێک دەبێت وڵاتان پلانە کردارییەکانی خۆیان بە ئاشکرا ڕابگەیەنن.

باری ئابووری

کاریگەری قەدەغەکردنی پلاستیک لەسەر باری ئابووری مشتومڕی زۆری لەسەرە، قەدەغەکردنی پلاستیک پێویستی بە کاتژمێرێکە بەڵام یەکەم جار پێویستە کاردانەوەی وڵاتان ببینین سەبارەت بە دۆخی ئابووری، بەپێی هەموو کۆمەڵەی بەرهەمهێنەرانی پلاستیکی هیندستان، پرۆسەی پیشەسازیی پلاستیکی هیندستان نزیکەی ٣٠ هەزار یەکەی هەیە کە بەڕێژەی لە سەدا ٨٥ بۆ٩٠ پێکدێت لە کۆمپانیای بچوک و مامناوەند، هەروەها پیشەسازیەکە هەلی کار بۆ زیاتر لە ٤ ملیۆن کەس دەڕەخسێنێت، لە ئەگەری قەدەغەکردنی پلاستیکدا کاریگەرییەکی زۆر خراپی بازرگانی دروست دەبێت، کە ئەمەش تەنها کاریگەری لەسەر هیندستان دروست ناکات بەڵکو کاریگەری زۆر لەسەر باری ئابووری هەموو جیهان دروست دەکات، بە دڵنیاییەوە قەدەغەکردنی پلاستیکەکان دەبێتە هۆی بارگرانیەکی زۆر ئەگەر بەبێ بوونی هیچ پلانێکی جێگرەوە جێبەجێ بکرێت.

ژینگە

وەک لە پێشتردا باسکرا، پلاستیکەکان بەگشتی وە بەتایبەتی ئەو کەلوپەلە پلاستیکییانەی کە بۆ جارێک بەکاردێن مەترسیەکی گەورە بۆ سەر ژینگە دروست دەکەن، زۆربەی کات شتێکی خەندە ئامێزە کە ئێمە بەرهەمێک بەرهەمدەهێنین کە زۆر مەترسیدارە بۆ ژینگە لە سەرچاوە بەنرخەکانی هەسارەکەمان وەک نەوت و گازی سروشتی، قەدەغەکردنی بەکارهێنانی جۆرەکانی پلاستیک بە دڵنیاییەوە ئەتوانێت یارمەتی پاشەکەوت کردنی زیاتری سەرچاوە بەنرخەکان بدات کە ئەگەر جارێک کۆتایی بێن دووبارە دۆزینەوەیان ئەستەم دەبێت، دوو کاریگەری سەرەکی زیانبەخشی بەکارهێنانی پلاستیک بریتین لە دوانە ئۆکسیدی کاربۆنی بەرهەمهێنراو لە ئەنجامی ئەوەوە کاریگەری لەسەر کەمبوونەوەی دروستبوونی ڕێژەی سەوزایی دروست دەبێت، وە دووەم کاریگەری کۆبوونەوەی پاشەڕۆیە لە چینەکانی زەوی و دەریا و زەریاکاندا، قەدەغەکردنی پلاستیک دەتوانێت کاریگەری هەردوو هۆکارەکە کەم بکاتەوە، وەک لە پێشتردا باسکرا، چین تەنها بە کەمکردنەوەی ٥٠٪ـی ئاستی بەکارهێنانی زەرفی پلاستیکی توانی ڕێگە لە ١٠٠ ملیار زەرفی پلاستیکی بگرێت کە ببێتە هۆکاری پیسکردنی ژینگە، پیسبوون بەهۆی پلاستیکەوە لە ئاوی سەر زەوی و هەوا و وشکانی و ئاوی ژێر زەویدا بە ئاشکرا دەبینرێت، بەهۆی شیبوونەوەیەکی زۆر هێواشەوە، پلاستیک دەبێتە هۆی بڵاوکردنەوەی گازە ژەهراویەکان کە هۆکاری دروستکردنی کاریگەری زیانبەخشە وەک شێرپەنجەی سەخت و کێشەی هەناسەدان، قەدەغەکردنی پلاستیک بۆ هەمیشە کاریگەرییەکان کەم دەکاتەوە و لەکۆتاییدا دەبێتە هۆی باشتربوونی تەندروستی مرۆڤ و ژیانی ئاژەڵە کێوییەکان، هەروەک لەلایەن سەرۆکی ژینگەیی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە وتراوە، کێشەکە پلاستیک نییە کە دەبێتە هۆی پیسبوونی ژینگە، کێشەکە ئەو کارانەیە کە مرۆڤایەتی لەگەڵ زەوی دەیکات، زۆر نموونە هەبوون کە سەلماندیان هیچ مرۆڤێک ناتوانێت جیهان ڕزگار بکات ئەگەر سروشت یان کەشوهەوا چ بە شێوەیەکی سروشتی و چ بەهۆی کردەوەی مرۆڤەوە تێکبچێت، پێویستە دەوڵەتەکان یاسای تووند بەکاربهێنن بۆ ڕێگرتن لە پیسبوونی ژینگە بەهۆی پلاستیکەوە، هەرچەندە ئێستا درەنگە بۆ ئەنجامدانی ئەو کارە بەڵام زۆر درەنگیش نییە بۆ هەوڵدان.


سەرچاوەکان



1618 بینین