خورافیات - دەرەمۆک

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-09-28-00:06:00 - کۆدی بابەت: 6737
خورافیات - دەرەمۆک

ناوه‌ڕۆك

خورافیات

خورافە کە بە کوردی پێی دەوترێت دەرەمۆک، ئەو باوەڕ و بیرکردنەوانەن کە تەنیا خەیاڵین و هیچ بنەمایەکی زانستی و ئایینیان نییە و لەگەڵ لۆژیک و زانین یەکناگرێتەوە، زیاتر پەیوەندییان بە فۆلکلۆری گەلانی جیهانەوە هەیە و هەندێک جار نەوە لەدوای نەوە دەمێنێتەوە.

خورافە خەیاڵێکی ئاڵۆزی ناڕاستی نائەقڵانییە و دەکرێت ئایینی یان ڕۆشنبیری یان کۆمەڵایەتی بن، یان لەوانەیە کەسی بن و تایبەت بن بە کەسێک بە تەنیا، وەک ئەوەی کە خەڵکی باوەڕی وایە چاوەزار چاوی پیس دووردەخاتەوە و ناڵی ئاژەڵ خەیر و چاکە دەهێنێت، یان بە بینینی قەلەڕەش دوعا دەخوێنن و وادەزانن کێشەیان بۆ دروست دەکات، یان ترسان لە ژمارە ١٣ و دانانی بە ژمارەی بێ بەختی، زۆربەی کاتیش مرۆڤەکان بۆ خۆیان خورافە دروست دەکەن، بۆ نموونە کەسێک کاغەزێکی بەخت دەکڕێت و بەپێی ژمارەکەی خەڵاتێکی گەورەی بۆ دەردەچێت و بەوەش وادەزانێت ئەوە ژمارەی بەختی ئەوە، بەهۆی ئەوەشەوە کاتێک ژمارەیەکی دیکەی بۆ دەردەچێت تووشی بێتاقەتی دەبێت و پێی وایە بەختی نییە، یان لەوانەیە لە ڕۆژێکی هەفتە یان لە کاتی بینینی کەسێک یان لە کاتی ئەنجامدانی کارێک شتێکی چەند جارێک بۆ دووبارە ببێتەوە بە شێوەی ڕێکەوت، بەو پێیەش وادەزانێت هەر کاتێک ئەو کارە بکات ڕووداوەکە ڕوودەدات.

هەندێک لە دەرەمۆکەکان

  • خەڵکی پێیانوایە چاوەزار چاوی پیس دوور دەخاتەوە و دەیانپارێزێت.
  • هەڵواسینی ناڵی ئەسپ بۆ هێنانی چاکە و خەیر.
  • ترسان لە ژمارە ١٣ و دانانی بە ژمارەی بێ بەختی.
  • باوەڕکردن بەوەی جنۆکە دەچێتە لەشی مرۆڤ.
  • لکاندنی قوڕ لە دەرگای ماڵی زاوا گەر لکا ئەوە چاکە و گەر نەلکێت ئەوە خراپە.
  • سووتاندنی بوغورد و بۆن بۆ دوورخستنەوەی خراپە و چاوی پیس.
  • ترسان لە پشیلەی ڕەش و قەلەڕەش و دانانیان بە خراپە و جنۆکە.
  • گەر هەنگ بێتە نێو خانوویەکەوە واتە ئەو ماڵە میوانیان دێت.
  • گەر کەسێک لەپی دەستی خورانی بێت واتە پارە دێتە دەستی.
  • هاتنی باڵندە بۆ ماڵەوە واتە مەرگ.
  • ڕژاندنی خوێ بەسەر شانی چەپ بۆ دوورخستنەوەی خراپە.
  • ڕووسەکان پێیانوایە گەر کەسێک لە شوێنێکی داخراودا فیکە لێبدات پارەکانی لەناودەچن.
  • گەر لە ژێر پلیکانەدا بڕۆیت بەدبەخت دەبیت. 


سەرچاوەکان



2203 بینین