پێکهاتە زیانبەخشەکانی ناو ئارایشت

له‌لایه‌ن: - سروشت ناجی - به‌روار: 2021-10-01-23:10:00 - کۆدی بابەت: 6766
پێکهاتە زیانبەخشەکانی ناو ئارایشت

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

کاتێک خانمێک ڕۆژانە میکیاج دەدات لە ڕووخساری و بەکاری دەهێنێت و بە بەرهەمە پاککەرەوەکانی تایبەت بە ئارایشت ڕووخساری پاک دەکاتەوە، دەبێت زانیاری لەسەر ئەو پێکهاتانە هەبێت کە زیانبەخشن بۆ پێست و تەندروستی.

پێکهاتە زیانبەخشەکان

بۆنخۆشکەر - Fragrance

کاتێک لە زانیارییەکانی سەر ئارایشتێک بۆنخۆشکەر ئاماژەی پێدرا و ئاماژەی تەواو بە پێکهاتەی بۆنخۆشکەرەکە نەدرا، ئەوە مانای ئەوەیە کە ژمارەیەک پێکهاتەی کیمیایی زیانبەخش بەکارهاتووە بۆ دروستکردنی ئەو بۆنخۆشکەرە کە بەکارھێنەر هەرگیز ناتوانێت بزانێت ئەو پێکهاتانە چین، هەندێک لەم پێکهاتە کیمیاییانە دەبنە هۆکار بۆ تووشبوون بە نەخۆشی هەستیاری پێست و هەناسەتوندی و تێکچوونی هۆڕمۆن، هەروەها بۆنخۆشکەر یەکێکە لە پێنج سەرەکیترین هۆکارەکانی تووشبوون بە هەستیاری، پێویستە خانمان بە هەموو شێوەیەک دووربن لەو بەرهەمانەی کە بۆنخۆشکەریان تێدایە، هیچ پێویستیان بەوە نییە کە ئەو بنچینە (فاوندەیشن)ەی دەیدەن لە ڕووخساریان بۆنی خۆشبێت.

پارابین - Parabens

پارابین یەکێکە لەو پێکهاتانەی کە زۆر پێویستە خانمان دووربن لە بەکارهێنانی، یەکێکە لە زیانبەخشترین پێکهاتەکان و تاکوو ئێستاش ٧٠٪ بۆ ٩٠٪ ئارایشتەکان ئەم پێکهاتەیەیان تێدایە، پارابین ماددەیەکی کیمیایی پارێزەرە و دەتوانێت وەک هۆڕمۆنی ئەسترۆجین ڕۆڵ ببینێت، کە ئەمەش دەبێتە هۆی تێکدان و شێواندنی هۆڕمۆنەکان، یەکێکە لە هۆکارەکانی تووشبوون بە نەخۆشی شێرپەنجەی پێست و سنگ و هەروەها ژمارەی سپێرمەکان لە ڕەگەزی نێردا کەم دەکاتەوە، سەرەڕای زیانەکانی زۆر بە ئاسانی لەلایەن لەشی مرۆڤەوە دەمژرێت و هەموو زیانەکانی کاریگەرییان دەبێت لەسەر مرۆڤ، کەمێک قورسە کە لەو پێکهاتانە دووربیت کە پارابینیان تێدایە بە تایبەت مەسیل پارابین (methylparaben)، بەڵام هیچ نەبێت دەتوانرێت بە زانینی ئەوەی بابەتێکی جوانکاری بەردەستە کە پارابینی تێدابێت و بەردەستیشە کە پارابینی تێدا نەبێت، بەکارهێنەر زانیاری هەبێت و بتوانێت ئەوە هەڵبژێرێت کە خاڵییە لە پارابین.

ترایکلۆسان - Triclosan

ئەم پێکهاتەیە لە زۆربەی سابوونە دژەبەکتریاکاندا بوونی هەیە، ترایکلۆسان پێکهاتەیەکی کیمیایی دژەمیکرۆبە و لە ئارایشتیشدا بوونی هەیە، ئەم پێکهاتەیە یەکێکە لە هۆکارەکانی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی سایرۆیدەڕژێن، ترایکلۆسان بە ئاسانی دەناسرێتەوە و لەناو لیستی پێکهاتە چالاکەکانی زانیاری سەر بەرهەمەکەدا بوونی هەیە، بەزۆری لەو بەرهەمانەدایە کە بۆ پاککردنەوە بەکاردێن و بە (دژەبەکتریا - antimicrobial) ئاماژەی پێدراوە.

ماددە پارێزەرەکانی سەرچاوەی فۆرمەڵدیهاید - Formaldehyde-Releasing Preservatives

ئەگەر کڕیار یاخود بەکارهێنەر بەدوای فۆرمەڵدیهایددا بگەڕێت لەناو لیستی زانیارییەکانی سەر بەرهەمەکەدا، ئەوا نایدۆزێتەوە و بە ئەگەری زۆریشەوە بوونی هەیە لەناو پێکهاتەکەدا، ئەمە یەکێکە لە فێڵەکانی کۆمپانیاکان کە ڕاستەوخۆ فۆرمەڵدیهاید بەکارناهێنن لە دروستکردنی بەرهەمەکانیاندا بەڵکوو، چەند پێکهاتەیەکی دیکەی کیمیایی بەکاردێنن کە پێکەوە کاردەکەن و دوای شیبوونەوەیان فۆرمەڵدیهاید بەرهەم دەهێنن.
فۆرمەڵدیهاید بەوە ناسراوە کە دەبێتەهۆی هەستیارترکردنی پێست و توشبوون بە هەستیاری و هۆکارێکە بۆ تووشبوون بە شێرپەنجە.
ئەو پێکهاتانەی کە سەرچاوەی فۆرمەڵدیهایدن:

  • DMDM hydantoin
  • Diazolidinyl urea
  • Imidazolidinyl urea
  • Methenamine
  • Quaternium-15
  • Sodium hyroxymethylglycinate
  • Bronopol (2-bromo-2-nitropropane-1, 3-diol)
  • 5-Bromo-5nitro-1,3-dioxane

گۆگردیدی سۆدیۆمی لاورڵ Sodium Laureth Sulfate

ئەم ماددە کیمیاییە یارمەتی پێست و موو دەدات کە بە ئاسانی بەرهەمەکان هەڵمژن، لە زۆربەی کرێمەکانی تایبەت بە جوانکاریدا بوونی هەیە وەک بنچینە (فاوندەیشن) و حەشاردەرە (کەنسلەر)، جگە لە سوودەکەی پێکهاتووە لە چەند ماددەیەکی وەک 1, 4-dioxane و ethylene oxide کە بە شێوەیەکی باو یەکێکن لە هۆکارەکانی تووشبوون بە نەخۆشی شێرپەنجە، هەروەها دەبێتە هۆی سووتانەوەی پێست، برین، زیانگەیاندن بە چاو و زیپکە، بۆ ئەوەی بەکارهێنەر دووربێت لەم زیانانە پێویستە ئەو بەرهەمانە نەکڕێت کە (گۆگردیدەکان- sulfates)  و polyethylene glycol و 2-bromo-2-nitropropane-1.

ڕێتینۆڵ (ڤیتامین A) - Retinol

ئەو بەرهەمانەی کە ڕێتینۆڵ (ڤیتامین A) یان (ترشی ڕێتینۆیک - Retinoic acid) یان (ترشی پاڵمیتیکی ڕێتینایڵ - Retinyl palmitate) یاخود (ئەسیتاتی ڕێتینایڵ - Retinyl acetate)ـیان تێدایە بە تایبەتمەندی دژەپیربوون بەناوبانگن، کە زۆربەی خەڵکی زانیارییان نییە لەسەر ئەوەی ئەم پێکهاتانە بە بەرکەوتنی تیشکی خۆر دەبنە ماددەی شێرپەنجەیی، کەواتە ئەگەر ئەم پێکهاتانە لە بەرهەمێکدا هەبن بۆ ڕۆژانە و بەردەم تیشکی خۆر بەکاربێت زیانبەخش دەبن، بەڵام ئەگەر لە کرێمێکدا بوونی هەبێت کە شەوانە بێت و بۆ پێشخەوتن بەکاربێت زیانبەخش نابێت.

بەرهەمە دڵۆپێنراوەکانی نەوت - Petroleum distillates

ئەم بەرهەمانە بەگشتی لە ماسکارادا بوونیان هەیە و زۆرجار وەک ماددەی کیمیایی هۆکاری شێرپەنجە دەناسرێن، بەرهەمە دڵۆپێنراوەکانی نەوت کە لە دروستکردنی ماسکارادا بەکاردێن هەمان ئەو بەرهەمانەن لە کارگەکانی نەوتدا بوونیان هەیە وەک سووتەمەنی، کە ئەمە زیانبخەش دەبێت بۆ چاو، هەروەها دەبنە هۆی هەڵئاوسانی پێست و خووران و سووربوونەوە.

ئەستەری ترشەڵۆکی فتالیک - Phthalates

فتالیک گروپێکی ماددەی کیمیاییە کە بەکاردێت لە دروستکردنی پلاستیکدا، هەندێک جۆریشی بۆ تواندنەوەی ماددەی دیکە بەکاردێت، فتالیکەکان لە سەدان بەرهەمدا بوونیان هەیە و یەکێک لەوانە بەرهەمەکانی گرنگیدان بە خودە وەک سابوون و شامپۆ و پرژێنەری قژ، جگە لەمانە فتالیکەکان لە ئارایشتە ڕەنگدارەکاندا بوونیان هەیە و دەبنە هۆکاری چەندین کێشەی تەندروستی وەک، تێکچوونی سیستمی نێوەدەردان، زیادبوونی ژەهراویبوونی کۆئەندامی زاوزێ، هەروەها ئەم پێکهاتەیە بە هۆکاری سەرەکی هەموو جۆرەکانی شێرپەنجە دانراوە، لە ئەوروپا بەکارهێنانی ئەم پێکهاتەیە لە ئارایشتدا بە هەموو جۆرێک قەدەغەکراوە، بەڵام هێشتا لە هەندێک بەرهەمی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەکاردێت و لە زانیارییەکانی سەر بەرهەمەکە بەم ناوانە ئاماژەی پێدراوە (phthalate و DEP و DBP و DEHP و fragrance).

قوڕقوشم - Lead 

٦١٪ سووراوی خانمان پێکدێت لە قوڕقوشم کە زۆربەی مارکە بەناوبانگەکانیش دەگرێتەوە، هیچ سەلامەتییەک نییە لە بەکارهێنانی قوڕقوشمدا هەتا ئەگەر بە بڕێکی زۆر کەمیش بێت، بڕێکی زۆر کەمی قوڕقوشم دەتوانێت زۆر مەترسیداربێت بۆ تەندروستی مرۆڤ، قوڕقوشم ماددەیەکی دەمارژاراوکە (دەرمانێک کە کار دەکاتە سەر سیستمی دەماری) واتە دەبێتە هۆی دروستبوونی کێشە لە توانای فێربوونی زمان و هەڵسوکەوت کردن، هەروەها دەبێتە هۆی نەخۆشی هۆڕمۆنی و کۆئەندامی زاوزێ لە پیاوان و خانماندا، کەواتە بەکارهێنانی ڕۆژانەی قوڕقوشم دەتوانێت لەشی مرۆڤێکی ساغ تێکبشکێنێت.


سەرچاوەکان



669 بینین