قاسم سولەیمانی

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-10-18-14:23:00 - کۆدی بابەت: 6923
قاسم سولەیمانی

ناوه‌ڕۆك

سولەیمانی

قاسم سولەیمانی فەرماندەیەکی سەربازی باڵای ئێرانی و کەسایەتییەکی سیاسی دەستڕۆیشتووی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە، لە ١٩٥٧/٣/١١ لە قەنات مەلەک لە پارێزگای کرمانی ئێران لەدایکبووە، دووەمین فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران بووە هەتاوەکوو ساتی کوشتنی، سولەیمانی لە ماوەی جەنگی ئێران و عێراقدا فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی فەجری هەشت و کەربەلای چوار و کەربەلای پێنج بووە، چەندین جار برینداربووە و لە ساڵی ١٩٩٧ بووە بە فەرماندەی لەشکری ٤١ـی ثاراللەی کرمان.

لە هەمان ساڵ دەبێتە فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران هەتاوەکوو ساڵی ٢٠٢٠، ڕۆڵێکی کاریگەری لە بەهێزکردنی حیزبوڵای لوبنان و گرووپەکانی فەڵەستین و جەنگی ئەفغانستان و دروستکردنی میلیشیای دژە ئەمریکی بووە لە عێراق لەدوای داگیرکردنی،  لەدوای جەنگی ناوخۆی سوریاش یارمەتیدەری سوپای ئەسەد دەبێت و ڕۆڵێکی کاریگەر دەبینێت لە بەهێزکردنەوەی بەشار ئەسەد، لە عێراقیش لە شەڕی دژی داعش وەک فەرماندەیەکی مەیدانی ئامادەییەکی کارای دەبێت.

سولەیمانی بەبێ دوودڵی و هەمیشە فرمانەکانی دەوڵەتی ئێران و سەید عەلی خامنەیی پەیڕەوکردووە، هەتاوەکوو ساڵی ٢٠١٤ ڕووخساری لە میدیا ئێرانییەکانەوە زۆر دەرنەدەکەوت و باس نەدەکرا، بەڵام بەهۆی شەڕی داعش و ڕۆڵی ئەو لە شەڕەکەدا میدیاکانی عێراق و ئێران چاویان دەخەنە سەری و ڕووخساری بۆ هەمووان دەردەکەوێت، بەهۆی جموجوڵە نائاساییەکانی لە سنووری وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ساڵی ٢٠٠٥ لەلایەن ئەمریکاوە دەخرێتە لیستی تیرۆرەوە، بەهۆی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێرانیشەوە لەلایەن یەکێتی ئەوروپا و نەتەوە یەکگرتووەکانەوە گەمارۆی دەخرێتە سەر، گەلی ئێرانیش لەگەڵ ئەوەی پێیانوایە کەسایەتییەکی بەهێزی ئێران بووە و ئێرانی پاراستووە لە تیرۆر و دەستی دەرەکی، بەڵام زۆرێک لە خەڵکیش وەک کەسێکی بکوژ و پارەبەهەدەردەر و سەرکوتکەری مافی مرۆڤ دایدەنێن.

لە میدیا ئێرانییەکانەوە سولەیمانی پێی دەوترا فەرماندەی بێ سێبەر یان ژەنەڕاڵی بێ سێبەر.

ناو بە فارسی قاسم سلیمانی
لەدایکبوون ١٩٥٧/٣/١١ - کرمان - ئێران
کۆچی دوایی ٢٠٢٠/١/٣ - بەغداد - عێراق
هۆکاری مەرگ هێرشی ئاسمانی
ئارامگا گوڵزاری شەهیدانی کرمان - ئێران
پیشە سیاسەتوان، فەرماندەی سەربازی
باڵ سوپای پاسدارانی ئیسلامی ئێران - فەیلەقی قودس
پلەی سەربازی سەرلەشکری هێزی پیادە
ساڵانی کارکردن ١٩٧٩ - ٢٠٢٠
نیشانەکان نیشانەی زولفەقار، نیشانەی فەتحی دەرەجە یەک، فەتحی دەرەجە دوو، نیشانەی فیداکاری سوپا

ژیان

سولەیمانی لە ١٩٥٧/٣/١١ لە بنەماڵەیەکی بە ڕەگەز لوڕ لە پارێزگای کرمان لەدایکبووە، باوکی ناوی حەسەنە و دایکی فاتمە بووە، لە ١٢ ساڵییەوە گوندەکەی خۆیان بەجێدەهێڵێت و دەست بە کرێکاری دەکات، دواتر لە فەرمانگەی ئاوی کرمان دەبێتە کارگوزار، دوو ساڵ پێش شۆڕشی ئیسلامیی ئێران لەلایەن ڕەزا کامیابەوە بانگهێشت دەکرێ و سەرسام دەبێت بە فیکری ڕوحوڵڵا خومەینی و لەوێوە خامنەیی دەناسێت. سولەیمانی لەدوای شۆڕش دەڕواتە نێو سوپای پاسداران، بەهۆی تواناکانییەوە دەبێتە ڕاهێنەر، دواتر دەنێردرێتە شاری مەهاباد دژی کوردە شۆڕشگێڕەکانی ئەوێ و هەتاوەکوو دەستپێکی جەنگی ئێران و عێراق فەرماندەی بنکەی لەشکری قودسی پاسداران بووە لە کرمان.

جەنگی ئێران و عێراق

سولەیمانی لە سەرەتای جەنگ هێزی کرمان دادەمەزرێنێت کە دواتر دەکرێت بە تیپی زرێپۆش و ناوی دەنرێت لەشکری ثاراللە، لە ساتی دروستکردنی ئەم هێزەوە هەتاوەکوو ١٩٩٧ فەرماندەی هێزەکە بووە، تیپەکەی سولەیمانی لە سەربازانی سیستان و بەلوچستان و هورمزگان پێکهاتوون، هەتاوەکوو ساڵی ١٩٨٢ ئەم هێزە ڕۆڵی پشتیوانی بینیووە، لە ماوەی جەنگیش دووجار بە سەختی برینداربووە، جارێک لە سک و جارێک لە دەستی.

لە ئۆپەراسیۆنی "رێگای قودس" پارچەیەک بەر سکی دەکەوێت و ٤٥ رۆژ لە نەخۆشخانەیەکی مەشهەد دەمێنێتەوە، دوای چاکبوونەوەی دووبارە دەگەڕێتەوە بۆ بەرەکانی جەنگ. رایان کرۆکەر، باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق لە ساڵانی 2007 بۆ 2009 دەڵێت: "لەلای قاسم سولەیمانی شەڕی ئێران - عێراق هەرگیز کۆتایی نەهاتووە"، هەروەها دەشڵێت: "هیچ کەسێک ناتوانێت لە شەڕێکی قورسی وەکو ئێران - عێراق بەشدار بووبێت و شەڕەکە تاوەکو کۆتایی ژیانی کاریگەری لەسەر دروستنەکات، ئامانجی سولەیمانی سەرکەوتن بەسەر عێراق بوو یان لاوازکردنی وڵاتەکە".

فەرماندەیی ثارالله

لەگەڵ تەواوبوونی جەنگی ئێران و عێراق، سولەیمانی وەک سەرکردەی لەشکری ٤١ دەگەڕێتەوە کرمان و لەوێ شەڕی دژە قاچاخچێتی و ماددەی هۆشبەر دەکات، بەپێی زانیارییەکانی ئێران لەو ماوەیە ئاسایش بۆ ناوچەکە دەگەڕێنێتەوە.

فەرماندەیی سوپای قودس

ساڵی ١٩٩٧ لەگەڵ گەورەبوونی دەسەڵاتی تاڵیبان لە ئەفغانستان دەکرێتە فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران، بەپێی ئەو ئەزموونەی لە جەنگی ئەفغانستان هەیبوو کەسێکی گونجاو بوو، لەدوای شەڕی تاڵیبان و گرووپی تیرۆرستی یارمەتی گرووپەکانی فەڵەستینی دەدا لە دژی ئیسرائیل، لە شەڕی حیزبوڵای لوبنانیش یارمەتیدەری لوبنان بوو لە ساڵی ٢٠٠٦، لە دوای داگیرکردنی عێراق چەندین میلیشیای شیعە بە پاڵپشتی سولەیمانی دروست دەکرێن و پەروەردە دەکرێن، کە دەبنە لەمپەرێکی گەورە بۆ ئاسایشی عێراق، ساڵی ٢٠١٤ بەهۆی شەڕی داعش و دەسەڵاتی سولەیمانی لە ناوچەکە، بەپێی دەستوور و یاسا لە پەرلەمانەوە گرووپەکان لەژێر ناوی حەشدی شەعبی کۆدەکەنەوە و بڕیاری لەسەر دەدەن وەک هێزێکی یاسایی.

لە کاتی دروستبوونی گرژی لە سوریا لە ساڵی ٢٠١١ قاسم سولەیمانی بە خێرایی لەگەڵ لەشکری فاتیمییەکان خۆی دەگەیەنێتە سوریا بۆ یارمەتی حکوومەتی بەشار ئەسەد، دواتریش لە جەنگی داعش لە سوریا و گرووپەکانی دیکەی ئۆپۆزسیۆن سولەیمانی و هێزەکەی ڕۆڵێکی گەورەیان دەبێت، لەشکری فاتیمییەکان کە سەر بە فەیلەقی قودسە لە شیعەکانی ئەفغانستان پێکهاتووە بۆ شەڕی سوریا.

لە ساڵی 2003، ئێران دەیویست لەڕێگەی هێزە شیعەکانەوە هەژموونی خۆی بەسەر عێراقدا زاڵ بکات. لەو کاتەدا قاسم سولەیمانی بووە بەرپرسی نزیکخستنەوەی ئێران و لایەنە شیعەکانی عێراق. 

سولەیمانی لە نامەیەکدا بۆ دەیڤد پێترایۆس، فەرماندەی ناوەندی فەرماندەیی ئەمریکا لە ساڵی 2008 بۆ 2010  نووسیبووی: "من بەرپرسی سیاسەتەکانی ئێرانم لەم ناوچەیە و پێتان رادەگەیێنم کە ئێمە بەرپرس نین لە کوشتنی سەربازە ئەمریکییەکان لە عێراق".

لە ساڵی 2007 ئەمریکا هەلی کوشتنی سولەیمانی بۆ ڕەخسا، لەو بارەیەوە ستانلێی مەککریستال، فەرماندەی ئەو کاتی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی ئەمریکا دەڵێت: "کاروانێکی ئۆتۆمبێلم بینی لە ئێرانەوە هاتنە باکووری عێراق [هەرێمی کوردستان]، ڕاهاتبووم لەسەر ئەوەی بڕیاری قورس بدەم، بەڵام هەندێکجار بڕیاری ئەوەی کە هیچ نەکەیت قورسترین بڕیارە".

ستانلێی ئاماژە بە بڕیاری هێرشکردنە سەر کاروانی ئۆتۆمبێلەکانی سولەیمانی دەدات و دەڵێت: "هۆکاری زۆر هەبوون کە هێرش دەستپێبکەم، بەڵام بڕیارەکە دژوار بوو. لەو ساڵانەدا ئێران شەقامەکانی بۆمبڕێژ دەکرد و چەندین سەربازی ئەمریکی بەو شێوەیە کوشتبوو".

سولەیمانی لە ساڵی ٢٠٠٧ بەربژێرێکی بەهێزی سەرۆکایەتی سوپای پاسداران بووە، بەڵام ڕۆڵی ئەو لە فەیلەقی قودس و سیاسەتی ناوچەکە بەهێزتر بووە بۆیە ماوەتەوە، ساڵی ٢٠٠٨ چەند لێکۆڵەرێکی ئێرانی بۆ هۆکاری مەرگی عیماد موغەنیەی حیزبوڵای لوبنان دەباتە وڵاتەکە، ساڵی ٢٠٠٨ـیش دەبێتە پردی ئاشتەوایی نێوان سوپای عێراق و سوپای مەهدی.

لە ٢٠١١/١/٢٤ سولەیمانی لەلایەن ڕابەری کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە پلەکەی بەرزدەکرێتەوە بۆ پلەی سالار و نازناوی (شەهیدی زیندوو)ـی پێبەخشرا. لە چەند ساڵی داهاتووتریش وەک بەهێزترین کەسی سەربازی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دیاریکراوە، ساڵی ٢٠١٨ نیشانەی زولفەقاری لەلایەن ڕابەرەوە پێدەدرێت کە بەرزترین نیشانەی سەربازی مێژووی کۆماری ئیسلامی ئێرانە و بۆ یەکەمین جار بەو بەخشراوە، ساڵی ٢٠١٢ هەوڵدرا هەڵبژێردرێت بۆ سەرۆک کۆماری ئێران، بەڵام ڕەتی کردەوە، لە ساڵی ٢٠١٦ـش بەهەمان شێوە دژایەتی بەربژێری خۆی کرد و ڕایگەیاند ئەو هەر سەربازێکی سادەی ڕابەری کۆماری ئیسلامییە.

لە شەڕی کەرکوک لە ساڵی ٢٠١٧ و داگیرکردنی لەلایەن حەشد و سوپای عێراقدا بەشدار دەبێت، پێشتریش هۆشداری دابوو بە سەرانی پارێزگای کەرکوک کە شارێکی کوردستانی نییە و دەبێت لەگەڵ عێراق بمێنێتەوە.

شەڕی دژی داعش

ساڵی ٢٠١٤ و لەگەڵ هاتنی داعش و نزیکبوونەوەی لە هەولێر، نامەیەک لە حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە دەگاتە کۆماری ئیسلامیی ئێران و تەنیا ناوی یەک کەس دەهێنرێت "حاجی قاسم سولەیمانی"، هەر زوو سولەیمانی بە خۆی و ٧٠ کەسەوە دەگاتە کوردستان و عێراق و لە شەڕەکەدا بەشدار دەبێت و ڕێگری لەو هێرشە دەکات، دوای ٤٨ کاتژمێر دواتر دووبارە سەرۆکایەتی کوردستان داوا لە تورکیا و ئەمریکا دەکات هاوکاری بکرێن، لەدوای ئەم ڕووداوە سەرۆکایەتی کوردستان نامەیەکی سوپاسگوزاری پێشکەشی کۆماری ئیسلامیی ئێران کردووە.

دواتر و بە درێژایی ساڵانی جەنگ سولەیمانی بە جلێکی سادە و لە پێشەوەی بەرەکانی جەنگ ئامادەیی دەبێت و چەندین وێنە و ڤیدیۆی بڵاودەبێتەوە، لەو ماوەدا دەیان جار لە هەوڵی کوشتن ڕزگاری دەبێت، لە شەڕەکانی ئازادکردنی ئامرلی و پارێزگای سەڵاحەدین و گەڕاندنەوەی تکریت و شەڕی فەلوجە و دیالە  بەشداری کردووە و سەرکەوتنی تۆمار کردووە.

ژیانی تایبەت

سولەیمانی خاوەنی پێنج منداڵە، سێ کوڕ و دوو کچ، کە زەینەبی کچی چالاکترینیانە، سولەیمانی بەوە ناسرابوو کەسایەتییەکی هێمن و لەسەرخۆ و بێدەنگی هەیە و بە دەگمەن دەنگی بەرزدەکاتەوە، زۆرینەی کات لە جلوبەرگی سەربازی دەرنەدەکەوت تەنانەت لە مەیدانی جەنگدا، زۆرجاریش پلە سەربازی و نیشانەکانی نەدەبەست لەخۆی، ڕۆڵی هەبووە لە دامەزراندنی سەرۆک وەزیران و کابینەکانی حکومەتی عێراق، بە دووەم کەسایەتی بەهێز لە ئێران دانراوە لەدوای خامنەیی.

مردن

لە ڕۆژی ٢٠٢٠/١/٣ لە کاتژمێر یەکی شەو لە نزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغداد بە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان هێرش کرایە سەر شەقامی پشت فڕۆکەخانەکە، میدیاکان ڕایانگەیاند تەنیا تەقینەوەی چەند بۆمبێکە و زیانی نییە، دوای کاتژمێر و نیوێک لە هێرشەکە بڵاوکرایەوە کە بەرپرسی پەیوەندییەکی حەشدی شەعبی لە هێرشەکەدا کوژراوە لەگەڵ ٥ سەرکردە و دوو میوان کە ناسنامەیان ئاشکرا نییە.

لە کاتژمێر سێ بۆ پێنجی بەیانی هەواڵ بڵاوکرایەوە کە لەو هێرشەدا قاسم سولەیمانی و ئەبومەهدی موهەندیس کوژراون، کاتژمێر ٥:٤٠ـی سەر لەبەیانی سوپای پاسدارانی ئێران هەواڵی کوژرانی قاسم سولەیمانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی پشتڕاست کردەوە کە لەگەڵ ١٠ کەسی دیکە کوژراون، ئەم هێرشەش بە فەرمانی ڕاستەوخۆی دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بووە، سێ ڕۆژ پێش هێرشەکە لەلایەن چەندین چەکدارەوە هێرش کرایە سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق و ئەمریکاش ڕایگەیاند کە ئەمە "ئاگادارکردنەوە نییە، هەڕەشەیە".

دوابەدوای کوشتنی هەردوو سەرکردە شیعەکە، لە ماوەی ڕۆژانی ٤ بۆ ٧ـی مانگ ڕووفاتیان بە شارەکانی بەغداد و کەربەلا و نەجەف و ئەهواز و مەشهەد و تاران و کرماندا گواسترایەوە و ملیۆنان کەس کۆبوونەوە، لە کۆتاییشدا لە شاری کرمان نێژرا.

لەدوای کوشتنی سلێمانی زۆرێک لە خەڵکی عێراق و ئێران و سوریا بە کوشتنی خۆشحاڵبوون و لە عێراق لەسەر شەقامەکان خەڵکی دەستیان کرد بە سەماکردن و شیرینی بەخشینەوە. بەهۆی زۆری و قەرەباڵغی خەڵکییەوە لە ڕێوڕەسمی گواستنەوەی تەرمەکە لە کرمان زیاتر لە ٥٠ کەس لەژێر پێیەکان گیریان خوارد و مردن.

تۆڵەکردنەوە

لە ڕۆژی ٢٠٢٠/١/٨ ئێران بۆ تۆڵەکردنەوەی کوشتنی قاسم سولەیمانی چەند مووشەکێکی لە شەودا ئاڕاستەی بنکەکانی ئەمریکاکرد لە عێراق و هەولێر بەڵام زیانی گیانی نەبوو، بەوەش هێرشەکان لە ڕووی نێودەوڵەتییەوە بوویە جێی سوکایەتی، جیا لەوەش ئێران بە هەڵە لە فڕۆکەیەکی مەدەنی ئۆکرانی دەدا و تەواوی سەرنشینەکانی کۆچی دوایی دەکەن، بەو هۆیەشەوە چالاکوانان و ئۆپۆزسیۆنی ئێران هێرشێکی میدیایی گەورەیان کردە سەر حکوومەتی ئێران و بە بێهێز و شکستخواردوو ناویان برد.


سەرچاوەکان



823 بینین