مۆسیقای ماتەمینی بۆ خەونێک

له‌لایه‌ن: - سروشت ناجی - به‌روار: 2021-10-23-00:32:00 - کۆدی بابەت: 6958
مۆسیقای ماتەمینی بۆ خەونێک

ناوه‌ڕۆك

چیرۆکی فیلم

باس لە هیوا و ئاواتی چوار کەسی گەشبین دەکات کە هەریەکێکیان بە جۆرێک ئالوودەی جۆرێکی ماددەی هۆشبەر دەبن و ژیانیان بەرەو ڕێچکەیەکی دیکە دەڕوات، هەروەها فیلمەکە تیشک دەخاتە سەر ئالوودەبوون و چۆنیەتی دەستگرتنی بەسەر جەستە و گیانی مرۆڤدا.

دەربارەی فیلم

فیلمێکە لە چەشنی تاوانکاری و دراما و هەستبزوێن، لە دەرهێنانی دارین ئارۆنۆفسکی و ڕۆڵبینی نواندنکاران جارید لیتۆ و جێنیفەر کۆنێڵی و ئێلین بێرستن، بەرهەمی ساڵی ٢٠٠٠ـە، پاڵێوراوی یەک خەڵاتی ئۆسکار و ٧٠ خەڵاتی دیکەیە، توانیویەتی ٣٧ خەڵات بباتەوە، نمرەی ٨٫٣/١٠ وەرگرتووە لە سایتی IMDb و یەکێکە لە ٢٥٠ باشترین فیلمەکانی مێژوو، فیلمەکە بە شێوەیەکی گشتی باس لە ئالوودەبوون و سێکس و چەواشەی ڕاگەیاندن و خێزان و خۆشەویستی دەکات، باس لەوە دەکات کە چۆن ماددەی هۆشبەر مرۆڤێکی ئاسایی بەرەو شێتبوون دەبات، چۆن کەسێکی ژیر و تێگەیشتوو بەرەو ڕووخان دەبات، چۆن کەسانی باش دەکات بە کەسانی زۆر خراپی کۆمەڵگا، بەڵام بەتایبەتی تیشک دەخاتە سەر تەنیایی و نامۆیی مرۆڤ بەرامبەر دەوروبەرەکەی، باس لە هەوڵی مرۆڤ دەکات بۆ بەدیهێنانی خەونەکانی، ئەو ڕێگایانەی دەیگرێتە بەر بۆ گەیشتن بە خەونەکەی و سووربوونی لەسەر بەردەوامیدان بەو ڕێگایە ئەگەر ڕێگاکەی ڕاست بێت یان هەڵە.

دەربارەی کەسایەتییەکانی ناو فیلمەکە

مێرین

نواندنکار جێنیفەر کۆنێڵی ڕۆڵی مێری دەبینێت، ئەم کچە لە خانەوادەیەکی دەوڵەمەند و ڕۆشنبیرە، بەڵام بەهۆی بوونی بە خۆشەویستی هاری ئالوودەی ماددەی ھۆشبەر بووە، هەرچەند خێزانەکەی دەیانەوێت چارەسەر وەربگرێت و واز بهێنێت، بەڵام مێرین ئەوەی ناوێت و دوای خواستەکانی خۆی دەکەوێت، بە تەواوی نقووم دەبێت لەناو جیهانە خنکێنەرەکەی خۆشەویستەکەیدا.

هاری

نواندنکار جارید لیتۆ ڕۆڵی هاری دەبینێت، کوڕێکی گەنج و لاسارە، باوکی کۆچی دوایی کردووە و لەگەڵ دایکیدا دەژی، لەگەڵ هاوڕێکەیدا بەناوی تایرۆن کە نواندنکار مارلن واینس ڕۆڵی دەگێڕێت و خۆشەویستەکەی بەناوی مێریندا دەکەونە دنیا بێ کۆتاییەکەی ئالوودەبوونی ماددەی هۆشبەرەوە، هاری بەهۆی حەزی بۆ ماددەی هۆشبەر چەندین جار تەلەفزیۆنەکەیان دەفرۆشێت بۆ ئەوەی بە پارەکەی ماددەی هۆشبەر بکڕێت، کاتێک ماددەکەی دەست دەکەوێت لەگەڵ هاوڕێکەیدا دەست دەکەن بە کێشانی ماددەکە و بە تەواوی ئالوودە دەبن، دواتر بیردەکەنەوە کە خۆیان ماددەی هۆشبەر بفرۆشن و بازرگانی پێوە بکەن، تاکوو پارەیەکی زۆریان دەست بکەوێت و پاشان بە پارەکەی دووکانێک دابنێن و بەیەکجاری واز لە ماددەی هۆشبەر بهێنن، دەست دەکەن بە کڕین و فرۆشتنی ماددەی هۆشبەر و بەهۆی ئەوەی کە ماددەیەکی زۆریان لەبەردەستدا دەبێت ناتوانن نەیکێشن، کاتێک بە تووندی ئالوودەی ماددەی هۆشبەر دەبن، چەندین ڕێگا دەگرنەبەر تاکوو دەستیان پێی بگات، کە ئەم ڕێگایانەش ژیانیان بەرەو ڕێچکەیەکی جیاواز دەبات.

سارا

هاری و دایکی هاری کە نواندنکار ئێلین بێرستن ڕۆڵی دەبینێت بە ناوی سارا گۆڵدفارب پێکەوە دەژین، دایکی هاری هۆگرییەکی زۆری هەیە بۆ کوڕەکەی، چونکە هاوسەرەکەی کۆچی دوایی کردووە و تەنها ئەو کوڕەی هەیە، ترسی لە دەستدانی هاری وای لەم دایکە کردووە کە نەتوانێت دڵی کوڕەکەی بشکێنێت، لە کاتێکدا کە دەزانێت هاری ئالوودەی ماددەی هۆشبەر بووە و چەند جارێک تەلەفزیۆنەکەیان دەفرۆشێت تاکوو بە پارەکەی ماددەی هۆشبەر بکڕێت، بەڵام هیچ کاتێک سەرزەنشتی کوڕەکەی ناکات، تەنهایی وا لەم ژنە دەکات کە بە تەواوی هۆگری بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنی ببێت و چەندین خەیاڵ لە مێشکی خۆیدا دروست بکات، کە ئەم خەیاڵانە بەرەو ژیانێکی دیکەی دەبەن. 

چەند ڕاستییەک دەربارەی فیلمەکە

دارین ئارۆنۆفسکی بە شێوەی مۆنتاژی هیپ هۆپ (واتە زنجیرەیەکی بێشومار لە دیمەنی کورتی یەک لەدوای یەک) کاری وێنەگرتنی بۆ فیلمەکە کردووە، بۆ ئەوەی هەستی ئالوودەبوونی توند و لەدەستدانی کۆنترۆڵ بخاتەڕوو، لە تێکڕای ١٠٠ خولەکی فیلمی ئاسایی نزیکی ٦٠٠ بۆ ٧٠٠ بڕینی دیمەنی تێدایە، بەڵام ئەم فیلمە زیاتر لە ٢٠٠٠ بڕینی دیمەنی تێدایە.

دەرهێنەر دارین ئارۆنۆفسکی داوای لە جارید لیتۆ و مارلن واینس کرد کە دووربن لە سێکس و شەکر بۆ ماوەی ٣٠ ڕۆژ تاکوو بە باشی لە تامەزرۆیی توند تێبگەن.

دەرهێنەری فیلمەکە لە ستایشی فیلمەکەیدا بە دەرخەری جۆرە جیاوازەکانی ئالوودەبوون باسی دەکات و دەڵێت: چیرۆکی ئەو سێ هاوڕێیە چیرۆکێکی زۆر ڕەسەنی هێرۆیینە، بەڵام ڕێکخستنی ئەم چیرۆکە بەش بەش لەگەڵ چیرۆکی سارادا، لەناکاو وا لە بینەر دەکات بڵێت (ئای خوایە، دەرمان چییە!؟)، بیرۆکەی فیلمەکە ئەوەیە کە هەمان بیرکردنەوە بە مێشکی کەسێکدا دەڕوات کە دەیەوێت واز لە ماددەی هۆشبەر و جگەرە بهێنێت، لەگەڵ کەسێکدا کە هەوڵ دەدات خواردن نەخوات بۆ ئەوەی کێشی کەم بکات، ئەمە بەڕاستی بە لای منەوە ناوازەبوو.

لە هەر جارێکدا کە لە فیلمەکەدا ماددەی هۆشبەر دەکێشرا، دیمەنی دواتر دیمەنی چاوێک بوو کە بیلبیلەی دەکشا، لە ڕاستیدا ئەم دیمەنە ڕاستییە بۆ کەسێک کە ئەو دەرمانانەی سارا بەکاربهێنێت، بەڵام بۆ هێرۆیین بە تەواوی پێچەوانەکەی ڕاستە، بیلبیلەی چاو دەچێتەوە یەک، بۆیە زۆرجار دەوترێت بەکارهێنەرانی هێرۆیین بیلیلەی چاویان بچووک بووەتەوە و بەیەکداچووە بە ئەندازەی کونی دەرزییەک.

وشەی هێرۆیین لەلایەن هیچ یەکێک لە کەسایەتییەکانی فیلمەکەوە بە هیچ جۆرێک بەکارنەهاتووە.

مۆسیقای فیلمەکە بەناوی (Lux Aeterna) کە لەلایەن ئاوازدانەر کلینت مانسڵەوە بەتایبەت بۆ فیلمی مۆسیقای ماتەمینی بۆ خەونێک دانراوە، ئەوەندە کاریگەر و هەستبزوێنە کە لە چەندین فیلمی بەناوبانگی دیکەی وەک (The Lord of the Rings: The Two Towers (2002), The Da Vinci Code (2006), I Am Legend (2007), Man on Fire (2004), Sunshine (2007)) و چەندین بەرنامەی تەلەفیزیۆنی بەناوبانگ و یاری ڤیدیۆیی بەکارهاتووە، هەروەها وەک مۆسیقای پێشوازی و هاندان لە چەندین کۆلێژ و قوتابخانە و چەندین تیمی کارامەی وەرزشیدا بەکارهاتووە.


سەرچاوەکان



620 بینین