تۆوی کەتان

له‌لایه‌ن: - شانیا محەمەد - به‌روار: 2021-10-31-20:00:00 - کۆدی بابەت: 7049
تۆوی کەتان

ناوه‌ڕۆك

تۆوی كەتان چییە؟

تۆوی كەتان یەكێكە لە جۆری تۆوە سروشتییەكان لەلایەن ئیغریقی و فیرعەونییەكان بەوە بەناوبانگە كە سوودی بۆ چەندین نەخۆشی هەبووە و بۆ مەبەستی چارەسەر بەكارهێنراوە، تۆوی كەتان بەوە ناسراوە سوودی بۆ لاوازبوون هەیە بەڵام تەنها بۆ ئەو مەبەستە بەكارناهێرێت و چەندین سوودی دیكەی هەیە، ڕێژەی ڕۆن لە تۆوی كەتاندا بە نزیكی نیوەی پێك دەهێنێت و ئەوەی دەمێنێتەوە بریتییە لە ڕیشاڵ و ئەنزیمە گرنگەكان، لەگەڵ ئەوەشدا تۆوی كەتان بە سەرچاوەیەكی دەوڵەمەندی ڕۆنی ترشی ئەلفا لینولینیكی چەوری دادەنرێت، تۆوی كەتان یەكێكە لە ئەو تۆوە سروشتییە گرنگانەی كە سەرچاوەیە بۆ ڕۆنی سوودبەخش بۆ تەندرووستی دڵ و دەمار و بۆری خوێن.

گرنگترین سوودەكانی تۆوی كەتان

دابەزاندنی كێش

یەكێك لە گرنگترین سوودەكانی تۆوی كەتان كەمكردنەوەی كێشە ئەمەش بەهۆی ئەوەی تۆوی كەتان دەوڵەمەندە بە ڕیشاڵی خۆراكی و بڕێكی كەم لە كاربۆهیدرات، هەروەها تۆوی كەتان لەگەڵ ئاو تێكەڵ بكرێت یارمەتیدەر دەبێت لە پڕبوونی گەدە و هەستكرن بە تێری و كەمكردنەوەی بڕی ئەو خواردنەی لە ئەو ڕۆژەدا دەیخۆیت، ئاسایی پێشنیاری خواردنی دەكرێت نیو كاتژمێر پێش كاتی ژەمەكان، بەڵام دەبێت ئاگاداری ئەوە بیت بۆئەوەی جەستە سوود لە دژە ئۆكسیدەكان ببینێت وا باشترە بە هاڕاوی بخورێت.

چارەسەری قەبزیی

لە دیارترین سوودەكانی تۆوی كەتان بەتایبەت لە كاتی قەبزییدا، دەكرێت لەگەڵ چەندین خواردنی دیكە تێکەڵ بكرێت وەك برنج و نان و دانەوێڵەكان و زەڵاتەكان و ماست.

مەترسی تووشبوون بە نەخۆشییەكانی دڵ كەم دەكاتەوە

زانستی سەردەم ئەوەی دەرخستووە تۆوی كەتان مەترسی تووشبوون بە نەخۆشییەكانی دڵ و دەمارەكان كەم دەكاتەوە، ئەمەش بەهۆی دەوڵەمەندبوونی بە ئۆمێگا ٣ و ترشە چەورییەكان و ڕیشاڵی خۆراكی كە بەسوودن بۆ تەندرووستی دڵ و كەمكردنەوەی پەستانی خوێن و دابەزینی ئاستی كۆلیسترۆڵی زیانبەخشی لەش.

پاراستن لە تووشبوون بە شێرپەنجە

توێژینەوە زانستییەكان دەریانخستووە تۆوی كەتان ڕۆڵێكی گرنگی هەیە لە بەرەنگاربوونەوەی شێرپەنجە و خۆپارێزی لێی، تۆوی كەتانی هاڕاو بڕێكی زۆر لە ماددەی كیمیایی تێدایە كە بە لیجانین ناسراوە ڕۆڵی كاریگەری هەیە لە نەهێشتنی خانەی شێرپەنجەیی بە تایبەتی شێرپەنجەی مەمك.

سوودەكانی دیكەی تۆوی كەتان

  • كەمكردنەوەی نیشانەكانی تەمەنی بێ ئومێدی
  • چارەسەری كێشەكانی پێست وەك (ئەگزیمای پێست)
  • بەهێزكردنی كۆئەندامی بەرگری
  • چارەسەری كێشەی هۆرمۆنەكان
  • چارەسەری كۆكە

زیانەكانی تۆوی كەتان

- كاریگەری هەیە لە چالاككردنی كاری هۆرمۆنەكان بە تایبەتی لە خانمان وەك گۆڕانی كاتی سوڕی مانگانە و كاریگەی لەسەر دووگیانبوونیش هەیە.

- زیادەڕەوی لە خواردنی تۆوی كەتان دەكرێت ببێتە هۆی تەنگەنەفەسی و هەندێكجار دەبێتە هۆی ئیفلیجبوون و جەڵدەی دەماغ.

- سەبارەت بە ئەو كەسانەی ئاستی چەوری سیانییان بەرزە لە خوێندا دەبێت بە هەموو جۆرێك لە خواردنی تۆوی كەتان دووربكەونەوە چونكە كاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر ئاستی چەوری سیانی هەیە.

- ئەو كەسانەی كێشەیان لە لیكەڕژێنە دەرەقیەكان هەیە نابێت بە هیچ شێوەیەك تۆوی كەتان بخۆن و بە تەواوی لێی دووربكەونەوە.

- تۆوی كەتان دەبێتە هۆی هەستیاری لە لای هەندێك كەس وەك پژمینی بەردەوام، خورانی زۆر لە قاچ و دەستەكان، سووربوونەوەی پێست.


سەرچاوەکان



3575 بینین