ڕووباری تایمز

له‌لایه‌ن: - سازگار عومەر - به‌روار: 2021-11-06-15:35:00 - کۆدی بابەت: 7109
ڕووباری تایمز

ناوه‌ڕۆك

زانیاری دەربارەی ڕووباری تایمز

ڕووباری تایمز (بە ئینگلیزی: Thames) ڕووبارێکی سەرەکی باشووری ئینگلتەرایە و ڕووبەری ڕووەکەی بەنزیکەیی 14,250 کیلۆمەتر دووجایە، هەروەها ئەم ڕووبارە درێژترین ڕووباری ئینگلتەرا و دووەم درێژترین ڕووباری بەریتانیایە دوای ڕووباری سێڤەرن، درێژی ڕووبارەکە 346 کیلۆمەترە و قەبارەی حەوزەکەی 12,935 کیلۆمەتر دووجایە، تێکڕای قەبارەی تێڕژانی ئاوەکەی 65.8 مەتر سێجایە و زۆرترین قەبارەی 370 مەتر سێجایە، ڕووبارەکە خاوەنی 38 لق و پۆپە و 190 دوورگەی بچووکی هەیە کە بە جۆگەکان لە یەکتری جیاکراونەتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا ڕووبارەکە 45 ئاوبەستی هەیە، قووڵایی ڕووباری تایمز بەدرێژایی سەرچاوەکەی زۆر جیاوازە و لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی تری ڕووبارەکە دەگۆڕێت، قووڵایی ڕووبارەکه لە قوڵترین خاڵیدا دەگاتە نزیکەی 11.278 مەتر بەڵام قووڵییەکەی لە پردی لەندەندا نزیکەی 1.798 مەترە.

ناوی ڕووباری تایمز لە چییەوه سەرچاوەی گرتووە؟

دەشێت ڕووباری تایمز ناوەکەی لە زمانی سانسکریتی تاماس وەرگرتبێت کە بە مانای (تاریک) دێت، چونکە ئاوی ڕووبارەکە زۆرجار تاریک و هەوراوییە، هەروەها بۆچوونێکی تر ئەوەیە کە بە ناوی (ڕۆمان تام)ەوە ناونراوە کە بە مانای (فراوان) دێت و (ئیزیس) یش واتە ئاو، ڕووباری تایمز لە خودی شاری لەندەن کۆنترە و بووە بە خاڵی تیشکۆیی بۆ شارێکی 1500 کیلۆمەتر چوارگۆشەیی و شاری لەندەن بەسەر کەنارەکانی ڕووباری تایمزدا دابەشبووە بۆئەوەی ببێتە یەکێک لە گەورەترین ناوەندی دارایی و خۆشگوزەرانی و بازرگانییەکانی جیهان، ئەمەش بەهۆی نزیکی شاری لەندەن لەم ڕووبارە گەورە و بەناوبانگە.

ڕووباری تایمز لەڕووی مێژووییەوە

ڕووباری تایمز لە شارەکەی کۆنترە و مێژووەکەی بۆ پێش شاری لەندەن دەگەڕێتەوە و بە گۆڕین و تووانەوەی سەهۆڵ بەدرێژایی چاخی بەستەڵەک ڕووبارەکە شێوەی پێکهاتنی وەرگرتووە، سەبارەت بە هۆزەکانی وەک ڕۆمەکان و ڤایکینگەکان و بەشێکی زۆری تایبەتمەندی شارەکە دەگەڕێتەوە بۆ ئاسانی پەیوەندی گواستنەوە و بازرگانی و گەیشتن بە بەشی سەرەکی کیشوەری ئەوروپا، ڕووباری تایمز دەگەڕێتەوە بۆ چاخی بەستەڵەک و لە ئەنجامی گۆڕینی ڕێڕەوی لێشاوی سەهۆڵ کە ڕێگەی خۆش کردووە بەناو زەوی پێش مێژووییدا تێپەڕێت، کە دەگەڕێتەوە بۆ 20,000 ساڵ پێش زایین، ئەو کاتەی کە ئینگلتەرا بە بەشی سەرەکی کیشوەری ئەوروپاوە بەسترابوو، ڕووباری تایمز هەزاران ساڵ لەمەوبەر لە لێشاوی سەرقاپی سەهۆڵی و پاشماوە نیشتووەکانی قوڕی بەردین دروست بووە.

مێژووی مرۆڤ لە ڕووبارەکە

ڕۆمانییەکان یەکەم جار ڕووباری تایمزیان بەکارهێنا کاتێک لە ساڵی 43ی زایینی گەیشتنە وڵاتی ئینگلتەرا، لەگەڵ دروستکردنی قەڵاکان بەدرێژایی کەنارەکانی ڕووبارەکە تایمز بوو بە شوێنێکی ستراتیژی سەرەکی بۆ ئیمپراتۆریەتیەکە و تا ڕووخانی لە سەدەی پێنجەمدا ئیمپراتۆریەتی ڕۆمانی حوکمی ڕووباری تایمزی دەکرد، لە سەدەکانی ناوەڕاستەوە ڕووباری تایمز بەهۆی کانزای زۆر و ئاسانی گواستنەوە بە ڕووبارەکەدا بوو بە ناوەندێکی بازرگانی گڵکار، هەروەها بەدرێژایی سەدەی نۆیەم ساکسۆنەکان و ڤایکینگەکان لەسەر بەکارهێنانی ڕووبارەکە ڕووبەڕووی یەک بوونەوە و پێکدادان لەنێوانیاندا ڕوویدا، ساکسۆنەکان دەیانویست بۆ ڕاوەماسی و تەووژمی ئاوی ئاش بەکاری بهێنن، لە کاتێکدا کە ڤایکینگەکان ڕووبارەکەیان وەکو ڕێگایەک بۆ هاوردەکردن و هەناردەکردنی کاڵاکان بەکاردەهێنا.

گەشتکردن بۆ ڕووباری تایمز

ئەگەر گەشتیاری شاری لەندەنیت و بە دوای دیمەنێکی نوێ لە شارەکەدا دەگەڕێیت، بەدرێژایی ساڵ ژمارەیەکی زۆر گەشت بۆ کەنار ڕووباری دەکرێت و گەشتیاران دەتوانن چێژ لە دیمەنە جوانەکەی ڕووبارەکه وەربگرن و لە ڕێگای بەلەمەکانەوە بە شەواندا بەناو ڕووبارەکەدا بڕۆن یان لە پارکی نزیک ڕووبارەکەدا چایەکی دوانیوەڕۆ بخۆنەوە، لەگەڵ ئەوەشدا کاتژمێری بیگ بێن و بینای پەرلەمان بە بەسەر ڕووباری تایمزدا دەڕوانن و ساڵانه چەندین چالاکی هەمەجۆر لەناو ڕووبارەکەدا ئەنجامدەدرێت.

چ گیاندارێک لە ڕووباری تایمزدا دەژی؟

تایداڵ یان نیشتاوی ڕووباری تایمز نیشتیمانی 125 جۆر ماسییە لەوانە سەلمۆن و دڕکەماسی و ماسی خاویار یان کاڤیار و ماسی خاتوونەک یان ماسی‌یەخاتوونە و پشیلەماسی گەورەی ناڕەسەن و مارماسییەکان، هەروەها ئەم ڕووبارە نیشتیمانی زەباتی دەریایی و حووتەکان و دۆلفین و سەگی دەریایی و جۆرە ئەسپە ماسییەکی دەگمەن و شەمشەمەکوێرەکان (ڕێوییە فڕیووەکان) و چەندین جۆری جیاوازی باڵدارەکانە.


سەرچاوەکان



582 بینین