ناوهڕۆك
زانیاری دەربارەی ڕووباری موورای
ڕووباری موورای (بە ئینگلیزی: Murray river)، سێیەم درێژترین ڕووباری کەشتی ڕەوی جیهانە، دوای ڕووبارەکانی ئەمازۆن و نیل، درێژی ڕووبارەکە 2520 کیلۆمەترە لە سەرچاوەکەیەوە لە موورای سەروو وە پارکی نەتەوەیی کاسکیۆسکۆوە، ئەم ڕووبارە بەشێوەیەکی بەردەوام کەشتیڕەوە بە درێژایی 1986 کیلۆمەتر لە (گولوا)وە بۆ (یاراوانگا)، هەروەها بۆ سێ ویلایەت درێژدەبێتەوە ئەوانیش ویلایەتەکانی ڤیکتۆریا و نیو ساوز وێلز و ئوسترالیای باشوورن، ڕووبارەکە 4 بەنداوی سەرەکی و 16 بەنداوی عەمبارکردن و 15 ئاوبەستی کەشتیڕەوی هەیە، لەگەڵ ئەوەشدا سەرچاوەی سەرەکی ئاوی ماڵەوەیە بۆ زیاتر لە 1.5 ملیۆن خێزان.
مێژووی ڕووباری موورای
چل ملیۆن ساڵ پێش ئێستا، بەهۆی هێزەکانی ئاو و بووژانەوەی جیۆفیزیکی "زەویفیزیکی"ەوە ئەو دۆڵەی کە گەورەترین ڕووبارەکانی ئوسترالیا لەئامێز دەگرێت دەستی بە پێکهاتن کرد، ڕووباری موورای ڕووبارێکە کە سروشتەکەی ئەم تایبەتمەندیانه لەخۆدەگرێت "ژینگەیەکی جوان، دەوڵەمەندە بە کەلەپوور و مێژوو، هەرێمێکی پڕبەرنامەیە و ناوەندە هەرێمییە گەورەکان لەگەڵ گەشتوگوزاری سەرنج ڕاکێش و بەپیت و بەرەکەتبوونی بەردەوامی بەرهەمەکان"، وە بەشێوەیەکی گشتی بە "کاسەی خۆراک"ی ئوسترالیا ناودەبرێت، ڕووباری موورای یەکەم جار لەلایەن دۆزەرەوە ئەوروپییەکان هامیلتۆن هیوم و ویلیام هـیڵتۆن هۆڤیڵ لە ساڵی 1824دا دۆزرایەوە، پێنج ساڵ دواتر چارلز ستەرت بەرەو ڕووباری مورومبيدجی رۆیشت بۆ بینینی ڕووباری موورای و ڕووبارەکەی بەناوی "جۆرج موورای"ناونا کە سەرباز و سیاسەتمەدارێکی پارتی کۆنەپارێز بوو لە ساڵەکانی 1772 بۆ 1846، کاتێک تیمە گەڕیدەکەی ڕووبەڕووی هاوبەندی "یان یەکیەتیی" ڕووباری دارلینگ بوویەوە، ستەرت پێشتر بەرەو باکوور ڕۆشتبوو و بەدوای ڕووباری دارلینگدا گەڕابوو و توانی ئەوە دیاری بکات کە ئەم هاوبەندانە هەمان سیستەمی ڕووبارن، لەم ڕووبارەدا کەشتییە هەڵمییەکان بەکارهێنراون بۆ گواستنەوەی خوری و گەنم و کەلوپەلەکانی تر بۆ سەرەوە و خوارەوەی سیستەمی ڕووبارەکە لەوانەش ڕووباری موورای و دارلینگ و مورومبيدجی، بەڕەچاوکردنی ئەو ڕاستییەی کە ئاوەدانی مۆژی ڕووبارەکە زۆر درێژەی کێشا بەڵام داهێنانی هێڵی ئاسنی زۆر زووتر لە ئاوەدانی ڕووبارەکە هاتبوون، ئەمەش بەو مانایە بوو کە ڕووبارەکە بە سەرچاوەیەکی گەشەسەندووی بازرگانی دانەنرا، ئەو ڕێوشوێنانەی کە بۆ پاراستنی ئاودێرەکان لە وشکەساڵی داڕێژراوە بریتین لە ئاودێری زنجیرەیەک بەنداو و ئاوبارەکان، بەداخەوە تەنها ڕێژەیەکی کەم لە تێڕژانی سروشتی کە بە ڕێژەی (36%) دەگاتە سەرچاوەی ڕووباری موورای لە ڕێگەی دەریاچەی ئالێکساندرینا و ئۆقیانووسی باشوورەوە، ئەم ڕێوشوێنانەی بەڕێوەبەرایەتی ئاو دڵنیایانکردەوە کە بەردەوام بوونی تێڕژانی ئاو لە سیستمی ڕووبارەکە پارێزراوە و لەگەڵ ئەوەشدا چەند ئاکامێکی نەرێنی لەسەر کەشزانی و ژینگە هەیە، هەروەها ملیۆنان کەس پشت بە ڕووباری موورای دەبەستن وەک سەرچاوەیەکی ئاو بۆ بەکارهێنانی ناوخۆیی و پیشەسازی وە ڕۆڵێکی گرنگی هەیە لە ئابووری ئوسترالیادا.
ڕووبارەکە لەڕووی ژینگەزانییەوە
ژمارەیەکی زۆر گیانەوەری جۆراوجۆر لە حەوزی ڕووباری موورایدا دەدۆزرێنەوە، لەوانە ئاژەڵی وشترمەلی ئوسترالیایی و کوالاکان و کەنگەری خۆڵەمێشی ڕۆژئاوایی و مارمێلکە ئەژدیهای ڕیشدار و تووتییە پشت سوورەکان و قازە ڕەشەکان و کەراڤییەکان "کەڵکەکان" و تەنانەت دۆلفینەکانی نزیکی زەریا، هەروەها ژمارەیەکی زۆر ماسیش نیشتەجێی ئەم ڕووبارەن، وەکو ماسی کۆدی موورایی و ماسی خۆراکی و دڕکەماسی و ماسی باڵسوور، ئەو ڕووەکەی کە زۆرجار بە درێژایی ڕووبارەکە دەدۆزرێتەوە ڕووەکی "بی"یە، کە کەنارەکانی ڕووبارەکە لە داخوران دەپارێزێت، هەروەها بەناو خاکەکەیدا بڵاودەبێتەوە و دەوروبەری ناوچەکە داگیردەکات و ڕێگری لە گەشەی ڕووەکەکانی دیکە دەکات، لە ئێستادا سەرچاوە جۆراوجۆرەکانی ڕووباری موورای لەژێر هەڕەشەدایە و ئاوی ڕووبارەکە ڕێژەیەکی بەرز خوێی تێدایە ئەمەش واتە سوێری ئەم ڕووبارە کاریگەری لەسەر هەموو ئەو کەسانە هەیە کە ڕووبارەکە بەکار دەهێنن، ئەو فشارە زۆرەی کە لەسەر ڕووباری موورایە بەهۆی زۆر بەکارهێنانەوە جێی نیگەرانییە و دەشێت ببێتە هۆی داخوران و نزمبوونەوەی کوالێتی ئاوەکەی.
چەند ڕاستییەکی سەرنجڕاکێش لەسەر ڕووبارەکە
- ڕووباری موورای لەگەڵ لق و پۆپەکانیدا بەشێکە لە سێیەم گەورەترین مۆژی سەر زەوی.
- گەورەترین پێشبڕکێی بەلەمی جیهان هەموو ساڵێک لە ڕووباری موورای بەڕێوەدەچێت.
- ماسی کۆدی موورایی دەشێت تا 1.8 مەتر گەورە ببێت.
- ڕووباری موورای گەورەترین دارستانی داری جیوەی ئوسترالیایی هەیە لە جیهاندا لەگەڵ داری هێلانەی قەلەڕەشی دەنووک داس لەسەر کەنارەکانی ڕووبارەکە.
- ڕووباری موورای شوێنێکە کە گۆڵفەوانەکان "یاریزانانی گۆڵف" زۆر حەزدەکەن سەردانی بکەن لەگەڵ ئەوەشدا خاوەنی 37 یاریگای گۆڵفە بەدرێژایی کەنارەکانی.