ڕووباری سانت لۆرێنس

له‌لایه‌ن: - سازگار عومەر - به‌روار: 2021-11-09-20:20:00 - کۆدی بابەت: 7142
ڕووباری سانت لۆرێنس

ناوه‌ڕۆك

زانیاری دەربارەی ڕووباری سانت لۆرێنس

ڕووباری سانت لۆرێنس بە ئینگلیزی (St. Lawrence River)، ڕووبارێکی گەورەیە لە هێڵی ناوەڕاستی ئەمریکای باکوور، سانت لۆرێنس بە نزیکەیی بەرەو باکووری ڕۆژهەڵات دەڕوات، دەریاچە گەورەکان بە ئۆقیانووسی ئەتڵەسییەوە دەبەستێتەوە و ڕەوتی ئاوەڕۆی سەرەکی دەریاچە گەورەکان پێکدێنێت، هەروەها ئەم ڕووبارە بەناو پارێزگا کەنەدییەکانی کبک و ئۆنتاریۆ و بەشێک لە سنووری نێودەوڵەتی نێوان ئۆنتاریۆ و کەنەدا و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ویلایەتی نیویۆرکدا تێدەپەڕێت، ئەم ڕووبارە بنچینەیەک بۆ ڕێڕەوی کەشتی‌گێڕی و کاروباری بازرگانی سانت لۆرێنس دابین دەکات، ڕووباری سانت لۆرێنس دەکەوێتە پارێزگای کبک لە وڵاتی کەنەدا، سەرچاوەی سەرەکی ڕووبارەکە دەریاچەی ئۆنتاریۆیە و درێژی ڕووبارەکە 500 کیلۆمەترە و قەبارەی حەوزەکەی 1,344,200 کیلۆمەتر دووجایە، هەروەها تێکڕای قەبارەی ئاوەکەی لە پارێزگای کبک 12,101 مەتر سێجایە و تێکڕای قەبارەکەی لە مۆنتراڵ 10,000 مەتر سێجایە و زۆرترین قەبارەی 17,000 مەتر سێجایە، لەگەڵ ئەوەشدا لە دەریاچەی ئۆنتاریۆ لە کینگستۆن 7,410 مەتر سێجایە، بەرزی ڕووبارەکه 74.7 مەترە.

سیستمی ژینگەیی ڕووباری سانت لۆرێنس

بەشی سەرووی ڕووباری سانت لۆرێنس سیستمێکی ژینگەیی سەرسووڕهێنەری هەیه و نیشتیمانی نزیکی 1864 دوورگەیە کە لە باکووری شاری نیویۆرک و باشووری ڕۆژهەڵاتی ئۆنتاریۆ لە وڵاتی کەنەدا و زنجیرە دوورگەیەکی ناوازەی جیهانین، بەهۆی ڕژانی ئاوی ڕووباری سانت لۆرێنس بەسەر بەردە سەهۆڵبەندە دێرینەکاندا بەشی سەرووی ڕووبارەکه ئەم دوورگە ناوازانەی دروستکردووە، ئەم دوورگانە ژینگەی هەمەجۆر بۆ هەموو جۆرەکانی ڕووەک و گیانەوەرانی کێوی دابیندەکەن.

گیانەوەرانی کێوی لە ڕووبارەکە

دۆڵی ڕووباری سانت لۆرێنس بە درێژایی ساڵ پڕ دەبێت لە گیانەوەرانی کێوی، ڕووبارەکە ماڵی چەندین جۆر گیانەوری کێوییە کە جێی نیگەرانیین و گیانەوەرە هەڕەشەلەسەرەکان و مەترسی‌لەسەرەکانی وەک کیسەڵی نیمچە ئاویی و هەڵۆی سەرسپی یان هەڵۆی ئەمریکی و هەڵۆی ماسی گر و ماسی گرەی ڕەش و شەمشەمەکوێرە "ڕێوی فڕیوو"ی هیندی لەخۆدەگرن، زۆر جۆری گیانەوەرە مەمکدارەکان لە دارستانەکانی باکووردا کەنار و دوورگەکانی ڕووباری سانت لۆرێنس بە نیشتیمانی خۆیان دەزانن، ئەو گیانەوەرانەش بریتین لە مشکی ئاوی و گۆڕهەڵکەنە و سمۆرفڕە و مینک "ئاژەڵێکی شیردەری کوڵکنە" و ئاسک و ژیژک و چەندین ئاژەڵی تر، هەروەها شیتی سەهۆڵی زستانەی سەر ڕووبارەکە ڕێڕەوێکی گرنگ بۆ ئاژەڵەکان لە کەنارە هێڵییەکەوە بۆ زۆربەی دوورگەکان یان بە پێچەوانەوە دابین دەکات، ئەم ڕووبارە بە یەکێک لە گەورەترین ناوچەی ڕاوەماسی ئاوی شیرین لە باکوری ڕۆژهەڵات ناسراوە، هەروەها ماسیگرەکان لە هەموو لایەکی وڵاتەوە گەشت دەکەن بۆ گرتنی نێزەماسی و ماسی دڕکاوی (بەتایبەتی ماسی دڕکاوی دەم بچووک) و نێزەماسییە گەورەکانی ڕووبارەکە، هەڵۆ سەرپییەکان کە ماوەی چەندین ساڵە لە دۆڵی ڕووبارەکەدا نەبینراون، دووبارە گەڕانەوە و زۆرجار لە وەرزی زستاندا لەسەر ڕووبارەکە دەبینرێن.

ڕووەکی زەل لە ڕووبارەکە

ڕووباری سانت لۆرێنس نیشتیمانی زەلە چڕوپڕە کەنارییەکانە کە ئاوی بارانی ڕۆشتووی سەر زەوی دەپاڵێون و بەربەست لەبەردەم لافاودا دروست دەکات، وە خواردن و پەناگەش بۆ ئاژەڵانی کێوی دابین دەکات، هەروەها زەلەکان وەکو دایەنگایەک ڕۆڵ دەگێڕن بۆ گیانەوەرە جۆراوجۆرەکانی ناو ڕووبارەکە، لەوانەش باڵندەی ئاوی و چەندین جۆری ماسی و هەروەها گیانەوەرە دووژینەکان یان "وشکاوەکییەکان" و گیانەوەرە خشۆکەکان.

کێ ناوی ڕووباری سانت لۆرێنسی ناوە و ناوەکەی لە چییەوە هاتووە؟

ژاک کارتییەر ناوی ڕووبارەکەی ناوە، کاتێک لە مانگی نیسانی ساڵی 1534دا دەریاگەڕی فەڕەنسی (ژاک کارتییەر) بە بەلەم گەشتی دەریایی کرد بۆ ڕووباری سانت لۆرێنس و وڵاتی فەڕەنسای بەجێ هێشت، پاشا فەرمانی پێدابوو کە ئاڵتون و بەهارات بدۆزێتەوە (کە لەو کاتەدا بە نرخ بوون)، ڕووبارەکە ڕێڕەوێکی ئاوییە لە فەڕەنساوە بۆ ئاسیا، ڕووباری سانت لۆرێنس بە ناوی سانت لۆرێنس ساڵی (225-258ی زایینی) ناونراوە، کە دیکۆنێکە "دیکۆن پلەیەکە لە کڵێسەدا" لە کەنیسەی مەسیحی سەرەتایی لە ڕۆما و وەکو شەهیدێک گیانی لەدەستدا.

قووڵی ڕووبارەکه

تەمەنی ڕووباری سانت لۆرێنس نزیکی 10,000 ساڵە و بەدرێژایی 744 میل لە دەریاچەی ئۆنتاریۆوە دەڕوات بۆ گەورەترین ڕێژگەی جیهان، کە کەنداوی سانت لۆرێنسە و تەنیا 114 میل لە ڕووبارەکە لە ویلایەتی نیویۆرکە، هەروەها ڕووبارەکە لە قووڵترین خاڵیدا 250 پێ بەرزە.

کێ یەکەم کەس بوو کە لە ڕووباری سانت لۆرێنس نیشتەجێ بوو؟

باسکەکان "دانیشتوانی چیاکانی بانس" کۆنترین ئەوروپی ئاسایی ناوچەکە بوون، کە لە سەرەتای سەدەی 16وە بۆ گەڕان بەدوای نەهەنگەکاندا هاتن بۆ کەنداو و ڕووباری سانت لۆرێنس، نەهەنگگر و ماسیگرەکانی باسک بازرگانیان لەگەڵ ئەمریکییە ڕەسەنەکان کرد و جێگیرگەیان دانا و نیشتەجێی ناوچەکە بوون، پاشماوە و نیشانەیان لە هەموو شوێنێکی کەناری ڕۆژهەڵاتی کەنەدا و لە قووڵایی ڕووباری سانت لۆرێنس جێهێشت.

ڕووباری سانت لۆرێنس و کەشتی‌گەڕی

ڕووباری سانت لۆرێنس و کەشتی‌گەڕی گرنگییەکی زۆری بۆ هەر یەکە لە جوگرافی و ئابووری سیستەمی دەریاچە گەورەکان هەیە، دەریاچەکان دەبەستێت بە ئۆقیانووسی ئەتڵەسی و دەرفەتی کەشتی‌گێڕی دەڕەخسێنێت بۆ کەشتییەکانی نێو زەریا، ڕووباری سانت لۆرێنس نزیکەی 800 میل (1287 کیلۆمەتر) درێژە و دەکرێت دابەش بکرێت بە سێ بەشی فراوانەوە، ڕووباری ئاوی شیرین، کە لە دەریاچەی ئۆنتاریۆ بۆ دەرەوەی شاری کبک درێژدەبێتەوە، ڕێژگە یان دەمی ڕووباری سانت لۆرێنس، کە لە کبکەوە بەرەو دوورگەی ئەنتیکۆستی درێژدەبێتەوە، لەگەڵ کەنداوی سانت لۆرێنس کە بەرەو ئۆقیانووسی ئەتڵەسی دەڕوات، ڕووباری سانت لۆرێنس 226 پێ لە نێوان دەریاچەی ئۆنتاریۆ و مۆنتراڵ لە کەنەدا دێتەخوارەوە، بۆئەوەی ڕێگە بە کەشتییەکان بدات بە ڕووبارەکەدا تێبپەڕن و بچنە ناو و دەرەوەی دەریاچە گەورەکان، کەشتی‌گەڕی سانت لۆرێنس، کە پرۆژەیەکی گەورەی گواستنەوەی ئەمریکی-کەنەدییە، لە ساڵی 1954 دەستی پێکرد و لە ساڵی 1959 تەواو بوو، کەشتی‌گەڕی بەستەرێکی ئاشکرای لە سیستمی دەریاچە گەورەکانی ڕووباری سانت لۆرێنسدا دروستکردووە، کە دولوث و مینیسۆتا دەبەستێتەوە بە بەشی سەرووی کەنداوی ڕووباری سانت لۆرێنسەوە کە نزیکەی 2340 میل (3,766 کیلۆمەتر) دوورە، لە ڕێگەی سیستەمێکی ئاڵۆزی دەریاچەکان و ڕووبارەکان و گەرووە قوڵەکان و قوفڵەکان و جۆگەکان.


سەرچاوەکان



837 بینین