بەڵتەجی

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-11-22-13:26:00 - کۆدی بابەت: 7240
بەڵتەجی

ناوه‌ڕۆك

بەڵتەجیەت

بەڵتەجی یان بەڵتەجە (بە عەرەبی: البلطجي، بلطجية)، چالاکییەکی تاوانکارییە بە مەبەستی دروستکردنی هەژموون لەسەر کەسێک یان کۆمەڵێک کەس بەکاردێت، کە بە ترساندن و تۆقاندن و ڕاوەدوونانیان و دەستدرێژی کردنە سەر خۆیان یان کەسانی نزیک یان کەلوپەلەکانیان ستەمیان بەرانبەر دەکەن.

ئامانج لە بەڵتەجیەت دەشێ دزیکردن یان بنبڕکردنی ڕای پێچەوانەوە و دژ بێت، ئەویش بە ڕێگرتن و ڕاوەدوونانی ناوچە ئارامەکان و دروستکردنی پشێوی و بەردهاویشتن و ئاگرکردنەوە و هەندێکجاریش کوشتن.

لە هەرێمی کوردستان زۆرجار بەو کەسانەی کە لە گرتەکان دەردەکەون دژی خۆپێشاندەران قسەدەکەن و هێرش دەکەنە سەریان، یاخود دژی ڕۆژنامەنووس و نووسەر و سیاسییە ئۆپۆزسیۆنەکان و قوتابی و مامۆستایان دەوەستنەوە و لێیان دەدەن، دەوترێ بەڵتەجی.

دەستەواژەکە

ئەم دەستەواژەیە زیاتر لەدوای بەهاری عەرەبی لە ساڵی ٢٠١١ پەیدابوو و دژی ئەو کەسانە وترا کە بەمەبەستی سەرکوتکردنی خۆپێشاندان زیانیان بە خۆپێشاندەران دەگەیاند.

لە بنەڕەتدا وشەیەکی تورکییە و لە هەردوو بەشی "بەڵتە" و "چی"ـی پێکدێت، کە بە واتای "کەسێکی هەڵگری بەڵتە دێت"، کە بەڵتە بە "تەور" یان هەر ئامێرێکی بڕین و شکاندن دەوترێت.

بە گۆڕەپانی تەحریری میسڕ لەکاتی خۆپیشاندانەکانی بەهاری عەرەبی بەو کەسانەی کە پێشتر کاری ماددەی هۆشبەر و قاچاخ و پیاوکوشتنیان کردبوو و پارەیان پێ درابوو بۆ بەشداری لە سەرکوتکردنی خۆپێشاندان دەوترا بەڵتەجی و لەوساوە ئەم وشەیە لە خۆپێشاندانەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست زۆرتر بەکاردێت و لە کوردستانیش سەری هەڵدا.

نموونە

یەکێک لە دیارترین نموونەکانی بەڵتەجی لە کوردستان، شەق هەڵدانە لە مامۆستایەکی قوتابخانە لەکاتی داواکردنی مافی خۆی لەلایەن کەسێکەوە بە جلی مەدەنی و کوردییەوە لە بەرواری ٢٠١٨/٣/٢٥.


سەرچاوەکان



929 بینین