جیاوازی نێوان ڕۆژژمێری کۆچی و ڕۆژژمێری زایینی

له‌لایه‌ن: - ئیسڕا بورهان - به‌روار: 2021-12-15-21:03:00 - کۆدی بابەت: 7256
جیاوازی نێوان ڕۆژژمێری کۆچی و ڕۆژژمێری زایینی

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

ڕۆژژمێر یاخود ساڵنامە (بە عەرەبی: التقویم، بە ئینگلیزی calendar) سیستمێکە بۆ ژماردن و دیارییکردنی کات و مەبەستە کۆمەڵایەتی و ئاینی و بازرگانییەکان بەکاردەهێنرێت، نموونەی دیارییکرڕنی ڕێکەوتی جەژن و بۆنەکان، بەشێک لە گەل و نەتەوەکانی جیهان ساڵنامەی تایبەت بە خۆیان هەیە، هەروەها ڕۆژژمێرەکان پەیوەستن بە خولگەی مانگ و خۆر بە دەوری زەویدا، لە مێژوودا زۆرێک لە شارستانییەتەکان ساڵنامەی تایبەتیان داناوە نموونەی ڕۆمانییە کۆنەکان و شارستانییەتی ئیسلامی، لە ئێستادا ڕۆژژمێری زایینی یاخود گریگۆری لە هەموو جیهاندا کاری پێدەکرێت، هەروەها ڕۆژژمێری ئیسلامی لە بەشێک لە وڵاتە ئیسلامییەکان کاری پێدەکرێت و بۆ بۆنە و جەژنە ئیسلامییەکان پشتی پێدەبەسرێت.

ڕۆژژمێری کۆچی

ڕۆژژمێری کۆچی یاخود ساڵنامەی ئیسلامی ئەو ڕۆژژمێرەیە کە بە یەکەم ڕۆژی مانگی موحەڕەم دەستپێدەکات و بە مانگی زولحیجە کۆتایی دێت، لە 12 مانگ پێکهاتووە، مانگی نوێی کۆچی لەگەڵ سوڕی نوێی پێکهاتنی مانگدا دەستپێدەکات، لە وڵاتی سعودیە و مەغریب وەکوو ڕۆژژمێرێکی فەرمی کاری پێدەکرێت.

ڕۆژژمێری زایینی یاخود گریگۆری

ڕۆژژمێری زایینی، لە هەموو وڵاتانی دونیادا کاری پێدەکرێت، لەدایکبوونی عیسای کوڕی مەریەم وەکوو سەرەتای ئەم ڕۆژژمێرە دەستنیشان کراوە، ساڵنامەی گریگۆریشی پێدەوترێت چوونکە پاپا گریگۆریوسی سیازدەیەم لە ڕۆما چەند گۆڕانکارییەکی تێدا کرد و لە جێگای ڕۆژژمێری یۆلیانی پەسەندی کرد.

جیاوازی نێوان ڕۆژژمێری کۆچی و ڕۆژژمێری زایینی

ئەم دوو ساڵنامەیە لە چەند ڕوویەکەوە جیاوازیان هەیە، گرنگترینیان:

جیاوازی نێوانیان لە ڕووی هۆکاری ناولێنانەکەیانەوە

ـ هۆکاری ناونانی ساڵی زایینی یاخود گریگۆری بەهۆی دانەرەکەیەوە کە پاپا گریگۆری سیازدەهەم لە ساڵی 1582 ئەم ساڵنامەیەی دانا و پەسەندی کرد، بە ناوی خۆیەوە داینا.
ـ ناونانی ڕۆژژمێری کۆچی بەم ناوەوەیە بەهۆی کۆچ کردنی پێغەمبەر محەمەد ﷺ لەگەڵ هاوەڵەکەی ئەبوبەکری سدیق، لە شاری مەککەوە بۆ شاری مەدینە.

مێژووی دانان و بەکارهێنانیان

ـ ساڵی 1582 پاپا گریگۆریۆسی سیازدەهەم لە ڕۆما بە نووسراوی فەرمی دوای گۆڕانکارییەکان لە ڕۆژمێری یولیانی ئەو سەردەمە، لە هەموو مامەڵە فەرمییەکان و بۆنە ئاینییەکان ئەم ڕۆژژمێرەی پەسەندی کرد، ڕۆژژمێری زایینی لە زۆرێک لە وڵاتانی ئەوروپی کاسۆلیکی (ڕێبازێکی ئاینی مەسحییە) بەکارهێنرا و پەسەند کرا، بەڵام لەو وڵاتانەی کە سەر بە ڕێبازی پرۆتستانتیزم و ئۆرتۆدۆکسی بوون لە سەرەتا دژایەتی کرا، بەڵام بە تێپەڕبوونی کات لە هەموو وڵاتانی دونیا پەسەند کرا.
ـ ڕوژژمێری کۆچی لە سەردەمی فەرمانڕەوایی عومەری کوڕی خەتاب خەلیفەی دووەمی موسوڵمانان لە ساڵی 638ی زایینی پەسەند کرا و وەکوو ڕۆژژمێرێکی تایبەت بە مسوڵمانان بەکارهێنرا، و عومەری کوڕی خەتاب ڕووداوی کۆچکردنی پێغەمبەر محەمەد ﷺ لە مەککەوە بۆ مەدینە بە یەکەم ساڵ دیارییکرد.

جیاوازی نێوانیان لە ڕووی ژمارەی مانگ و ڕۆژەکان

ـ ڕۆژژمێری زایینی لە 12 مانگ و 365 ڕۆژ پێکدێت ژمارەی ڕۆژی مانگەکانی لە نێوان 30 بۆ 31 ڕۆژن.
ـ ڕۆژژمێری کۆچی لە 12 مانگ و 354 ڕۆژ پێکدێت، ژمارەی ڕۆژی مانگەکانی لە نێوان 29 بۆ 30 ڕۆژن، ژمارەی جیاوازی نێوان ساڵنامەی کۆچی و ساڵنامەی زایینی 11 بۆ 12 ڕۆژن، هەر 33 ساڵ جارێک ڕۆژەکانی هەردوو ساڵنامەکە یەکسان دەبن. 

جیاوازی نێوانیان لە ڕووی ژمارە و ناو و ڕیزبەندی مانگەکان

1- كانونی دووەم - ینایەر 
2- شوبات - فێبرایەر
3- ئازار - مارس
4- نیسان - ئەپرل
5- ئایار - مەی
6- حوزەیران - یۆنیۆ
7- تەممووز - یۆلیۆ
8- ئاب - ئۆگۆستس
9- ئەیلوول - سیپتەمبەر
10- تشرینی یەکەم - ئۆکتۆبەر
11- تشرینی دووەم - نۆڤەمبەر
12- کانونی یەکەم - دیسەمبەر 

ناوی مانگەکانی ڕۆژژمێری کۆچی

1- موحەڕەم
2- سەفەر
3- ڕەبیعی یەکەم
4- ڕەبیعی دووەم
5- جەمادی یەکەم
6- جەمادی دووەم
7- ڕەجەب
8- شەعبان
9- ڕەمەزان
10- شەوال
11- زولقەعدە
12- زولحیجە

چۆنێتی گۆڕینی ڕێکەوتی زایینی بۆ ڕێکەوتی کۆچی

ـ لە ڕێگای چەند ئەپڵیکەیشن و بەرنامەیەکی تایبەت بەو بوراوە، دەکرێت به شێوەیەکی خۆڕسک و ڕاستەوخۆ ڕێکەوتی زایینی بگۆڕدرێت بۆ ڕێکەوتی کۆچی و بە پێچەوانەشەوە.
ـ لە ڕێگای چەند کردار و یاسایەکی بیرکارییەوە دەتوانرێت ڕێکەوتی زایینی بگۆڕدرێت بۆ کۆچی گرنگترینیان: ساڵی کۆچی = (ساڵی زایینی - 622) / 0.97
نموونە: (2021 - 622)/ 0.97 = 1442


سەرچاوەکان



2898 بینین