دارستانی درەختە چەماوەکان

له‌لایه‌ن: - سازگار عومەر - به‌روار: 2021-12-17-16:44:00 - کۆدی بابەت: 7286
دارستانی درەختە چەماوەکان

ناوه‌ڕۆك

زانیاری دەربارەی دارستانی درەختە چەماوەکان

دارستانی درەختە چەماوەکان (بە ئینگلیزی: Crooked Forest) (بە پۆڵەندی: Krzywy Las) دارستان و بێستانی داری سنەوبەر "درەختی کاژ"ی شێوە سەیرە کە دەکەوێتە نزیک شارۆچکەی "گریفینۆ" لە ڕۆژئاوای "پۆمەرەنیا" لە وڵاتی "پۆڵەندائەم باخە لە 400 دار سنەوبەری پێکهاتووە کە لە گوندی (Nowe Czarnowo) لە دەوروبەری ساڵی 1930 چێندراون، هەر دارێکی سنەوبەر بەرەو باکوور‌ دەچەمێتەوە، لەسەر ئاستی زەمینی ڕێکن و پاشان دوای لادانێکی تەنیشتی سێ بۆ نۆ پێی (1-3 مەتر) دەچەمێتەوە و ئینجا بەرزدەبێتەوە، درەختە سنەوبەرە چەماوەکان بە دارستانێک لە دار سنەوبەرە ڕاستەکان دەورەدراون کە بە هیچ شێوەیەک نەچەماونەتەوە، دارستانی درەختە چەماوەکان تەمەنی نزیکەی 80 ساڵە و ڕووبەرەکەی نزیکەی 1.7 هێکتار دەگرێتەوە، هەروەها تێکڕای بەرزی ئەم درەختانە 15 مەترە بەهۆی چەند هۆکارێکی نادیارەوە بەرزی ئەم درەختانە نەگەیشتوونەتە بەرزی پێوانەیی.

هۆکاری دروستبوونی ئەم دارە چەماوانە لە وڵاتی پۆڵەندا

دەربارەی ئەم درەختە چەماوانە خەڵکی بە گشتی لەو بڕوایەدان کە جۆرێک لە ئامراز و تەکنیکەکانی مرۆڤ بەکارهاتووە بۆئەوەی درەختەکان بەم شێوەیە گەورەبن یان بچەمێنەوە، بەڵام هیچ کات شێوازەکە نەناسراوەتەوە و تا ئەمڕۆش بە نهێنی ماوەتەوە، وا دانراوە کە درەختەکان لەوانەیە شێوێندرابن و گۆڕانکاری لە شێوەی سروشتیان کرابێت بۆ دروستکردنی داری چەماوەی سروشتی بۆئەوەی لە کەلوپەلەکان یان دروستکردنی بەلەمدا بەکاریان بهێنن، هەندێکی تر بڕوایان وایە کە دەشێت ڕەشەبایەکی بەفری قەدی درەختەکانی چەماندبێتەوە، بەڵام بەڵگەی کەم هەیە لەسەر ئەوە، هەندێک لەو باوەڕەدان کە هەڵکێش و داکێش لە هێزەکانی ڕاکێشانی ناوچەکە هۆکاری گەشەکردنی ئەم درەختانەن بە شێوەی لار، بەڵام هیچ بەڵگەیەکی بنەڕەتی نییە بۆ پشتگیریکردنی ئەم تیۆرییە سەیرە، هێزی ڕاکێشان شتەکان بەرەو خوارەوە ڕادەکێشێت نەک بەلادا، بیرۆکەیەکی تری باو ئەوەیە کە لە کاتی داگیرکردنی وڵاتی پۆڵەندا لە جەنگی جیهانی دووەمدا، دەبابەکانی دوژمن بەناو دارستانەکەدا هاتن کە هێشتا درەختەکانی بەتەواوی گەورە نەبووبوون و جارێکی تر دارەکانیان تەختکرد و پاشان کە درەختەکان دەستیانکردەوە بە گەشە شێوەیەکی لاریان وەرگرت.


سەرچاوەکان



754 بینین