دارستانی باراناوی دەینتری

له‌لایه‌ن: - سازگار عومەر - به‌روار: 2021-12-18-17:00:00 - کۆدی بابەت: 7298
دارستانی باراناوی دەینتری

ناوه‌ڕۆك

زانیاری دەربارەی دارستانی باراناوی دەینتری

دارستانی باراناوی دەینتری (بە ئینگلیزی: Daintree Rainforest) ناوچەیەکە لە کەناری باکووری ڕۆژهەڵاتی "کوینزلاند"، دەکەوێتە وڵاتی "ئوستڕالیا و باکووری مۆسمان و کایرنس"، تەمەنی ئەم دارستانە زیاتر لە 135 ملیۆن ساڵە و بەتەمەنترین دارستانی باراناوی جیهانە، ڕووبەرەکەی بە نزیکەیی 1200 کیلۆمەتر چوارگۆشەیە (460 میل دووجا) و نیشتیمانی چەندین جۆر ئاژەڵ و ڕووەکە کە لە هیچ شوێنێکی تری جیهاندا نەبینراون، "دەینتری" بەشێکە لە گەورەترین ناوچەی دارستانی باراناوی گەرمەسێر لە کیشوەری "ئوسترالیا"، دارستانی باراناوی دەینتری بەشێکە لە ناوچە گەرمەسێرە شێدارەکانی دارستانی باراناوی "کوینزلاند"، کە بە درێژایی ناوچەی "کایرنس" درێژ دەبێتەوە، دارستانە باراناوییە گەرمەسێرە شێدارەکان (کە دەینتری بەشێکە لەم دارستانانە) کۆنترین دارستانی باراناوی گەرمەسێری یەک لەدوای یەکی زیندووماوی جیهانن، دارستانی گەرمەسێر بەدرێژایی کەنارە هێڵی باکووری ڕووباری دەینتری تا کەناری دەریاکه گەشە دەکات، لە ساڵی 2009دا دارستانی باراناوی دەینتری وەکو یەکێک لە ئایکۆنەکانی (Q150)ـی کوینزلاند بە ڕۆڵی "سەرنجڕاکێشی سروشتی" ڕاگەیەندرا، دارستانی باراناوی دەینتری لە 30%ی بۆق و خشۆکەکان و ئاژەڵە جۆراوجۆرە تورەکەدارەکانی وڵاتی ئوسترالیا و 90%ی شەمشەمەکوێرە و پەپوولە جۆراوجۆرەکانی ئوسترالیای تێدایە، هەروەها 7%ی باڵندە جۆراوجۆرەکانی ئەو وڵاتە لەم ناوچەیەدا دۆزراوەتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا زیاتر لە 12,000 جۆری مێروو لە دارستانی باراناویدا هەیە، هەموو ئەم هەمەجۆرییە لە ناوچەیەکدایە کە 0.12%ی ڕووبەرێکی فراوان لە ئوسترالیا داگیر دەکات، بەشێک لە دارستانەکە لەلایەن پارکی نەتەوەیی دەینترییەوە پارێزراوە.

گەشتوگوزار

دارستانی باراناوی دەینتری شوێنەوارێکی کەلەپووری جیهانی "یونسکۆ"یە، ئەو گەشتیارانەی سەردانی ئەم بەشەی FNQ دەکەن بەوردی لە ڕێگەی ناوچە دیاریکراوەکانەوە ڕێنوێنی دەکرێن بۆ کەمکردنەوەی کاریگەری لەسەر ئەم ژینگە هەستیار و بەنرخە کە یەکێکە لە کۆنترین دارستانە باراناوییەکانی جیهان، دەینتری زیاتر لە 3000 جۆری ڕووەک و زیاتر لە یەک لەسەر سێی جۆرە جیاوازەکانی ئاژەڵە شیردەرە ئوسترالییەکان دەگرێتە خۆی، لەگەڵ 13 جۆریان کە لە هیچ شوێنێکی تری جیهاندا نییە، هەروەها هەموو ساڵێک زیاتر لە 400,000 کەس سەردانی دارستانی باراناوی دەینتری دەکەن، دەشێت ‌گەشتوگوزار سوود بە ناوچەیەک بگەیەنێت یان تووشی گرفتی بکات، هەروەها ‌دەتوانرێت کەشتوگوزار بۆ پەرەپێدانی ژێرخانی ناوخۆیی و خزمەتگوزارییەکان بەکار بهێنرێت بەڵام لە هەمان کاتیشدا دەشێت ببێتە هۆی لەناوبردنی کەلتوور و دابونەریتی خۆماڵی، گەشتیاران دەتوانن هەلی کار بۆ خەڵکی ناوچەکە دابین بکەن و ئابووری ببوژێننەوە و هۆشیاری کەلتوریش بەرزبکەنەوە و دەشتوانن یارمەتی پاراستنی کەلتور و دابونەریتی خۆماڵی بدەن، ئەو شوێنانەی کە دیمەنی جوان و نامۆی هەیە گەشتیاران لە ڕێگەی شێوازەکانی گواستنەوەوە سەردانیان دەکەن، گەشتوگوزار بە دوو شێوازی جیاواز کاریگەری لەسەر سیستەمی ژینگەیی هەیە، یەکەم کاریگەری بڕینەوەی دارەکانە کاتێک داربڕەکان "ئەوەی دار و تەختە دەبڕێتەوە" بۆئەوەی داریان دەستبکەوێت دەستدەکەن بە بڕینەوەی درەختەکان، ئەمەش ماڵی ئاژەڵەکان وێران دەکات و هەندێک ئاژەڵیش سەرچاوەی خۆراکییان لە دەست دەدەن، ئەمەش دەتوانێت کاریگەری لەسەر زنجیرەکانی تۆڕی خۆراک دروست بکات و لەناوی ببات، لەبەرئەوە هەندێک لە زیندەوەران لەناوچوون، شێوازێکی تری گەشتوگوزاری کاریگەری لەسەر دەینتری هەیە کە بریتییە لە کێڵان‌ و پاککردنەوەی زەوی بۆ خانووبەرە، چونکە بەردەوام ژمارەی هاوڵاتیان لەزیادبووندایە و پێویستیان بە زەوی زیاتر هەیە، بۆئەوەی جێگای هەمووشیان بێتەوە، خەڵک دارەکان دەبڕنەوە کە دەبێتە هۆی ڕووتانەوەی دارستان و پیسبوونی ناوچەکە، کاتێک ئامێرە گەورەکان دێن بۆ هەڵکەندنی زەوییە بەپیتەکە ڕووەکەکان لەناودەبەن و دوکەڵی ئەم ئامێرانەش هەوای ناوچەکە پیس دەکەن، لە ئەنجامدا گیانەوەرەکان و ڕووەکەکان لەناودەچن و زنجیرەکانی خۆراکی سروشتی تێکدەشکێن و مانەوەی زیندەوەرە جۆراوجۆرە ناوخۆییەکان دەکەونە مەترسییەوە.

پلەی گەرمی دارستانەکە

لە دارستانی باراناوی دەینتریدا ساڵانە 120 ڕۆژ باران دەبارێت، کە بە تێکڕایی دەکاتە 2,013 ملیمەتر باران لە ساڵێکدا، تێکڕای پلەی گەرمی دارستانەکە 28 پلەی سیلیزییە، و پلەی گەرمی هەواکەی زۆرجار دەگۆڕێت و نزیکەی 24 بۆ 30 پلەیە، وەرزی باراناوی لەم دارستانەدا مانگی نیسان تا حوزەیرانە و وەرزی هاوین زۆرجار گەرم و شێدارە، لەگەڵ ئەوەشدا تێکڕای پلەی گەرمی ڕۆژانە لە مانگی کانوونی دووەمدا 28 پلەی سیلیزییە.


سەرچاوەکان



786 بینین