حاجی بابەشێخ

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-12-30-15:43:00 - کۆدی بابەت: 7440
حاجی بابەشێخ

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

حاجی بابە شێخ (بە ئینگلیزی: Haji BabaShex)، سەرۆکی کۆمیتەی ئیتیحادی ئیسلام بووە لە ناوچەی موکریان و سەرۆکی ئەنجوومەنی نیشتمانی کوردستانی کۆماری کوردستان بووە لە ساڵی ١٩٤٦.

ژیان

حاجی بابە شێخ کە ناوی ڕاستی خۆی عەبدولڕەحمانە، لە ساڵی ١٨٧٨ـی زایینی لە گوندی زەمبیلی نێوان تورجان و بۆکان لە یەکێک لە بنەماڵە سەیدەکانی ناوچەکە لەدایک بووە، باوکی ناوی سەید عەبدولکەریم و دایکیشی شێخزادە حەلیمە خانم بووە، لە تەمەنی ٦ بۆ ٧ ساڵی دەچێتە حوجرە و لەلای مامۆستا مەلا محەمەد حەسەنی وەجدی قزڵجی فێری خوێندن و نووسین دەبێت و دەبێتە فەقێی ئەو، لە حوجرەی چەند مامۆستایەکی دیکەی وەک حاجی مەلا ساڵحی سەدراباد و حاجی مەلا عەبدوڵای وەڵزی و دواتریش لەلای مەلا قادر لە حوجرەی بیارە درێژە بە خوێندن دەدات و بڕوانامەی مەلایی وەردەگرێت.

زانست

لە ماوەی خوێندندا سەرقاڵی خوێندنەوەی مێژوو و کۆمەڵناسی و زانستەکانی بیرکاری و ئەستێرەناسی بووە و خاوەنی داهێنان و ڕێکاری تایبەت بە خۆی بووە، هەروەها زمانەکانی فارسی و تورکی و عەرەبی بە باشی زانیووە و چەند نووسراوێکیشی هەیە وەک "تنقید هیئت جدید، تعدیل اعداد" و "حواشی  بر ابن حجر"، هەروەها کۆمەڵێک شیعری کۆمەڵایەتی و نیشتمانی هەبووە.

حاجی بابەشێخ دارولعیلمی تورجانی جارێکی تر نۆژەن کردوەتەوە و لە فەوتان ڕزگاری کردووە و هانی ژنانی داوە بۆ خوێندن. هەر لەوکات کەسانی وەک نووروننیسای هاوسەری قۆج‌بەگ، مەلا ئایشە و مەلا زارای کچەکانی عەللامە قه‌زه‌ڵجی هاندەری ئافرەتان بوون بۆ خوێندن. دواتر حاجی بابەشێخ لە جەمیانەوە دەچێتە تورجان، داوا ده‌کا لەسەر خەرجی خۆی کۆرسی قورئان خوێندن دابنرێت و منداڵان و ئافرەتان بتوانن قورئان و زانستە شەرعییه‌کان بخوێنن.

بابەشێخ پیاوێکی زۆر بەڕێز بووە و چەند جارێک محەمەدڕه‌زا شا، چەند پۆستێکی پێ پێشنیار دەکات وەک پۆستی وەزارەتی ڕۆشنبیری، بەڵام قبووڵی ناکات. چەند دێهاتێکی ناوچەی میاندواوی دەداتێ، بەڵام ئەوەش ڕەت دەکاتەوە.

ژیانی تایبەت

مامۆستا عەبدوڕەحمان، لەگەڵ حومەیرا خانمی کچی شێخ جەلال، کە دەکاتە ئامۆزازای پێشەوا قازی محەمەد ژیانی هاوبەش پێک دەهێنێت.

خەبات و کار

هۆگریی مامۆستا عەبدوڕەحمان، به‌ مێژوو و کولتوور و ئه‌ده‌بی نه‌ته‌وه‌که‌ی، وایکرد بڕواتە کۆڕی زانایان و خه‌باتکارانی ئەودەمی گه‌له‌که‌ی و له‌ پێناو ماف و ئازادییه‌کانی خه‌ڵکی کوردستان بوو به‌ پێشمه‌رگه‌.

لە سەرەتاکانی شۆڕشی مەشرووتەی ئێران لە ١٩٠٦ سەرۆکی ھۆزانی گەورەی موکریان دێبوکری و مامەش تکایان لە شێخی حیسامەدین کردووە کە حاجی بابەشێخ ڕازی بکات خۆی بکاتە کاندیدی ھەڵبژاردن بۆ مەجلیسی ئێران، ئەمەش لەبەر لێهاتووییەکەی بووە. حاجی بابە شێخ ئەوکات که لە کوردستانی باشوور دەبێت و تەمەنی لە بیست و پێنج که‌متر دەبێت، لە ساڵانی ١٩٠٤ بۆ ١٩٠٦ بیرۆکەی ڕووناکبیری ئایینی و هەڵسوڕانی سیاسی لە مێشکیدا سەرهەڵدەدات. لەگەڵ بزاڤی ئیسلامی و پێشکەوتنخوازی ئایینی «کۆمەڵەی یەکیەتی ئیسلام» و "جەمعییەتی ئیتتحادی تەەقی" ئاشنا دەبێت. کە دروشمی ئەم بزاڤە؛ بریتی بووە لە: "برایەتی"، "ئازادی" و "یەکسانی"، لە کوردەکان لەگەڵ شێخ عەبدولقادر نەهری کوڕی شێخ عوبەیدوڵڵا و مەدحەت به‌درخان لە بنەماڵەی گەورەی بەدرخانییه‌کان ئاشنا دەبێت و دەبنە ئەندامی ئەم بزاڤە. هەر لەوێ بەهۆی چالاکییەوە ناسناوی بابەشێخی پێ دەدرێت، لە دواییدا دەبێتە بەرپرسی لقی کوردستانی، ئەم بزاڤە ئیسلامییە لەژێر کاریگەری محه‌ممه‌د عه‌بدە و شێخ ڕەشید ڕه‌زادا دەبێت. ئەم حیزبە لە ئاستی مەشڕوتە‌خوازەکانی ئێراندا بوون و خوازیاری کەمکردنەوەی دەسەڵاتی سیاسی حاکمی عوسمانی بوون.

حاجی بابەشێخی لە ماوەی جەنگی جیھانیی یەکەمشدا دژی ڕووسیا دەوەستێتەوە و کۆمیتەیەک بەناوی ئیتیحادی ئیسلام دروست دەکات و خۆی سەرۆکی کۆمیتەکە بووە. لە چەندین شەڕ دژی ڕووسەکان سەرکەوتوانە بەشداری دەکات، بۆ نموونە لە شەڕەکانی میاندواو و مەهاباد و سنە تا دەگاتە مووسڵ.

حاجی بابه‌شێخ و چه‌ند سه‌رکرده‌ و سەرۆک هۆزێکی ناوچه‌که‌ وەکوو: پێشەوا قازی محه‌مه‌د، ئه‌میر ئه‌سعه‌د، قه‌ره‌نی ئاغا، ئه‌مه‌رخان و سه‌یفولقوزات و دەیان کەسایەتی دیکه‌، ڕێخراوێک بۆ یارمه‌تیدانی ڕاپه‌ڕینی ئاگری لە باکووری کوردستان، به‌ ناوی "ڕێکخراوی خێرخوازانی کورد" داده‌مه‌زرێنن و بۆ سەرخستنی ئەو ڕاپەڕینە هاوکارییەکی زۆر کۆدەکەنەوە و پێشکەشیان دەکەن.

بێجگە لەمانەش کاتێک سەرتیپ سەیف ئەفشار کە ئەفسەرێکی نێردراوی ڕەزاشای پەھلەوی بووە دەیەوێت بۆ وتووێژکردن لەگەڵ پشدەرییەکان بچێتە سەردەشت، داوا لە حاجی بابەشێخ دەکات لەگەڵی بچێتە ناوچەکە بۆ ئەوەی کەڵک لە خۆشناوی و ڕێزی لە ناو کۆمەڵانی خەڵک وەربگرێت و بە یارمەتی ئەو کارەکانی خۆی بەڕێوە ببات.

کۆماری مەهاباد

حاجی بابه‌شیخ هەرچەند کە پێش دامەزرانی کۆماری کوردستان لە مەهاباد، ئەندامی کۆمه‌ڵه‌ی ژێ کاف نەبووە، به‌ڵام بەهۆی ئەو کەسایەتییە بەهێزە کۆمەڵایەتییەی کە هەیبووە، دوای‌ دامه‌زرانی حیزبی دیموکرات و ڕاگه‌یاندنی کۆماری کوردستان لەلایەن حیزبی دیموکراتەوە، ده‌بێته‌ سه‌رۆکی هه‌ڵبژێردراوی ئه‌نجوومه‌نی نیشتمانی و سه‌رۆک وه‌زیرانی کۆماری کوردستان لە مەهاباد.

حاجی ئەوکات تەمەنی ٦٧ بۆ ٦٨ ساڵ بووە، واتە ١٥ ساڵ لە قازی محەمەد گەورەتر بووە.

کاتێک ئاڵای کۆمار دەبرێت بۆ ئەوەی له‌ بۆکان هەڵبکرێت، حاجی بابه‌شێخ و حاجی بایزئاغا لای ڕاست و چه‌پی ئاڵاکه‌ ده‌گرن و بەرەو شوێنی هەڵدانی ئاڵاکە دەیبەن و هەڵی دەدەن.

لە دوای ڕووخانی کۆماری کوردستان لە مەهاباد و گرتنی دامەزرێنەران و پلەدارەکانی ئەو کۆمارە لەلایەن حکوومەتی محەمەدڕەزا شا، حاجی بابەشێخیش وەکوو سەرۆک وەزیرانی کۆماری کوردستان ده‌گیرێت و دادگایی دەکرێت. حاجی بابەشێخ دوای ٩ مانگ مانەوەی لە بەندیخانەکانی تەبرێز و مه‌هاباد، سزای لە سێدارەدانی بەسەردا دەسەپێنن، به‌ڵام دەسەڵاتدارانی ئێران لە ترسی شۆڕشێکی ئایینی سزاکەی جێبەجێ ناکەن، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی حاجی بابەشێخ جیا له‌ که‌سایه‌تییه‌ نیشتمانییه‌که‌ی، کەسایەتییەکی ئایینی ناودار و شێخێکی تەریقەتی نەقشبەندی بوو و لایەنگرێکی ئیجگار زۆری هەبوون و لەنێوبردنی بەو ئاسانییە نەبووە.

دەسەڵاتدارانی ئێران بە سێ مەرج ئازادی دەکەن.

مەرجەکان

  • یەکەم: ده‌بێت له‌ گونده‌کانی تورجان و زه‌مبیل و جه‌میان نیشتەجێ ببێت و به‌بێ مۆڵەتی ده‌وڵه‌ت له‌و گوندانه‌ نەچێتە دەرەوە.
  • دووەم: لە کاتە دیاریکراوەکاندا خۆی بناسێنێت بە دەوڵەت و واژوو بکات.
  • سێیەم: کاتێک کە ئازاد ده‌کرێت، ‌ده‌بێت بڕوا بۆ سەردانی سه‌رله‌شکر هومایوونی، به‌ڵام ئه‌و مه‌رجی سێیه‌م ڕه‌ت ده‌کاته‌وه‌ و ده‌ڵێت ئەگەر هەموو ژیانم لە زیندان بم ئامادەی دیدار لەگەڵ هومایونی ناپیاو نابم.

کۆچی دوایی

حاجی بابه‌شێخ له‌ ڕۆژی ٣٠ـی ڕەزبەری ساڵی ٢٦٥١ـی کوردی بەرانبەر بە ١٩٥٩/١٠/٢٣ـی زایینی کۆچی دوایی کرد و لە گۆڕستانی شێخ وسووی ئاوایی تورجان بەخاک دەسپێردرێت.


سەرچاوەکان



988 بینین