هامڕا

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2022-01-02-19:08:00 - کۆدی بابەت: 7473
هامڕا

ناوه‌ڕۆك

هامڕا چییە؟

گرووپی فەیسبووکی هامڕا (بە ئینگلیزی: Hamra) پڕۆژەیەکی سەرهێڵی کوردییە و لە پاییزی ساڵی ٢٠٢١ دامەزراوە، ئامانجی هاوکاریکردنی ئەو کەسانەیە ویستی هاتووچۆیان هەیە لە کوردستاندا و دەیانەوێت لە شارێکەوە بڕۆنە شارێکی تر بەبێ بەرانبەر، هەروەها ئامانجی پاراستنی ژینگە و کەمکردنەوەی ڕێژەی بەکارهێنانی ئۆتۆمبێلە لەسەر ڕێگاوبانەکانی هەرێم. دامەزرێنەر و خاوەنی بیرۆکەی هامڕا گەنجێکی کوردە بەناوی داوەر فوئاد.

لە ساڵی ٢٠٢١ـدا نزیکەی ٦٠٠ کەس سوودمەند بوون لە پڕۆژەکە. لەدوای پێشوازیکردنی خەڵکیی لە پڕۆژەکە بڕیاردرا بە دروستکردنی ماڵپەڕ و بەرنامەیەکی تایبەتی مۆبایل تایبەت بە هامڕا بۆ ئاسانکاری زیاتر لە کارە خێرخوازییەکە، لە بەرنامەكەدا ناسنامەی شۆفێرەكان و ئەو كەسانەشی كە دەیانەوێت ببنە هامڕای شۆفێر دەنووسرێن، هەریەكێكیشیان دەتوانێت بۆچوون لەسەر ئەوی دیكە لەنێو ئەپڵیكەیشنەكەدا بنووسێت، بەڵام ماڵپەڕەکە تەنیا ڕێنمایی و هۆشیاری تێدا بڵاودەكرێتەوە.

شێوازی بەکارهێنانی گرووپ

بە نموونە کەسی شۆفێر پۆست دەکات و دەنووسێت ڕۆژی شەممە کارێکم لە شاری سلێمانی هەیە و ئێوارە دەگەڕێمەوە و شوێنی چوار کەسم هەیە، ژمارە تەلەفۆنی خۆی دادەنێت، یاخود لەڕێی کۆمێنتەوە ئەو کەسانەی هەمان ڕۆژ دەیانەوێت بڕۆنە شاری سلێمانی پەیوەندی پێوە دەکەن و پێکەوە گەشت دەکەن.

یان ئەو کەسەی دەیەوێت گەشت بکات و خاوەنی ئۆتۆمبێل نییە، پۆست دەکات و دەنووسێت ڕۆژی یەکشەممە کەس هەیە بڕواتە شاری هەولێر؟، ئەوکات ئەگەر کەسێک ویستی گەشتی هەبێت لە کۆمێنت ئاگاداری دەکاتەوە و پێکەوە دەبنە هامڕای یەکتری.

هامڕا چی مەبەستە؟

هامڕا تەنها مەبەستیەتی ببێتە ناوەندێک بۆ هاوکاری کردنی ئەو کەسانەی لەڕووی داراییەوە باش نین، بە ڕەخساندنی دەرفەتی گواستنەوەی بێ بەرامبەر لەلایەن ئەو کەسانەی کە ئۆتۆمبێلیان پێیە و خۆیان دەیانەوێت بڕۆنە هەمان شوێن.  

ناسنامە

هامڕا جەخت دەکاتەوە لە دڵنیابوونەوەی تەواو لە ناسنامەی ئەو کەسانەی کەوا داوای گواستنەوە دەکەن و هامڕا پێشناری ئەوە دەکات تەنها کەسانی ناسراوی (ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ) بگوازرێتەوە و لەکاتی گواستنەوەی کەسی نەناسراودا هامڕا بەرپرسیاریەتی ناسنامەی کەس هەڵناگرێت و ئەو دڵنیابوونەوەیە لەسەر شانی خاوەن شۆفێرە کەوا کەسانی بێ ناسنامە و نەناسراو بگوازنەوە.

ڕووداوی نەخوازراو

لە کاتی ڕوودانی هەر ڕووداوێکدا، هامڕا دوور و نزیک بەرپرسیار نییە لە هیچ شتێکی ڕووداوەکە و یاسا خۆی بڕیار لە چارەنووسی سەرنشین و شۆفێر دەدات.

کێ هامڕا بەکاربێنێت؟

هامڕا تەنها مەبەستییەتی یارمەتی ئەو کەسانە بدا کە پێویستیانە و بەهیچ شێوەیەک پشتگیری ئەوە ناکات کەوا ئەو کەسانەی پێویستیان نییە لەگەڵ شۆفێرانی هامڕا سەرفەر بکەن.

کێ لەگەڵ کێ گەشت دەکات؟

شۆفێر و سواربوو بە تەواوی ئازادن لەوەی کەوا لەگەڵ کێ گەشت دەکەن یاخود نایکەن، هامڕا تەنها ناوەندە و دوور و نزیک هیچ پەیوەندی پێیانەوە نییە.

هامڕا واتە چی؟

هامڕا وشەیەكی هەورامییە، بەواتای هاوڕێ یان هاوسەفەر دێت، كە لەم پڕۆژەیەدا وشەیەكی هاوبەشە بۆ شۆفێر و سەرنشینەكەش بەكاردەهێنرێت.


سەرچاوەکان



503 بینین