ئیسلامۆفۆبیا 

له‌لایه‌ن: - ئیسڕا بورهان - به‌روار: 2022-01-08-23:10:00 - کۆدی بابەت: 7534
ئیسلامۆفۆبیا 

ناوه‌ڕۆك

دەستەواژەی ئیسلامۆفۆبیا چییە؟

ئیسلامۆفۆبیا (بە عەرەبی: الإسلاموفوبيا، بە ئینگلیزی: Islamophobia) ئەم زاراوەیە لە دوو بڕگە پێکهاتووە، ئیسلام و فۆبیا، لە زانستی سایکۆلوجیدا فۆبیا بە واتای ترس و تۆقینە و دۆخێکی ناوەکی ناخی مرۆڤە بەرامبەر شتێک یان دیاردەیەکی نامۆ، هەندێکات وەکوو نەخۆشی مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت، بەڵام زاراوەی ئیسلامۆفۆبیا نەخۆشییەکی دەروونی نییە بەڵکوو وێنا و ڕوانینێکی نەرێنییە بەرامبەر ئایینی ئیسلام و موسڵمانان و هەموو دروشم و بەهاکانی ئایینەکە نموونەی حیجاب، مزگەوت، نوێژ، ڕۆژوو و هەموو بابەتەکانی تری پەیوەندیدار بە ئیسلامەوە دروستکراوە، لە فەرهەنگی ئۆکسفۆرد زاراوەی ئیسلامۆفۆبیا بە واتای ترس یاخود ڕق و قینەیەکی توند بەرامبەر بە ئیسلام و موسوڵمانان و کولتووری ئیسلامی پێناسە کراوە، بەشێک لە میدیا و جووڵانەوە و حیزبە سیاسییەکانی ڕۆژئاوا ڕۆڵی کاریگەریان هەبووە لە دروستکردنی ئەم تێڕوانینە بەرامبەر ئیسلام، بە تایبەتی ئەو حیزب و دامەزراوە چەپڕۆ و نەتەوەپەرستانەی کە دژگیر و دەمارگیری لە بیر و هزریاندایە، ئامانجیان بریتییە لە دروستکردنی بیرۆکەی هەڵە و ترس لەلای خەڵکی لەسەر ئاینی ئیسلام و تاکی موسڵمان، هەروەها وەکوو هێزێکی جوگرافی و سیاسی و سەرچاوەی تیرۆر وێنای ئایینەکەیان کردووە، پێیان وایە زیادبوونی ژمارەی موسڵمانان لە کۆمەڵگا ڕۆژئاواییەکان کاریگەریی نەرێنی و خراپ بۆ کۆمەڵگاکانیان دروست دەکات.

مێژوو و هۆکاری دروستبوونی دەستەواژەی ئیسلامۆفۆبیا

دوای هێرشەکانی یانزەی سێپتەمبەر و زنجیرە ڕووداوە تیرۆریستیەکانی ساڵانی دواتر لەسەر دەستی ڕێکخراوە تووندڕەوە ئیسلامییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەراست و ئەورووپا و ئەمریکا، ئیسلامۆفۆبیا بووە ئامرازێکی کاریگەر و بەهێز بەدەست بزاڤە تووندڕەوەکانی رۆژئاواوە، دواجار بۆ ڕاکێشانی سەرنجی زۆرترین جەماوەر بۆ لای پەیام و سیاسەتە دەمارگیریانەوە، هێرشەکانی یانزەی سێپتەمبەر خاڵی وەرچەرخانی سەرەکی بوو سەبارەت بەم چەمکە، لە پێش ئەو ڕووداوە تەنها لە خود و تاکی موسڵمان ڕەخنەی توندڕەوی دەگیرا، بەڵام دوای ئەم ڕووداوە ڕەخنە و تێڕوانینەکان گشتگیر بوون سەبارەت بە هەموو بەهاکانی پەیوەست بە ئایینی ئیسلام، مێژووی ئەم دەستەواژەیە بۆ ساڵانی حەفتاکانی سەدەی ڕابردوو دەگەڕێتەوە، بەڵام لە ساڵی 1997 لەلایەن کۆمەڵێک ڕێکخراوی بەریتانییەوە ئەم چەمکە ورووژێندرا و تیشک خرایە سەری و زیاتر تەشەنەی سەند، دوای ئەوەی کە ڕاپۆرتێکیان لەسەر موسڵمانانی بەریتانیا بڵاوکردەوە، لەو ڕاپۆرتەدا زۆر بە ئاشکرا دەستەواژەی ئیسلامۆفۆبیا باسکرا بوو، ڕاپۆرتەکە  ڕۆڵی نەرێنی و خراپی تاکی موسڵمانی بەریتانی لە کۆمەڵگای بەریتانی دەخستەڕوو.

هێرشەکانی یانزەی سێپتەمبەر بۆ ئەمریکا، دروستبوونی ڕێکخراوە توندڕەوە ئیسلامییەکان نموونەی داعش و قاعیدە، هەروەها زیادبوونی ڕێژەی موسڵمانان لە ئەورووپا و ویلایەتە یەکگرتووەکان، لاوازی موسڵمانان و نەبوونی هەڵوێست لەسەر ڕووداوەکان، ئەمانە هەمووی هۆکاری سەرەکی بوون بۆ زیاتر تەشەنە سەندن و بڵاوبوونەوەی ئەم چەمکە.

ڕەخنە و تێڕوانینەکان لەسەر دەستەواژەکە

دامەزراوە میدیایەکانی ئەورووپا بە نووسراو و بینراو و بیستراوەوە بە نمایشکردنی سیمایەکی ترسناک و پڕ لە مەترسی لە ئایینی ئیسلام، هەمیشە هەوڵیان داوە ڕۆڵێکی سەرەکی بگێڕن لە هاندانی سیاسییەکان و پەرەپێدانی هەستی ڕق و دەمارگیری نەژادی لە نێو ئەورووپیەکان، کۆمەڵگاکانیان دابەشکردوەتە سەر بەرەی "ئێمە" و " ئەوان"، لە ڕۆژئاوا ئیسلام وەک ئایینێکی تووندوتیژی تایبەت بە گەلانی دواکەوتوو و دڕندە و سەرچاوەی تیرۆر پێناسەی بۆ دەکرێت، دەستەواژەکە کێشە و نەهامەتی زۆر دروست کردووە، بە تایبەتی بۆ موسڵمانانی ڕۆژئاوا، تۆمەتبارکردنی هەر بیروڕایەک بە شێتی و ناژیری و بەو شێوە هێرشکەرانە ناتێگەشتن و بێڕێزی زیاتر دروست دەکات، لە ئێستادا لە ئەورووپا و ڕۆژئاوا ئیسلامۆفۆبیا بووە بە دیاردە، زۆرێک لە ئەورووپییەکان خۆیان هەوڵی ڕووبەڕووبوونەوە و چارەسەری ئەم دیاردەیە دەدەن، بۆیە چەندان کۆمەڵە و دامەزراوە دانراون بۆ بەرەنگاریی و چارەسەری دیاردەی ئیسلامۆفۆبیا، هەروەها لە چەند وڵاتێک یاسای تایبەتی دەرکراوە بۆ بە گژداچوونەوەی گەشەی ترس لە ئیسلام.


سەرچاوەکان



607 بینین