12 ڕێگا بۆ نەهێشتنی بێ خەوی منداڵ 

له‌لایه‌ن: - ئیلهام ئەنوەر - به‌روار: 2022-01-10-22:15:00 - کۆدی بابەت: 7555
12 ڕێگا بۆ نەهێشتنی بێ خەوی منداڵ 

ناوه‌ڕۆك

بێ خەوی منداڵ

خەوی منداڵان جگە لە نەهێشتنی ماندوویەتی ڕۆژانە هەلومرجی گونجاو بۆ گەشەی منداڵ فەراهەم دەکات, منداڵان بەراورد بە گەورەکان چالاکی ڕۆژانەیان زیاترە و لە کاتی نەبوونی پشوودانی پێویست زۆر زیان مەند دەبن, لەبەر ئەمە ئەگەر منداڵێکتان هەیە کە کێشەی بێ خەوی هەیە بە دڵنیاییەوە ئەم ڕێگایانەی خوارەوە بەکاربهێنن: 

  1. وا باشترە دایکان و باوکان شوێنی خەوی جێگیر بۆ منداڵ دابین بکەن و منداڵەکانیان فێربکەن کە لە جێگاکەی خۆیان پشوو بدەن، بە گشتی گۆڕینی جێگای خەو بۆ گەورەکانیش ناخۆشە و ڕەنگە ببێتە هۆی درەنگ خەولێکەوتن، بێگومان لە کاتی گەشتدا ئەزموونی ئەمەتان کردووە.
  2. بە هیچ شێوەیەک مۆڵەتی بەخەبەر مانەوە و درەنگ خەوتن بە بەهانەی سەیرکردنی تەلەفیزیۆن و تەنانەت ئەرکی قوتابخانە، بە منداڵەکان مەدەن، کاتی خەویان دیاری بکەن و لەو کاتەدا بیانخەوێنن و سنوور دابنێن, هەندێک کات دەبینرێت بەشێک لە منداڵان بەهۆی سەیرکردنی فیلمی ترسناکەوە تووشی کەم خەوی دەبن. پێویستە دایکان و باوکان ڕێگری لە سەیرکردنی فیلمی ترسناک و جوڵەی زۆری منداڵان بکەن.
  3. کاتی خەوی ڕێک بۆ منداڵەکانتان دیاری بکەن، کاتی خەوی منداڵ دەبێت جێگیر بێت، یەک کاتژمێر دیاری بکەن، یەکەمین جار هانی منداڵ بدەن تا لەو کاتەدا بڕواتە ناو جێگاکەی، بۆ هەستان لە خەویش هەمان شت ئەنجام بدەن. ئەوە بزانن چەنێک منداڵەکەتان زووتر لە خەو هەڵبستێت باشترە، بەو شێوەیە تا شەو ماندوو دەبێت و بە نزیکی لە هەمان کاتدا دەخەوێت.
  4. دایکان و باوکان دەبێت ئاگاداری خواردنی منداڵ بن و هەوڵ بدەن ئەو ماددە خۆراکییانەی کە کافایینیان تێدایە لە بەرنامەی خۆراکییان لایانبدەن یان کەمیان بکەنەوە, ئەگەریش منداڵ حەزی لە بەکارهێنانی ئەم ماددە خۆراکییە بوو، هەوڵ بدەن بە لایەنی کەمەوە چوار کاتژمێر پێش خەوتن بەکاریبهێنن، چونکە کاردانەوەی منداڵان بۆ کافایین وەکوو کاردانەوەی گەورەکان وایە. واتە هەر وەک ئەوەی بەکارهێنانی ئەم ماددەیە لای گەورەکان دەبێتە هۆی بێ خەوی، لە منداڵانیشدا هەمان کاریگەری هەیە.
  5. پسپۆڕانی خۆراک پێشنیاری شیری گەرم دەکەن کە کالسیۆمی تێدایە، پێش خەوتن بەکاربهێنرێت.
  6. بە لایەنی کەمەوە دوو کاتژمێر پێش خەوتن، خواردنی منداڵ ئامادە بکەن تا بیخوات، بەمەش بەشێک لە خواردنەکە هەرس دەبێت و منداڵ بە گەدەی پڕەوە ناچێتە ناو جێگا، چونکە گەدەی پڕ دەبێتە هۆی بێ خەوی.
  7. باشترە لە ژەمی ئێوارەدا خواردنی پڕ کالۆری بەکارنەهێنن، بەکارهێنانی شەکریش یان ماددەیەکی خۆراکی کە شەکری زۆر تێدابێت باش نییە، چونکە بەکارهێنانی شەکری زۆر پێش خەوتن دەبێتە هۆی زیادبوونی وزە و جوڵە لە منداڵدا.
  8. بۆ ئەوەی منداڵ زوو ماندوو ببێت و خەوی لێبکەوێت، باشترە لە ڕۆژدا هانی منداڵ بۆ جوڵەی زیاتر بدەن، ئەو منداڵانەی کە بە ڕۆژدا چالاکی پێویست ئەنجام نادەن و وزەکەیان بەتاڵ ناکەنەوە تووشی بێ خەوی دەبن.
  9. هەر جۆرە کەرەستەیەکی یاری، بەتایبەت ئەوانەی دڵخوازی منداڵەکەن لە ژوورەکە دوور بخەنەوە لەبەر ئەوەی بەشێک لەم منداڵانە بە کەرەستەکانەوە سەرقاڵ دەبن و ناخەون.
  10. وا باشە پلەی گەرمی ژووری منداڵەکە بپشکنن، نەوەک پلەی گەرمییەکەی بەرز بێت، گەرمی ژووری منداڵ دەبێتە هۆی بێ خەوی.
  11. بۆ دایک و باوکانی ئەم منداڵانە وا باشترە ژینگەی ماڵەوە بۆ خەوتنی منداڵ بە بێدەنگی ڕابگرن، دوور بن لە دروستکردنی هەر جۆرە دەنگە دەنگێک و دەنگی تەلەفیزیۆن.
  12. دایک و باوکی ئەم منداڵانە نابێت هەرگیز تووڕەیی خۆیان لە بێ خەوی منداڵ دەربخەن، چونکە منداڵ بە بینینی هەر جۆرە توڕەبوونێک، تووشی شڵەژان دەبن کە ئەمەش خۆی دەبێتە هۆی بێ خەوی زیاتر.


سەرچاوەکان



777 بینین